ڕۆژنامه‌ی ئازادوڕۆژنامهنووسی ئه‌مڕۆ ؟!*نووسینی: حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن ئه‌ندامی یه‌کێتیی ڕۆژنامه‌نووسانی دانیمارک/کۆبنهاون
به‌ری هه‌ر تشتێک ئازادیی ڕۆژنامه‌وانی به‌شێکه له ئازادیی ڕاده‌ربڕین، که هه‌ره گرنگترینی ئازادییه‌کانه و بگره سهرباشقهیانه. چونکه به‌بێ فه‌راهه‌م بوونی ئازادی ڕاده‌ربڕین هیچ کام له ئازادییه‌کانی دیکه چێنابن و نایه‌نه واری پراکتیزه‌وه.. ئه‌م ئازادییه‌ش ئۆرگانه ڕه‌سمییه‌کانی ده‌وڵه‌ت، جا ده‌وڵه‌تی نیشتمانی بێ یانژی داگیرکه‌ر، به خێر‌و حه‌سه‌نات نه‌یانبه‌خشیوه‌ته جه‌ماوه‌ر. به‌ڵکو ئازادی گفتوگۆ‌و ڕاده‌ربڕین هه‌وڵ و ته‌قه‌للایه‌کی درێژی خاوه‌ن مێژووه؛ نووسه‌رو ڕۆشنبیرانی ئازاد، به ڕه‌نج و پێداگرتنیان، به قوربانیدانیان، له پرۆسه‌یه‌کی نه‌پساوی سه‌ختی درێژخایه‌ندا به‌ده‌ستی دێنن و به‌ده‌ستیان هێناوه. ئه‌و نووسه‌رو ڕۆشنبیره خۆنه‌ویست و ئازا‌و پشوو درێژانه‌ی، که له‌گه‌ڵ ڕژێم و ده‌سه‌ڵاته ملهوڕه یه‌ک له دوای یه‌که‌کاندا، له کێشه و ملانێی ده‌سته‌ویه‌خه‌دا بوون، ڕه‌نگیان بۆ ڕشت و بناغه‌یان بۆ دانا. مێژووی ئازادیی ڕاده‌ربڕین. له‌کن ئێمه‌ی کوردیش یه‌کسانه به مێژووی خه‌بات و مێژووی ژیانی کۆمه‌ڵێک له نووسه‌رو هزرڤانی هێژا. ئه‌وانه‌ی چاویان له ده‌ستکه‌وتی مادی و پله‌وپایه نه‌بوو، ئه‌وانه‌ی به‌رگرییان کرد‌و قوربانییان دا ، به‌ردی بناغه‌یان دانا.. هه‌میشه ئه‌و نووسه‌رانه ئازادیی ڕۆژنامه‌وانی ده‌خولقێنن، که بۆخۆیان خاوه‌نی بیری ئازادن و ملکه‌چی هیچ کۆت و به‌ندێکی حیزب و تایفه و خێڵ و ئۆل نین. مرۆڤی کۆیله‌و وابه‌سته ناتوانێ کۆت و زنجیری ده‌ست و پێ و گه‌ردنی خۆی داماڵێ و ئازادی بۆ خۆی فه‌راهه‌م بکا چجای ئه‌وه‌ی بۆ جه‌ماوه‌رو ڕۆژنامه و میدیا.؟! ڕۆژنامه‌ی ئازادیش، وه‌ک دیارده‌یه‌ک، ده‌رئه‌نجامی کرده و کۆششی ئه‌و هزرڤان و نووسه‌ره به‌ڕێزانه‌یه، که به درێژایی ڕه‌وتی پڕ لهکهندولهندی مێژووی ئه‌م میلله‌ته‌دا هه‌ر یه‌که‌و له بوار‌و ڕشته‌که‌ی خۆیدا توانیویانه له ئاستی ده‌زگه ترسناکه‌کانی ڕژێم و ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ردا، به نیمچه ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆشمانه‌وه توانیویانه بڵێن (نا).! هه‌وکه، به‌زۆریی هه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌نووس و شاعیرانه‌ی بۆ به‌عسیان ده‌نووسی و به‌شان و باڵیدا هه‌ڵیانده‌دا و پڕ به گه‌روویان ((به‌ڵێ به‌ڵێ بۆ سه‌ددام)) یان ده‌چڕی، له کایه‌که‌دا کاراو ده‌ستڕۆیشتوون.. یان ئه‌وانن، یان خه‌ڵکانێکی ته‌واو به‌تاڵ و ده‌ست و پێ سپی و به بواره‌که نامۆن و حیزب و میزب دایتاشیون.! ئه‌وساش و ئێستاش، ده‌رهه‌ق به ناڕه‌وایی و ناجۆرییهکان، بێجگه له (به‌ڵێ به‌ڵێ!!) هیچ ناره‌زاییه‌کیان پێ نه‌بووه و ناشبێ. کوردی باشوور به خوێنی نووسه‌رو ڕۆشنبیرانی هێژای وه‌ک عه‌بدولخالق مه‌عروف و شاکر فه‌تاح و شه‌هیدی لاو ئه‌بوبه‌کر عه‌لی و به هه‌وڵ و له‌خۆبورده‌یی چه‌ندینی دیکه، که ئێستا وێنه‌ی په‌پووله پاییزه به وڵاتانی خۆرئاواد بڵاوبوونه‌ته‌وه و هه‌ریه‌که‌یان له کونجێکدا گیرساوه‌ته‌وه. به‌ڵێ ئه‌وانن ئه‌م چه‌رده ئازادیی ڕادهربڕینهیان فه‌راهه‌م هێناوه.. به‌ڵی، ئه‌وه‌ی ئێستا له ئارادایه چهردهیهکهو هێشتا له سه‌ره‌تاداین. ئاده‌ی توخوا بۆمی به‌یان بکه‌ن (بیجگه له‌وانه‌یان، که سه‌رده‌مێک پێشمه‌رگه بوون) کام له‌م ڕۆژنامه نووسانه‌ی ئێستای باشوور، به‌وانه‌شیانه‌وه، که له‌سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووساندا کاران، له سه‌رده‌می ئه‌نفالدا، جارێ له جاران، له نووسێنیکیدا، له هۆنراوه و چیرۆکێکیدا، ئه‌و سه‌رچڵی و سه‌ره‌ڕۆییه‌ی کرد و به به‌عسی وت: (نا) بۆ ئه‌نفالی گه‌رمیان و هه‌زاران بارزانی؟! کامیان له سه‌رده‌می کیمیاباراندا وتیان (نا) بۆ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و سه‌وسێنان و بالیسان و بادینان و.. هتد. ئه‌مه عه‌رز و ئه‌مه گه‌ز.؟! هه‌موو شتێک به‌حساب و کیتابه؛ کامه‌تا که‌ڤاڵ و شیعر و چرۆک و شانۆنامه و ئۆپهرێتهکانیان، که باس له ئه‌نفال و کوێره‌وه‌رییه‌کانی ئه‌م میلله‌ته بکات و بۆ به‌رگریی هانی بدات؟! کام له‌و شاعیر و ماعیر و چیرۆک‌نووس و شێوه‌کارانه‌ی ئێستا له بواری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامه‌وانیدا کاراو کاربه‌ده‌ستن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به ڕه‌مزو هێماش بووبێ که‌ڤاڵێکی به‌رگرییان نه‌خشاند؟ یان شیعرێکی جوان، چیرۆکێکی هونه‌ریی به‌رگرییان نووسی؟! هه‌ر ئه‌مانه نه‌بوون ته‌که‌ڵ ته‌که‌ڵ، گه‌یشتنه شاری (کوێت)ی داگیرکراوو ئه‌وێشیان به دیواربه‌ندی سه‌رۆکی فه‌رمانده‌یان له‌وتاند.؟! ئایا دیواربه‌نده‌که‌ی هۆڵی مونهززهمهی حیزبی به‌عس له شاری سلێمانی له مه‌ریخه‌وه هاتن کێشایان؟ ئه‌وه بۆچی ئێستا له ده‌ستتان نایه‌ت و مێشک و پهڕهمووچتان کار ناکات تا دیواربه‌ندێکی له‌و جۆره گه‌وره‌و نایاب و فراوان (له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه)، به‌دڵ و به‌گیان بۆ ئه‌نفال بکێشن؟! له‌گه‌ڵ ئێوه‌مه، ئایا زۆرێک له ڕۆژنامه نووسانی ئێستا و به‌رپرسی ده‌زگه‌کانی ڕۆشنبیریی ئێستا، هه‌ر ئه‌وانه نین کاتێ مهسوولهکانی به‌عس له به‌غداوه بۆ کڕین و (سه‌له‌م)ی کۆلکه نووسه‌رو (ئه‌هلی ته‌قه‌ڵ!!)، بهحیمایهوه ده‌هاتنه کوردستان؛ وه‌ک تڵپه‌ی باڕه‌کانی به‌غدا هه‌تا دوا پێک له گه‌ڵیاندا داده‌نیشتن و به ده‌نگه ناسازهکانیان گۆرانی‌یان بۆ ده‌وتن؟ ئه‌دی له‌پای چی‌بوو به‌عس تهکریمی ده‌کردن؟ ئایا که‌س بیستوویه‌تی یان ئه‌قڵی ده‌یبڕێ به‌عس ئوتومبیلی پاسات و سه‌عاتی زێڕو سێهه‌زار دیناری مفتی ئه‌و سه‌رده‌مه [نزیکه‌ی شه‌ش هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریکایی] هه‌روا به ئیف و خۆڕایی به‌وانه ببه‌خشێ؟! ڕه‌نگه من هه‌ڵه‌بم، ئانکو یاده‌وه‌ریم کول بووبێت و فریام نه‌که‌وێ.. فه‌رموو ئێوه بیرم بخه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر نووسه‌رێک، هونه‌رمه‌ندێک ده‌ناسن ڕۆژێ له ڕۆژان به‌رگریی کردبێ و دوای ڕاپه‌ڕین ڕاونهنرابێ و هێشتبێتیان له باشووری کوردستاندا بژی و دابنیشێ؟ قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌وانه نییه چه‌ندین جار به‌ختی خۆیان تاقیکرده‌وه و نه‌یانتوانی ده‌ربازی هه‌نده‌ران بن. له تورکیا و یۆنان و کوێ و کوێ دیپۆرت کرانه‌وه و نابه‌دڵ و له ماڵی خۆیاندا غه‌ریب، لووتیان داژه‌ندووه و له‌وێ وه‌ک کۆیله، حیزه بخۆیی ده‌ژین! زۆرن ئه‌وانه‌ی له به‌رامبه‌ر ڕژێمدا جارێ له جاران له ژێر لێویشه‌وه و له دڵی خۆشیاندا نه‌یاتوانی بڵێ(نا)، که‌چی ئه‌مڕۆ ئه‌وان به نووسه‌ر و ڕووناکبیره ئازا و به‌ره‌نگاره‌کانی دوێنێ ده‌ڵێن (نا) و ئه‌ولاتریش. بگره ئه‌وان ڕا له‌سه‌ر نیشتمان په‌روه‌ریی به‌رگریکاران ده‌ده‌ن. ناو‌و ناتۆره‌یان دوا ده‌خه‌ن و درۆی شاخداریان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن.. دنیا هه‌ر وانابێ و ڕاپه‌ڕینی نوێ به‌ڕێوه‌یه.! وه‌کو تر ئه‌گه‌ر فاکته‌ره ده‌ره‌کییه‌کان بگرین، ده‌بینین دوو گۆڕانکاریی مه‌زنی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵ له ئازادی ڕۆژنامه و ڕاده‌ربڕیندا ده‌گێڕن و ده‌رکه‌وتنیان له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌چاکه‌ی ئازادیی ڕۆژنامه و میدیا به‌گشتیی شکاوه‌ته‌وه و کاریگه‌ریی به‌رچاو و نکوولی لێنهکراویان له‌سه‌ر ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌م ئۆرگانه گرنگه‌ی ڕۆشنبیریی به‌گشتی هه‌یه: یه‌که‌م: هه‌ره‌سهێنانی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات به‌گشتی، ڕووداوێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراوی جیهان هه‌ژێنی ئه‌وتۆ بوو، له‌سه‌ر ئاستی دنیا کارێکی زۆری کرده سه‌ر ئازادیی ڕاده‌ربڕین. چونکه له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ڕژێمه‌دا، که هه‌ر به‌ناو سۆسیالیستی بوو، درۆی شاخداری له‌گه‌ڵ کرێارو ڕووناکبیر مێژووشدا ده‌کرد. به درێژی و پانی هه‌ر پانزه کۆماره یه‌کگرتووه‌که‌ی ژێر سایه‌یدا ئازادی ڕاده‌ربڕین و میدیای ئازاد بوونی نه‌بوو. ئێمه هه‌موو، خۆشمان بێت و ترشمان بێت، به‌شێکی دانه‌بڕاوین له‌م کۆمه‌ڵگه جیهانییه. بۆیه هه‌ر گۆڕانێکی گه‌وهه‌ریی ڕووبدا. ئه‌وا به‌چاک یان به‌خراپ، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئێمه‌ش ده‌بێ. ئێمه ئێستا له جیهانێکی تاک جه‌مسه‌ریدا ده‌ژین. جه‌مسه‌ری دووه‌م، که به‌ناو سۆسالیستی بوو، هیچ بڕوایه‌کی به‌فره ده‌نگی و فره حیزبی و فره مینبه‌ری نه‌بوو، ئه‌وه‌ی له‌وێ له ئارادابوو، وه‌ک ڕۆژنامه‌ی حیزب و ڕێکخراوه‌کانی، وه‌شانی مۆڵه‌ت پێدراوبوون، که بێکه‌م و زیاد به‌یان و هه‌واڵ و فه‌رمایشته دۆگما وه‌ک نه‌خشی به‌ردو پیرۆزه‌کانی سه‌رکردایه‌تیی حیزب و ده‌ستکه‌وته‌کانی ده‌سته‌ڵاتی وه‌رده‌گێڕایه سه‌ر زمانی بانگه‌شه و پڕوپاگه‌نده و له فۆرمی ڕۆژنامه‌و بڵاڤۆکدا جارێکی دی بڵاوی ده‌کردنه‌وه. له‌وێ ڕکابه‌ری ئاشکرا نه‌بوو. هه‌موو زاره‌کان (له‌واشه) کرابوون و نزیکه‌ی گشت قه‌ڵه‌مه‌کانیش قه‌ڵه‌می تاقانهحیزب بوون! ئازادی ڕۆژنامه‌وانی و ڕاده‌ربڕین له‌ئارادا نه‌بوو.. بۆیه به هه‌ره‌س هێنانی ئه‌م بلۆکه[به‌ناو سۆسیالیستی] یه، له‌مپه‌رێکی زه‌به‌لاحی به‌رده‌م ئازادیی ڕاده‌ربڕینیش به گشتی هه‌ره‌سی هێنا. دووه‌م: شۆڕشی ته‌کنۆلۆجیا و زانیاریی: ئه‌و پێشکه‌وتنه فراوان و خێرایه‌ی، که له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له بواری ته‌کنۆلۆجیای زانیاری‌دا هاته ئاراوه و به‌هه‌رچوار که‌ناردا ته‌نییه‌وه، پێشتر مرۆڤایه‌تی به خۆیه‌وه نه‌بینیبوو. ئه‌م دیارده‌یه بۆ فراوان کردنی ڕووبه‌ری ئازادیی ڕاده‌ربڕین به‌گشتی ڕێگه خۆشکهرێ بوو. زۆربوونی ژماره‌ی مانگه ده‌ستکرده‌کان بۆ کوردیش هه‌ر به‌سوود بوون.. سه‌ته‌لایته‌کان ئاسمانیان ته‌نی.. ده‌یان و سه‌دان ماڵپه‌ڕی ئینته‌رنێت هاتنه کایه‌وه. کوردیش له‌م پێشکه‌وتنه به‌هره‌مه‌ند بووه و چه‌ندین ماڵی له ئاسمان دامه‌زراندووه، ئه‌م ماڵپه‌ڕانه سنوور به‌زێنن و لهمهوهلا ده‌سه‌ڵاته شموولییه کونهفیشاڵهکان ناتوانن فیلته‌ر له‌سه‌ر هه‌واڵ و زانیارییه‌کان دابنێن و درۆ‌و فیشاڵمان به‌ڕاستی و حه‌قیقه‌ت پێ بفرۆشن. له‌مه‌ودوا هه‌موو که‌س ئاگاداری وڵاتی خۆی و هه‌موو دنیاشن. خه‌ڵک پێده‌زانن له‌ودیو په‌رده ئه‌ستووره‌کانی سیاسه‌ته‌وه چی ڕوده‌دات. ناڕه‌وایی و گه‌نده‌ڵییه‌کان ئاشکرا ده‌کرێن و لهقاودهدرێن.. ئه‌م ماڵپه‌ڕانه، جۆره ڕۆژنامه‌یه‌کی نوێیان هێناوه‌ته ئاراوه، که به‌خۆڕایی و له ماڵه‌که‌ی خۆیدا، هاووڵاتی به دنیای دوور و نزیکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. پێشوه‌خت له مه‌ترسییه‌کان ئاگاداریان ده‌کات و لێره‌وه تاک ده‌توانێ به ده‌نگ و ڕه‌نگ ئاگاداری هه‌واڵه گه‌رماوگه‌رمه‌کان بێت و لێیان حاڵی ببێ. هێڵی ئینته‌رنێت، له هه‌مان کاتدا هاووڵاتی ده‌کاته خاوه‌نی ته‌له‌فوون و تیڤی و پۆستی ئه‌لکترۆنی و ڕۆژنامه‌ی ئه‌لکترۆنی و لێشاوی زانیاریی. به‌نرخێکی که‌م ئاگاییه‌کی زۆری پێده‌به‌خشێ، ئیتر هیچ پێویستیی به‌وه نابێ ته‌ماشای ڕۆژنامه‌ی زه‌ردی فایلڕهشهکانی ناوخۆ بکات و کاتی زێڕینی خۆی به فیڕۆ بدات. ڕۆژنامه‌ی ئه‌لکترۆنی ئه‌وه‌ی له ژێر به‌ڕه‌دایه بۆ هاووڵاتیی ده‌خانه سه‌ر به‌ڕه. که‌س بۆی نییه سانسۆری بخاته‌سه‌ر و چاوی لێ سوور بکاته‌وه. ئه‌م ماڵپه‌ڕه کاراو ئازایانه به‌م ڕۆژگاره خه‌ریکی ئه‌وه‌ن درۆی شاخداری کاربه‌ده‌ستانی ملهوڕ سپی ده‌که‌نه‌وه و له قاویان ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ک به‌رده‌وام ڕۆژنامه‌کانی ناوخۆش به‌درۆ ده‌خه‌نه‌وه.. بۆیه ئازادیی ڕۆژنامه و ڕاده‌ربڕین هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تاوه باسمان کرد خێر‌و حه‌سه‌ناتی ئه‌م و ئه‌و نییه. به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی زاده‌ی ڕه‌نج و قوربانیدانی ڕۆشنبیره ئازادیخواکان و پێشکه‌وتنی ته‌کنۆلۆجیای زانیارییه. له‌و وڵاتانه‌ی قات و قڕیی ئازادی ڕاده‌ربڕینه و چاوی سانسۆر هێشتا هه‌ر سووره؛ له‌وێنده‌رێ، تاکه هوشیاره‌کانی کۆمه‌ڵ، کاتی زێڕینی خۆیان به‌فیڕۆ ناده‌ن و گوێ له تیڤی و ڕادوێ درۆزنه‌کانی وڵاتی خۆیان ناگرن. به‌ڵکو هه‌رکه سه‌ری سه‌عاتی لێهات ئیدی سهحنهکانیان ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و که‌ناڵه‌ی بڕوایان پێیه‌تی. یان به‌شێنه‌یی له‌دووی ئه‌و سایته ده‌گه‌ڕێن، که ڕاستییه‌کان ده‌خاته ڕوو. مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه بێجگه له زمانی زگماگی خۆی، لانی که‌م زمانێ دوانی دی ده‌زانێ. بۆیه به‌وه تینوێتی ناشکێ، یان با بڵێین لاپڕهسهنی( فزوول) تێرنابێ ته‌نیا به زمانه‌که‌ی خۆی گوێ بۆ هه‌واڵه‌کانی وڵاتی خۆی و جیهان ڕادێرێ. به‌ڵکو ئه‌و بێپه‌روا سه‌ردانی که‌ناڵه بیانییه‌کانی تیڤی ده‌کات. چونکه ئه‌و که‌ناڵانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌م ئازادن و هه‌م که‌سانی پسپۆڕ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن. خێرا‌و گه‌رماوگه‌رم ده‌گه‌نه سه‌ر ڕوداوو خاوه‌نی وێنه‌ی جوانی بێ تهشویشن و له هه‌واڵه نوێه‌کانی وڵاته‌که‌ی خۆی، له هه‌ر کیشوه‌رێکی زه‌ویدا بێ ئاگاداری ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وان ڕێزی بینه‌ریان له‌لایه. دێن چاودێری سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیش بانگهێشت و پشکداری هه‌واڵه‌کان ده‌که‌ن تاکو ێنه‌یه‌کی گشتگری ڕاست و جوانی هه‌مه‌لایه‌نه له‌سه‌ر ڕه‌وشه‌که پیشان بینه‌ر بده‌ن. بۆیه ئه‌گه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له سلێمانی ڕوویدا، ئه‌وا خه‌ڵک له‌وێ پشت ده‌که‌نه که‌ناڵه کوردییه‌کان و بێمنه‌ت تیڤییهکانیان ده‌خه‌نه سه‌ر (سی ئێن ئێن) و (فۆکس نیووز) و (بی بی سی) و العربیة و... هتد. ئه‌و که‌سه‌ی سهحنیشی نه‌بێ په‌نا بۆ ترانسیستۆر ده‌با. خه‌ڵکی ئێران و لوبنان و سوریاش، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن داخۆ دوا کێشه‌ی فڕنه ئه‌تۆمییه‌کان و لێپێچینه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کوشتنی حه‌ریری گه‌یشته کوێ؟ گوێ له ڕایۆو و تیڤییه‌کانی خۆیان ناگرن. ئه‌گه‌ر گوێشیان لێ‌بگرن ساکارانه بڕوایان پێناهێنن. به‌ڵکو دێن له‌گه‌ڵ هه‌واڵ و شرۆڤه‌کانی که‌ناڵه بیانییه‌کاندا به‌راوردی ده‌که‌ن. ئه‌وسا به‌ئاسانی ده‌گه‌نه ده‌رئه‌نجامی دروست. هه‌روه‌ک ڕادیۆکانی هه‌نده‌رانیش به ئاسانی ڕێیان لێناگیرێ. ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی له ناوچه پاشڤهڕۆکاندا بوونه‌ته زوڕنای ده‌ستی حیزب و ده‌سته‌ڵات؛ له وڵاتانی ئازاد‌دا هه‌ر به ڕاستی ده‌سته‌ڵاتی چواره‌من. ئه‌وان وه‌ک ئاو خواردنه‌وه گه‌نده‌ڵی کاربه‌ده‌ستان له‌قاو ده‌ده‌ن. هه‌ر بهلهقاودانهوه ناوه‌ستن به‌ڵکو هه‌تا دادگا له گه‌ڵیاندا ده‌چن و له‌کۆڵیان نابنه‌وه و ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر له‌ده‌نگ وباسی به‌ندیخانه‌شیان ئاگادار ده‌که‌نه‌وه. دوو ساڵیک له‌مه‌وبه‌ر سه‌رۆکی شاره‌وانی ( فاروم) له وڵاتی دانیمارک گه‌نده‌ڵی لێ به‌دیار که‌وت. گه‌نده‌ڵییه‌که‌ش بریتی بوو له‌وه‌ی مه‌سه‌رفی زیادی له‌سه‌ر حسابی کۆمۆنه‌که‌ی خۆی بۆ هه‌ندێک هاووڵاتی کردبوو. ئه‌و خهرجییهشی زیاتر بۆ تیپه‌کانی تۆپی پێ و شانده‌کان بوو، نه‌ک بۆ خودی خۆی. وه‌ک ئه‌وه‌ی شه‌رابی گرانبه‌های بۆ کڕیبوون. به‌ڵام کاتێ ڕۆژنامه‌کان پێیانزانی، به به‌ڵگه‌وه کردیانه قسه‌ی سه‌رزاری خه‌ڵک. ڕۆژنامه‌کان به‌رده‌وام وێنه‌ی کاریکاتێریی ئه‌ویان بڵاوده‌کرده‌وه. جارێکیان ڕۆژنامه‌یه‌کی زۆر به‌ربڵاوی ئه‌م وڵاته له پاڵ ئه‌و وتاره گاڵته‌جاڕییه‌دا، که له‌سه‌ری نووسیبوو هاتبوو له‌شێوه‌ی (شه‌یتان) دا کاریکاتێری بۆ کردبوو. دوا وێنه‌ی ئه‌و پیاوه‌م له ڕۆژنامه‌کاندا به‌پێکی شه‌رابی سووره‌وه بینیوه، که ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و بوتڵه شه‌رابه گرانبه‌هایانه‌ی وه‌ختی خۆی له‌سه‌ر حسابی کۆمۆن ده‌رخواردی ئه‌م وئه‌وی دابوون. ئێستاش، دوای تێپه‌ڕبوونی نزیکه‌ی سێ ساڵان، ڕۆژنامه و تیڤییه‌کان به‌دوایه‌وه‌ن و به‌وێنه‌ی نوێی خۆیه‌وه، خوێنه‌ر له‌دوا هه‌واڵی ئاگادار ده‌که‌نه‌وه. له‌ڕێ و بانان به‌گیری دێنن و به‌پرسیاری ورووژێنه‌ر سه‌غڵه‌تی ده‌که‌ن. به‌ڵێ له ئه‌وروپا ڕۆژنامه ده‌سته‌ڵاتی چواره‌مه و ده‌کارێ به یه‌ک پاشقول پشتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عه‌رد بدات ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ری هه‌بوو.! ئه‌وان پێچه‌وانه‌ی ڕۆژنامه‌کانی لای خۆمانن، که خه‌ڵکی پاک و ڕۆشنبیر ده‌کوتنه‌وه و درۆی شاخداریان بۆ ههڵدبهستن. به‌ڵام له ئاستی گه‌نده‌ڵیی کاربه‌ده‌ستاندا زمانیان لاڵه. ئه‌وانه با چاک بزانن ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی ڕاستگۆ نه‌بێ قسه‌ی ئێره و ئه‌وێ بڕناکات و بۆ ئاینده‌ش نابێته سه‌رچاوه بۆ مێژوو.. چۆن مێژوو ئه‌م پیلانه قه‌بووڵ ده‌کات؟ هه‌رکاتێ حیزب بیه‌وێ ئه‌وا وه‌ک خوبزه بن، ڕۆژنامه‌نووسانی خۆی گاڵبدا کوێرانه و به‌پای پیلان گه‌وره‌ترین پیاوچاکی بۆ بکه‌نه پیاوخراپ و یان به پێچه‌وانه‌وه! دیاره ئه‌م پیلانه ئه‌وپه‌ڕی ناڕه‌واییه. ڕۆژنامه‌ی ئازاد گه‌ره‌که وابه‌سته‌ی چاره‌نووس و ئازادی و که‌رامه‌تی ئینسانی کورد بێ، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه! له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ڕۆژنامه به شێوه‌یه‌کی گشتی گه‌شه‌سه‌ندنێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بێنی. هه‌ر له ئامێری چاپه‌وه بگره هه‌تا جۆری کاغه‌ز. هه‌روه‌ها تیراژی هه‌ڵکشا.. ڕۆژنامه‌کان به‌گشتی له‌هه‌مان کاتدا ده‌بنه ڕۆژنامه‌ی ئه‌لکترۆنی و ده‌چنه سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت. ئه‌مه‌ش مانای وایه بروسکه‌یی ده‌گه‌نه هه‌موو خوێنه‌رێک له هه‌ر قوژبنێکی ئه‌م دنیایه‌دا بن. وێڕای ئه‌وه‌ی کوردیش وه‌ک میلله‌تانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه، نهۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌م و کووڕییهکانیشیدا، خاوه‌نی چه‌ندین ڕۆژنامه‌ی ئه‌لکترۆنییه، که له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و دوور له سانسۆر چاپ ده‌بن. له ڕووی داراییشه‌وه ئه‌و خهرجهیان تێناچێ، بۆیه چاو له‌ده‌ستی فڵان و فیسار حیزب نین. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو پێشڤه‌چوونه‌دا هێشتا هه‌ر لێشاوی ڕۆژنامه به‌جیاوازی خولیا‌و ڕێبازیانهوه تاسه و تینوێتی خوێنه‌ر ناشکێنن و کاریگه‌رییان به‌پێی پێویست نییه. لێره‌دا ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر ته‌نیا یه‌ک هۆکاری ئه‌م دیارده‌یه بدوێم و من وه‌های ده‌بینم: ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له‌نێوان سه‌رنووسه‌رو کاربه‌ده‌ستانی دیکه‌ی ڕۆژنامه‌کانی ئه‌مڕۆو هی ڕابوردوویه‌کی نزیکدا بکه‌ین، هه‌ست ده‌که‌ین کاره‌که هه‌تا ئاستی بوورانه‌وه پێکه‌نیناوییه!! نه‌مرانی دوێنێ به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست بده‌نه کاری ڕۆژنامه‌وانی؛ توانا‌و بوونی خۆیان له‌نێو جه‌ماوه‌ردا سه‌لماندبوو. هه‌روه‌ک متمانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵکیان به‌ده‌ست هێنابوو. خۆشه‌ویستی خه‌ڵک بوون و پڕ به‌مانای زاراوه‌ی (ڕۆشنبیریی) و به‌پێی سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆیان ڕۆشنبیرو قاڵبووی ڕۆژگاربوون.. هه‌رکامیان بگری، بێجگه له زمانی زگماکی خۆی، لانی که‌م چه‌ند زمانێکی بیانیشی زانیوه. ئه‌وان گه‌رچی ده‌رچووی هیچ په‌یمانگه و کۆلیجێکی ڕۆژنامه‌وانی نه‌بوون، وه‌لێ خاوه‌ن سه‌لیقه بوون و به‌شوێندا چوونیان هه‌بووه. گه‌وره نووسه‌ر و مێژوونووس و چیرۆک‌نووس بوون. له قات و قڕیی ئه‌و سه‌رده‌مه تاریک و نووتهکهدا، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێسته‌ی دنیای مۆدرندا، ئه‌گه‌رچی ئه‌وسا بواری ڕاگه‌یاندن ته‌واو به‌رته‌سک و فشار دهها به ههژموونتر بوو؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناووداوی ئه‌و نه‌مرانه؛ سنووره ده‌ستکرده‌کانی به‌زاندبوو. ئه‌وان به هۆی به‌رهه‌مه نایابهکانیانهوه ناسراوبوون و ناو‌و ناوبانگیان به‌ره‌و پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان په‌ڕیبۆوه.. ده فه‌رموون به ئه‌رکی مه‌زانن، خۆتان سه‌رپشک بن و به‌راوردێک له نێوان میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان، پیره‌مێرد، گۆران، برایم ئه‌حمه‌د، هه‌ژار، حوزنی موکریانی، ساڵح یوسفی، کاکه‌ی فه‌لاح، نافیع یونس و شاکر فه‌تاح و... هتد له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسه ته‌مه‌ن درێژه‌کانی ئێستادا بکه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌شی به‌روادی تێدا ماوه و پێکه‌نینتان نایه؟! ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌مڕۆ ده‌بێ ڕۆژنامه‌که‌ی متمانهنهو ناووداوی لای خوێنه‌ر بۆ په‌یدا بکات، چونکه ئه‌وان بۆ خۆیان که‌سانی بێ پێشینه‌ی له‌ناو کۆمه‌ڵدا نه‌ناسراون.! ئه‌م ناجۆری و بێماناییه له‌کاتێکدایه، له‌بری هه‌فته‌نامه و مانگنامه‌ی جاران، که ئه‌و ده‌مه هه‌ر ئه‌وه‌نده له توانادا بوو. ئێستا ڕۆژنامه له ئارادایه. به به‌راورد له‌چاو ئه‌وسادا، نهۆ ڕێژه‌ی خوێنه‌ر و خوێنده‌وار چه‌ند به‌رامبه‌ر زیادیان کردووه‌و ژماری هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی به‌رز له‌گه‌ڵ ئه‌وسادا هه‌ر به‌راورد ناکرێ و پرۆسه‌ی ڕۆژنامه‌وانیش له ڕووی ته‌کنیکه‌وه، زۆر به‌ره‌و پێش چووه. به ژماره‌ش، دیسان بڕی ڕۆژنامه‌ی چاپکراو گه‌لێک له‌و زه‌مانه ههڵیبواردووه. ئێستا به‌حساب دوور له قه‌یچی و چاوی زه‌قی سانسۆری داگیرکه‌ران ئه‌سپی خۆمان، یان خۆیان تاوده‌ده‌ن و ڕۆژنامه‌ی ئهلکترۆنیشی هاتۆته پاڵ. که‌چی زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌نووسه ته‌مه‌ن درێژه سوننه‌تییه‌کانی ئه‌مڕۆکه، له ته‌نکاودا مه‌له ده‌که‌ن و به‌عاله‌می ئاشکرا پێیانه‌وه دیاره، که ناخوێننه‌وه‌و نازانن و بهشوێنداچوونیان یان کزه، یان هه‌ر نییانه. ده‌ستیان به قه‌ڵه‌مه‌کانیانه‌وه ده‌له‌رزێ و سنوورێکی سووریا‌ن بۆ کێشراوه نابێ لێی ده‌رچن. بێدادی و ناجۆرییه‌کانی هه‌ناوی کۆمهڵگهگی کوردستان وا خه‌ریکه ڕێ بۆ ڕاپه‌ڕینێکی نوێی جه‌ماوه‌ریی خۆش ده‌که‌ن. بۆگه‌نی بێدادی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیاوازیی چینایه‌تی و گه‌نده‌ڵی له‌وێوه ده‌گاته جه‌مسه‌ری باکوور‌و باشوور. یه‌خته گورگه‌کانی وه‌ته‌ن چنگ و که‌ڵبه‌یان له نیشتمان و سامانی نیشتمان گیرکردووه؛ که‌چی ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه له‌وێنده‌رێ که‌پووی خۆیانی لێده‌گرن و خۆیانی لێ نه‌بان ده‌که‌ن و نووزه‌یان ده‌رنایه‌ت. به کورتی به‌شێکی زۆری ئه‌وانه به ڕۆژنامه‌وانی حیزب (ته‌عین) بوون و هه‌رچی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی بێ دۆڕاندوویانهو له‌به‌ر ده‌م لێپرسینه‌وه‌ی مێژوودان.! له لایه‌کی دیکه‌وه هه‌ندێ له کارمه‌ندانی ڕۆژنامه‌کان بۆخۆیان که‌سانی دۆڕاون. مرۆڤی دۆڕاویش نهگوێگری هه‌یه و نه‌خوێنه‌ر. بگره ئه‌و دۆڕاوانه هه‌تا ئێستاش ڕووی نێو کۆمه‌ڵ و ئاوه‌دانییان نییه و ناتوانن به ئاشکرا له‌نێو خه‌ڵکی نیشتمان په‌روه‌ردا خۆیان ده‌ربخه‌ن و وه‌ک که‌و چوون. چونکه خه‌ڵک مێژوویانی له‌بیره، بۆیه باوجوودی تاکوته‌رای ڕۆژنامه‌وانی کارا و خاوه‌ن هه‌ڵوێست، هه‌میشه له‌وێ ده‌ریایه‌ک گومان له نێوان ڕۆژنامه و جه‌ماوه‌ردا له ئارادایه. ڕۆژنامه‌وانێک ئه‌گه‌ر ڕابوردوویه‌کی پاکێ نه‌بێ، ڕاستیشی وت هه‌ر خه‌ڵکی بڕوای پێناکه‌ن. یه‌کێ له‌و مه‌رجانه‌ی وا ده‌که‌ن خه‌ڵک گوێ له ڕۆژنامه‌وان و بێژه‌ری ڕادوێ و وتیڤی بگرن ئه‌وه‌یه، که ده‌بێ جێی متمانه‌ی بینه‌رو خوێنه‌ر بن. بۆیه ئه‌وانه ئه‌گه‌ر پله‌کانی گه‌رما و نرخی دراوه‌کانیش بخوێنێته‌وه هێشتا هه‌ر بڕوایان پێناکرێ و وه‌ک ده‌ڵێن: قسه‌یان ده‌هێنێ پوولێک!! هه‌ر وه‌ک ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌سه‌رچوو خه‌ڵک وتارێک په‌سه‌ند بکات به‌ناوی خوازراوه‌وه نووسرابێ. ئه‌م ڕۆژگاره سه‌رده‌می ده‌مامک کردن نییه. ئه‌وه‌ی له‌و دیو ده‌مامکه‌وه ته‌قه له به‌رامبه‌ره‌که‌ی بکات، یان وه‌عزو فه‌رمایشت بڵاوبکاته‌وه ده‌بێته په‌ندی بسات. ئه‌مڕۆ سه‌رده‌می ڕوونی و ڕوو به‌ڕوو ڕاده‌بڕینه. سه‌رده‌می پیشاندانی به‌ڵگه و کرداری کۆنکریتییه. ڕوونی له‌وتار و ڕوونی له‌کردارو خه‌رجییه‌کاندا.. ته‌نانه‌ت ڕوونی له چیرۆک و ڕۆمانه‌کانیشدا. بودجه‌کان ده‌بێ ڕۆژانه‌و مانگانه له‌به‌رده‌م خه‌ڵکدابن. سه‌رده‌می دیجیتاڵه، که ده‌کاته ژماره. به‌ڵی هه‌موو شتێک ده‌بێ بهژمارهبێ. کوردیش وه‌ک هه‌موو میلله‌تانی دیکه‌ی دنیا، زیندووه. کوردیش سه‌رده‌می قسه‌ی زلی بێ بناغه و ختتوکهدانی سۆز‌و سهدبارهپات پێفرۆشتنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌ته‌قه‌ی جه‌نگی پارتیزانیی چیا‌و، وتارخوانی و شیڕه شیڕی پشتی مایکرۆفۆن و ستوونی ڕۆژنامه‌ی حیزبی ته‌نگه چیکڵدانه‌ی تێپه‌ڕاندووه.. سه‌رده‌می به‌سه‌ر دنیادا کرانه‌وه‌یه. به‌لای لاوی کوردیشه‌وه ئه‌مڕۆکه، هه‌واڵی مۆدیلی نوێی پۆشاکێک، ئوتوموبیلێک، کچه ئه‌کته‌رێک، یاریزانێک، نووسه‌رێک، گۆرانیبێژێک دهها له که‌ونه هه‌واڵی جه‌نابی مهسوولێک، که ساڵیک به‌و عه‌یام به بڕنه‌وه‌که‌ی جغاره‌ی هه‌ڵگرتووه و ئه‌مڕۆکه چوار ژن و سێ به‌نزینخانه‌و حه‌وت دێبهرو پێنج ته‌لاری هه‌یه‌و لهچور پێنج بانکی ئه‌وروپادا دۆلار‌و یورۆی قایم کردووه‌و (گوایه) باسی نیشتمانپه‌روه‌ریی خۆی ده‌کات و (به‌درۆ) به‌زه‌یی بهکیمیابارانکراوو ئه‌نفالکراواندا دێته‌وه، گرنگتره.! جاران چه‌کی سپی له‌به‌ر پشتوێنی بوو، ئێستا ماڵی سپی!! ئه‌وان لاوی زه‌مانێکی دیکه‌ن و ئاوات و ئاره‌زوویان له‌گه‌ڵ ئیوه‌دا نایه‌ته‌وه. سه‌ری خۆتانیان پێوه مه‌یه‌شێنن، لێک حاڵی نابن. هه‌روه‌ک گوێش له‌درۆ ڕه‌نگی و بهئیکۆکانتان ناگرن، ئه‌گه‌ر هه‌موو خوێی خوێڵێنهکهش بۆ خۆشکردنی تامی درۆکانتان به‌کاربه‌رن! زه‌مه‌نی خێرای ئه‌لکترۆن له‌مێژه ئێوه‌ی له‌دوای خۆیه‌وه جێهێشتووه. به‌س به‌لاره‌لار دوای مێژوو بکه‌ون!! له کۆتاییدا ده‌مه‌وێ بڵێم: ئایندهی ڕۆژنامه‌وانی له کوردستاندا گرێدراوی چاره‌نووس و که‌رامه‌ت و ئازادیی ڕاده‌ربڕینی تاکی کورد‌و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌یه.
* ئاگایی: هه‌موو ماڵپه‌ڕو ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و بڵاڤۆکێکی کوردی، مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌ی هه‌یه.
|
|
04/07/2007 |