دوای پرۆسه‌ی ئه‌نفال کێ تاوانباره‌؟

                                                                      هوشیار عوسمان

ساڵانی هه‌شتاکان بۆ گه‌لی کورد له‌ باشووری کوردستان ، تایبه‌تمه‌ندی یه‌کی تفت و تاڵ، ده‌ردێکی قوڵ و سامناکی له‌ خۆگرتووه‌. له‌و ساڵانه‌دا دوژمنی داگیرکه‌ر به‌ شێوازێکی دیکه‌ شاڵاوه‌کانی خۆی پیاده‌ کرد ،له‌ یه‌که‌م هه‌نگاودا 8 هه‌زار بارزانی و 182 هه‌زار ڕۆڵه‌ی کوردی  ئه‌نفال کرد ، دوا تریش 5 هه‌زار که‌سی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ گازی ژه‌هراوی شه‌هید کرد. ئه‌گه‌ر گۆڕانکاری یه‌کانی ناوچه‌و نێو ده‌وڵه‌تی نه‌بوایه‌ ، به‌ دڵنیا یی یه‌وه‌ تا یه‌ک کورد له‌ کوردستاندا بوایه‌  ئه‌م قڕکردنه‌ درێژه‌ی ده‌بوو ، وه‌ پارچه‌کانی تری کوردستانیش هه‌مان چاره‌نووسی ڕه‌شی به‌ خۆوه‌ ده‌بینی ، له‌ ئاکامدا میلله‌تێک به‌ ناوی کورد وخاکێک به‌ ناوی کوردستان له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهان ده‌کوژایه‌وه‌.

شۆڕشی کورد به‌ پێی هه‌ل و مه‌رجی ئه‌و کاته‌ ، ئه‌وه‌نده‌ی توانی دژی سیاسه‌تی پاکتاو کردنی ڕه‌گه‌زی خه‌بات و قوربانی له‌ خۆ نیشان دا. به‌ڵام وه‌ک پێویست نه‌یتوانی له‌ به‌رده‌میدا بوه‌ستێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاڵپشتی سیاسه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی و ووڵاته‌ زل ‌هێزه‌کان و ووڵاتانی ناوچه‌که‌ له‌ ڕژێمی  به‌عسی ئه‌و کاته‌ ، سه‌ره‌ڕای خستنه‌ به‌ر ده‌ستی هه‌موو جۆره‌  چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی یه‌ک ، که‌ پێشمه‌رگه‌ی کورد هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ی له‌ توانادا بوو که‌ له‌ خۆی نیشان دا. به‌لام ئه‌مڕۆ دوای 15 ساڵ حوکمی کوردی و ده‌سه‌ڵاتی ئیداری دوور له‌ ڕژێمی به‌عس ، چی کراوه‌ بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌؟ لێکۆڵینه‌وی زانستی و به‌دوادا چوونی  ئه‌و ده‌ردو زام و برینه‌گه‌یشتوه‌ته‌ کوێ؟ نه‌وه‌ی دوای ئه‌نفال و که‌س و کاریان  له‌ ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ له‌و ته‌نگژه‌یه‌ ڕزگاریان بووه‌؟ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک کاری بۆ کراوه‌؟ ئه‌و سه‌رژمێریانه‌ی که‌ له‌ به‌ر ده‌ستایه‌ به‌ چی ئاماژه‌ ده‌که‌ن؟  بنه‌ماڵه‌و نه‌وه‌ی ئه‌نفال له‌ ناو ئیداره‌ی کوردی دا چ جۆره‌ خزمه‌ت گوزاره‌ی یه‌کیان پێشکه‌ش کراوه‌؟ جێگه‌و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریان له‌ کوێدایه‌؟.زانکۆکان و ڕۆشنبیرو نوسه‌ره‌کانمان له‌م مه‌یدانه‌دا به‌رهه‌میان چی بوه‌و  ئایا ئیداره‌ی کوردی پاڵپشتی کردون؟ له‌ به‌رنامه‌کانی په‌روه‌رده‌و فێر کردن دا و له‌ قۆناغه‌کانی خوێندن دا تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک گرنگی دراوه‌ به‌ ئه‌نفالی کورد؟ ، ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی توانیویه‌تی ناوه‌رۆکی ئه‌و شاڵاوه‌ بگه‌یه‌نێته‌ ڕای جیهانی؟ .

به‌ دڵنیایی یه‌وه‌ لێپرسراوانی کوردو ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌بوایه‌ له‌م مه‌سه‌له‌ گرنگه‌دا جێگه‌ په‌نجه‌و کارو به‌رنامه‌یان بۆ هه‌موو لایه‌ک ئاشکرا بوایه‌ ، تاوه‌کو ئه‌مڕۆ کارو چالاکی یه‌کانیان ته‌نها له‌ ووتارو قسه‌ی بێ کرده‌وه‌دا خۆی بینیوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش ته‌نها له‌و کاتانه‌دا که‌ بۆ مه‌سڵه‌حه‌تی حیزبایه‌تی وده‌ست که‌وتنی پایه‌و کورسی له‌ به‌غدا پێویسته‌و ساڵانه‌ش له‌ یادکرنه‌وه‌یدا فرمێسکی تیمساحی بۆ هه‌ڵده‌ڕێژن!،ئه‌گینا ئێستاش پاشماوه‌ی ئه‌نفال له‌ ده‌ردو میحنه‌تی مادی و ده‌روونی دا ژیان ده‌به‌نه‌ سه‌ر و کاری پێویستیان بۆ نه‌کراوه‌.

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌ر سوڕمانه‌ بۆ هه‌موو ویژدانێکی زیندووی کورد  ئه‌وه‌یه‌ : تاکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ئه‌م شێوازه‌ درێژه‌ پێ ده‌دات؟ لای هه‌موان ئاشکرایه‌ 15 ساڵ بۆ هه‌موو شتێک  ته‌رخان کرا، ته‌نانه‌ت له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تیدا ، کاره‌ساتی شه‌ڕی ناوخۆ و له‌ ده‌ست دانی سه‌دان ڕۆڵه‌ی کورد ئاکامه‌که‌ی بوو! ،به‌ڵام بۆبه‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان،چی کراوه‌و چی ده‌کرێت؟.ئه‌نفال و کیمیا باران دوژمنان ئه‌نجامیان دا ، بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و زیانانه‌ی که‌ خه‌ڵکی پێوه‌ گیرۆده‌ بووه‌ ، له‌ کوێ ی به‌رنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا هه‌یه‌؟

ئه‌گه‌ر دوێنی لێک دابڕنی ئیداره‌ی کوردی،هۆکاری  که‌م کاری و پشت گوێ خستن  بووه‌، ئه‌وا ئه‌مڕۆ به‌ره‌و  ده‌ست به‌کار بوونی کابینه‌یه‌کی یه‌کگرتوو ده‌ڕۆین ،گه‌لی کورد  چاوه‌ڕوانه‌ دام و ده‌زگایه‌کی دڵسۆز له‌ هه‌موو بوارێکدا خۆیان نیشان بده‌ن ، چی دیکه‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک وه‌ک جاران به‌ سه‌بره‌وه‌ چاوه‌ڕێ ی ئایینده‌ ناکه‌ن ، به‌ڵکو بکه‌رانی ئه‌نفال و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ دوای ئه‌نفال به‌ شێوازی تر ، میلله‌ت ده‌چه‌وسێننه‌وه‌ وه‌ک یه‌ک ده‌خه‌نه‌  قه‌فه‌سی دادگایی یه‌وه‌ وحوکمی میلله‌ت به‌ سه‌ر یاندا ده‌ده‌ن.

hushyarosman@yahoo.de

 

           

 

04/07/2007