ئه‌مجاره‌یان،کابینه‌ی یه‌کگرتوو بۆ کێ یه‌؟!!

  هوشیار عوسمان
 hushyarosman@yahoo.de

 

خه‌ڵکی باشووری کوردستان،ماوه‌ی 35 ساڵ له‌ ژێر ئیداره‌ی ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی به‌عسی دا،ژیانیان به‌ ده‌ردو ژانه‌وه‌ برده‌ سه‌ر. کێ هه‌یه‌ له‌و ووڵاته‌دا،که‌م تا زۆر جه‌سته‌و ده‌روونی خۆی و ئازیزانی بریندارو شه‌هید نه‌کرابێت؟. گه‌وره‌ترین ئاوات و ئاره‌زووی هه‌موو خه‌ڵکی به‌شه‌ره‌ف ئه‌وه‌ بوو ڕۆژێک بێت وهه‌ناسه‌یه‌کی ئازادی هه‌ڵمژن وله‌و دێوه‌زمه‌ ڕزگاریان بێت.

کاتێک ڕاپه‌ڕین و راماڵینی به‌عس ده‌ستی پێکرد، بۆ خه‌ڵکی ئه‌وه‌ گرنگ بوو به‌عس و دارو ده‌سته‌که‌ی نه‌مێنێت.! ئاخر زووخاو و ده‌ردو ئازاری زیندان، له‌ سێداره‌ دان وکۆ قه‌بر،کیمیا باران و ئه‌نفال، پاکتاو کردنی ڕه‌گه‌زی و ...ئه‌وه‌نده‌ سامناک بوو که‌ باوه‌ڕ ناکه‌م له‌ کارنامه‌و دیرۆکی ، هیچ ڕژێمێکی داگیر که‌رو فاشی ئه‌م جیهانه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ ڕه‌ش و نه‌فره‌ت لێکراو بێت.! هه‌ر بۆیه‌ گه‌وره‌ترین جه‌ژن و سه‌رکه‌وتن له‌ مێژووی گه‌لی کوردستاندا نه‌مانی ئه‌و حوکمه‌ قه‌ره‌قوشی یه‌ بوو.. به‌ڵام  ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت چی دی  خه‌ڵکی خوازیاری ڕژێمێکی دیموکراسی نین و نایانه‌وێت له‌ خۆشبه‌ختی و ئاسووده‌یی ڕاسته‌قینه‌دا بژین.! ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ 5475 ڕۆژ تێ ئه‌په‌ڕێ به‌ سه‌ر نه‌مانی حوکمی به‌عسی  له‌ باشووری کوردستاندا،جێ ی داخه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م ڕۆژانه‌دا ، سه‌دان شه‌وی به‌ کاره‌ساتی خوێناوی جه‌نگی ناوخۆ ته‌واو بوو! هه‌زاران رۆژی لێک دابڕان و ماڵ وێرانی له‌ خۆ گرت،! ئیداره‌ی پڕ له‌ فه‌سادو گه‌نده‌ڵی و دوور له‌ واقعیه‌تی کوردی به‌ خۆوه‌ بینی،! ژیانی شاخی دوێنێ ی لێپرسراوانی کوردی به‌ خێرایی کرده‌ ژیانی شاهانه‌،! میلله‌تیش به‌ شێوه‌یه‌کی تر جه‌سته‌ی زامدار کرا،! ئه‌مڕۆ دوای ئه‌و هه‌موو ناحه‌قی و بێ به‌شی یه‌ که‌ به‌رامبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌ر کرا ، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک چاوه‌ڕوانن ئیداره‌یه‌کی یه‌کگرتوو ده‌ست به‌ کار بێت. به‌ڵام بۆ کێ؟ له‌ پێناو چی دا؟

ئایا کابینه‌کانی ڕابوردوو که‌ سه‌رتا پا مۆرکی حیزبایه‌تی و خزمایه‌تی و گیرفان پڕکردن و دوور له‌ خه‌ڵکانی ته‌کنۆکرات بوو، ده‌توانێت ببێته‌ ده‌رس بۆ ئه‌وانه‌ی له‌م ئیداره‌یه‌دا ده‌ست به‌کارئه‌بن،؟ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک  له‌ به‌دیهێنانی ئاره‌زووه‌کانی هاووڵاتیان دا خزمه‌ت گوزاره‌.؟!

ئه‌گه‌ر کابینه‌ی نوێ ته‌نها گرێ دانی دوو ئیداره‌ی کوردی بێت،! هه‌مان ڕێچکه‌ی کۆمپانیایی ئه‌وانی پێش خۆی بگرێته‌ به‌ر ،دواجاریش میلله‌ت له‌ هه‌موو بواریکدا په‌راوێز بکرێت، ئه‌واهه‌ر له‌ ئێستاوه‌  فاتیحه‌ بۆ ئه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌ بخوێنه‌. جارێکی تر هیواو ئاره‌زووه‌کانمان ده‌چێته‌‌ ناو جیهانی خه‌وو  خه‌یاڵه‌وه‌.!! به‌ ڕای ئێوه‌ ئه‌مجاره‌یان تاوانی نه‌گه‌یشتنمان به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردی له‌ ئه‌ستۆی كێ دایه‌..؟!!

       

           

 

04/07/2007