بیرکردنه‌وه و ئازادیی د.که‌مال میراوده‌لی به‌شی سێیه‌م
(5) مرۆڤی سه‌ره‌تایی زمان ده‌دۆزێته‌وه و به‌رامبه‌ر جادووی ده‌نگ و ناڵه‌و مۆسیقا سه‌رسام ده‌بێ، به بیستنی ده‌نگی خۆی، گۆرانییه‌کانی خۆی شاگه‌شکه ده‌بێ یان ترس و سام دایده‌گرێ، له زمانا بۆ مانای زمان ده‌گه‌ڕێ، بۆ هێزی جادووی زمان ده‌گه‌ڕێ، بۆ خوای زمان ده‌گه‌ڕێ و هه‌ر به زمان ناوی ده‌نێ و دروستی ده‌کا و بۆشاییه‌کی هه‌ست ورڕۆحی پێ پڕ ده‌کاته‌وه و ده‌یکاته سه‌ختترین و ئاڵۆزترین فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فسانه‌یی. مناڵ چه‌نده‌ها وشه ورڕسته‌ی ئاڵۆز و مانای قه‌به و گه‌وره پیاوانه به کار دێنێ.رڕاستییه‌که‌ی ده‌توانین بڵێن له قۆناغی یه‌که‌مدا چ لای مرۆڤی سه‌ره‌تایی، چ لای مناڵ، زمان مرۆڤه‌که، مناڵه‌که به کار دێنێ. زمان ده‌یانخاته سه‌ر ڕێ و ده‌راخن و چوارچێوه‌ی هۆشیاریی (بێ ئاگا) و کۆگه‌یاندن له‌گه‌ڵ که‌سانی دیکه‌دا. هه‌ر وشه‌یه‌ک که مناڵ به کاری دێنێ مانای زۆر زیاتری هه‌ڵگرتووه له‌وه‌ی که مناڵه‌که مه‌به‌ستێتی، یان خۆی لێی تێده‌گا و ده‌یزانێ. مناڵ هه‌ست به‌و قورسایی و فره لایه‌نیی و پێشینه‌ییه‌ی زمان ناکات. دووربه‌ندییه‌کان و فره‌مانایی و فره‌پێوه‌ندیی وشه‌کان نازانێ. بۆیه به‌لای ئێمه‌وه هه‌ڵه ده‌کات. بۆیه گه‌وره‌کانیش به‌و هه‌ڵه (بێگوناهه‌ی) منداڵان دڵخۆش ده‌بن، چونکه ئه‌وان گه‌مه‌ی زمان ده‌زانن، به‌ڵام منداڵه‌که نایزانێ! به کورتی ده‌مه‌وێ بڵێم به کارهێنانی زمان چ له ئاستی تاکه که‌س و چ له ئاستی کۆمه‌ڵدا دوو شێوه یان ئاستی هه‌یه: ئاستی یه‌که‌م: شێوه‌ی به‌کارهێنانی خۆکرد و خۆرێژ و ئاسایی رۆژانه‌ی زمانه: له‌و ئاسته‌دا زیاتر زمان ئێمه به‌کاردێنێ له‌وه‌ی ئێمه زمان به کاردێنین! وشه‌کان نازانین له چ گۆشه‌یه‌کی شاراوه‌ی مێشکماندا، به دوای یه‌کدا دێن، پڕن له قورسایی مانای مێژوویی، ئه‌فسانه‌یی، سروشتیی، کۆمه‌ڵیی، نه‌ژادیی، فۆلکلۆریی، جیهانی ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتدار، خه‌رافیاتی پاشماوه، مۆر و نیشانه و په‌نجه‌نووسیی (ئیمزای) ده‌سه‌ڵاته‌کان، دووربه‌ندیی و پێوه‌ندییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان و کۆبه‌ندی ئابووریی، هتد. ئه‌مانه هه‌موو به شێوه‌یه‌کی دیار یان شاراوه له ناو زماندا له کاردان و هه‌ر به به‌کارهێنانی زمان به‌بێ ئه‌وه‌ی پێی بزانین و ئاگامان له خۆمان و له ده‌ورمان وه‌ك هۆکاریکی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بیر و زانینه باوه‌کان بێ، ده‌که‌وینه ناو تۆڕه‌کانیانه‌وه، خۆمان ده‌بینه پێکارێکی پێوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات، ده‌بینه که‌ره‌سه، بابه‌ت، ئامراز، ئامانج، گه‌وره بوونی ته‌مه‌ن مه‌رج نییه له‌م ئاستی ناهۆشیاریی و به کارییه‌ی چالاکی زمان رزگارت بکات. هه‌روه‌ها تێپه‌ڕ بوونی کات و ماوه‌ی مێژوویی مه‌رج نییه بۆ ئه‌وه‌ی هۆزیك، کۆمه‌ڵیك، گه‌لێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یان مرۆڤایه‌تی خۆی له‌و ئاسته ناهۆشیارییه‌ی به‌کارهێنان و کارکردنی زمان رزگار بکات و له جیاتی ئه‌وه‌ی خۆی بێته بابه‌ت و پێکار و به‌رکاری زمان و ببێته که‌ره‌سه‌ی به‌رهه‌مهینانی، خۆی به هۆشیارییه‌وه زمان بکاته و ئامراز و پێکار و به‌رکاری خۆی و به‌هۆیه‌وه هه‌لومه‌رجه‌کانی توانبوون و پێگه‌شه‌ی ئاخاوتنی هۆشیاریی شارستانێی و ده‌وری بکه‌ری مێژوویی له ئاستی کۆمه‌ڵ و تاکه‌تاکه‌ی خه‌ڵکدا دروست بکات. ئاستی دووه‌م: ئه‌و ئاسته‌یه که زۆر به هۆشیارییه‌وه هه‌ست به ده‌وری زمان وه‌ک هۆکاری گه‌یاندن و کارتێکردن و ناسنامه په‌یدا کردن ده‌که‌ین، ئه‌وسا هۆشیاری ده‌رباری ده‌وری زمان و دووربه‌ندیی مانا و مه‌به‌سته‌کانی په‌یدا ده‌که‌ین و به‌و چه‌شنه به کاری ده‌هێنین که خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی و نیاز و ئامانجه‌کانی ژیانمان بکات. به‌ڵام درووستبوونی ستراکتوریی مێژوویی زمان و شێوه‌کان و ئاسته‌کان و پێوه‌ندییه‌کانی مانا و واتای دیار و نادیار و میتافۆرییه‌کان و شاراوه‌کان و بێده‌نگکراوه‌کانی و به تایبه‌تی ئه‌و بۆشاییانه‌ی زمان دروستیان ده‌کا و ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی به بێ ئاگاییه‌وه ده‌یانسه‌پێنێ و ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ی ناتوانێ بیاندرکێنێ یان تابوو- و تۆبه‌داری ده‌کا (وه‌ك باسی سێکس و له‌ش و ده‌وری ژن) و په‌یوه‌ندی فۆرم و شێواز و ستایل و میتافۆره‌کانی زمان و کێڵگه سیمانتیکییه‌کانی به‌کۆبه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌وه و له ئه‌نجامدا گۆڕینی زمان خۆی به ئایدیۆلۆجی:- راستیی هه‌موو ئه‌مانه ئه‌وه‌نده ئاڵۆزن، ئه‌وه‌نده فره دووربه‌ندیی و فره‌لایه‌ن و توێژن، که زۆر ئه‌سته‌مه که‌سێکی ئاسایی به ئاگاوه سه‌ودا له‌گه‌ڵ زماندا بکاو له ده‌وری ئایدێۆلۆژیی زمان و به ئامرازکردنی تاک و پێوه‌نده کۆمه‌ڵییه‌کان بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌و ئایدێۆلۆژبایه، تێ بگات. زانین و تیگه‌یشتنی ده‌ورو دیارده‌ی ئایدێۆلۆجیی زمان، پێویستی به تێگه‌یشتنی خودی زمانه، شێوه‌ی دروستبوونی، شێوه‌ی کارکردن و به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنانی، شیوه‌ی نواندن و نوێنه‌رایه‌تی کردنی شته‌کان و بابه‌ته‌کان ورڕووداوه‌کان له‌لایه‌ن زمانی ڕۆژانه‌و زمانی ره‌سمییه‌وه، تێگه‌یشتنی پیوه‌ندی نێوان زمان و وابوون، پێوه‌ندی نێوان زمان و راستیی.. له هه‌مووی گرنگتر: زانینی ده‌زگایی کردنی زمان و ده‌وری داموده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵاته له سه‌پاندنی شێوه‌کانی به‌کارهێنانی زمان و به‌رهه‌مهێنان و هێشتنه‌وه‌ی ئاخاوتنه‌کانی ده‌سه‌ڵات. دیاره مرۆڤایه‌تی چه‌نده‌ها سه‌ده‌یه زمان بۆ کۆگه‌یاندن و به‌رهه‌مهێنانی زانین و ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات به‌کاردێنێ و له‌و ماوه دوور‌و دریژه‌دا ده‌وری زمان زۆربه‌ی کات به رووداوێکی سروشیتی ئاسایی و پراکتیسی پێویست و به‌سوود بۆ کاری رۆژانه‌و نواندنی کۆمه‌ڵایه‌تی زانینی مرۆڤ سه‌رنج دراوه. چه‌نده‌ها سه‌ده‌یه زمان بۆ کۆگه‌یاندنی ڕۆژانه، بۆ دامه‌زراندنی زانینه‌کان و ده‌زگاکان، بۆ باسکردنی کێشه‌کان و نواندنی شه‌ری نێوان بیر‌و قوتابخانه ئایدیاییه جیاوازه‌کان به‌کار هێنراوه. چه‌نده‌ها سه‌ده‌ی پێچوو تا له‌سه‌رده‌می پۆستمۆدێرندا له رۆژاوا مرۆڤ له‌و پرسه سه‌ره‌تایی یه رابمێنێ و سه‌رسامانه هاوارکا: هه‌ی! خۆ هه‌موو کێشه‌کان له زمان دان! باسی هه‌ر کێشه‌و بابه‌تێک بکه‌ین ده‌بێ ماناکه‌ی و چییه‌تیه‌که‌ی و شێوه‌ی بوون و به‌رده‌وامبوونی بزانین. ئه‌مانه‌ش له رێگای زمانه‌وه، له ریگای به‌کارهێنان و گونجاندنی وشه‌کان و ره‌خساندنی زانین بۆ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵات، په‌یدا ده‌بن. وشه‌کان مانا‌و راستی شته‌کانمان بۆ ده‌رده‌برن. یان شته‌کان و ده‌زگاکان ستراکتوری ده‌ربڕین و باسکردنه‌کانمان ده‌ده‌نێ. به‌ڵام زمان چییه؟ وشه چییه؟ مانا چییه؟ کۆگه‌یاندن چییه؟ زمان چۆن کار ده‌کا؟ چۆن له‌یه‌ك ده‌گه‌ین؟ بۆ له‌یه‌کتر ده‌گه‌ین یان ناگه‌ین؟ ئایا وشه ده‌توانێ به ڕاستی ڕاستیی شت ده‌رببرێ؟ ئایا وشه شته؟ ئایا شت وشه‌یه، ناوه؟ تا ناوی نه‌درێتێ نابێ به‌شت؟ ئایا هه‌موو شتێ هیچه‌و هیچ هه‌موو شته؟ ئایا زمان ده‌کارێ هه‌ر نه‌بێ هه‌رچی رووکارو شێوه‌و ناسکاریی شته‌کانه بۆ ئێمه‌ی وه‌سف کا، ده‌ربڕێ، بنوێنێ، تا به‌راستی بزانین به‌رد به‌رده، بۆچی به‌رد به‌رده، به‌رد چ به‌ردێکه، چ به‌ردێك به‌رده، ئایا زیخ به‌رده، چه‌و به‌رده، تاوێر به‌رده، کەر‌سه‌کی ره‌قهه‌ڵاتوو به‌رده؟ ئایا هه‌موو جۆره‌کانی به‌رد هه‌ر به‌ردن، هه‌مان به‌ردن؟ ئایا به‌رد مادده‌ی به‌رده، گه‌وهه‌ری به‌رده، ناسکارو رووکارو پێناسی به‌رده؟ به چیدا ده‌زانین به‌رد به‌رده؟ به‌وه‌ی که گڵ نییه، قوڕ نییه، گیا نییه، ئاو نییه، شل نییه؟ ئه‌ی شته‌کانی دی ئه‌و شتانه‌ی که نابینرێن، ناگیرێن و ته‌نیاو ته‌نیا له ناو کۆبه‌ندی زماندا ده‌زێن و ده‌ژێن و داده‌مه‌زرێن و ماڵی خۆیان ده‌که‌ن و ده‌سه‌ڵات و هێز په‌یدا ده‌که‌ن و ده‌بنه پێوه‌رو رێبه‌رو گه‌ێنه‌رو نرخێنه‌ر؟ ئازادی چییه! هاوڕێیه‌تی چییه؟ نیشتمانپه‌روه‌ریی چییه؟ راستیی چییه؟ پاکیی چییه؟ چاکه چییه؟ خراپه چییه؟ خودا چییه؟ ئه‌و بووه‌ی ئه‌و هه‌موو پرسانه ده‌پرسێ و قه‌ت لێنابێته‌وه چییه؟ کێیه؟ بۆ لێره‌یه؟ په‌یام و چاره‌نووس و هۆو به‌ڵگه‌ی بوون و نه‌بوونی کامه‌یه؟ به کورتی زۆری پێچوو تا ئه‌و ڕاستییه ساده‌یه بزانین که زمان جیهانێکی خه‌یاڵیی بۆ ئێمه دروست ده‌کا، جیهانێک که قه‌ت ناشێ و ناکرێ شت وه‌کو هه‌یه تێیدا بنوێنرێ؟ قه‌ت ناکرێ ئه‌و ( وه‌کو هه‌یه) بگیرێ و بناسرێ و بسه‌لمێنرێ. وشه ده‌نگه، له کۆمه‌ڵێک نیشانه‌ی به گوێ و به چاو جیاکراوه زیاتر نییه. ئه‌و نیشانانه که به‌دوایه‌کدا دێن، کورت یان درێژ، هه‌ناسه‌یه‌ک یان زیاتر، وشه دروست ده‌که‌ن: ناو، ئاوه‌ڵناو، کردار، ئاوه‌ڵکردار، چاوگ، ناولک، هتد. به‌ڵام ئایا وشه زمانه؟ وشه‌کان زمانن؟ واته به‌بێ بوونی وشه‌کان زمان نییه؟ یان زمان هه‌یه ئه‌وسا وشه ده‌بێ، وه‌ك مناڵدان هه‌یه ئه‌وسا هه‌لومه‌رجی منداڵبوونی بۆ دروست ده‌بێ؟ واته له‌پێشه‌وه زمان_ ستراکتووری ناوه‌وه‌ی زمان هه‌یه‌و وشه‌کان ته‌نیا زمان‌زان؟ زمانزاکانیش به‌پێی شوێن و کات، جوگرافیا‌و مێژوو، له کۆمه‌ڵ و جوگرافیایه‌که‌وه بۆ کۆمه‌ڵ و جوگرافیایه‌کی دی _ هه‌ر وه‌ک ڕه‌نگی پێست و رووکاری فیزیکی دی، ده‌گۆڕێن. ئه‌مه پرسێکی فه‌لسه‌فی و زمانه‌وانی گرنگه‌و کێشه‌یه‌که هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه... چونکه ئه‌وه‌ی که ده‌شێ و ده‌کرێ و بڕیار ده‌درێ هه‌ر له زمان خۆیه‌وه‌و به زمان خۆی ده‌وترێ و داده‌مه‌زرێ و دادوه‌ریی پێده‌کرێ. بۆ ئێستا، با بڵێین له‌لایه‌که‌وه: بۆشگا (فه‌زای) زمان هه‌یه و له‌لایه‌که‌وه وشه‌کان وه‌ك جێ‌نشین و بوونه‌وه‌ری ئه‌و بۆشگایه هه‌ن. وشه‌کان هه‌موو له ناو فه‌زای زمان دان. هه‌ر وشه‌یه ته‌نیا به په‌یوه‌ندی و لکبه‌ندیی به چه‌ندین خێڵه‌وشه‌ی دیکه‌وه، مانا و مه‌به‌ستی (جیا) ی خۆی به ده‌ست دێنێ. که‌وایه جیایی هه‌ر وشه‌یه‌ك به (جیایی) وشه‌یه‌کی دیکه‌وه به‌ستراوه. که‌وایه ئه‌م (جیایی)یه هه‌م گه‌وهه‌ر، هه‌م هه‌ل و مه‌رجی پێکه‌وه به‌ستن و پێکه‌وه‌بوونه. جیاییه‌کان لابه، گه‌رچی هه‌رە که‌مترین و تۆزقاڵترین جییاییه‌ک بێ، مانا نامێنێ، هه‌لومه‌رجی لێکدان و هاوپه‌یوه‌ندی نامێنێ. زمان، مانا، بیر له‌سه‌ر بنه‌مای (جیایی) دروست بووه که گه‌وهه‌ری زمان و ئاخاوتن و مه‌به‌ستی کۆگه‌یاندن و پێوه‌ندیی پێك دینێ. به‌ڵام ئه‌و (جیایی) یه‌ش خۆی له‌خۆیدا نییه. جیاییه‌که به په‌یوه‌ندی و هاونشینی و به‌راوردیی له‌گه‌ڵ (ئه‌وه‌ی دیکه)دا، ده‌نگی جیاوازدا، مانای جیاوازدا، خۆی ده‌ده‌خا و خۆی ده‌سه‌لمینێ و مانا ده‌دا به خۆی. جیایی هه‌ر وشه‌یه‌ك به جیایی وشه‌یه‌کی دیکه‌وه، ده‌نگێکی دیکه‌وه به‌ستراوه. که‌وایه ئه‌و جیاییه، جیایی ڕه‌ها نییه.. به‌ڵکو جیاییه‌کی مه‌رجداره، مه‌رجداره به ده‌راخن و كۆئاخن و هه‌لومه‌رجی هه‌بوونی کۆبه‌ندی جیاوازییه‌کان. لێره‌وە راستیی (زمان) خۆی ئاشکرا ده‌بێ. (زمان) وه‌ك تاکه کۆبه‌ندێکی ناسراو و کارپێکراو نییه. چونکه مرۆڤ یه‌ك (زمان)ی نییه، (زمانان) هه‌ن. هه‌ر زمانه‌شی، که‌م یان زۆر، کۆبه‌ند و توخمی جیاوازی خۆی هه‌یه. به‌ڵام له پشت، له ژێر، له ناو هه‌موو زماناندا (زمانی گشتیی) هه‌یه، ژێرزمان هەیە، ئه‌و ژێرزمانه گشتییه هه‌ل و مه‌رج و توانبوو و پێگه‌شه‌ی بوونی زمان وه‌ك هۆکاری کۆگه‌یاندنه. به واتایه‌کی دی ،وەك چۆمسكی دەڵێ (بنەستراکتووری) زمان هه‌یه، که هه‌موو مرۆڤایه‌تی و ته‌نانه‌ت به‌لای منه‌وه هه‌موو بوونه‌وه‌رانی گه‌ردوون تێیدا به‌شدارن. مه‌ترسییه‌که له‌وه‌دایه بێین و دیسانه‌وه پرسی ئه‌م ستراکتووره ناوه‌وه‌ییه گشتییه بخه‌ینه ده‌ره‌وه‌ی زمان خۆیه‌وه، ئایدیاڵی بکه‌ین، بیپرسێنین! ته‌نیا له ڕێی بوونی زمانه‌وه ده‌توانین و ده‌کارین بزانین که مناڵ فێری زمان ده‌بێ، كە زمانەكان ئاڵوگۆر ده‌که‌ن و كە هونه‌ری وه‌رگێڕان، مانا هاوبه‌شه‌کان و ستراکتووره هاوبه‌شه‌کان ده‌رده‌خا، ئه‌وسا ئێمه ده‌کرێ بڵێن له به‌کاربوونی زماندا ستراکتووری ناوه‌وه‌ی هاوبه‌شی هه‌موو زمانان خۆی ده‌نوێنێ. به‌ڵام ئه‌م ستراکتووره پێشینه‌یی نییه، ئه‌زه‌لی نییه، خۆزا نییه. ته‌نیا له پرۆسه‌دا، له رێکاردا، له پراوه و کرده‌وه‌دا، زمان به جیاوازیی و به یه‌کێتیه‌کانییه‌وه، به ستراکتوور و دابڕانه‌کانیه‌وه، هه‌یه و ده‌شێ ببێ. فه‌لسه‌فه به مانا کۆبه‌ندییه‌که‌ی وه‌ك پێچزانێکی (دیسیپلینێکی) تایبه‌تی و خاوه‌ن هه‌رێم و ناسنامه‌ی خۆی، ئه‌و کاته سه‌ر هه‌ڵده‌دا که ئه‌م هه‌موو ئه‌گه‌ر و لکبه‌ندیی و پێگه‌شه و په‌یوه‌ندی ده‌نگ و وشه و مانا و راز و نیازانه ده‌کرێنه ئامراز و بابه‌تی خولیای زانین، بابه‌ت و دامه‌زرێنه‌ری کۆبه‌ندی فه‌لسه‌فی. له زمانی ئاسایی رۆژانه‌ماندا زۆر جار له کاتی ئاخاوتندا ده‌ڵێین: قسه قسه راده‌کێشێ. ئه‌مه‌یه نهێنی قسه و زمان: قسه قسه ڕاده‌کێشێ. وشه به وشه‌وه به‌نده. رسته به رسته‌وه گرێداره و ریزدراوه زنجیرێندراوه. قسه قسه راده‌کێشێ. پرسیار پرسیار دروست ده‌کا. وه‌ڵام چه‌ندین وه‌ڵامی جیا ده‌کاته هاونشین و هاوڕێ، یان هاوده‌م یان هاوشوێن، یان هاوده‌نگ یان دژه مانا و دژه وه‌ڵامی خۆی. خولیای زانین و دانایی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ زیره‌کیی و زۆرزانیی و لێزانیی زمان.. بۆ زانینی زمان و شۆربوونه‌وه به جیهانی جادوو_ ئامێز و جیاوازی نهێنییه‌کاندا. توانستی خۆگه‌یاندن و کارکردنه سه‌ر خه‌ڵك له توانستی به‌کارهێنانی جۆراوجۆر و کاریگه‌ری زمان به‌ولاوه نییه. جادووی ناوه‌وه‌ی زمانه مرۆڤ ده‌گرێنێ، ده‌یخاته پێکه‌نین، خه‌مبار و ره‌شبینی ده‌کا یان ده‌روونئارام و گه‌شبینی ده‌کا.. تابووکردن و کۆیله کردنی زمانیشه که مرۆڤ ده‌کاته کۆیله. ئازادی مرۆڤ له ئازادی رەهای زمان و ده‌ربڕین جیا ناکرێته‌وه. (6) هه‌ڵبه‌ت سۆکرات هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نه‌ک ته‌نیا تێگه‌یشتنی زیره‌کانه ده‌رباره‌ی زمان نیشان ده‌دا، به‌ڵکو زۆریش پسپۆڕانه و لێزانانه به کاری دێنێ، چ وه‌کوو هه‌لومه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی ئاخاوتن: هه‌موو ئه‌و چاوگه مانایی و مه‌به‌سته زه‌به‌ندانه‌ی له پێوه‌ندی ده‌نگ و وشه‌کان و کایه‌ی زانگه‌یی ئه‌واندا هه‌ن، چ وه‌ک پێکار و ئامرازی به‌رهه‌مهێنان: وه‌ك هۆکاری گه‌یاندن و کارپێکردن... ده‌سه‌ڵاتی بێسنووری سۆکرات به‌سه‌ر میکانیزمی به‌کارخستنی ئه‌م دوو ئه‌رک و دووربه‌ندییه‌ی زماندایه که وای لێ ده‌کات ببێته سێبه‌ری وشه و په‌یامهه‌ڵگری میتۆدی فه‌لسه‌فیی زانگه‌یی و ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر جادووی ئیستاتیکی و هێزی ئایدولۆجیی وتوخمی سۆزبه‌ندی (عاتیفی) زماندا تا ئه‌و ئاسته‌ی چاوی گوێگر پڕکا له فرمێسک، هۆشی پڕ کا له تاسان، دڵی پڕکا له خورپه‌ی حه‌ز و هیوا، قفڵه‌کانی مێشکی بکاته‌وه و پڕی کا له پرسیار و سێبه‌ر و ختووکه‌ی وه‌ڵامه بێ کۆتاییه‌کان. سۆکرات ئه‌وه‌نده به‌کاریگه‌ریی و زانایی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی و ئامانجداریی زمان به کاردێنێ که نه‌وجوانێکی وه‌ك ئه‌لسیبادس له‌و دیو یاری وشه‌کانه‌وه، رۆحی سۆکرات ده‌بینێ و له‌شی خۆی پێشکه‌ش به رۆحی ده‌کات نه‌ك له‌شی به‌ر‌واڵه‌ت دزێوی. سۆکرات ئه‌لسیبادس هه‌م به‌رزده‌کاته‌وه بۆ دنیای خه‌ون، هه‌م دایده‌به‌زێنێ بۆ ئه‌م زه‌مینه‌ی مرۆڤ له رێگه‌ی گه‌مژه‌یی و حه‌پۆلیی خۆیه‌وه خه‌ونه‌کانی تێدا زینده‌به‌چاڵ ده‌کات. ئه‌م جۆره به‌کارهێنانه کاریگه‌ر و جادووئامێزانه‌ی زمان بێ مه‌ترسی نییه. تابوو کردن و قه‌ده‌غه کردن و سنووردار کردن و زیندانکردنی زمان له‌ناو زار و له‌ناو هۆش و له‌ناو کۆمه‌ڵ و ده‌زگاکاندا، ئه‌رکیارییه‌کی گرنگ و گه‌وهه‌ریی ده‌سه‌ڵاته. ئازادیی زمان ئازادی بێ چه‌ند و چوونی مرۆڤه، سه‌لماندنی مرۆڤایه‌تی و بێ سنوور‌و بێ ئاسته‌کانێتی. کۆبه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سینی، له‌گه‌ڵ بانگاشه‌ی دیمۆکراتییه‌که‌شی، نه‌یتوانی ئازادی زمان وه‌ك سۆکرات به‌کاری دێنا و بانگاشه‌ی بۆ ده‌کرد و گه‌نجانی پێ په‌روه‌رده ده‌کرد، قبووڵ بکات. سۆکرات به‌وه تاوانبار کرا: یه‌که‌م: خواکانی شار ڕه‌ت ده‌کاته‌وه و خوای خۆی له جێگه‌ی ئه‌وان داده‌نێ. دووه‌م: ڕه‌وشت و خووی گه‌نجان تێك ده‌دا.2 خواکان ئافه‌ریده و دروستکراو‌ی زمانن. به‌بێ ناونان و وه‌سف و ستایش و پیاهه‌ڵدان گه‌وره کردن و پف کردنی زمان، خواکان ده‌وه‌رن. خواکان هێزیان له‌وه وه‌رده‌گرن که له مرۆڤ جیان، له‌سه‌رووی مرۆڤه‌وه‌ن. به‌ڵام هه‌رده‌بێ مرۆڤ به ملکه‌چی و په‌رستنی خۆی بیانکا به خوا، هه‌ر ده‌بێ مرۆڤ به زمان و وشه و داڕشته‌ی بیر و هزری خۆی ناو‌و نیشان و کۆبه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتی خوایەتییان بۆ دامه‌زرێنێ. ئه‌و خوایانه‌ی یان ئه‌و خوا نوێنه‌رانه‌ی سۆکرات به دژایه‌تی و سووککردنی خواکان و دامه‌زراندنی خوای خۆی تاوانبار ده‌که‌ن، ته‌نیا دوو رێگایان هه‌یه (راستیی) بۆچوونی خۆیان و (نادروستیی) بۆچوونی سۆکرات بسه‌لمێنن. یان ئه‌وه‌تا لێگه‌ڕێن زمان به ئازادیی خۆی راستیی خۆی ده‌رخا. دینداره فه‌نده‌میتالیسته‌کان کۆبه‌ندی باوه‌ڕیان به زمان و وشه هه‌ڵچندراوه. جا یا ده‌بێ ئه‌و کۆبه‌نده، سازمانه هۆشمه‌ندیی و زمانه‌وانییه، ئه‌وه‌نده قایم و پته‌و و خۆڕاگربێ، که به هیج دژه بیر و دژه وشه‌یه‌ک نه‌له‌رزێ و نه‌بزوێ. که‌وایه ئه‌و (حاڵه‌ته) له مه‌یدانی بوێریی و پێشبڕکه و زۆرانکاریی و بۆرێنی ئازادانه‌ی زماندا تاقی بکاته‌وه و ئه‌نجامه‌کانی قبووڵ بکات. یان ئه‌وه‌یه: شمشێر ده‌رکێشێ و زمانی قسه و بیری جیاواز ببڕێ. کۆبه‌ندیی ده‌سه‌ڵات، چ دینی بێ چ سیاسی، زۆربه‌ی کات په‌نای بردۆته به‌ر هه‌ڵبژارده‌ی دووه‌م: هه‌ڵبژارده‌ی ئاسان. شمشێرێك ده‌شێ هه‌زاران زمان ببڕێ، به‌ڵام زمانێکیش ده‌شێ هه‌زاران شمشێر ببه‌زێنێ. ئه‌مه چیرۆکی سۆکراته‌کان و زمان و ده‌سه‌ڵاته. ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێ زمان له‌ناو بۆته و قفڵی چه‌ند بیر و کۆزان و واتای دامه‌زراوو په‌رژینکراودا دیل و کۆیله بکات. زمان تا ئه‌و ئاسته ئازاده، ئازادیی ڕه‌ها به ده‌سه‌ڵات بدا و بێ ده‌سه‌ڵاتان بێ زمان بکا. زینده‌وه‌ران بۆیه بابه‌تی قه‌سابخانه‌و کوشتارو راووشکارن چونکه بێ زمانن ، بێ ده‌نگن، بێ ئاخاوتنن. خواستی ئه‌وان بۆ ئازادیی له هه‌ڵاتن و په‌له‌پروزێ و هه‌ڵپه‌ڕینی مه‌رگ تێپه‌ڕ ناکات. بۆیه مرۆڤ هه‌موو مافێک به خۆی ده‌دا شارستانێتییەکه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕازاندنه‌وه‌ی ریستۆرانته‌کانی به جۆره‌ها گۆشتی قاڵبکراوو، قاش کراوو، بر‌ژاو، کوڵاوو، کاریی-کراو، دابڕێژێ. خۆ مرۆڤان، کۆمه‌ڵانی سه‌ر له‌به‌ری نه‌ژادی مرۆڤ، که‌متر له زینده‌وه‌ران نه‌بوونە قوربانی جانه‌وه‌رێتێی ده‌سه‌ڵات. چ شتێ هه‌یه بوێریی به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات بدرکێنێ زمان نه‌بێ: زمانی ئازاد. بۆیه ئازادی زمان تابووی ده‌سه‌ڵاته. لای سۆکرات زمانی ئازاد یه‌که‌م جار دانی ئه‌و ئازادییه‌یه به دوژمنه‌که‌ت، دژه‌که‌ت، رقیاره‌که‌ت، نه‌یاره‌که‌ت. سۆکرات نه‌ك ته‌نیا ئه‌و ئازادییه به ناحه‌زه‌کانی ده‌دا، به‌ڵکو وه‌ك جوانمه‌ردێ له مه‌یدانی شمشێربازییدا، به‌ته‌نگه‌وه‌یه که غه‌نیمه‌که‌شی باشترین شمشێری زمان و ئاخاوتنی پێ بێ، فێری هونه‌ری ئاخاوتن و دوو_لایه‌نیی قسه یان دایله‌کتیك بێ. به‌ر له‌وه‌ی سۆکرات ئاخاوتن بۆ پاکانه کردن یان بانگاشه کردن بۆ خۆی و بیروبۆچوونی خۆی به‌کاربێنێ، هه‌موو په‌نجه‌ره‌کان له‌به‌رده‌م ئاخاوتنکارانی دا ده‌کاته‌وه تا هه‌موو ئاسۆ و ده‌رفه‌ت و رووناکی و پێگه‌شه‌ی بیر و بۆچوون و لۆجیکه جیاوازه‌کان ببینن، هه‌ستی پێ بکه‌ن، حاڵی ببن، به‌کاریان بێنن. گه‌ر ئه‌وان نه‌یانتوانی، سۆکرات ئه‌م توانسته‌یان ده‌داتێ، هێزیان وه‌به‌رده‌نێ، به‌رخوازیان ده‌داتێ، پاڵیان ده‌نێ، هه‌موو نهێنی و جادوویه‌ك بۆ پشکوتنی ئازادیی زمانیان به کار دێنێ. لێره‌وه مه‌سه‌له‌ی مۆڕالیتی، ئاکار، ره‌وشتی مرۆڤی باڵا، به‌ڕاستی خۆی ده‌رده‌خا. مۆڕالیتی له سه‌پاندنی ئایدیا و هزری نه‌گۆڕیی ده‌سه‌ڵاتدا نییه. داد، ڕاستیی، پاکیی، پیرۆزیی، نیشتمانپه‌روه‌ریی، خواپه‌رستیی.. ئه‌مانه وشه‌ی ئه‌بستراکتن، داڕشته‌ی زمانن، دامه‌زراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتن. ئه‌مانه خۆیان له‌خۆیاندا بایه‌خییان نییه.. بایه‌خه‌که له‌و به‌ها و مانایانه دایه که مرۆڤی جیاواز، له هه‌ل و مه‌رج و کات و شوێنی دیاریکراودا بۆ ئه‌و ئه‌بستراکتانه‌ی داده‌نێن، ئه‌و لێکدانه‌وه تایبه‌تییه‌یان هه‌یانه بۆیان، ئه‌و شێوه‌ی لێیان تێده‌گه‌ن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و ته‌مای خۆیان به‌کاریان دێنن. میتۆدی فه‌لسه‌فیی سۆکراتی، میتۆدی ئازادیی بێ سنووری قسه، گفتوگۆ، به‌رپه‌رچدانه‌وه، دایله‌کتیك، میتۆدی: ئازاد قسه بکه و قسه بکه‌م و با رێزی بیر و ڕای جیاوازی یه‌کدی بگرین: ئه‌و میتۆده‌یه، ته‌نیا ئه‌و میتۆده‌یه که ده‌شێ ده‌سته‌به‌ری (مۆرالیتی) راسته‌قینه بکات. لێره‌دا، به‌ر له‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر سۆکرات و میتۆده‌که‌ی بڕۆم، کاتی ئه‌وه هاتووه ڕاستییه‌کی سه‌یر بدرکێنم. ئه‌و (سۆکرات)ه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ی وشه و ئاخاوتن و دایه‌لۆگ و دایله‌کتیكە به‌و به‌خشنده‌یی و جوامێرییه‌وه ده‌به‌خشێته‌وه، خۆی بێده‌نگه. سۆکراتی نووسه‌رمان نییه. سۆکراتی مامۆستامان هه‌یه: سۆکراتی فێرکار و په‌روه‌رده‌کار، هه‌روا سۆکراتی شه‌هیدمان هه‌یه: سۆکراتی بنۆشی زه‌هری مه‌رگ له پێناوی ڕاستی و ڕێزی بیر و ئاخاوتنی ئازاد. سۆکرات زاراوه‌ی (دایه‌لۆگی) به فه‌لسه‌فه به‌خشی_ ڕاستیی ئه‌وه‌ی که ئاخاوتن یه‌کلایه‌نی نییه وه‌ك ده‌سه‌ڵات ده‌خوازێ. له ئاخاوتندا هه‌میشه (ئه‌وی دی) ئاماده‌یه، هه‌میشه تۆ ئاماده‌ی، ته‌نیا ئه‌و کاته چێژ له بیروڕاکان و باوه‌ڕه‌کانم و سه‌رنج و بۆچوونه‌کانم وه‌رده‌گرم که تۆ، ببیه هاوڕێی دووه‌می دووانه‌که‌م، دوو_وانه‌که‌م، گوێم لێ بگری. وانه‌ی من، دووانی من، چ نرخێکی هه‌یه گه‌ر دووانه نه‌بێ. گه‌ر گوێم لێنه‌گری، لێم تێنه‌گه‌ی. به‌ڵام گوێگرتن و تێگه‌یشتنه‌که‌ش دووانه‌یه.! منیش ده‌بێ گوێ له تۆ، گوێ له قسه و زانین و ئاخاوتنی تۆ بگرم. رێزی بیروڕا جیاوازه‌کانت بگرم. زانینه‌که‌م به سه‌رنج و ڕای جیای تۆ تۆکمه‌تر و به‌هێزتر ده‌بێ، سه‌رنج و ڕا جیاوازه‌کانی منیش زانینه‌که‌ی تۆ تۆکمه‌تر ده‌که‌ن. سۆکرات به بیر، به کرده‌وه، به که‌سێتیی، به شه‌هید بوون بۆ په‌یامی فه‌لسه‌فه‌ی خۆی: ئه‌مه‌ی به‌رجه‌سته کرد. سۆکراتی نووسه‌رو کتێبنشینمان نییه. سۆکراتی ئایدیا و ئایدیاڵ و نموونه و مامۆستای نه‌وه‌یه‌ك هه‌یه. سۆکرات_مان نییه، سۆکراتیزممان هه‌یه. سۆکراتی یه‌ک ئاخاوتن و یه‌ک کتێب یان چه‌ند کتێبێکی سۆکرات_نووسمان نییه. سۆکراتی ئایدیا و رێباز و میتۆدی کرده‌وه و به‌های به‌رز و نه‌مرمان هه‌یه. سۆکرات نه‌یویست که‌س بکا به موڵکی خۆی، به‌ڵام خۆی کرده موڵکی هه‌موو که‌س. ئه‌و بۆشگایه‌کی بیریی و فه‌لسه‌فیی گه‌وره‌ی له ژیانی بیریی و پراتیکی و گه‌ردوونی مرۆڤدا پڕ کرده‌وه. سۆکرات نه‌یده‌ویست و نه‌یده‌خواست هیچ ئایدیا و ئایدیۆلۆجییه‌کی هه‌بێ و خه‌ڵک باوه‌ڕی پێ بکه‌ن. داوای نه‌کرد که‌س (باوه‌ڕ) به ئه‌و و به قسه‌کانی بکه‌ن.. هیچ شتێک به پێشبڕیاری (متمانه) پێبوون وه‌ربگرن. به پێچه‌وانه‌وه، ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه، ده‌یویست (گومان) له هه‌موو شتێ بکه‌ن، تا هه‌موو گومانه‌کان ده‌بنه پرسیار، هه‌موو پرسیاره‌کان ده‌بنه وه‌ڵام، ئه‌وسا به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه، به‌وپه‌ری توانستی هۆشمه‌ندییه‌وه، به‌وپه‌ڕی که‌رامه‌تی مرۆڤیی و ویژدانی ئارامه‌وه: بڕیاری خۆیان بده‌ن. ئه‌م سۆکراته‌ی که‌وا من باسی ده‌که‌م، سۆکراتێك نییه که خۆی ئۆتۆبایۆگرافی خۆی بۆ ئه‌م ئاکامه نووسیبێته‌وه. سۆکراتێکی سه‌رمه‌شقه ده‌یان شاگردی گه‌وره‌ی خۆی< ئه‌و، که‌سێتی ئه‌و، بیروڕا ومیتۆد و که‌سێتی فه‌لسه‌فی ئه‌ویان، له ده‌یان کاری گه‌وره‌دا داڕشتۆته‌وه. دیاره کاره‌کانی ئه‌فلاتۆنی شاگردی له پێش هه‌موویانه‌وه‌ن. کاره به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌فلاتوون ئه‌و دووانانه ( دایه‌لۆگانه‌ن) که سۆکرات که‌سی سه‌ره‌کی به‌شداری ئاخاوتنه‌کانه. ئه‌و جۆره نووسینانه که به(دایه‌لۆگی سۆکراتی) ناسرابوون، جگه له ئه‌فلاتوون له‌لایه‌ن شاگردانی دیکه‌ی سۆکراته‌وه به‌رهه‌م هێنرابوون.. مه‌به‌ستی ئه‌و دایه‌لۆگانه ئه‌وه بوو سۆکرات وه‌ك هه‌بوو، له کرده‌وه‌دا، له چالاکی ئاخاوتندا، بنوێنن و نیشان بده‌ن. چونکه سۆکرات ئه‌وه بوو: میراتی فه‌لسه‌فیی و بیری سۆکرات ئه‌وه بوو: گفتوگۆی عه‌قڵانی، هۆشمه‌ندیی ئازا! فه‌لسه‌فه‌ی سۆکرات و میتۆدی فه‌لسه‌فی سۆکرات ته‌نیا له گفتوگۆدا، له هێنان و بردندا، له پرسیار‌و وه‌ڵامدا، واته له مانای ئازادیی قسه‌و ده‌ربڕینی ڕاسته‌وخۆدا، خۆی ده‌رده‌خا. دایه‌لۆگ مێژوو ده‌کاته شانۆ. گێڕانه‌وه‌ی تاك پاڵه‌وانی تاك ده‌کاته درامای که‌سێتییه‌کان. ئازادی قسه‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دیمۆکراسی راسته‌وخۆ به‌کارده‌خه‌ن. ڕووداو، هه‌رچه‌ند کۆن و به‌سه‌ر چووبێ، به‌زیندوویی و پڕ چالاکی کردار، خۆیمان بۆ دروست ده‌کاته‌وه، داوامان لێده‌کا ببینه هاو ئاخاوتنی بابه‌ته‌کان و پرسه‌کان، به‌هه‌ستێکی ڕه‌خنه‌یی یه‌وه، له دیارده‌و پێشهات و هه‌ڵوێست و کرده‌وه‌کان بڕوانین. دایه‌لۆگ پرسیار له ئێمه‌ش ده‌کات، داوای وه‌ڵام له ئێمه‌ش ده‌کات. نوکته‌و گاڵته‌و ئایرۆنی و ته‌نانه‌ت بابه‌تی حه‌زو ئیرۆتیکیش به‌کار دێنێ تا بمانخاته ناو بابه‌ته‌که‌وه‌و له ئه‌نجامدا ناچارمان بکا بیربکه‌ینه‌وه. (7) ژیان شیرینه، به‌ڵام کۆتایی هه‌ر دێ. چ ئه‌زموونێکی ژیانیش هێنده‌ی دیمه‌نی مه‌رگ تۆقێنه‌رو تاقیکه‌ره‌وه نییه. ئه‌گه‌ر ژیان هه‌موو شتێ بێ و مه‌رگ کۆتایی هه‌موو شتێ بێ: بیر، به‌رهه‌م، به‌رنامه، خه‌ون، پێوه‌ندییه‌کان، ئاواته‌کان_ هتد ئیدی قبۆڵکردنی مه‌رگ، چ ده‌گه‌یه‌نێ! ده‌کرێ بوێریی ( ته‌حه‌ددای) مه‌رگ بکه‌ین و بۆ ژیانێکی دی له‌ودیو مه‌رگه‌وه بڕوانین؟ ژیانێك له‌سه‌ر بۆشاڵی ئه‌فسانه‌و پاداشی به‌هه‌شت و سزای دۆزه‌خی ئه‌ودیو، دانه‌مه‌زرابێ، به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌مای لێکدانه‌وه‌یه‌کی هۆشمه‌ند و هزریی، که مه‌رگی ڕه‌ش ( که ده‌بێببێ _حه‌تمی_ یه) به به‌راوردو خه‌باتی ئازادیی وه‌ك دیارییه‌کی ئه‌به‌دی بۆ نه‌وه داهاتووه‌کانی سه‌ر زه‌مین، کارێکی ته‌واو عه‌قڵانی و لۆجیکی و شایسته‌یه. سۆکرات داوای ئه‌وه له که‌س ناکا بۆ هیچ بیر‌و نموونه‌یه‌کی ئایدیال شه‌هیدبن. سۆکرات وه‌ك ئه‌فلاتون له دایه‌لۆگه‌که‌یدا، نیشانی ده‌دا، له دادگای مه‌رگیشدا، سووره له‌سه‌ر به‌کار هێنانی دایه‌لۆگی عه‌قڵانی، له‌سه‌ر هاروژاندنی پرسیار‌و لۆجیك‌ی زمان و بیرکردنه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه لێکبداته‌وه ئه‌و میتۆده له قازانجی خۆیه‌تی یان ه‌ی ناحه‌زه‌کانی. سۆکرات له دایه‌لۆگه‌کانی ئه‌فلاتون دا ئامادەبوونی (جیاوازی) یه: فاکته‌رێك، ستیبه‌رێك، ئه‌زموونێك، تایبه‌تمه‌ندییه‌ك که ناهێڵێ ئاخاوتن یه‌كلایه‌نی بێ، نایه‌ڵێ ڕاستی بێ پرسیار‌و گومان و پشکنین و به‌دوادا چوون و ده‌رخستنی دووربه‌ندیی و ل او لایه‌ن و به‌رگی رازاوه‌ی هه‌ق و دادی له به‌ر بکرێ. ئاشکرایه جیاوازیی سۆکراتیی، جیاوازیی میتۆدی دای‌له‌کتیکیی ئه‌وه‌یه که قه‌ت هه‌رگیز: یه‌ك راستی نییه. یه‌ك پێناسه‌و ناسکار بۆ هیچ کۆزان و ئایدیایه‌ك نییه. له‌به‌ر ئه‌وه ته‌نها ئاماده‌بوونی هێمای سۆکرات، نیشانه‌یه‌کی، سێ‌به‌رێکی له دایه‌لۆگدا به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی دایه‌لۆگه‌که پڕۆسه‌ی فه‌لسه‌فیی خۆی وه‌ربگرێ.. لێره‌وه پرسی راستییش سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌فلاتون و زێنێفۆن به ناوی سۆکراته‌وه گێڕاویانه‌ته‌وه یان به‌رهه‌میان هێناوه‌ته‌وه، خۆی له خۆیدا گرنگ نییه. دیاره هه‌ر نووسه‌رێك هه‌ڵوێست و بۆچوون و ئه‌زموونی خۆی بۆ بابه‌ته‌که‌ی_ هه‌ر چییه‌ك بێ_ زیاد ده‌کات. لێره‌دا منیش مه‌به‌ستم سۆکراته فه‌لسه‌فییه‌که‌یه، مه‌به‌ستم میتۆده فه‌لسه‌فییه‌که‌ی سۆکراته که له ئاخاوتنی فه‌لسه‌فیی ئه‌فلاتوونیدا که‌سێتی سۆکرات بۆته نموونه‌و نوێنه‌رو به‌رجه‌سته‌که‌ری. جیاوازیی سۆکرات، یان جیاوازیی سۆکراتیی، له‌وه‌دایه که پشت به (زانین) نابه‌ستێ، به‌ڵکو وه‌ك سه‌ره‌تاو پرینسیپ پشت به ( نه‌زانین) ده‌به‌ستێ. نه‌زانیی به مانای شكنه‌بردنی وه‌ڵامی راست بۆ پرسیاره‌کان، گومانکردن له‌وه‌ی پرسیاری راست کراوه ده‌رباره‌ی پرسه‌کان، له‌وه‌ی کێشه‌کان به راستی ئه‌وانه‌ن که باس ده‌کرێن، چاره‌سه‌رییه‌کان ئه‌وانه‌ن که پێشنیاز ده‌کرێن... دایه‌لۆگی سۆکراتێی زۆر جار به‌داننانی سۆکرات به (نه‌زانیی) و (بێ خه‌به‌ریی) خۆی له‌مه‌ڕ پرس و بابه‌ته‌کان ده‌ست پێده‌کات. سۆکرات هه‌میشه سه‌یری هاوگوتاره‌که‌ی وه‌ك زانا و شاره‌زا و ئاگادار ده‌کا و خۆشی وه‌ك نه‌زان و بێ ئاگا ده‌رده‌خا. به جه‌ختکردنی له‌سه‌ر نه‌زانیی خۆی‌و پێشکه‌شکردنی هۆ و زه‌مینه‌ی ئه‌و نه‌زانییه‌ی، دیاره سۆکرات زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ش خۆش ده‌کا به‌رامبه‌ره‌که‌شی بۆ دانپێداهێنان به نه‌زانیی و نه‌شاره‌زایی خۆی ئاماده بکات و له ئاکامدا به‌ڵگه و به‌هانه‌ی لوژێکی و عه‌قڵانی ئه‌و نه‌زانینه پێشکه‌ش بکا و رۆڵی لۆجیکی گفت و گۆی ئازاد و پرسیار و وه‌ڵامی کراوه له ده‌رخستنی راستییدا بسه‌لمینێ. فه‌لسه‌فه هونه‌ری په‌رده داماڵینه له‌سه‌ر نه‌زانیی، شیکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ و بۆچوونی که‌سێکیش به‌شێوه‌یه‌کی ئازاد و بێ بنبه‌ست، له ئاکامدا شیکردنه‌وه‌ی که‌سێتی و ژیان و باوه‌ڕ و متمانه‌ی ئه‌و که‌سه‌یه. لێره‌شه‌وه، مه‌سه‌له‌ی مۆرالیتی که‌سیی و عه‌قڵ و ئاخاوتنی دایه‌لۆگی ئازاد تێکه‌ڵ ده‌بن به‌ڵام ئایا سۆکرات ئاماده‌یه له‌به‌رامبه‌ر مه‌رگیشدا له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌ی خۆی سوور بێ؟ یان به‌واتاییه‌کی دی چۆن میتۆدی فه‌لسه‌فیی مه‌سه‌له‌ی مه‌رگ له پێناو راستییدا چاره‌سه‌ر ده‌کات؟. (8) چۆن خواستی زانستانه‌ی مرۆڤی تاک به‌رامبه‌ر بیری باو ده‌وه‌ستێ؟ چۆن میتۆدی فه‌لسه‌فیی ده‌کارێ ئاخاوتنێکی جیا له ئاخاوتنی ده‌سه‌ڵات به‌رهه‌م بێنێ؟ له‌سه‌رده‌می سۆکراتدا ئه‌و بیره‌ی ئه‌ناکساگۆراس Anaxagoras باو بوو که زیره‌کیی یان هۆشمه‌ندییه‌کی گه‌ردوونی هه‌یه که کاروباری سروشت و گه‌ردوون رێك ده‌خا.. سۆکرات جیابوونه‌وه‌یه‌کی گرنگی له‌م پرنسیپه پێشکه‌شکرد: گه‌ر عه‌قڵێکی گه‌ردوونی به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتێکی گه‌ردوون و جیهانی ده‌وری ڕێك بخات، ئه‌وا مرۆڤ ده‌بێ عه‌قڵی خۆی بۆ ڕێکخستنی کاروبار و پرسه‌کانی ژیانی خۆی به‌کار بێنێ. وه‌ك چۆن عه‌قڵی گه‌ردوونی باشتر ده‌زانێ چی بۆ گه‌ردوون و کۆبوون باشه، ده‌بێ عه‌قڵی مرۆڤ باشتر گونجاو بێ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی مرۆڤ رێك بخات؟ زانینیش ئه‌و سه‌رچاوه و که‌ره‌سه و پێگه‌شه‌یه که عه‌قڵ بۆ ئه‌و ئه‌رك و په‌یامه مرۆڤییه ئاماده ده‌کات. سۆکرات بایه‌خێکی زۆر به که‌سێتیی و پێگه‌یشتنی مۆرالیی مرۆڤ ده‌دات... زانینی مۆرالیی پێویسته بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و چاکره‌فتاریی مرۆڤ دروست بن. توانستی عه‌قڵی مرۆڤ و توانستی به‌ده‌ستهێنانی زانین و به‌کارهێنانی زانین و فێربوون بۆ باشکردنی هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاری مۆراڵی مرۆڤ: ئه‌مه ئه‌و پرنسیپه عه‌قڵییه جیایه بوو که سۆکرات ده‌بوو به‌رامبه‌ر بیر ە باوه‌کان و ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات بیخاته کار. لای سۆکرات دوو په‌سنی (فه‌زیله‌ت/Virtue) ی باوی سه‌رده‌مه‌که‌ی بایه‌خی زۆریان هه‌یه: ئه‌وانیش کۆزانی په‌سنی (چاکه‌خوازی/(Piety و (دادپه‌روه‌ریی/(Justice ن. چاکه‌خوازیی له‌جیاتی وشه‌ی ((Piety به کاردێنم. ڕه‌گی ئه‌و وشه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ((Pity که مانای (به‌زه‌یی) ده‌گه‌یه‌نێ.. (پایی‌تی) دوو مانای سه‌ره‌کی هه‌ن که هه‌ردووکیان له‌گه‌ڵ واتای ئاینی و هه‌ڵوێست و ره‌فتاری که‌سیی تیکه‌ڵ کراون: یه‌که‌م: (پایتیی) به مانای دڵسۆزیی بۆ ئه‌رکی خێزانیی. دووه‌م: به مانای خواپه‌رستیی یان دڵسۆزیی بۆ ئه‌رکی ئایینی. له عه‌ره‌بیدا وشه‌ی (ته‌قوا) ده‌گرێته‌وه. یۆنانیه‌کان وشه‌ی (پیرۆزیی)شیان (Holiness) له جیاتی (پایی‌تی) به‌کار ده‌برد. کۆزانی په‌سنی دووه‌م: داد یان دادپه‌روه‌رییه. هه‌ردوو په‌سنه‌که وه‌ك سه‌رنج ده‌ده‌ین (کۆزان)ن. واته بیرۆکه‌یه‌کن که کۆمه‌ڵێ زانینی تایبه‌ت به‌و بیرۆکه‌یه له‌خۆیاندا ده‌نوێنن. که باسی چاکه‌خوازیی به مانای دڵسۆزیی بۆ خێزان ده‌که‌ین ئه‌وا یه‌کسه‌ر بیری به‌زه‌یی و پاکیی و خۆبه‌خت کردن بۆ چاکه و خۆشی ماڵ و منداڵ... هتد دێنه بیرمان، که باسی (خواپه‌رستیی)یان (دینداریی) وه‌ك لایه‌کی دی مانای (چاکه‌خوازیی) وه‌ك ئه‌رکێکی دینی ده‌که‌ین، یه‌کسه‌ر بابه‌تی نوێژ و تاعه‌ت و دڵسۆزیی بۆ ئه‌رکه ئایینیه‌کان و گوناه نه‌کردن... هتد دێنه بیرمان. هه‌موو كۆزانه‌کان (Concept) وشه‌ی زمانه‌وانی ئه‌بستراکتن. به‌تێپه‌ڕبوونی کات ژیان و ئه‌رکێك بۆ خۆیان په‌یدا ده‌که‌ن. به‌مانایه‌کی دی ده‌بنه خاوه‌ن هێزی ئایدیۆلۆجی. ده‌سه‌ڵات ئه‌مه ده‌قۆزێته‌وه. هێزی ئایدیا باوه‌کان و میکانیزمی کارکردنیان له مێشك و بیرکردنه‌وه و له ئه‌نجامدا له هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاری مرۆڤ، بۆ قازانجی خۆی به‌کار دێنێ. کۆزانه‌کان و ئایدیاکان ده‌زگایی ده‌کا: ده‌یانبه‌ستێته‌وه به کۆبه‌ندیی به‌رهه‌مهێنانی زانین وده‌سه‌ڵاته‌وه. داد یان دادپه‌روه‌ریی: مانای داوه‌ری کردنه به قازانجی چاکه و راستیی و دروستیی و هه‌ق و ڕێگه‌گرتن له زۆرداریی و چه‌وساندنه‌وه و ناهه‌قیی...(داد) له پراوه‌دا مانای بوونی چاوگه‌ی دادوه‌ریکردن (حوکمدان)ی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن ده‌گه‌یه‌نێ_ که‌سێ یان که‌سانێ ته‌نیا به مه‌به‌ستی راستی و هه‌ق دادوه‌ریی له کێشه‌کاندا بکه‌ن و کۆبه‌ندیی داد و چاکه و یه‌کسانی بچه‌سپێنن. فه‌لسه‌فه یا میتۆدی فه‌لسه‌فیی، شێوازی بیرکردنه‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ی سۆکرات په‌ره‌ی پێدا، ئه‌م کۆزانانه وه‌ک هه‌ن، چه‌سپاون و به په‌یوه‌ندی ئه‌ندامییان له‌گه‌ڵ ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتدا خویان به‌رهه‌م دێننه‌وه، قبووڵ ناکا. هیچ ئایدیایه‌ك، هیچ کۆزانێك، هیچ بیرێك، هیچ بیرۆکه و هزرێك، پیرۆزیی ره‌های نییه و له‌سه‌رووی گومان و پرسیاره‌وه نییه.. هه‌ندێ ئایدیا و کۆزان هه‌مان کۆبه‌ندی زانین و ده‌سه‌ڵات ده‌پارێزن و به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه. میتۆدی فه‌لسه‌فیی سۆکراتیی بوێریی به‌رامبه‌ر ئه‌م باره چه‌سپاوه ده‌نوێنێ، ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕێ، پرسیار ده‌کا، گومان ده‌کاته چه‌کی بنکۆڵکردنی بیره کۆنباوه‌کان (کۆنسێرڤه‌تیڤه‌کان)
|
|
04/07/2007 |