تورکیا و کێشه‌ی کورد، چاره‌سه‌ریی یان نکۆڵی کردن؟

کاوه‌ ئه‌مین

kawaamin@passagen.se

کێشه‌ی کورد له‌ باکووری کوردستان و تورکیا پێی ناوه‌ته‌ قۆناخێکی نوێوه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی‌ باکووری کوردستان که‌ نێوه‌نده‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌تایبه‌تیش ئه‌وروپایشی عه‌لاقه‌دار کرد، چونکه‌ وه‌ک ده‌زانرێت‌ تورکیا کاندید کراوه‌ بۆ بوونه‌ ئه‌ندام له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپادا، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی گه‌لانی ئه‌وروپا دژی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی تورکیان که‌ ئه‌وه‌ش زیاتر بۆ دوو هۆ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌. له‌ لایه‌ک دانیشتوانی تورکیا و باکووری کوردستان موسڵمانن، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ کولتووری تورکی و کوردیش له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ ناته‌بان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازادیی تاک و سیسته‌می به‌ڕیوه‌بردنه‌ی ئه‌وروپا، که‌ سه‌تان ساڵه‌ بنیاتیان ناوه‌.

له‌ ماوه‌ی حوکومڕانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان به‌ سه‌رۆکایه‌تی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، کێشه‌ی کورد نه‌ک به‌ره‌‌و چاره‌سه‌ری نه‌براوه‌ به‌ڵکو سیاسه‌تێکی دوو فاقیانه‌نه‌یان پیاده‌ کردووه‌، له‌ لایه‌ک بۆ ڕازیی کردنی دڵی ئه‌وروپا هه‌ندێک گۆرانکاریان کردووه‌ به‌ڵام هه‌ر له‌سه‌ر کاغه‌ز ماونه‌ته‌وه، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ ناتوانن ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی شۆڤینیانه‌یان ببن. پارساڵ ئه‌ردۆغان بۆ یه‌که‌مین جار له‌ دوای تورکۆت ئۆزال‌ دانی نا به‌وه‌دا که‌ به‌ڵێ کێشه‌یه‌ک هه‌یه‌ له‌ تورکیا که‌ ناوی کێشه‌ی کورده‌ به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێکی پۆزه‌تیڤی نه‌نا و به‌ چاوسوورکردنه‌وه‌یه‌کی جه‌نراڵه‌کان له‌و گڤته‌ی خۆی په‌شیمان بووه‌وه‌ و دیسان که‌وته‌وه‌ کاوێژکردنه‌وه‌ی یه‌ک نه‌ته‌وه‌ و یه‌ک زمان و یه‌ک ئاڵا. ئه‌ردۆغان ده‌ڵێت: ڕاسته‌ کورد و تورک و لاز و چه‌رکه‌س له‌م وڵاته‌دا ده‌ژین به‌ڵام ده‌بێت یه‌ک وڵات و یه‌ک نه‌ته‌وه‌ و یه‌ک ئاڵا هه‌بێت، واته‌ هه‌موو که‌سێک تورکه‌ له‌و وڵاته‌دا. ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و قسه‌ قۆرانه‌ی ساڵانی سییه‌کانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی تر، چونکه‌ ئه‌و کاته‌ش وه‌زیرێکی تورک وتی: له‌م وڵاته‌دا ته‌نها تورک ده‌ژی، ئه‌وانه‌ی که‌ خۆیان به‌ تورک نازانن ته‌نها یه‌ک مافیان هه‌یه‌ ئه‌ویش کاره‌که‌رێتییه‌ بۆ تورک، یان ئه‌وه‌تا بارکه‌ن بڕۆن.

به‌ڵام تورکیا باش له‌وه‌ گه‌یشتووه‌ که‌ نه‌ دونیا دونیایی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌و نه‌ کوردیش کوردی ئه‌و کاته‌ن. ئه‌وه‌تا به‌ ملیۆنان کورد به‌ ئاشکراو بێپه‌رده‌ داوای مافی خۆیان ده‌که‌ن و هێزێکی چه‌کداری پارتیزانی مۆدێرنی کورد که‌ هه‌م له‌ڕووی چه‌ک و هه‌میش له‌ڕووی کلێشه‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ پراکتیکدا نه‌ک ته‌نها له‌گه‌ڵ تورکیا به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ناتۆش به‌ره‌نگاریان کردووه‌، چونکه‌ تورکیا دووه‌م ده‌وڵه‌تی ناتۆیه‌ له‌ دوای ئه‌مریکا له‌ به‌رهه‌مهێنانی عه‌سکه‌ردا. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نایه‌ت که‌ کێشه‌که‌ به‌ چه‌ک چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، نمونه‌ زۆرن، هه‌م له‌ ده‌وروبه‌ری تورکیا و هه‌میش له‌ دونیادا به‌ گشتی.

چه‌ند ڕۆژێکه‌ هه‌رسێ سوپایی داگیرکه‌ری تورکی، ئێرانی و سووریا، ده‌ستیان به‌ هێرشێکی به‌رفراوان بۆ سه‌ر باره‌گاکانی کۆنگره‌ی گه‌ل یاخود وه‌ک ده‌ڵێن(پ.ک.ک)، کردووه‌. ئه‌وه‌ یه‌که‌مجاره‌ که‌ سێ وڵاتی داگیرکه‌ری کوردستان له‌یه‌ک کاتدا هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر ئازادیخوازانی کورد. جێگای سه‌رنجه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌مه‌ریکا له‌ پراکتیکدا خۆی به‌ دوژمنی سووریا و ئێران ده‌زانێت و هێزێکی زه‌به‌لاحی له‌ عێراق و باشووری کوردستان کۆکردۆته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا بێده‌نگه‌ی لێکردووه‌ و هه‌مانکات حکوومه‌تی باشووری کوردستان و حکوومه‌تی عێراقیش هیچ هه‌ڵوێستێکیان نیشان نه‌داوه‌ به‌ دژی به‌زاندنی سنووره‌کانی باشووری کوردستان‌ له‌ لایه‌ن تورکیا و ئێرانه‌وه‌. ئه‌مه‌ریکا نه‌ک هه‌ر بێده‌نگه‌ی لێکردووه‌ به‌ڵکو وه‌ک وه‌زیری خاریجی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ڵێت ئه‌وان زانیارییان داوه‌ به‌ تورکیا له‌سه‌ر هه‌ر جموجوڵێکی (پ.ک.ک). ئه‌مه‌ش ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ که‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ به‌ چاوی گومانه‌وه‌ ته‌ماشای کراوه‌ و ده‌کرێت، چونکه‌ تا ئێستا ئه‌مه‌ریکا به‌ ئاشکرا پشتیوانی له‌ داخوازییه‌کانی کورد له‌ هیچ پارچه‌یه‌کی کوردستاندا نه‌کردووه‌، وه‌ک ده‌بینرێت ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق زیاتر لایه‌نی عه‌ره‌به‌کان ده‌گرێت تا کورد، به‌ تایبه‌تیش له‌مه‌سه‌له‌ی که‌رکووکدا، که‌ کرۆکی ناکۆکییه‌کانی کورد و حکوومه‌تی عێراق بووه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی عێراق.

بێده‌نگی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان له‌مه‌ڕ ئه‌م تاوانه‌ی داگیرکه‌ران به‌رانبه‌ر ئه‌و گه‌له‌کۆمه‌کێیه‌ی داگیرکه‌ران له‌ دژی ئازادیخوازانی کورد به‌ پێشه‌نگایه‌تی(پ.ک.ک) نه‌ک هه‌ر خزمه‌ته‌ به‌ داگیرکه‌ران به‌ڵکو مێژوو له‌ داهاتوودا به‌ چاوێکی سووکه‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر داگیرکه‌ران "سه‌ربکه‌ون" ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ خه‌وی تورکان دێته‌دی و ده‌بێت یان نۆکه‌ری هه‌ڵبژێرن یانیش ده‌بێت بارکه‌ن بڕۆن.

شه‌رمه‌ له‌ ڕۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا، به‌رژه‌وه‌‌ندی حیزبایه‌تی له‌به‌رچاو بگیرێت، به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیاوه‌ داگیرکه‌ران ناکۆکییه‌کانی خۆیان بخه‌نه‌ لاوه‌، کوڕ و کچی کورد شه‌هید بکه‌ن، به‌شێکی کورد خۆی له‌و تاوانه‌ بێده‌نگ بکات.

ئه‌و جاش قه‌ڵه‌مه‌ کرمانجانه‌شی که‌ کلکیان له‌گه‌ڵ میتی تورکی گرێداوه‌ و ڕۆژانه‌ ده‌یان نووسین به‌دژی گریلاکان ده‌نووسن نه‌ک لای کورد به‌ڵکو لای تورکیش به‌ چاوێکی سووک سه‌یریان ده‌کرێت، له‌ باشترین حاڵه‌تدا وه‌کو سواره‌ی حه‌میدییه‌کان ده‌چنه‌ نێو لاپه‌ڕه‌کانی مێژووه‌وه‌. ئه‌وانه‌‌ تا سۆڤیه‌ت نانێکی مابوو له‌گه‌ڵیدا به‌شیانکرد، هه‌تا توانیان دژایه‌تی بارزانی نه‌مریان کرد و به‌ کۆنه‌په‌رست ناوزه‌دیان ده‌کرد، ئاخر ئه‌وان سۆپه‌ر کۆمۆنیست بوون به‌قه‌ولی خۆیان، ئێستاش ده‌یانه‌وێت له‌ژێر سێبه‌ری بارزانی نه‌مردا خۆیان حه‌شار بده‌ن و به‌ڕۆژی نیوه‌ڕۆ که‌وتوونه‌ته‌ دزینی پاره‌ی باشووری کوردستان به‌ ناوی ڕۆژنامه‌نووسی و سیاسه‌تمه‌دار و هونه‌رمه‌ند که‌ له‌م ڕۆژه‌دا پاره‌ی باش ده‌کات له‌ باشووری کوردستاندا، به‌داخه‌وه‌، پارتی دیموکراتی کوردستان، ده‌یه‌وێت گره‌و له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌سپه‌ تۆپیوانه‌‌ بکات و رۆژانه‌ له‌ راگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه‌ پڤیان ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌زۆر بیانکه‌ن به‌ شێر به‌ڵام هه‌ر که‌ له‌ ستۆدیۆ و ژووری هۆتێله‌کانیان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌ ڕێوی. بارزانی پێویستی به‌ پیاهه‌ڵدانی ئه‌وانه‌ نییه‌‌ و با سه‌ردانی گۆڕه‌که‌شی نه‌که‌ن چاکه‌، هێنده‌ی ئه‌وانه‌ له‌ که‌سایه‌تی بارزانی که‌م ده‌که‌نه‌وه‌، دوژمن به‌ سه‌تان ساڵ نایکات! ئاخر تاوان نییه‌، کۆنه‌ به‌عسییه‌ک بێت باسی بارزانیزم بکات؟

میژووی کورد تا ماوه‌ شانازیی به‌ سه‌فه‌ره‌ مێژوویه‌که‌یی مسته‌فا بارزانی و هاورێکانییه‌وه‌ ده‌کات بۆ سۆڤیه‌ت که‌ شه‌ڕیی سێ داگیرکه‌ریان کرد، ئێستاش هه‌مان سه‌روه‌ری له‌ هه‌مان ئه‌و سنوورانه‌ به‌شێوه‌یه‌کی تر دووپات ده‌کرێته‌وه‌، ره‌نگه‌، گریلاکان له‌م سه‌فه‌ره‌ چاره‌نووس سازه‌دا ماندوو بکرێن به‌ڵام سه‌رکه‌وتن هه‌ر بۆ ئه‌وانه‌، چونکه‌ گه‌لێک که‌ تینووی ئازادییه‌ پشتوپه‌نایانه‌، داگیرکه‌رانیش زۆر جاری تر سه‌ریان له‌ تاشه‌ به‌رده‌کانی کوردستان داوه‌ و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش وه‌کو خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

تورکیا، خۆشی بێت یانیش ترشی، ناتوانێت به‌ شێوه‌ی سه‌ربازیی کورد له‌ناو به‌رێت، دره‌نگ یان زوو هه‌رده‌بێت مل بۆ مافه‌کانی کورد شۆڕ بکه‌ن، کێشه‌که‌ به‌ ته‌واو بوونی (پ.ک.ک) کۆتایی نایه‌ت هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ شتێکی محاڵه‌‌ وه‌ک ئه‌وان بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئاخر ئه‌وان که‌ شێخ سه‌عید و سه‌ید ڕه‌زایان له‌ سێداره‌دا، پێیان وابوو ئیتر کورد چاوترسێن ده‌بن و ده‌ستبه‌رداری ڕاپه‌ڕیین ده‌بن، یان وایانده‌زانی که‌ ئۆجه‌لانیان گرت، ئیتر پۆڵ پۆڵ گریلاکان ته‌سلیمی سوپای تورکیا ده‌بن، به‌ڵام ئه‌وه‌تا گریلاکان نه‌ک ته‌نها له‌ باکوور به‌ڵکو له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواش بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و شه‌ڕیی سێ ده‌وڵه‌ت ده‌که‌ن، پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاخۆ که‌ی ده‌وڵه‌تی تورک و هه‌ڤاڵبه‌نده‌کانیان ده‌رس له‌ مێژوو وه‌رده‌گرن و تاکه‌ی حه‌ز به‌ تۆپینی خۆیان و زه‌ره‌ری ساحه‌بیان ده‌که‌ن؟

 

           

 

04/07/2007