ئایا په‌خشی ته‌لفزیۆن به‌ کوردی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر تورکیا؟

نووسینی: Andreas Kotsadam

وه‌رگێڕانی له‌ سوێدییه‌وه‌: کاوه‌ ئه‌مین

 kawaamin@passagen.se

ئێستا، تورکیا، به‌ هێزترین خۆپیشاندان به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت که‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌ بینییوه‌. ڕه‌وشه‌که‌ له‌گه‌ڵ شه‌ڕه‌کانی ساڵانی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابڕدوو، به‌راورد ده‌کرێت. هه‌لیکۆپته‌ر و فڕۆکه‌ی جه‌نگی به‌ به‌رده‌وامی به‌سه‌ر‌ ئاسمانی ناوچه‌که‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌ و تا ئێستا چه‌ندین که‌س ژیانیان له‌ده‌ست داوه‌ (له‌ نێویاندا منداڵێکی سێ ساڵان هه‌یه‌).

پێشینه‌ی ئه‌م سه‌ره‌هه‌ڵدانه‌ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ کوشتنی ئه‌و چوارده‌ ئه‌ندامه‌ی پارتی کریکارانی کوردستان که‌ له‌ شه‌ره‌کانی پارێزگای موش گیانیان له‌ ده‌ستدا. هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ تورکیا چه‌کی کیمیاوی به‌کارهێناوه‌. ڕۆژی چوار شه‌مه‌ چوار له‌و ئه‌ندامانه‌ی PKK له‌ شاری دیاربه‌کر (ئامه‌د) به ‌خاک سپێردران.

هه‌واڵی به‌خاکسپاردنه‌که‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ و له‌ رۆژ تیڤییه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌، ئه‌و که‌ناڵه‌ به‌وه‌ تاونبار ده‌کرێت که‌ هانی خه‌ڵکی داوه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدان. رۆژنامه‌ی تورکیش ده‌یلی نیوز له‌وه‌ش زیاتر پێڕاده‌کێشێت و ده‌ڵێت ئه‌و که‌ناڵه‌ هانی شه‌ڕیی ناوخۆیی داوه‌. ئه‌مه‌ش ڕاست نییه‌. ئه‌و که‌ناڵه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ی بلاوکردۆته‌وه‌ که‌ ئاگاداری دوکانداران و بازرگانه‌کانی هه‌رێمه‌که‌ ده‌کات که‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌‌ دو‌کانه‌کانییان دابخه‌ن. حه‌فتا دوکان و سێ بانک ئه‌و کاره‌یان نه‌کرد، هه‌ندێک له‌وانه‌ تێکدران.

ئایا چۆنه‌ که‌ ڕۆژ تیڤی تاوانبار ده‌کرێت؟ با که‌مێک بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌. پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له‌ تورکیا له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌، ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی که‌ باسی ئه‌شکه‌نجه‌یان تێدا ده‌کرێت، تا ئێستاش بڵاوده‌کرێنه‌وه‌. ئه‌و یاسای تیرۆره‌یی که‌ بۆ ڕێگاگرتن له‌ "چالاکی کورده‌کان" داڕێژراوه‌، تا ئێستاش هه‌ر ماوه‌. ئه‌م یاسایانه‌ تابڵێی به‌رفراوانن و ده‌بنه‌ هۆی پێشێلکردنی مافه‌کانی ئازادی بیروڕاو ئازادی چاپه‌مه‌نی. به‌ هه‌ماهه‌نگی سیاسه‌تی تورکچێتی ده‌وڵه‌ت کارێکی کردووه‌ که‌ نه‌توانرێت به‌ هێچ شێوه‌یه‌ک یه‌کیه‌تی وڵات بخرێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

له‌ ماڵپه‌ڕیی هه‌وڵنێرانی بێسنووردا مرۆڤ ده‌توانێت له‌سه‌ر ئه‌و یاسا تورکییانه‌، بخوێنێته‌وه‌. بۆ نموونه له‌‌ په‌ره‌گرافی هه‌شت له‌ یاسای دژه‌تیرۆردا هاتووه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت سزای ئه‌وانه‌ بدات که‌ "پروپاگه‌نده‌ به‌دژی یه‌که‌ی دانه‌بڕاوی نه‌ته‌وه‌" بکه‌ن. ئه‌مه‌ش بووته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ چه‌ندین دادگایی ناڕه‌وا، بکرێن، ژماره‌یه‌کی زۆر ڕۆژنامه‌نووسی کورد حکووم دراون به‌ تاوانی " ته‌حقیرکردنی ده‌وڵه‌ت و داو ده‌زگاکانی و هه‌ڕه‌شه‌ کردن له‌سه‌ر یه‌کیه‌تی کۆمار". له‌ ڕاپۆرتی په‌یامنێرانی بێسنوور (تورکیا ٢٠٠٤) دا هاتووه‌ که‌ زۆربه‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی که‌ له‌ زیندانه‌کانی تورکیادان به‌وه‌ تاوانبار کراون که‌ "ئه‌ندامی رێکخراوێکی نایاساین". تێروانینی ده‌وڵه‌تی تورک له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌کرێت له‌ تێروانینیان بۆ(ڕۆژ تێڤێ)وه‌ چاو لێبکرێت. ڕۆژ تێڤێ له‌ مارسی ٢٠٠٤ دا له‌ دانمارک ده‌ستی به‌ په‌خشی خۆی کرد، به‌ مه‌به‌ستی به‌هێز کردنی ناسنامه‌ی کوردیی له‌ نێو کورده‌کان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا. رۆژ تێڤێ ژماره‌یه‌کی زۆر به‌رنامه‌ی جیاواز بڵاوده‌کاته‌وه‌، له‌ نێویاندا دێکۆمێنتار، به‌رنامه‌ی منداڵان، فیلم و کولتوور. هه‌روه‌ها ده‌نگوباس، که‌ زۆرجار به‌ توندی ڕه‌خنه‌ له‌و وڵاتانه‌ ده‌گرێت که‌ کوردستانیان داگیرکردووه‌.(ئه‌مه‌ش هه‌قێکی خۆیانه‌)

ئه‌م که‌ناڵه‌ زۆر پڕ بایه‌خه‌‌ چوونکه‌ ئه‌و ده‌نگوباسانه‌ بلاوده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ که‌ناڵه‌کانی تردا بڵاوناکرێنه‌وه‌. بۆ نموونه‌ په‌رده‌ هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر گرتن و بێسه‌روشوێن کردنی کورده‌ ناسراوه‌کان، بۆمبارانکردنی شاره‌ کوردییه‌کان و هه‌مانکات تیشک خستنه‌سه‌ر مافه‌کانی کورد له‌ هه‌رێمه‌ جیاوازه‌کاندا. له‌هه‌مووشی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و که‌ناڵه‌ به‌ زمانی کوردی په‌خشی خۆی ده‌کات. ده‌کرێت بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ وه‌ک نمونه‌یه‌ک بهێنینه‌وه‌. داو ده‌زگا تورکییه‌کان به‌ زمانی تورکی زانیاریان بڵاوکرده‌وه‌(زمانێک که‌ ژماره‌یه‌کی زۆری کورد قسه‌ی پێناکه‌ن) له‌ ناوچه‌ کوردییه‌کاندا. هه‌مانکات ڕۆژ تێڤێ، به‌ زمانی کوردی، به‌ به‌ربڵاوی ده‌نگوباسی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بڵاوکرده‌وه‌ تا خه‌لك بزانن که‌ چی ڕویداوه‌ و به‌ تایبه‌تیش چی بکه‌ن تا خۆیان بپارێزن. پێشتر ده‌وڵه‌تی تورکیا داوایان له‌ حکوومه‌تی دانمارک کردبوو که‌ مۆڵه‌تی په‌خشی ڕۆژ تێڤێ وه‌رگرنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و که‌ناڵه‌ په‌یوه‌ندی به‌ (پ.ک.ک) وه‌ هه‌یه‌ و "ڕق و کینه‌ بڵاوده‌کاته‌وه‌". به‌ گوێره‌ی Public-Access هه‌روه‌ها حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریکاش داوای له‌ دانمارک کردووه‌ بۆ داخستنی ڕۆژ.

کۆمیسیۆنی رادیۆ و ته‌له‌فیزیۆنی دانمارک به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌فاره‌تی تورکی له‌و وڵاته‌ داوای له‌سه‌ر ڕۆژ تێڤێ کردۆته‌وه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و که‌ناڵه‌ کردووه‌ که‌ ئاخۆ  به‌رنامه‌کانیان به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان سنووری بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌زاندووه‌ له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و بانگاشانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورک. به‌ڵام ئه‌وان هیچ شتێکیان نه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌ که‌ پێچه‌وانه‌ی یاساکانی چاپه‌مه‌نی ئه‌و وڵاته‌ بێت. ته‌نانه‌ت هیچ شتێک نیشان نادات که‌ رؤژ تێڤێ له‌گه‌ڵ (پ.ک.ک) په‌یووه‌ندی هه‌بێت. پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و که‌ناڵه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌که‌ی فاشیزم له‌ تورکیا بکات، ئه‌مه‌ش تا ئێستا له‌ باکوور (سکه‌نده‌ناڤیا) بوونی نییه‌.

هه‌موو ڕۆژێک له‌ تورکیا، منداڵانی خوێندکار ریز ده‌بستن و ده‌ڵێن "چه‌ند خۆشه‌ که‌ تورکم". هه‌موو به‌یانییه‌کیش منداڵانی کورد له‌ ڕێگای رۆژ تێڤییه‌وه‌ به‌ زمانی خۆیان سه‌یری به‌رنامه‌ی منداڵان ده‌که‌ن و گوێ له‌ گۆرانی کوردیی ده‌گرن. ئامانجی رۆژ تێڤێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایدینتیتێتی (ناسنامه‌) کوردی له‌ نێو کورده‌کاندا له‌ هه‌موو دونیادا به‌هێز بکات. ئایا ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی تورکی؟ به‌ڵی، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ ده‌بینرێت. ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ڕێژێمێکی چه‌وسێنه‌ر، هه‌ره‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌وژمه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان، دژی ڕاسیزم، فاشیزم، جه‌وساندنه‌وه‌ و گه‌لکوژی.

به‌ربه‌ره‌کانێی چه‌وساندنه‌وه‌ تا بێت به‌هێز تر ده‌بێت. باشتره‌ پیاوانی ده‌وڵه‌تی تورکیا ته‌رکیز بکه‌نه‌ سه‌ر هۆکاره‌ ئه‌سڵییه‌کان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت به‌ چڵه‌ بووشێک خۆیان ڕزگار بکه‌ن.

تێبێنی: بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر نووسینه‌کانی ئه‌ندریاس سه‌ردانی بلۆگه‌که‌ی بکه.

www.andreaskot.blogspot.com

 

 

           

 

04/07/2007