ئه‌و وڵاتانه‌‌ی که‌ ئاسایش و پۆلیسیان زۆره‌  . .  ! !

 

ده‌سه‌ڵاتێک کوته‌ک به‌ده‌ست بێت و تینوێتی میلله‌تی به‌شه‌ق بشکێنێ له‌کۆتایدا ئه‌وده‌سه‌ڵاته‌ ڕسوا ئه‌بێ و ئه‌چێته‌ ناو زبڵدانی لاپه‌ڕه‌ ڕه‌شه‌کانی مێژویه‌ک که‌ده‌سه‌ڵاتی تر ئه‌و تاریکی یه‌ی نه‌بینیبێ بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتێک خۆی دادپه‌روه‌رو ڕاستگۆو دیموکرات نه‌بێت هه‌زاران هه‌زار پۆلیس و ئاسایش فریای نه‌فره‌ت و ڕقی پیرۆزو هێرشی ڕاپه‌ڕینی میلله‌تی ناکه‌وێت . که‌سیش هێنده‌ی سه‌دام و شای ئێران و میلۆزۆڤیج و مۆسۆلۆنی و شاوشیسکۆو پۆلیس و سه‌ربازی نه‌بووه‌ به‌ڵام به‌و ده‌رده‌ چوون که‌ئه‌یزانین ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ سه‌یره‌ نه‌بۆته‌ وانه‌یه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆری یه‌کان .. ! .

به‌ئاشکرا دیاره‌ که‌ ووڵاته‌ دوواکه‌وتووه‌کان ووڵاتی دیکتاتۆرین و نمونه‌شمان له‌ووڵاتانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات زۆره‌ وه‌ک و ووڵاته‌ عه‌‌ره‌بی یه‌کان و تورکیاو ئێران و زۆربه‌ی ووڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتیش ده‌گرێته‌وه‌ که‌هه‌مان سیستمی بێکاری و بێ ڕێزی یه‌ به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانی هه‌یه‌ .

ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا هه‌ڵبژاردن و دیموکراتی تێدا نی یه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ خراپترو سیستمه‌ دیکتاتۆری و ناڕاسته‌کانیان له‌باری مرۆڤایه‌تی یه‌وه‌ پتر ده‌بێت و خه‌ڵکی باشی ووڵاته‌کانیان و ڕۆشنفیکره‌کانیان ووڵات به‌جێ دێڵن و خه‌ڵکی بێگانه‌ جێگایان ده‌گرنه‌وه‌ و گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه که‌ڕێز له‌هاووڵاتی خۆت نه‌گریت و هانی بده‌یت بڕوات بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات  پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ ڕێز له‌خه‌ڵک بگرێت که خه‌ڵک‌ هه‌ست به‌هاووڵاتی بوونی خۆی بکات چوویته‌ هه‌ر ووڵاتێک که‌بینیت ڕێژه‌ی پۆلیس و ئاسایشی زۆره‌ ئه‌وه‌ به‌بێ یه‌ک و دوو ئه‌بێ بزانی ئه‌و ووڵاته‌ تاکڕه‌وی یه‌ و له‌نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی دڵنیا نی یه‌ .

له‌کوردستانی باشوریش پۆلیس و ئاسایش له‌هه‌موو شتێکی تر ‌زیاتره‌ له‌وه‌ش خراپتر دامه‌زراندنیان وه‌ک پۆلیس یان ئاسایش له‌سه‌ر به‌تووانایی یان زیره‌کی یان پله‌ی خوێنده‌واری نی یه‌ به‌ڵکو له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی خزم خزمێنه‌و هێنانی ته‌زکی یه‌ی حیزبی یه‌ به‌باشترین پاره‌ی مانگانه‌ داده‌مه‌زرێن و به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ناشارستانی په‌روه‌رده‌ ده‌کرێن و وانه‌ی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌چۆن بتوانێت به‌شه‌ق له‌خه‌ڵکی هه‌ڵبات و چۆن هه‌ستی خه‌ڵک بریندار بکات و چۆن خۆپیشاندان سه‌رکوت بکات و چۆن عه‌ره‌بانه‌ بشکێنێت  .. هتد . به‌ڵام ئه‌فسوس هه‌مان سیستمی به‌عس که‌پیاده‌ ده‌کرێ به‌هه‌مان شێوه‌  خاوه‌ن بڕوانامه‌کان بێکارن و هیچ ڕێزێک نی یه‌ بۆیان که‌ئه‌گه‌ر حیزبی نه‌بن ، به‌کورت و کرمانج بڕوانامه‌و زانست پولێ ناکات لای ده‌سه‌ڵاتدارانی باشور . ئه‌و پۆلیس و ئاسایشانه‌ش خولی ڕۆشنبیری یان وانه‌یه‌کی فێرکردن یان زانستێک ناخوێنێت ته‌نانه‌ت زۆربه‌یان نه‌خوێنده‌وارن هه‌ربۆیه‌ وه‌ک به‌ربه‌ری یه‌ت ئه‌که‌ونه‌ گیانی خه‌ڵکی و بێ بیرکردنه‌وه‌ به‌قسه‌ی لێپرسراوه‌کانیان خه‌ڵکی ئازار ده‌ده‌ن و بێزار ده‌که‌ن زۆر جاریش سه‌رانه‌ له‌خه‌ڵک وه‌رده‌گرن و تاوانه‌کان خۆیان ده‌یکه‌ن .

له‌م ڕۆژانه‌دا هاوڕێ یه‌ک که‌ناوی ( کاک ئه‌رده‌شێر عوسمان ) ه‌  ووڵاتی به‌جێهێشت و ڕوی کرده‌ هانده‌ران سه‌ری نا به‌غوربه‌ته‌وه‌و به‌ره‌و چاره‌نوسێکی نادیار ڕۆی ، لێیان پرسیبوو بۆ ووڵات به‌جێدێڵیت  ؟؟  تۆ گه‌نجیت پێویسته‌ ئه‌و توواناو گوڕه‌ی تیاتایه‌ له‌نیشتمانی خۆت سه‌رفی که‌یت و میلله‌ته‌که‌تی پێ پێش بخه‌یت چی ئه‌که‌یت له‌ هانده‌ران  ؟   ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵامی دابوونه‌وه‌ ‌ : ( من تازه‌ زانکۆم ته‌واو کردووه‌ و ئه‌ندازیارم ، به‌خۆم و به‌ڵگه‌ نامه‌و بڕوانامه‌که‌شمه‌وه‌ چووم ئیش بکه‌م و دابمه‌زرێم ، به‌ڵام نه‌ته‌ماشای خۆمیان کردو نه‌ بڕوانامه‌که‌م  پێیان ووتم : بڕۆ ته‌زکیه‌ی حیزب بهێنه‌ ئینجا وه‌‌ره‌وه‌ بۆئێره‌و داوای ئیش بکه‌ )  . ئێمه‌ هه‌موومان ئه‌زانین ئه‌مه‌ ئاسه‌وارو ڕه‌وشتی به‌عسه‌ بۆ په‌یڕه‌وی ده‌که‌ین  ؟  ئه‌ی باشه‌ ئه‌م هه‌موو خوێنه‌ بۆدرا  ؟  له‌پای چی شۆڕش کراو ماڵی خه‌ڵکیان وێران کرد ؟ خۆ به‌زمه‌که‌ هه‌ر هه‌مان تاس و حه‌مامه‌ .  زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌مرۆڤ به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵئه‌سه‌نگێندرێ و ڕێزی لێنا‌گیرێ . . !  ئه‌ی باشه‌ ئه‌و هه‌موو قسه‌ زلانه‌ چی یه‌ ئه‌یکه‌ن له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه‌ ...  وه‌ک دیموکراتی و ئازادی و سه‌ربه‌ستی تاک و ڕه‌خنه‌و .. هتد  .  باووه‌جو سه‌دامیش هه‌میشه‌ باسی ئازادی و دیموکراتی ده‌کرد جا توخوا ئه‌مه‌ جێی پێکه‌نینێکی گریاناوی نی یه‌  ؟؟  .

 

                             م . حه‌مید عه‌زیز

                 M_Hamidaziz@hotmail.com             

 

           

 

04/07/2007