تۆرانییه‌کان وه‌جاغ کوێر نین!

مه‌هاباد کوردی

شێوه‌ی مامه‌ڵه‌کردنی هێزه‌کانی سه‌ر به‌ ئاسایشی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌رانی کورد له‌ شاری سلێمانی، که‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌ری پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتیی کوردستان ـ پچدک ئه‌م چالاکییه‌ بۆ ساڵیادی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌کان و پڕۆتێستۆکردنی ڕژێمی که‌مالیستی ئه‌ردۆغان ڕێکخرابوو، خۆی له‌ خۆیدا ئاماژه‌یه‌که‌ بۆ سیاسه‌تی ترس و تۆقێنه‌رانه‌ی سه‌ران و ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر بزووتنه‌وه‌ و بزاڤێکدا که‌ بۆنی ناڕازیبوون و به‌رهه‌ڵستکاریکردنی ئه‌وانی لێوه‌ بێت. ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌ی یه‌کێتی له‌ دژی خۆپیشانده‌رانی کورد که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی هێمنانه‌ و ئاشتییانه‌ خه‌ریکی ئه‌نجامدانی چالاکییه‌ک بوون بۆ ڕووڕه‌شکردن و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌هه‌مبه‌ر داگیرکه‌ران و دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ و خاک، به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ له‌سه‌ر هاربوون و زراوچوونی کاربه‌ده‌ستانی کوردی ناکوردستانی و به‌رژه‌وه‌ندپه‌رستی حیزبییانه‌ی ته‌سک له‌ هه‌ر جووڵه‌ و جموجۆڵێکدا که‌ ده‌گه‌ڵ بیر و بۆچوونه‌کانیاندا هاوکووف نه‌بن. گومانیش له‌وه‌دا نییه‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی وه‌ها له‌ لایه‌ن پیاوانی سه‌ر به‌ یه‌کێتی چ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌وه‌وه‌ نییه،‌ گوایا فڵان ڕێکخراو یان سه‌رکرده‌ و کۆمه‌ڵه‌خه‌ڵک له‌ پشت ئه‌م چالاکییه‌وه‌ بووبن. ئه‌م جۆره‌ لێکدانه‌وه‌ پووچانه‌ نه‌ک هه‌ر چ بنج و بنه‌مایه‌کیان نییه‌، به‌ڵکو مرۆڤ ئه‌گه‌ر به‌ وردی لێیان ورد بێته‌وه‌، ده‌چنه‌ خانه‌ی شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی داگیرکه‌رانی کوردستان و به‌ تایبه‌تیش تۆرانییه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌کانی مینا ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان. مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌ردۆغان نه‌بوو فه‌رمانی قڕکردن و ڕه‌شبگیرکردنی گه‌وره‌ و گچکه‌ی کوردی دا له‌ کاتی سه‌رهه‌ڵدانه‌ مه‌زن و گه‌لێرییه‌که‌ی باکووری کوردستان؟! به‌ ڕاستی شه‌رم و حه‌یاچوونێکی تا بڵێی گه‌وره‌یه‌‌ بۆ هه‌ر کاربه‌دست و ده‌سه‌ڵاتدارێکی کورد، که‌ هه‌ر هه‌مان ڕێچکه‌ی داگیرکه‌ران و دابه‌شکه‌رانی کوردستان بگرێته‌ به‌ر له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی سڤیلی خۆپیشانده‌ردا! له‌ باکووری کوردستان منداڵی سێ ساڵی به‌ ده‌ستی جه‌ندرمه‌ خوێنمژه‌کانی تورک‌ شه‌هید کران. له‌ سلێمانیی باشووری کوردستانیش، ئه‌م جاره‌یان به‌ ده‌ستی کورد خۆی!، ژن و زارۆک و که‌سانێکی خه‌مخۆر و دڵسووتاو بۆ دۆزی نیشتمان ده‌درێنه‌ به‌ر قۆنداغه‌تفه‌نگی چه‌کداری کورد و لێیان ده‌درێ و سووکایه‌تییان پێ ده‌کرێ و، ڕاپێچی زیندانێش ده‌کرێن.

یه‌کێتی ته‌نیا له‌و سه‌رده‌مانه‌ی دواییدا، جارێ له‌ژێر ناوی پێشگرتن له‌ تیرۆر و جارێکیش به‌ مه‌به‌ستی ڕێنه‌دان به‌ ئاژاوه‌گێڕ و خراپه‌کاران، ته‌نانه‌ت به‌ دانپیانانی هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌کانی خۆیشی، هانای وه‌به‌ر چه‌ک و ئامڕازی ناشایسته‌ و ناگونجاو و ناشارستانییانه‌ بردووه‌، بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفت و کێشه‌ جۆراوجۆره‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان که‌ له‌بن سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی حیزبییانه‌یدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ڕووداو و تێکهه‌ڵچوونه‌کانی که‌لار و هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی و زۆری تریش به‌ته‌نێ چه‌ند نموونه‌یه‌کی که‌می ئه‌م باسه‌ن.

ئه‌گه‌ر ڕه‌وش وا بڕوا، شتێک که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ده‌بێ لێی دڵنیا بن ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ جه‌ماوه‌ری گه‌لی کوردستان، پارتی و یه‌کێتی خۆشییان بێ یا ترشی، نه‌ک هه‌ر له‌وان دوور ده‌که‌ونه‌وه‌ و به‌س، بگره‌ له‌جیاتی گوڵباران به‌ ده‌یان جار به‌رد‌بارانیان ده‌که‌ن و به‌ هۆیهاش شاربه‌ده‌ریان ده‌که‌ن. سه‌رانی کورد له‌ کاتێکدا سه‌رقاڵی پێکه‌وه‌نانی "حکوومه‌تێکی نیشتمانیی عێراقین!"، که‌چی چاویان به‌رایی نادا خۆپیشاندانێکی کوردی له‌ دژی تورکه‌ هۆڤ و فاشیسته‌کان له‌ سلێمانی، شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و سه‌نگه‌ری هه‌میشه‌یی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕژێمی گۆڕبه‌گۆڕی به‌عس، ببینن. جه‌لال تاڵه‌بانی که‌ به‌ قه‌ده‌ر هه‌موو دنیا دڵی به‌ پۆستی سه‌رۆک کۆمارێتییه‌که‌ی "عێراق!" خۆشه‌ و، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر شوێنێکی "نیشتمانی عه‌ره‌بی"دا که‌ "عێراق"ه‌که‌ی ئه‌و به‌ناو ئه‌ندامێتی، هه‌ژار و داماوێک شک ببا، هه‌روه‌ک کابرای شاعیری جه‌زائیری، ده‌ستی خێری باوکانه‌ی بۆ درێژ ده‌کات و یارمه‌تی ده‌دات. لێ هه‌ر هه‌مان تاڵه‌بانی ناتوانێ، کێش ده‌ڵێ ده‌یه‌وێ؟، ڕێ له‌به‌ر چاوسۆره‌کانی سه‌ر به‌ خۆی له‌ سلێمانی بگرێت تا به‌ر نه‌بنه‌ گیانی دڵسۆزانی کورد و که‌سانێکی نه‌ته‌وه‌یی و کوردستانی. ڕه‌نگه‌ گه‌وره‌ترین تاوانی د. فایه‌ق گوڵپی و هاوڕێ گیراوه‌کانی ته‌نێ ئه‌وه‌ بێ، که‌ ئه‌وان بووبن به‌هۆی "ئیحراجبوون"ی جه‌نابی تاڵه‌بانی له‌ به‌رده‌م سه‌رانی تورک، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ هێمنانه‌ی که‌ یه‌کێتی خۆی مه‌به‌ستی بوو بیشێوێنی. دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی هه‌ر واشیان کرد و به‌م کاره‌شیان دڵی ئه‌ردۆغانیان شاد و دڵی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی کوردیشیان ناشاد کرد.

جێی خۆیه‌تی لێره‌دا ئه‌وه‌ش بڵێین پاش ساڵانێکی دوورودرێژ و پڕ هه‌ل و ده‌رفه‌ت، هێشتا خراپ نییه‌ گه‌ر به‌ دره‌نگیشه‌وه بێ، وا خه‌ریکه‌ هه‌ندێ جار له‌ خۆمان خه‌نی سه‌رکرده‌ کورده‌کانی ئه‌وڕۆمان ڕێبازی سه‌ربه‌خۆییخوازانه‌ی نه‌مران شێخ مه‌حموودی یه‌که‌م پاشای کوردستان و پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دی یه‌که‌م سه‌رکۆماری کوردستانیان وه‌بیر ده‌که‌وێته‌وه و، کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌شیان بۆ ساز ده‌ده‌ن و باس له‌ ده‌وڵه‌تی کوردیش ده‌که‌ن. دیاره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جارناجار ڕاگه‌یاندنه‌ حیزبییه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌کانیان ده‌که‌ونه‌ نێو هه‌ڵه‌ی وا گه‌وره‌وه‌ که‌ مرۆڤ ناتوانێ به‌ ساناهی چاویان لێ بپۆشێ. له‌ کاتێکدا که‌ دڵسۆزانی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ ـ چاک ـ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا و که‌نه‌دا و گه‌لێ جێگه‌ی تردا، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژده‌ شۆخه‌کیژه‌ فرۆشراوه‌ به‌دیلگیراوه‌که‌ی کورد له‌ دژی ده‌وڵه‌تی میسر چالاکی جۆراوجۆریان ئه‌نجام ده‌دا، کاکی په‌یامنێری که‌ناڵی زاگرۆس تیڤی له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌وه‌ ڕێک له‌ 14ـ4ـ2006(ڕۆژی ڕه‌شی ئه‌نفال)، سه‌ربه‌رزانه‌ باسی له‌ شارستانیه‌ت و جوانی و به‌ده‌ویی میسر وه‌ک وڵاتێکی تۆریستی ده‌کرد!!

کێ ده‌ڵێ دوژمنانی کورد بێبه‌ختن و وه‌جاغیان کوێره‌؟!     mehabadk@hotmail.com ‌   

 سوێد 16ـ4ـ2006

 

           

 

04/07/2007