جه‌عفه‌ری ئاوێنه‌یه‌که و تیایدا هه‌موو جه‌عفه‌ریه‌کان ده‌خوێنرێته‌وه

 -  مه‌هدی خالید غه‌مبار -



 

ماوه‌یه‌که و به ڕاده‌یه‌ک سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردی  سه‌رقالی پێک هێنانه‌وه‌و ڕێکخستنه‌وه‌ی ناوماڵی عه‌ره‌بی عێراقی و دروستکردنه‌وه‌ی پردی متمانه‌ی داڕوخاوی نێوان شیعه و سونه‌ن که گوناه بار نابم گه‌ر بڵێم ڕێکخستنه‌وه‌ی ناوماڵی خۆمانیان بیر چۆته‌وه .کێشه‌که له‌وه‌شدایه که‌ بێ ئاگا له ئاکامی کاره‌که ، کورد وته‌نی (خۆی به ده‌ستی خۆی چاڵ بۆ خۆی هه‌ڵده‌که‌نێ )
ئه‌و هه‌مو کات و
 شه‌ووڕۆژ گرێدان و سه‌رقاڵیه‌ی که سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردی بۆ ئه‌و سفڵانه‌ی که تا دوێنێ جگه له هه‌رێمی کوردستان له‌ته زه‌ویه‌کیان نه‌بوو تا بتوانن له‌ سه‌ری ڕۆژێک خواپه‌رستی بکه‌ن یان به ئاره‌زوی دڵی خۆیان وچانێکی تیادا بده‌ن !! به فیڕۆ درا ، ده‌کرا له جیاتی هه‌م ئه‌و چاک سازی و پاکسازیه ده‌ست پێ بکه‌ین که ماوه‌یه‌کی زۆره باسی لێوه‌ ده‌که‌ین و خه‌ریکه وه‌ک پرۆسه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌که له تولانی کێشانیدا میله‌ت توشی نائومێدی هاتبو له‌مه‌شدا وامان به‌ سه‌رابێت ،! هه‌میش پرۆسه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌که‌مان ته‌کانێکی تر و گوڕێکی ترمان پێی ده‌دا ، ئێمه‌ی کورد و به تایبه‌تی سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کانمان نوقمی نه‌رێتێکی زۆر مه‌ترسیدار و بڤه‌ن ، ئه‌ویش لاسایی کردنه‌وه‌ی سه‌رکرده‌که‌ی پیش خۆیانن به تایبه‌تی ساده‌یی و ساویلکه‌یی زو بڕوا کردنمان به دوژمن و که زۆر کات بۆته مایه‌ی که‌وتنمان بۆ ناو تۆڕی ناحه‌زانمان ، کورد ده‌ڵێ ( گه‌ر جارێک هه‌ڵت خه‌ڵه‌تاندم خوا بتگرێت ، گه‌ر دوه‌م جار هه‌ڵتخه‌ڵه‌تاندم خوا خۆم بگرێت) واته دوه‌م جار تاوانی خۆمه په‌ندم له کاره‌ساته‌که وه‌رنه‌گرت ، ئه‌م نه‌گبه‌تیه ته‌نها سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کانی به‌شێکی وڵاته‌که‌مان و ته‌نها سه‌‌رده‌مێکی نه‌گرتۆته‌وه به‌ڵکو ته‌واوی سه‌رکردهه سیاسیه‌کانی لانی که‌م سێ پارچه‌ی نیشتیمانه‌که‌مان پشکی شێریان به‌ر که‌وتوه که پێویست ناکات باسیان بکه‌ینه‌وه ، له خوێندنه‌وه‌یه‌کی خێرامان بۆ ئه‌و واقیعه‌ تاڵه ، کرۆکی  کێشه‌که ده‌گه‌ڕینینه‌وه بۆ
یه‌که‌م : بڕوا کردن و متمانه‌ی بێ قه‌ید و شه‌رت‌
 به دوژمنان و وه‌لانانی ئه‌و ڕابردوه خویناویه‌ی که مێژو تۆماری کردوه و ئه‌وان تیایدا ئه‌نجامده‌ر بونه   !
دووه‌م : نه‌بونی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ ڕابردو و به‌زمون کردنی بۆ داهاتو تا ڕێگه بگرێت له دوباره بونه‌وه‌ی ئه‌و مێژوه ، نمونه‌یه‌کی بچوک بۆ
 زیاتر پشت ڕاستکردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌م ، حیزبی دیمکراتی کوردستانی ئێران ده‌هێنمه‌وه ، که هێژا دکتۆر عبدالڕحمان قاسملو و هاوڕێکانی و شه‌ره‌ف‌‌که‌ندی و هاوڕێکانی ، نه‌گبه‌تیه‌که له‌وێدایه که له یه‌ک حیزب و له یه‌ک پارچه‌ی کوردستان و له کاتی گفتوگۆیان له گه‌ڵ یه‌‌ک ڕژێمدا تیرۆر کران ، باشه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ره‌فکه‌ندی و هاوڕێکانی  وه‌کو پیویست په‌ندیان له چۆنیه‌تی تیرۆرکردنی شه‌ه‌ید قاسملو وه‌ربگرتایه هه‌ڵبه‌ته کاره‌ساتی دوه‌م به‌و جۆره ڕوی نه‌ده‌دا .ئه‌مانه‌ی ئێستا دۆستایه‌تی خۆیان بۆ ساڵه‌کانی هه‌شتاکان ده‌گێڕنه‌وه له‌ گه‌ڵمان ، که‌چی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رکۆماری بۆ کورد به ڕه‌وا نابینن و بۆ دوژمنه سه‌رسه‌خته‌که‌ی خۆی که ڕۆژانه لیک ده‌کوژن به شیاو تر ده‌زانێت ، حیکمه‌تی ئه‌وه‌ش له‌وه‌دایه که یه‌ک نه‌ته‌وه‌ن .‌ا .
    هه‌ر ئه‌م دۆستانه‌مان بون ( من ناڵێم برا ) بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی گه‌وره‌یی پی نه‌ده‌م ، ئه‌و کات له به‌ر زه‌لیلی و بێ ده‌ره‌تانیان له‌ سه‌ر په‌ڕه‌ی سپی په‌نجه مۆر و ئیمزایان له‌ سه‌ر داواوا ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مان ده‌کرد ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ خه‌ریکن له قاڵبی عروبه‌مان ده‌ده‌ن و بونمان له ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تدا ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و به‌رد ده‌‌که‌وێته ژێر ددانیان گه‌ر بڵێن کوردستان . 
 کورد ده‌بو ئه‌و کاته جه‌عفه‌ری بناسیبایه که سوێندی ده‌ست به‌ کار بونی کابینه‌که‌ی به به‌ر چاوی هه‌زاران که‌سه‌وه بێ شه‌رمانه سوینده‌که‌ی ئاوه‌ژو کرده‌وه ( ده‌بوو کورد ئه‌و کاتهه بیانناسیبایه و به گاڵته جاڕیه‌ک تێپه‌ڕیان نه‌کردایه و حیسابی وردیان بۆی بکردبایه
  ئه‌وکات ده‌بوو کورد درکی به دژایه‌تی جه‌عفه‌ری بکردبایه کاتی که ده‌یبینی به به‌ر چاوی هه‌موانه لایه‌ک ئه‌و بڕه‌ پارهه ته‌رخانکراوه‌ی که بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی که‌رکوک ته‌رخان کرابوو ده‌ستی به‌ سه‌را گرت ، لایه‌کی تریشه‌ درێژه‌ی به سیاسه‌تی ته‌عریب کردنی که‌رکوک ده‌دا و په‌یتا په‌یتا بڕیاری بێ ئه‌خلاقانه‌ی ده‌ر ده‌کرد ، خانه‌نشینکردنی فلان ئه‌فسه‌ری کورد و ده‌رکردنی ئه‌وه‌نده‌ پۆلیس و پڕ کردنه‌وه‌یان به پاشماوه‌کانی به‌عس له شیحه مه‌زهه‌به‌کان .
 ئه‌و ڕۆژه کورد ده‌بو له نیه‌ت گڵاوی جه‌عفه‌ری بگه‌یشتایه که له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆکی په‌ڕله‌مانی عێراق و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له سه‌رۆکی حیزب و وه‌زیر و که‌سایه‌تی ناوهه و بیانی ئاماده‌ی مه‌راسیمی هه‌لبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی  کوردستان بون ، که‌چی ڕق و ده‌مارگیری شۆڤێنیانه‌ی جه‌عفه‌ری وای لی کرد چاوی به‌رایی نه‌دا تا له ته‌لاری په‌ڕله‌مانی کوردستان و له ڕێوڕه‌سمی سویند خواردنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستاندا له ژێر پاساوی کۆمه‌ڵێک له درۆ بێ چاوو ڕوه‌کانی به‌شداری بکات .
ئه‌و ڕۆژه کورد ده‌بوو له ته‌ڵه‌که بازی و درۆزنی جه‌عفه‌ری به ئاگا بهاتایه ، که که‌وته ململانێ جه‌نابی مام جه‌ڵال
 ، که به‌ داخه‌وه ئه‌و کێشه‌یه له لایه‌ن ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه زۆر بچوک کرایه‌وه که نه‌ده‌بوو به کێشه‌ی نێوان تاڵه‌بانی و جه‌عفه‌ری بزانرابایه ، به‌ڵکو ئه‌وه شه‌ڕی کورد و جه‌عفه‌ری و هاوده‌نگ و هاو ڕه‌نگه‌کانی بو ، ئه‌و کاته تاڵه‌بانی داکۆکی له کێشه‌کانی که‌رکوک و په‌یوه‌ندیه‌کانی به کوردستان و هه‌رێمه‌که‌وه ده‌کرد به‌وه ده‌یویست پیش له تاک ڕه‌وی بگرێت و سنوریک بۆنیازه خه‌راپه‌کانی دابنێت
 له هه‌موو ئه‌مانه مه‌ترسیدار تر ، جونه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌یانه بۆ تورکیا ، لێره‌دا سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ده‌بێت له هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه‌یدا ژیر و هۆشیارانه بێت (ئه‌و ماسته بی مو نیه )
   به بۆچونی خۆم پلانێکی هاوشێوه‌ی کۆماری کوردستانیان ڕه‌نگه به‌ ده‌سته‌وه بێت ، 
 ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ گه‌لی کورد له دوای خۆیه‌وه پشتی پێ ده‌به‌ستێت ئه‌و وڵاتانه‌ن که به‌ داخه‌وه ڕابردوی تاڵمان هه‌یه له گه‌ڵیان ، خۆیان به‌رپرسیاره‌تی له‌ت له‌ت کردن و دابه‌شکردنمانیان له ئه‌ستۆیه ، ئه‌وانه‌ش به‌ر و پشتیان بۆ نیه ووتار و کردار و ڕێبازیان به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیانه و به‌س .
  له عێراقی دوای سه‌دامیشدا ته‌نها یه‌ک جه‌عفه‌ریمان نیه و له دوای مردنی فاتیحایه‌کی بۆ بخوێنین و ببڕێته‌وه 
 بۆیه جاریکی تر داوا له سه‌رکردایه‌تی سیاسی کوردی ده‌که‌‌م به‌ر له‌ ده‌رکردن و زیاتر سوککردنمان بگه‌ڕێنه‌وه هه‌رێمه پێرۆزه‌که‌ی خۆمان و خورمای خۆیان بۆ خۆیان و به‌ڕوی خۆمان بۆ خۆمان

mehdi.xembar@24.fi




 

 

 

 

           

 

04/07/2007