ئه‌نفال زامێکه  هه‌رگیز قه‌تماغه ناگرێت !!

                                                                                                               مه‌هدی خالید خه‌مبار
mehdi.xembar@24.fi

 پرۆسه‌ی ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌که ته‌مه‌نی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هه‌زار ساڵێک ، ئه‌و ئه‌نفاله‌ی له‌و ڕۆژگاره‌دا پیاده کراوه و ئایه‌تێکی قورئانیشی بۆ دابه‌زێنراوه  ، هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه ڕه‌شوڕوت و بێ دیفاعه‌ی گرتۆته‌وه که پاش ئه‌م ماوه دور و درێژه‌ش جارێکی تر له سه‌رده‌مێکی تر و به شێوازێکی چڕ تر و به‌رفراوانتر و کاریگه‌رتر پیاده کرایه‌وه

 ئه‌وانه‌ی که پێان وایه ناو نانی هێرشه‌ سه‌ربازیه دڕندانه‌کانی به‌عس ، که به هه‌شت قۆناخ جی به‌ جێ کرا و به‌ هۆیه‌وه پتر له 182،000 مرۆڤی بێ وه‌یی کورد بێ سه‌ر و شوێن کران ، به هێرشه‌کانی ( الانفال ) به‌رنامه‌ و پلانێکی بێ باکڕاوندێکی سیاسی ، فیکری ، مێژویی ساده‌ و له خۆڕا نه‌بوه ، به‌ڵکو ده‌رئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌یه‌کی مێژوی کۆنی خۆیان بوه‌وه وه‌ک به ئه‌مه‌کیه‌ک بۆ مێژو و نه‌ته‌وه و به‌ها پیرۆزه‌کانیان ئه‌م کاریان جارێکی تر دوباره کرده‌وه !!!

  له بیرتانه

 باپیره سه‌ڵا‌حه‌دینی ئه‌یوبی

 له کوی ئاڵای بۆتان چه‌قان

له کوێ جاڕی ئیسلامی دا ؟؟

 گۆڕگیانی بێ ده‌با بیخوا  !!!

    به رۆژی ڕون  ... له پێش چاوی ... ملیۆنه‌ها جاوی خوایی و

 چاوی ئازادی مرۆڤ و چاوی ویژدان

 به‌هه‌شتێکی گۆی ئه‌م زه‌مینه‌یان سوتان !!

 نه چاوی ده‌روێشانی خوا ئه‌م به‌هه‌شته‌ی منیان بینی !

 نه دڵی مرۆڤایه‌تیش له گه‌ڵ قرچه‌ما ڕاچڵه‌کی

  ئێمه‌ش ماین و نه‌بڕاینه‌وه

  جارێکی تر هه‌ڵساینه‌وه

 باپیری ... باپیری باوکم  ... کاتێ وه‌ک من

 ئه‌ویش له پشتی باوکا بوو

 هێشتا چاوی وه‌ک چاوی من ، ڕه‌نگ و خوێنی تێ نه‌زابو

 له‌‌و کاته‌وه  ...

 جه‌سته‌ی ئێمه ....

 بۆته کێلانی شمشێر و

ڕۆحی ئێمه .. ده‌کرێ به زاری بڵندگۆ به سه‌ر قوبه‌ و که‌نیسه‌وه

له‌و ڕۆژه‌وه ...

له وڵاتی من

خوێن ده‌کرێته

 نێو قوڵایی گه‌روی ئه‌م خاک و زه‌ویه‌وه !!

هه‌مو ڕۆژی

 دز کۆڵێ شه‌مامه‌م ده‌دزی

 که‌له‌ی سه‌ر ده‌کرێ به قه‌ڵا

 لوله‌ی لاق ده‌کرێ به په‌یژه

 به‌ سه‌ر ئه‌م په‌یژه‌ی ئێسکه‌وه ... مێژویه‌ک تاڵ

 بۆ لای پێغه‌مبه‌رێکی ڕه‌ش

 هه‌ڵده‌گه‌ڕێ

 ده‌چێ له‌وێ سینگی بۆی یه‌کاڵا ده‌کا و

 ئه‌ویش تێر .. تێر ماچی ده‌کا

 له ناو سینگی زامێکی کۆن هه‌ڵی ده‌گرێ !

    من ئه‌نفالم  ... !!!! هاتوم په‌یامێکم پییه

   کۆڵێ ڕق و بارێ مه‌رگتان بۆ دێنم

  له‌م خاکه بۆم نامۆیه‌دا  

  له ناخی ناخیا ده‌یچێنم !

 له میژوتان گه‌ر بپرسن

 پێتان ده‌ڵێ

 من کێم و له کوێوه هاتوم  ... من چیم ده‌وێ !

 من ڕوباری سوری مێژوم

من ئه‌نفالم  ... ئه‌نفال .... ئه‌نفال

 به بێ ده‌ست نوێژ ، ناوم مه‌به‌ن

ده‌ست له‌م شمشێره‌شم نه‌ده‌ن  ؟؟؟

 که ده‌ست نوێژی ته‌‌واوتان گرت

 ئه‌وسا  ... یه‌ک یه‌ک بیانگرن

 کچ و ژنیان حه‌ڵاڵتان بێت  ... چۆنیان ده‌به‌ن !!

 کامیان زوتر ده‌که‌ن به په‌ن !!

 ئه‌وه‌‌ی هه‌ڵات

 بیانکوژن

 هه‌ر منال پیره پیاوێکتان که‌وته ده‌ست !!

 بیبه‌ن له‌وێ

 له‌ گه‌ڵ خاکا موتوربه‌ی که‌ن 

  له گه‌رمیانا 

 ئه‌گه‌ر به‌ردیش جوڵایه‌وه 

 ئه‌گه‌ر داریش له‌رایه‌وه

 له ملی ده‌ن 

 نه‌با سبه‌ی بکه‌ونه ده‌ست کوڕه‌ کوردێ

 به داره‌که سێداره‌یه‌ک دروست بکاو

 به تلیشێ له به‌رده‌که‌ش

 سه‌رمان ببڕێ

  له کوێستانا   .....

 گه‌ر دار به‌ڕوه‌ک ته‌ڕی تیا بوو

 گه‌ر شاخێک لوتکه‌که‌ی مابو

 دار به‌ڕوه‌که بسوتێنن

 به‌م شمشێره موباره‌که‌ش

 ملی لوتکه بپه‌ڕێنن 

  وه‌ڵامی گه‌رمیان  

   ئێوه هاتن وه‌ک قه‌له‌ ڕه‌ش

دابارینه سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و بادینانم

 ئێوه هاتن مه‌رگتان کرده به‌رات و

 داتانه ده‌ست منداڵانی نێو هه‌لۆرکه و ئاوه لمه و

 خۆشه‌ویستی و نه‌رگز و چاوی ژیانم 

 ئێوه هاتن

 هه‌رچی وشک بو سوتانتان !!

 ئه‌وه‌ی ته‌ڕ بوو

 به نوکی شمشێر په‌ڕانتان !!

 مالتان به غه‌نیمه بردین

 کچ ژنتان لێ فڕاندین

 ئه‌وه‌ی جوان و که‌حێله بو

 به پیی یاساو ، عاداتی باو باپیرتان

 به‌ سه‌ر ده‌رگه‌وانه‌کانی شێخ و

 مجێوره‌کانی خانه‌ی خوا و

 حوشتره‌وانه‌کانی باشور

 زۆر به ئینساف دابه‌شکران !!!!

 ئه‌وانی تر

 له بازاڕه‌کانی عوکازا

 هه‌رزان به‌ها ... هه‌ڕاج کران

 زڕ کوڕه‌کانی ئه‌یوبی

 گشتیان کڕی  !!! له ئێمه نا ... له وجاخزاده‌کانی خوا !!!

 

 ئه‌مه خویندنه‌وه‌یه‌کی سه‌رپێیه بۆ ئه‌نفاله‌کان و ڕاستی مه‌سه‌له‌کان ، ئه‌گه‌ر چی ئه‌نفاله‌کان به ده‌ر له هه‌شت قۆناخه‌که‌ی ساڵی 1988 ، که مێکی تر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ دواوه و چه‌ند جۆرێکی تری ئه‌نفالمان به‌رچاو ده‌که‌ویت و ئه‌وانیش به گوێره‌ی خۆیان ئازاری به گه‌له‌که‌مان گه‌یاندوه و له‌و ئه‌نفالانه‌شدا ژماره‌یه‌کی زۆری ڕۆڵه جوامێره‌کانی گه‌له‌که‌مان ، ژن و مناڵ و په‌که‌وته‌‌کان له به‌ین بران و شوێن ونیان کردون و تا ئێستاش که‌سوکاره‌کانیان چاوی چاوه‌ڕوانیان له ده‌نگی ده‌رگای ماڵه‌کانیانه و ئومێد بڕ نه‌بونه

 بێ سه‌ر و شوێن کردنی 5،000 له خۆشه‌ویسته فه‌یلیه‌کانمان ، که ئه‌وانیش به هۆی ئه‌نفالێکه‌وه دوچاری بێ چاره‌نوسی هه‌تایی هاتن .

 هه‌روه‌ها بێ سه‌رو شوێن کردنی 8،000 مرۆڤی کوردی بارزانی له سه‌ره‌تای هه‌شتاکان ، ناکرێ ئه‌مانه له زنجیره ئه‌نفاله‌کان داببڕین . ڕژێم له‌و کاتانه‌دا ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بۆ کرابیت و پرۆسه‌ی ڕیشه‌کێش کردن و جینوسایدی گه‌لی کوردی بۆ چه‌ند قۆناخێک دابه‌ش کردبێت .

 من پێم وایه ئه‌و هه‌شت قۆناخه‌ی ساڵی 1988 ، مه‌به‌ست لیان ته‌نها مردن و له ناوبردن نه‌بوبێته به‌ڵکو مرۆڤ ده‌توانێت به چه‌ند شێوه‌یه‌ک ڕاڤه‌یان بکات

 

 1  :  ناکرێ بۆچونی ( مه‌به‌ست قڕ کردن و سوتماک کردنی کورد و کوردستان نادیده بگیرێت و حیسابێکی ورد  بۆ ڕاده‌ی خه‌ته‌رناکی گرتنه به‌ری ئه‌م سیاسه‌ته شۆڤێنیانه‌یه‌ی به‌عس بۆ سه‌ر ڕیشه‌کێش کردنی کورد له ناو عێراقدا نه‌کرێت ، ناشبێت کورد ئه‌گه‌ری دوباره یان چه‌ند باره‌بونه‌وه‌ی ئه‌نفالێکی تر له پێش خۆی دانه‌نێت ، چونکه به به‌راورد له گه‌ڵ ئه‌و میژوه کۆنه‌دا که پاش چه‌ند هه‌زار سالێ ئه‌و مێژوه نوێ کرایه‌وه که‌واته ده‌بێت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش دابنه‌ین که پاش ده‌ یان سه‌د ساڵی تر  پێویسته له په‌روه‌رده‌شدا ئه‌نفال وه‌ک کاره‌سات و میژویه‌کی ڕه‌ش بۆ وه‌چه‌کانی ئه‌مڕۆ بخوێندرێ و ڕێگا نه‌درێ به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌نفال کاڵ ببێته‌وه ! !

 

  2 : تاقیکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نه جیاجیاکان وه‌ک کاڵایه‌ک له هه‌ندێک تاقیگه‌ ، که زیاتر مرۆڤ ده‌توانێت گومانی له تاقی کردنه‌وه‌ی چه‌که کۆمه‌ڵ کوژ و کیمیاویه‌کان بکات له سه‌ریان ، بۆیه ئه‌رکی پسپۆرانی کورده که ئه‌م لایه‌نه فه‌رامۆش نه‌که‌ن و  لیکۆڵینه‌وه‌ی زانستیانه‌ی پێویست ئه‌نجام بده‌ن .

 

  3 :به کارهێنانی کچه گه‌نجه‌کان وه‌ک کاڵایه‌ک بۆ فرۆشتن ، که ئێستا باس ته‌نها له 18 کچی فرۆشراو به میسر ده‌کرێت ، به‌ڵام به‌ بۆچونی من هه‌ر ئه‌وه‌نده نیه و ته‌واوی وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ندی که‌نداو وڵاتانی تری عه‌ره‌بی به‌شدارن له کڕین یان پێشکه‌ش کردنی ئه‌و کچه‌ کوردانه‌ی که تائێستا چاره‌نوسیان به نادیاری ماوه‌ته‌وه  .

  پێویسته له سه‌ر هه‌م سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و هه‌میش ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کوردستان و حیزبه‌کان ، که هه‌ریه‌که لای خۆیه‌وه جگه له دابین کردنی مافه‌کانی ژیانی که‌سوکاری ئه‌نفال کراوه‌کان و پر کردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه گه‌وره‌یه‌ی بێ که‌سی که ڕۆژانه ئازاری ڕۆحیان ده‌دات ، هه‌رچه‌نده زۆری به‌ سه‌را چوه و به داخه‌وه وه‌کو پێویست ئاوڕ له که‌سوکاری قوربانیانی ئه‌نفال نه‌دراوه‌ته ، بۆیه هیوادارم له حکومه‌تی یه‌کگرتوی داهاتو که خه‌می ئه‌م لایه‌نه بگرنه کۆڵ و به هه‌ندی وه‌ربگرن  .

 

  مێژویه‌ک که پاش ئه‌وه‌نده هه‌زار ساڵه بۆ له نیو بردنی ئیمه خۆی دوباره ده‌کاته‌وه ، ده‌بێ زامی ئه‌نفالی ئیمه‌ش هه‌رگیز قه‌تماغه‌ نه‌گرێ !

 

  

           

 

04/07/2007