182 په‌نابه‌ری کوردی عێراق خه‌ریکه‌ ده‌بنه‌ قوربانی پێشبڕکێی سیاسه‌تی ڕاستی نیوان حکومه‌تی پێشوی بۆنده‌ڤیک و حکومه‌تی ئێستای ستۆڵتنبێرگ

 

ماوه‌یه‌که‌ هه‌واڵی دانی مافی مانه‌وه‌ به‌ 182 په‌نابه‌ری کوردی عێراق که‌ له‌و گروپه‌ بوون که‌ ئیقامه‌ی کاتییان هه‌بوو  وه‌ له‌ نه‌رویج به‌ MUF ه‌کان ناسراون، وه‌ زیاتر له‌ 7 ساڵه‌ له‌ نه‌رویج ده‌ژین بۆته‌ سه‌ردێڕی هه‌و‌اڵی هه‌موو میدیاکانی نه‌رویج. به‌ پێی ئه‌م هه‌واڵانه‌ گوایه‌ ئه‌م 182 که‌سه‌ مه‌رجه‌کانی ده‌وڵه‌ت نایانگرێته‌وه‌ و به‌ هه‌ڵه‌ ئیقامه‌یان وه‌رگرتووه‌و ئێستا ده‌یانه‌وێت ئه‌م مافه‌یان لێ ‌وه‌ربگرنه‌وه و ئه‌م پێشنیاره‌ش له‌ لایه‌ن ئارنا سۆلبێرگی وه‌زیری پێشووی شاره‌وانیه‌کانه‌وه‌ کراوه‌و گوایه‌ بڕیاره‌که‌ی پێشووی ئه‌و‌یان خراپ به‌کارهێناوه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆچ ئیقامه‌ی به‌م 182 که‌سه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی ئینسانی داوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یان کاریان نه‌بووه‌ و یان نه‌یانتوانیوه‌ کار به‌ده‌ستبێنن. بۆیه‌ ئێستا حکومه‌ت پڕۆتستۆی ئه‌م بڕیاره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆچ ده‌کات و به‌ هه‌ڵه‌و  خراپ به‌کارهێنانی سیاسه‌تی په‌نابه‌ری نه‌رویجی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا. سیاسه‌تی په‌نابه‌ری ده‌وڵه‌تی نه‌رویج به‌ ڕاده‌یه‌ک نا ئینسانی یه‌ که‌ کێشه‌ هاتۆته‌ سه‌ر ماماڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پاره‌و ژماره نه‌ک چاره‌نوسی ئه‌م ئینسانانه‌.‌ ده‌وڵه‌ت ته‌نها له‌ بیری ئه‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌م ئینسانانه‌ ناتوانن خۆیان بژێنن و باج به‌ ده‌وڵه‌ت بده‌ن و ده‌بێت ده‌وڵه‌ت له‌ڕووی ئابوری یه‌وه‌ به‌رپرسێتیان له‌ ئه‌ستۆبگرێت و ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بڕیاره‌یه‌ که‌ ئه‌وان بڕیار بووه‌ له‌سه‌ریه‌وه‌ ئیقامه‌ وه‌رگرن بۆیه‌ ده‌بێت لێیان بسه‌ندرێته‌وه‌. كه‌سێک له‌ نه‌رویج نه‌ژی له‌وانه‌یه‌ پێی وابێت که‌ ده‌وڵه‌تی نه‌رویج ووڵاتێکی هه‌ژاره‌و ناتوانێت به‌رپرسبێت له‌ ژیانی ئه‌م ئینسانانه‌. ‌ئه‌گه‌ر که‌سێک له‌م کێشه‌یه‌ ئاگادار نه‌بێت پێی وایه‌ که‌ ئه‌م ئینسانانه‌ له‌وانه‌یه‌ تاوانێکی گه‌وره‌یان کردبێت، نه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تاییترین مافی ئینسانی خۆیان به‌ سه‌دان که‌موکوڕی و نا یه‌کسانیه‌وه‌ وه‌رگرتبێت، بۆیه‌ بوونه‌ته‌ سه‌ردێری هه‌واڵی هه‌موو ڕۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌کان و‌ ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌م مافه‌یان لێوه‌ربگرێته‌وه‌. حکومه‌تی ئێستا ده‌یه‌وێت به‌م سیاسه‌ته‌ی‌ نیشانی بدات که‌ سه‌د به‌رابه‌ری حکومه‌تی پێشوو ڕاستره‌وتره‌و ده‌یه‌وێت نیشانی بدات که‌ له‌ ژێر سایه‌ی حکومه‌ته‌ سۆسیال دیموکراته‌که‌ی ئه‌واندا جێگایه‌ک بۆ مافی په‌نابه‌ری نه‌ماوه‌ته‌وه‌و ده‌یانه‌وێت به‌م سیاسه‌ته‌ نا ئینسانیه‌یان نیشانی ئه‌حزابه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی خۆیانی بده‌ن که‌ ئه‌وانیش کورت ناهێنن له‌ دژایه‌تیکردنی په‌نابه‌راندا‌.

په‌نابه‌ران، ئێمه‌ نه‌ک نابێت له‌به‌ارمبه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ نائینسانیه‌ی ده‌وڵه‌تدا بێده‌نگ نه‌بین، به‌ڵکو ده‌بێت وه‌ک پێشتر و هه‌میشه‌ له‌ خه‌باتی خۆماندا بین بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانمان. ته‌نها ڕێگای به‌رده‌ممان هاوپشتیکردنه‌ له‌ هه‌وڵ و خه‌باتی یه‌کترو کورت نه‌هێنانمانه‌ له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تدا. ئێمه‌ ئه‌و کاتیش ووتمان که‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای کارمانه‌و هه‌تا ئێمه‌ لێره‌بژین پێویستیمان به‌ یه‌کگرتووکردنی زیاتری ڕیزه‌کانمانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مافه‌کانمان به‌هره‌مه‌ندبین.

ئه‌و 182 په‌نابه‌ره‌ به‌ هیچ جۆرێک نابێ مافی په‌نابه‌رێتیان لێ بسه‌نرێته‌وه‌ و بنێردرێنه‌وه‌. ڕێکخراوی په‌نابه‌ران هه‌روه‌ک کاری هه‌میشه‌یی خۆی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کێشه‌یه‌دا بێده‌نگ نابێت و هه‌موو تواناکانی خۆی ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆ به‌رگریکردن له‌ چاره‌نوسی ئه‌م ئینسانانه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ش وه‌ک هه‌میشه‌ به‌ وه‌ستانی ئێوه‌ له‌ پشت ڕێکخراوی خۆتانه‌وه‌ ده‌بێت و به‌ هاودڵی و هاوخه‌باتیمان ده‌توانین له‌م کێشه‌یه‌ش به‌سه‌رکه‌وتوویی بێینه‌ ده‌ره‌وه‌.


ڕێکخراوی په‌نابه‌رانی کوردی عیراق له‌ نه‌رویج

07.04.2006

 

           

 

04/07/2007