رۆژمێری جه‌نگێکی تایفه‌گه‌ری وه‌رگێڕانی له هۆڵاندیه‌وه – رێکه‌وت ئیسماعیل ئیبراهیم
و ئیسماعیل زایری هاوسه‌ریCivil Pilar به‌ڕێوه به‌ری پرۆگرامی هاوکاری Anneke van Ammelrooy سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی ئه‌لسه‌باحول جدید ( رۆژێکی نوێ) شایه‌تحالی روداوه‌کانی ئه‌م دووایه‌ی عێراق بوون... چوارشه‌مه 22 ی فێبروه‌ری: سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له شاری سامه‌ڕا هه‌ردوو ئه‌و مزگه‌وته‌ی که مه‌زاری پیرۆزن لای شیعه‌کان ته‌قێنرانه‌وه، ئه‌م دوو مزگه‌وته 300 ساڵ بوو سونه‌و شیعه پێکه‌وه ده‌یانپاراست و سه‌ردانیان ده‌کرد، چه‌ند کاژێریک پاش ئه‌و روداوه له نوسینگه‌ی رۆژنامه‌که‌وه یه‌که‌م وێنه هه‌واڵی ئه‌و تاوانه جه‌نگیه‌مان سه‌یر ده‌کرد، گومه‌زی زێڕێنی ئه‌و دوو مزگه‌وته به ته‌واوی وێران کرابوون. خه‌می گه‌وره‌ی هه‌موان له‌و ساتانه‌دا ته‌نها ئه‌وه بوو که هه‌رکه‌سه فریای منداڵی خۆی که‌وێت و راسته‌وخۆ بۆ ماڵه‌وه‌یان به‌رێته‌وه، ئێمه‌ش داوامان له شۆفێره‌که‌مان کرد که به په‌له بچێت به‌شوێن منداڵه‌کانمانداو له قوتابخانه بیانهێنێته‌وه به‌ڵام له جیاتی ئه‌وه‌ی به ئۆتۆمبێله مارسیدسه شوشه تاریکه سه‌رنج راکێشه‌که بڕوات، بڕیارماندا به پاس بچێت به شوێنیان‌دا. رۆژنامه‌وانه‌کانمان به حه‌سره‌ته‌وه چاودێری دووا گۆڕانکاریه‌کانیان ده‌کرد، ده‌یانویست بزانن په‌رچه‌کرداری خه‌ڵکی و ده‌سه‌ڵاتداران چۆن ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر به ئاشکرا هه‌ست به‌وه ده‌کرا که ئیتر جه‌نگی ناوخۆ‌و تایفه‌گه‌ری به‌رۆکی وڵاتی گرتووه. سێ ساڵی ره‌به‌ق بوو لایه‌نگرانی سه‌دام حسێن و توند ڕه‌وه‌کانی وه‌ک زه‌رقاوی ده‌یان نه‌خشه‌یان ئه‌نجامدا تا بتوانن شیعه‌و سونه به یه‌کدا بده‌ن به‌ڵام هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه نه‌زۆک ده‌رچون. سوپای مه‌هدی که میلیشیایه‌کی سه‌ر به موقته‌دا سه‌درن زۆر باش خۆیان بۆ رووداوێکی له‌و جۆره ساز دابوو، تارا که له رۆژنامه‌که سکرتێر بوو له‌و به‌ری روباری دیجله‌وه ده‌ژیا؛ به ته‌له‌فۆن پێ ی .They are so-o-o angryراگه‌یاندین له راستیدا سوپای مه‌هدی تاکه هێز بوون که هه‌مان رۆژ بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه له سونه‌کان ده‌ست به‌کاربوون، هه‌موو که‌سایه‌تیه سیاسیه‌کان بانگه‌وازی ئه‌وه‌یان بۆ خه‌ڵکی ده‌کرد که هێمن بن و ره‌وشه‌که ئاڵۆزتر نه‌که‌ن، حکومه‌ت سێ رۆژ پرسه‌ی سه‌رتاسه‌ری له وڵات راگه‌یاند و هاتوچۆی ئۆتۆمبیلیشی قه‌ده‌غه کرد. پێنج شه‌مه 23ی فێبروه‌ری: خۆپیشاندان ساز کراو هێرش کرایه سه‌ر ده‌یان مزگه‌وتی سونه له شاری به‌غداد، هێزه‌کانی پۆلیس که وابه‌سته‌ن به سه‌رۆک وه‌زیرانی شیعه ( ئیبراهیم جافه‌ری )یه‌وه ده‌ستی هێزه‌کانی موقته‌دا سه‌دریان ئاوه‌ڵاکرد بۆ ئه‌وه‌ی که به دڵی خۆیان ده‌ست بوه‌شێنن! هێزه ره‌شپۆشه‌کانی سوپای مه‌هدی هه‌ڵیان ده‌کوتایه سه‌ر ماڵان و داوای ره‌گه‌زنامه‌یان ده‌کرد، شایه‌ت حاڵه‌کان به ته‌له‌فۆن ئاگاداریان کردینه‌وه که ده‌یان که‌س به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌کانیان سونی بووه هه‌ر له‌سه‌ر جاده گولله باران کراون( شه‌ڕی ناوخۆی لوبنانیش هه‌ر ئاوا ده‌ستی پێ کرد- ئیسماعیلی مێردم وه‌بیری ده‌هێنایه‌وه). هه‌واڵی ئه‌وه‌شمان ده‌بیست که چه‌ندین گه‌نجی سونه له ماڵه شیعه‌کاندا خۆیان شاردۆته‌وه‌و ئه‌وان ده‌یانپارێزن، ته‌واوی ئه‌و رۆژه له میدیاکانه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک وێنه‌یه‌کی راستی روداوه‌کان پێشکه‌ش نه‌کرا. ئێمه ده‌مانبینی که هێزه‌کانی گاردی نیشتیمانی که له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه راهێنراون، ده‌ستیان کرد به پاراستنی مزگه‌وته سونیه‌کان و هه‌ر شوێنێکی دیکه که گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرا له لایه‌ن سوپای مه‌هدیه‌وه ده‌ست درێژی بکرێته سه‌ر. سه‌ربازه کڵاو سوره‌کانمان ده‌دی که چالاکانه ده‌ست به‌کار بوون، ئه‌م سه‌ربازانه که پێ ده‌چوو وابه‌سته‌ی ئیبراهیم جافه‌ری نه‌بن وه‌ک ئێمه زانیمان تیپی یه‌که‌م و شه‌شه‌می خۆیان ته‌رخان کردبوو بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی سوپای مه‌هدی، ئه‌مه‌ریکیه‌کانیش بونیان نه‌بوو، گومانیش له‌وه هه‌بوو که بتوانن پێش به ملهوڕیه‌کانی سوپای مه‌هدی بگرن. ته‌له‌فزیۆنی حکومه‌ت که که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ( العراقیه ) یه ئێستا ئیتر بۆته که‌ناڵێکی پروپاگه‌نده، له ریپۆرتاژ و هه‌وڵه‌کانیدا رای ده‌گه‌یاند که نه که‌س کوژراوه نه که‌سیش بریندار بووه و نه مزگه‌وتی سونه‌کان هێرشیان کراوه‌ته سه‌ر.له که‌ناڵی (البغدادیه)ش که ته‌له‌فزیۆنی سه‌ته‌لایتی سونه‌کانه گوێ بیستی ئه‌وه ده‌بووین که چه‌ندین که‌سانی سونه له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگدا له مزگه‌وتێکدا خۆیان شاردۆته‌وه. سه‌رله ئێواره‌ی ئه‌و رۆژه له ته‌له‌فزیۆنی ئه‌لعیراقیه‌وه گوێ بیستی وتارێکی سه‌رۆک وه‌زیران ئیبراهیم جافه‌ری بوین که وتاره‌که نه‌ک به په‌خشی زیندوو نه‌بوو به‌ڵکو ته‌نها وێنه‌یه‌کی ناوبراوی پیشاندا، نه‌مان ده‌توانی به ته‌له‌فون زۆربه‌ی به‌رپرسه‌کان په‌یدا بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی لێدوانێکیان لێ وه‌رگرین، ته‌نانه‌ت زۆرمان لا سه‌یر بوو که سه‌رۆک تاڵه‌بانی به راوێژکاره‌که‌ی خۆی راگه‌یاندبوو که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌یه با له‌ماڵه‌وه بمێنێته‌وه ئه‌گه‌ر پێویستی کرد ئه‌وه تانکێک ئه‌نێرم به شوێنی‌دا بۆ ماڵه‌وه! ئه‌مه چ رۆژێکه ئێمه‌ی تێ که‌وتوین. هه‌ینی 24ی فێبروه‌ری: ره‌نگه رۆژی شه‌مه رۆژنامه ده‌رنه‌چێت، هیچ به‌رهه‌ڵستێک دژی درۆکانی ته‌له‌فزیۆنی حکومه‌ت نابێت. زۆربه‌ی گه‌ڕه که‌کانی به‌غدا رۆژانه 20-22 کاژێر بێ کاره‌بان، له هه‌ندێک گه‌ڕه‌کدا ماتۆڕه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌باش ده‌ته‌قێنرانه‌وه! به‌ڕاستی رۆژێکی ره‌ش بوو، ئاسمان کپ و دنیا خامۆش ته‌نها ده‌نگی پۆله هه‌لی کۆپته‌ر، گرمه‌ی فرۆکه، جیکه جیکی پۆله باڵنده ده‌بیستران، ئه‌وه‌ی رۆژه‌که‌ی زیاتر کپ تر کردبوو ئه‌وه بوو که دوێنێ په‌یڕه‌وانی ته‌واوی ئاین و ئاینزاکان بڕیاریان دابوو که وتاری ئاینی رۆژی هه‌ینی نه‌بێت و هه‌رکه‌س له ماڵی خۆی بێت زۆربه‌ی ئیمامه‌کان په‌یڕه‌وی ئه‌م بڕیاره بوون، هه‌ناسه‌یه‌کمان هه‌ڵکێشا، هه‌ر هیچ نه‌بێت یه‌ک جار له رێگای ده‌یان میکرۆفۆنی قرخنه‌وه گوێمان له وتار‌و قسه‌ی شه‌ڕانگێزانه نابێت. زۆربه‌ی دوکانه‌کان داخرابوون، سه‌وزه‌و میوه هه‌مووی فرۆشرابوون، کارمه‌نده‌کان هه‌ر یه‌ک له‌ماڵی خۆیه‌وه خواردنی زیاده‌ی بۆ هێنابوین، له بیرمان چووبوو که بتڵه غازه به‌تاڵه‌کان بگۆڕینه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه بێ غازیش بووین. دراوسێکانمان خه‌یارو ته‌ماته‌و پیازیان بۆ هێناین. خۆشبه‌ختانه دایکم له هۆڵاندا ئارامه، لای ئێمه مزگه‌وتی لێ نییه. هه‌واڵه‌کان له چه‌ندین گه‌ڕه‌کی جیاوازه‌وه خۆش نه‌بوون، هێرش بۆ سه‌ر مزگه‌وته‌کان و خه‌ڵکی بێ چه‌ک به‌رده‌وام بوو، له گه‌ڕه‌کی بنوک سوپای ره‌شپۆشی مه‌هدی هێشتا گه‌له‌کۆمه‌کیان بوو، من به‌رده‌وام به ته‌له‌فۆن هۆڵه‌ندیه‌کانم ئاگادار ده‌کرده‌وه که ره‌وشه‌که به‌و جۆره نی یه خه‌ڵکی له‌سه‌ر جاده په‌لاماری یه‌کتر بده‌ن و هێرش بۆسه‌ر مزگه‌وتی یه‌کتر به‌رن، زۆربه‌ی کاره توند‌و تیژه‌کان له لایه‌ن سوپای مه‌هدییه‌وه ئه‌نجام ده‌درا، هاتوچۆ قه‌ده‌غه بوو که‌چی ئه‌مانه به دڵی خۆیان و به‌و په‌ڕی ئازادیه‌وه ده‌سوڕانه‌وه، به‌پێ ی هه‌ندێک زانیاری له هه‌ندێک شوێندا شان به‌شانی پۆلیس هاتوچۆ ده‌که‌ن، تازه‌ترین جۆری ئۆتۆمبیل و هۆیه‌کانی په‌یوه‌ندی کردنیان پێ بوو، چه‌نده‌ها خه‌ڵکی سه‌رجاده له نێو ریزه‌کانی ئه‌م سوپایه خۆیان ناو نوس کردووه، چونکه به ئاره‌زووی خۆیان به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س زاتی ئه‌وه بکات لێیان بپرسێته‌وه هه‌ڵس و که‌وت ده‌که‌ن ( ئه‌ندامی سوپای مه‌هدی به که‌س ناتوانێت توخنت که‌وێت) موقته‌دا سه‌در ئاوا ئه‌و سوپایه‌ی پێکه‌وه ناوه. هیچ که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی هێنده بوێر نه‌بوو که راستیه‌کان ئاشکرا بکات، نه عێراقیه نه حوریه نه سۆمه‌ریه نه فه‌یحا هیچ کامیان راستی نه‌درکاند، هه‌ر هه‌موویان له ژیانی رۆژنامه‌وانه‌کانیان ده‌ترسان، رۆژنامه‌وانی که‌ناڵێکی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سعودی ئه‌لعه‌ره‌بیه هه‌ر یه‌که‌م رۆژ له سامه‌ڕا کوژرا، که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره ویستی نه‌وت بکات به ئاگره‌که‌دا و رایگه‌یاند که گه‌ڕه‌کێکی فه‌له‌ستینیه‌کان له به‌غدا هێرش ده‌کرێته سه‌ری. هه‌قه ئه‌و پاره‌یه‌ی که کاتی خۆی فۆندی پرنس کلاوسی هۆڵاندی به که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ی به‌خشی ئێستا لێیان وه‌رگرێته‌وه. پێنج شه‌مه 2 ی مارت: ئه‌م شه‌و پتر له دوو کاژێر له‌و گه‌ڕه‌که‌ی که من تیایدا ده‌ژیم ( ئه‌لوه‌زیریه) شه‌ڕه تفه‌نگ بوو، ده‌نگی ده‌ستڕێژی کڵاشنکۆف له لایه‌ن ئه‌و فڕۆکه هه‌لی کۆپته‌ره ئه‌مریکیانه‌ی که ناو ناوه ده‌هاتن وه‌ڵام ده‌درایه‌وه، ئه‌و شه‌وه لانی که‌م 60 جار گوێم له ده‌نگی فڕینی فڕۆکه بوو به‌سه‌ر سه‌ربانی ماڵمانه‌وه ده‌گوزه‌ران. له‌به‌ر ده‌می ماڵماندا چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر کیسه‌ی پڕ له خۆڵ دانرابوو ئه‌و ئه‌وشوێنه کرابووه خاڵی پشکنینی سه‌بازه‌کانی گاردی نیشتیمانی، له باڵکۆنه تاریکه‌که‌ی ماڵمانه‌وه چاوم له یه‌کێک له سه‌ربازه‌کان بوو که هۆکی تۆکیه‌که‌ی ده‌ستی به‌کار ده‌هێنا و گفتوگۆی پێ ده‌کرد، ده‌نگه‌که‌ی که قسه‌ی بۆ ده‌کرد پێ ده‌چوو که بڵێت (کۆمه‌ڵه سه‌رلێشێواوێک هێرشیان کرده سه‌ر بنکه‌که‌ی ئێمه ئاگاداربن نه‌یه‌نه سه‌ر ئێوه‌ش ).. پاش یه‌ک کاژێر بێ هوده گوێ گرتن هیچی وا حاڵی نه‌بووم که ئه‌و هه‌موو جرتوفرته‌ی فڕۆکه ئه‌مه‌ریکیه‌کان بۆ چی یه. نزیک کاتژمێر 3 ی سه‌رله‌به‌یانی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنم کرده‌وه بزانم ده‌نگوباس چی یه به‌ڵام بێ ئاکام هیچم ده‌ست نه‌که‌وت. ده‌مانویست به زوو ترین کات به‌ره‌و ئه‌رده‌ن به‌ڕێ که‌وین، هاوسه‌ره‌که‌م ئیسماعیل سه‌رنوسه‌ری یه‌کێک له‌و رۆژنامه سه‌ربه‌خۆیانه‌ی که ده‌گمه‌ن به‌دی ده‌کرێن له عێراقدا رۆژی چوارشه‌مه بیستبووی که میلیشیاکانی موقته‌دا سه‌در فه‌رمانی ئه‌وه‌یان وه‌رگرتووه که ده‌ستی لێ بووه‌شێنن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوایا رۆژنامه‌ی ( سه‌باحول جدید ) رۆژنامه‌یه‌کی سونی یه و له‌گه‌ڵ کۆنه به‌عسیه‌کاندا ده‌ستی تێکه‌ڵه، له کاتێکدا له ماوه‌ی یه‌ک ساڵ و نیوی رابووردوودا ده‌بوو باش بیانزانیبا که هه‌رگیز ئه‌و تۆمه‌ته وا نی یه به‌ڵام چی ده‌ڵێت خۆ ئه‌ندامانی میلیشیاکه‌ی سه‌در زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان هه‌ر خوێنه‌واریشیان نی یه تا بتوانن رۆژنامه‌که بخوێننه‌وه‌و راستییان بۆ ده‌رکه‌وێت. ده‌وڵه‌ت قایل نه‌ده‌بوو که مۆری چونه ده‌ره‌وه له وڵات له پاسپۆرته‌که‌م بدات ئه‌گه‌ر بێت‌و خودی خۆم به تایبه‌ت نه‌چم داخوازی بکه‌م، که‌واته دیسانه‌وه ماکسیه‌کی ره‌ش و سه‌رپۆشێک له‌سه‌ر که‌و بڕۆ.. پاش ئه‌وه‌ی مۆره‌که له پاسپۆرته‌که‌م درا، له رێگای گه‌ڕانه‌وه‌دا که‌وتینه ناو قه‌ڵه‌بالغیه‌کی زۆر که ناچاری کردین به ناوچه‌ی زۆر مه‌ترسی داردا تێپه‌ڕین.. هه‌مان ئه‌و رۆژه ئیسماعیلی هاوسه‌رم له لایه‌ن رۆژنامه‌وانێکه‌وه به ته‌له‌فۆن داوه‌ت کرا بۆ خواردنی نیوه‌ڕۆ، هه‌رچه‌نده چه‌ندین جار داخوازیه‌که دوپاتکرایه‌وه و ته‌له‌فۆنی زۆر کرا به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنی داوه‌ته‌که زۆر ئاشکرا نه‌بوو، بڕیاری دا نه‌چێت و به‌شدار نه‌بێت چونکه موحه‌مه‌د هارونی رۆژنامه‌وانیش به هه‌مان شێوه ترۆر کرا. نوسینگه‌ی ته‌له‌فزیۆنی به‌غدادییه هه‌ر هه‌مان رۆژ که‌وته‌به‌رهێرش، ئه‌و که‌ناڵه مزگه‌وتی سونی کاول کراویان پیشان دابوو، ئه‌مه‌ش بۆ جل ره‌شه‌کانی میلیشیای سه‌در قبول نی یه.
هه‌ینی 3 ی مارت: چه‌ندین جار ته‌له‌فۆنمان کرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانین که داخۆ ده‌توانین سه‌لامه‌ت بگه‌ینه فڕۆکه خانه، ده‌سه‌ڵاتداران رێگه له هیچ که‌س ناگرن ئه‌گه‌ر تکتی سه‌فه‌ری پێ بێت به‌ره‌و فرۆکه خانه بکه‌وێته رێگا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که رێگاکه زۆر ئاسایش نی یه و هێزه سه‌ربازیه‌کانیش زۆر به که‌می بڵاو بونه‌ته‌وه ترسی ئه‌وه‌مان هه‌بوو که بکرێینه پارویه‌کی چه‌ور، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ زۆری نه‌مابوو ژماره‌ی ئۆتۆمبیلی سه‌ر شه‌قامه‌کان تا ده‌هات رووی له که‌می ده‌کرد، له هه‌ندێک شوێندا منداڵه‌ورتکه شه‌قامه‌کانیان کردبووه مه‌یدانی تۆپ تۆپێن. خاڵه‌کانی پشکنین ماوه‌ی هه‌موو که‌سێکیان ده‌دا به تکت و بێ تکت به شاقامه‌که‌دا تێ په‌ڕێت. له ترسی گیانی خۆمان زۆر به خێرایی ئۆتۆمبیله‌که‌مان لێ ده‌خوڕی، پۆلیسیش ئیتر لای ئێمه جێگای متمانه نه‌بوو بۆیه گوێمان به ئاماژه‌کانی پۆلیسیش نه‌ده‌دا.. تا گه‌شتینه فڕۆکه خانه فڕۆکه‌که‌مان رۆشتبوو، به‌ڵام پاش چه‌ندین کاژێر بێنه‌و به‌رده، به هاوکاری کارمه‌نده‌کانی فڕۆکه خانه توانیمان به فڕۆکه‌یه‌کی کۆمپانیای رۆیالی ئه‌رده‌ن گه‌شته‌که‌مان بکه‌ین. له‌ناو فڕۆکه‌که پێم زانی که من چه‌نده به په‌شۆکاوی که‌وتبومه‌ڕێ، چاکه‌ته‌که‌م له نێو چه‌مه‌دان ( جانتا) ی که‌سێکی دیکه‌دا نابوو.
کوده‌تای سپی: میدیای عێراق نایه‌نه‌وێت یان رێگه‌یان پێ نادرێت ئه‌و راستیه بسه‌لمێنن که ئه‌مڕۆ له عێراقدا شه‌ڕی تایفه‌گه‌ری نا به‌ڵکو کوده‌تایه‌کی سپی به‌ڕێوه ده‌چێت! به خوینی سه‌دان بریندار‌و کوژراو، به پاڵپشتی میلیشیاکه‌یان و به به‌رچاوی ئه‌مریکایه‌کانه‌وه ئه‌مڕۆ له عێراقدا رژێمی تررۆر بنیات ده‌نرێت، سه‌ره‌کۆمارو پارله‌مان و حکومه‌تی تازه‌ی هه‌ڵبژێردراو په‌راوێز ده‌کرێن . له رۆژی 27 ی فێبروه‌ری واته چواررۆژ پاش هێرشه‌کان ئه‌وجا سه‌رکرده عێراقیه‌کان یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی خۆیان ئه‌نجامدا، گفتوگۆکان له‌سه‌ر ئه‌وه به‌ڕێوه ده‌چون که کۆمیته‌یه‌ک بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دروست بکرێت، ئیبراهیم جافه‌ری قایل نه‌بوو به‌وه‌ی که لێپێچینه‌وه له‌سه‌ر روداوه‌که‌ی سامه‌ڕا بکرێت، خۆشی به‌رپرسی یه‌که‌مه له چه‌کدار کردنه‌وه‌ی میلیشیاکانی سه‌درو ئاگاداری ئه‌وه‌ش بوو که ئه‌وانه چه‌ندین مزگه‌وتی سونه‌کانیان تاڵان کردوو چه‌ندین هاوڵاتی سڤیلی بێ چه‌کیشیان له‌ناو برد، به پێ ی هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی ئاگادار ته‌نها له رۆژانی یه‌که‌مدا 400 بریندار‌و کوژراو هه‌بوو. جافه‌ری ملی نه‌ده‌دا چونکه ئاماده نه‌بوو حکومه‌تی یه‌کیه‌تی نیشتیمانی له‌گه‌ڵ سیوکولاره‌کانی وه‌ک عه‌لاوی دروست بکات، ئه‌وان پێیان وابوو که عه‌لاوی پیاوی ئه‌مه‌ریکایه، ئه‌مه‌ریکایه‌کانیش بۆ فریاکه‌وتنی ره‌وشه‌که‌و خستنه‌وه سه‌ر باری، داخوازی ئه‌وه بوون که عه‌لاوی بکرێته سه‌رۆکی کۆمیته‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، وێرای ئه‌وه‌ش به‌شێکی زۆری خه‌ڵکی و ئه‌مه‌ریکایه‌کانیش خوازیاری ئه‌وه بوون که وه‌زاره‌ته چه‌کداره‌کانی وه‌ک ( به‌ڕه‌ڤانی و ناوخۆ ) ده‌بێت له ده‌ست شیعه‌کاندا نه‌مێنێت. ساڵی 2005 ئه‌وانه ته‌واوی ده‌زگانی پۆلیسیان پڕ کرد له که‌سانی خۆیان به‌م جۆره ئه‌و گاردانه وه‌ک گاردی شیعه نه‌ک وه‌ک گاردێکی نیشتیمانی کاریان ده‌کرد. جافه‌ری و پارته‌که‌ی پارتی ( بانگه‌شه‌ی ئیسلامی – ده‌عوه ) کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکایان کردبووه خاڵێکی سه‌ره‌کی له پروپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی خۆیاندا ئه‌و خاڵه‌ی که موقته‌دا سه‌در دوو ساڵ بوو بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو که وای کرد سه‌در پشتوانی خۆی بۆ جافه‌ری بسه‌لمێنێت. میلیشیاکه‌ی سه‌در، سوپای مه‌هدی ده‌مێک بوو له‌گه‌ڵ کۆنه پیاوانی سه‌دامدا هاوکار بوون، له‌ساڵی 2003 دا ئه‌م هاوکاریه زیاتر بۆ ئاژاوه نانه‌وه له که‌رکوک جێ به‌جێ ده‌کرا. ساڵی 2004 موقته‌دا که ویستی به زه‌بری چه‌ک ده‌ست به‌سه‌ر شاری( نه‌جه‌ف)دا بگرێت، له لایه‌ن هێزه‌کانی عێراقه‌وه ناچارکرا که پاشه‌کشه بکات و چه‌کانیشی به‌ده‌سته‌وه بدات. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه وێنه‌ی خۆی وه‌ک ئه‌نتی ئه‌مه‌ریکا پیشان بدات،له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2005 دا به‌شداری نه‌کرد به‌ڵام کاریشی بۆ ئه‌وه کرد که چه‌ند که‌سانێکی خۆی له پۆسته گرنگه‌کاندا دابنێت، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که رژێمێکی تالیبان ئاسا به‌ڕێوه بچێت بۆ نمونه‌ش قه‌ده‌غه‌کردنی مه‌ی فرۆشتن له ناو فڕۆکه خانه‌ی به‌غداد! که‌س نازانێت ژماره‌ی چه‌کداره‌کانی سوپای مه‌هدی چه‌نده‌یه به‌ڵام پێده‌چێت 50 هه‌زار ژماره‌یه‌کی راست نه‌بێت و گه‌وره‌کرابێت، به‌ڵام هه‌رگیز گرفتی دارایی نه‌بوه‌ته هۆی به‌رده‌وام بنیات نانه‌وه‌ی ئه‌م میلیشیایه، به‌پێ ی سه‌رچاوه ئاگاداره‌کان ئه‌مانه ته‌نها له به‌غداد کۆنترۆلی ده‌یان به‌نزین خانه‌یان کردووه، ئه‌و شۆفێرانه‌ی به‌نزین ده‌کڕن ناچار ده‌کرێن بۆ هه‌ر لیترێک له جیاتی 250 دینار 500 دینار (0،20 یۆرۆ ) بده‌ن، به‌م جۆره مانگانه چه‌ند ملیون دولار بۆ خۆیان به‌ده‌ست ده‌خه‌ن. ---------------------------------------------------------------------------------------------------- سه‌رچاوه: De Groene Amsterdammer,10 Maart 2006-04-19
|
|
04/07/2007 |