دوژمنه‌که‌ی دیکه‌ی ئیسرائیل

وه‌رگێڕانی له‌ هۆڵاندیه‌وه‌: رێکه‌وت ئیسماعیل ئیبراهیم

زۆر له‌ ئیسرائیلیه‌کان حه‌زیان نه‌ده‌کرد ئه‌و راستیه‌ بزانن، به‌ڵام ئێستا ناتوانن خۆیانی لێ هه‌ڵه‌ بکه‌ن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌  یه‌ک له‌سه‌ر چواری دانشتوانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین! له‌ ناو منداڵاندا ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ یه‌ک له‌سه‌ر سێ.

له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی 6،2 ملوێندا1،5 ی دانشتوانه‌که‌ی هه‌ژارن ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و  هه‌ژاری هه‌نگاو ده‌نێت.

 له‌ کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی  ئه‌م جاره‌دا له‌ ئیسرائیل ریکلامێکی سه‌رنج راکێش به‌ گلۆپی تیشکداری به‌هێز ( پراجکتۆر) رازێنرابۆوه‌ که‌ پێده‌چوو یه‌کێک له‌ به‌رنامه‌کانی پارتی کار بێت، لێ ی نوسرابوو ( شه‌ڕ له‌ دژی ترۆرو هه‌ژاری ).

گه‌ڕه‌کی جوله‌که‌ فانه‌تیکه‌کان (میا شیئاریم ) له‌ ئۆرشه‌لیم گه‌ڕه‌کێکی ناواقعی جیهانه‌. جاده‌کان هه‌میشه‌ داخراون و به‌رده‌وام و بێ بڕانه‌وه‌ش گوێت به‌ هۆڕینی ئۆتۆمبیل که‌ڕ ده‌بێت، تێکه‌ڵێک  له‌ کلتورو نه‌ریتی چه‌ندین سه‌ده‌ به‌سه‌ر چوو له‌گه‌ڵ چه‌ند سیمایه‌کی ته‌نکه‌لۆژی و مۆدرێن ده‌بینیت، پیاوان وێرای ته‌له‌فۆنی ده‌ستی و ریکۆده‌ری ( سی دی)  به‌ قژی ده‌ستکردی درێژکراوه‌ و شه‌بقه‌و چاکه‌تی ره‌شی درێژو پانتۆلی هه‌ڵکێشراو به‌سه‌ر جاده‌کانه‌وه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌.

ئه‌و جوله‌کانه‌ی که‌ زۆر به‌ توندی خۆیان به‌ ئاینه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ دۆڵه‌مه‌ندی نایانگرێته‌وه‌و هه‌ژاری ده‌ستی له‌ گه‌ردنیان ‌ توند کردووه‌.

 جوله‌که‌ فانه‌تیکه‌کان کار ناکه‌ن به‌ڵکو ته‌واوی ژیانی خۆیان بۆ خوێندنی ته‌ورات ته‌رخان کردووه‌، خه‌رجی ژیانیان پشت ده‌به‌ستێت به‌و پاره‌و پوله‌ی که‌ به‌ شێوه‌ی ( ده‌رماڵه‌ی هه‌ژاران – فه‌قیرانه‌ ) پێیان ده‌درێت که‌ ئه‌ویش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دووایدا زۆر رووی له‌ که‌می کردووه‌.

فانه‌تیکه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی منداڵیشیان زۆره‌ که‌ توانای به‌خێوکردن و خواردن پێدانیشیان نی یه‌، پتر له‌ نیوه‌ی ئه‌و جوله‌که‌ فانه‌تیکانه‌ له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین بۆیه‌ له‌م گه‌ڕه‌که‌ی ئۆرشه‌لیم ( میا شیئاریم ) چه‌ندین پرۆژه‌ی خێرخواز هه‌نه‌ هه‌ر له‌ بازاڕی هه‌رزان به‌هاوه‌ تا ده‌گاته‌ شوێنی خواردن پێدانی خۆڕایی ( چێشتخانه‌ی به‌لاش ) که‌ چه‌ند ساڵێکه‌ بوونه‌ته‌ دیارده‌ی به‌رچاو له‌ ئیسرائیل.

چێشتخانه‌ به‌لاشه‌کان بۆ زۆرێک له‌وانه‌ دووا په‌ناگه‌یه‌، له‌ ته‌واوی ئیسرائیلدا ئێستا ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌دی ده‌کرێت، له‌به‌رده‌م ده‌رگای چێشتخانه‌ به‌لاشه‌که‌ی گه‌ڕه‌کی ناوبراو کاتژمێر یازده‌و نیوی نیوه‌ڕۆ ده‌یان که‌سی برسی و بێ سه‌بر نۆره‌یان گرتووه، زۆربه‌شیان پیرو په‌ککه‌وته‌ن و چه‌ندین گه‌نجیش له‌ ناویاندا به‌دی ده‌کرێت، ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ش ساغ و دروستن زۆریان لا شه‌رمه‌ که‌ دێنه‌ ئێره‌و داوای ژه‌مێک خواردن ده‌که‌ن، ژنێک به‌ ته‌وسه‌وه‌ ده‌یپرسی که‌ی پاکه‌ته‌ خواردنی (پوریم)‌‌ وه‌رده‌گرن، له‌ پوریم و جه‌ژنه‌کانی دیکه‌ی جوله‌که‌دا هه‌ندێک له‌و چێشتخانه‌ به‌لاشانه‌ پاکه‌ته‌ خۆراکی زیاده‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌.

له‌ هۆڵی نان خواردنه‌که‌ ده‌یان ده‌ست به‌دی ده‌که‌یت که‌ به‌پرتاو قاپه‌کان هه‌ڵده‌بڕن و لوش له‌ شۆرباکه‌ ده‌ده‌ن، پاش ته‌واو بوونی نان خواردن زۆر به‌ ده‌گمه‌ن چاوت به‌ خواردنی به‌رماوه‌ ده‌که‌وێت، پیره‌ژنێکی کۆمه‌وه‌بوو که‌ ده‌فرێکی ته‌په‌دۆری به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو به‌رماوه‌ی برنجی کۆده‌کرده‌وه‌، ده‌یگوت بۆ پشیله‌م ده‌وێت.

ئه‌براهام ئیسرائیل دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م چێشتخانه‌ به‌لاشه‌ به‌‌ ناوی ‌ ( هازۆن یه‌شایه‌ ) به‌ منداڵی له‌ فه‌ڕه‌نسا ژیاوه‌، خۆشی ئه‌و ژیانه‌ هه‌ژانه‌یه‌ی له‌ چێشتخانه‌ی به‌لاشدا به‌سه‌ر بردووه‌، کاتێک که‌ منداڵێکی هه‌ژارو بێ ده‌ره‌تان بووه‌ بڕیاری داوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو ئه‌وه‌ هه‌ژاران تێر بکات، ساڵی 1997 گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ وڵاتی (په‌یمان پێدراو) ی خۆی، سه‌ره‌تا ئه‌م مه‌ڵبه‌نده‌ نانی 17 که‌سی ده‌دا، به‌ڵام ئێستا مانگانه‌ 7500 که‌س نانی لێ ده‌خۆن و رۆژانه‌ش ئه‌م ژماره‌یه‌ روو له‌ زیاد بوونه‌ و ئێستا 38 لقی هه‌یه‌! ئه‌وه‌ی ئۆرشه‌لیم جگه‌ له‌ چێشتخانه‌ی به‌لاش کلینیکێکی ددان و  سه‌رتاشخانه‌یه‌کی تیایه‌، سه‌رتاشخانه‌که‌ خه‌ڵکیش فێری سه‌رتاشین ده‌کات.

ئۆفه‌ر یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی به‌رده‌وام لێره‌ نان ده‌خوات و ده‌ڵیت( من وزه‌و توانام هه‌یه‌ و ده‌مه‌وێت کار بکه‌م به‌ڵام جگه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی چاره‌ی دیکه‌م نی یه‌) ئۆفه‌ر که‌ ده‌ستی به‌ ریشه‌ ماش و برنجیه‌که‌یدا ده‌هێنا به‌رده‌وام بوو له‌ په‌یڤین و گوتی (خواردن گرفتی سه‌ره‌کیمان نی یه‌ گرفتی زۆر گه‌وره‌ شوێنی خه‌وتن و رازان و خۆشوشتن و حه‌واندنه‌وه‌یه‌، من وه‌ک رێویه‌کی ته‌نهای نێو بیابان وام)...

ئیسرائیل له‌سه‌ر بنه‌مای سۆشیالیستی – زایۆنیستی دامه‌زراوه‌، ژیانێکی پێکه‌وه‌یی کۆمۆنست ئاسا له‌وڵاتدا به‌رکه‌ماڵ بوو، به‌ڵام نزم بوونه‌وه‌ی ئاستی بژێوی و ئابووری بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی  که‌ ته‌نها ساڵی پار سه‌دهه‌زار که‌س بێنه‌ نێو لیستی هه‌ژارانه‌وه‌.

دکتۆر مومی ده‌هان مامۆستای زانکۆی(عبری)  له‌ ئۆرشه‌لیم، کاتی خۆی کاری بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و بانکی نیشتمانی ئیسرائیل ده‌کرد، ئێستا خۆی سه‌رگه‌رم کردووه‌ به‌ لێکۆلینه‌وه‌ له‌ بواری هه‌ژاریدا و له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێت '' جێگای گومان نی یه‌ که‌ تێچونه‌کانی بواری ئاسایش و به‌رگری یه‌کجار گرانن، ئێمه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا که‌متر پاره‌ بۆ مه‌سه‌له‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ته‌رخان ده‌که‌ین، ئێمه‌ رێژه‌ی 10% له‌ سه‌راپای داهاتی نه‌ته‌وه‌مان بۆ ئاسایش ته‌رخان کردووه‌ که‌ ئه‌مه‌ رێژه‌یه‌کی زۆر به‌رزه‌ هه‌رچه‌نده‌ زیاتر نی یه‌ له‌ چاو ساڵانی شه‌سته‌کانه‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ میسرو ده‌وڵه‌تانی دیکه‌ی عه‌ره‌ب کێشه‌مان هه‌بوو، ئه‌و ده‌مه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ 20% بوو'' .

چه‌ند هۆکاری دیکه‌ هه‌ن که‌ وایان کردووه‌ له‌م ده‌ ساڵه‌ی دووایدا هه‌ژاری روو له‌ زیاد بوون بکات،

هه‌ردوو راپه‌ڕینی فه‌له‌ستینیه‌کان( یه‌که‌م راپه‌ڕین له‌ 1987 و دووه‌م راپه‌ڕین له‌ 2000 ) و کرده‌وه‌ ترۆرستیه‌کان، سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و هه‌ژاریه‌ن، هاتنه‌ مه‌یدانی چین وه‌ک زلهێزێکی ئابوری جیهان کارێکی گرنگی کردۆته‌ سه‌ر ئیسرائیل.

به‌نیامین نه‌تانیاهۆ وه‌زیری دارایی کۆن و  سه‌رۆکی پارتی لیکود له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ چاره‌سه‌ری ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوریه‌ به‌ ( سک هه‌ڵگوشین ) ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش به‌ بۆچونی مومی ده‌هان له‌سه‌ر شانی خه‌ڵک و خزمه‌تگوزاریه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌ ساڵ بیست ساڵێک پێش ئێستا پاره‌ی ده‌رماڵه‌ی شاره‌وانی ( ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ ‌ شاره‌وانی به‌ که‌سانی بێکارو که‌م ده‌رامه‌تی ده‌به‌خشێت ) له‌ ئاستی هه‌مان ده‌رماڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپیه‌کاندا بوو، ئێستا هه‌ندێک له‌و ده‌رماڵانه‌ به‌ رێژه‌ی 50% دابه‌زیوه‌.

دکتۆر مومی زیاتر ده‌ڵێت  هه‌ژاری به‌رۆکی دوو توێژی دانشتوانی ئیسرائیلی به‌ توندی گرتووه‌ توێژی یه‌که‌م فانه‌تیکه‌ جوله‌که‌کانه‌و توێژی دووه‌میش عه‌ره‌به ئیسرائیلیه‌کان، هه‌ردوو ئه‌م گروپه‌ خۆیان له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا دابڕیوه‌، ئه‌مانه‌ هه‌ریه‌که‌یان گه‌ڕه‌ک و ناوچه‌و رۆژنامه‌و په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی سه‌ردانی گه‌ڕه‌ک و ناوچه‌کانیان نه‌کات هه‌ست به‌ راده‌ی توندبونه‌وه‌ی  ئه‌و هه‌ژاریه‌ ناکات.

بۆ هه‌ندێک له‌ ئیسرائیلیه‌کان ته‌ورات باشترین راڤه‌ ده‌به‌خشێت بۆ ئه‌و هه‌ژاریه‌، ئه‌وانه‌ پێیان وایه‌ که‌ ئه‌وه‌ تاقی کردنه‌وه‌یه‌که‌ وه‌ک کۆچی جوله‌که‌کان له‌ سیناوه‌ بۆ ئیسرائیل، خوداوه‌ند موسای نارد بۆ جوله‌که‌کان بۆ ئه‌وه‌ی رزگاریان کات له‌ کۆیله‌یی، موسا نزیک ترین رێگای هه‌ڵنه‌بژارد بۆ گه‌شتنه‌ ئیسرائیل به‌ڵکو له‌ رێگایه‌که‌وه‌ به‌ڕێ ی خستن که‌ ژماره‌یه‌کی زۆریان له‌ تینویه‌تی و برسیه‌تیدا مردن و به‌رگه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی بیابانیان نه‌گرت ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ی خۆڕاگرو به‌رگه‌گرن بمێننه‌وه‌و ئه‌قڵیه‌تی کۆیلایه‌تی فڕه‌بده‌ن و ‌ قه‌ومه‌که‌ی خۆی فێرکات که‌ چۆن به‌رگه‌ بگرن و خۆڕاگر بن تا وڵاته‌که‌یان به‌ باشی ئاوه‌دان بێته‌وه‌!

ره‌نگه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ چێشتخانه‌ به‌لاشه‌کاندا نان ده‌خۆن خۆیان به‌وانه‌ بچوێنن که‌ له‌نێو بیابانه‌کاندا به‌ره‌و وڵات به‌ڕێوه‌ بوون و به‌ هیوای ژیانێکی باشتر و کارێکی باشتر بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بارودۆخی وڵات هه‌ر وابڕوات ئه‌وه‌ ساڵی 2009 نزیکه‌ی 2 ملوێن ئیسرائیلی له‌ هه‌ژاریدا ده‌ژین.

rekawt_95@hotmail.com

 

 -------------------------------------------------------------------------

سه‌رچاوه‌:

De Groene Amsterdammer.31.maart.2006

 

 

           

 

04/07/2007