ئافه‌رین بله‌ .... ئافه‌رین فه‌وجی عه‌سکه‌ر!

 

نوسینی : رێکه‌وت ئیسماعیل ئیبراهیم

 

به‌ر له‌وه‌ی بێمه‌ سه‌ر باسی ئیبراهیم جافه‌ری دوو به‌ڵگه‌ نامه‌ ی مێژویی‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌م خوێنه‌ری ئازیز بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت پاشخانی ئیبراهیم جافه‌ری وجواد مالکی و پارته‌که‌یان ( پارتی بانگه‌شه‌ی ئیسلامی – ده‌عوه‌ ) هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ و ئه‌و ده‌مه‌ی نمه‌کی کوردستانیان ده‌کرد چۆن بووه‌:

 

به‌ڵگه‌ نامه‌ی یه‌که‌م:-

( مه‌سه‌له‌ی کورد پاش جه‌نگی که‌نداوی دووه‌م زیاتر له‌ جاران ئاڵۆزتر بووه‌، هه‌ستی سه‌ربه‌خۆ بوون له‌ نێو بزوتنه‌وه‌ی کوردا زیادی کردووه‌ و   حکومه‌تی خود موختاریان  له‌ژێر سایه‌ی – هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کاندا – راگه‌یاندووه‌، له‌م باره‌وه‌ ئه‌بو ئه‌سرا* ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی حزب له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا سیاسه‌تی حزب له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی کورد به‌م جۆره‌ باس ده‌کات : کاتی خۆی هه‌ستمان به‌ زوڵم لێکراوی گه‌لی کورد له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی عێراقه‌وه‌ ده‌کرد، که‌ هه‌ندێک جار  مامه‌ڵه‌ی کوردیان به‌ شێوه‌یه‌کی نه‌ک ته‌نها ناسیونالستی ره‌گه‌ز په‌رستانه‌  به‌ڵکو شۆڤینیستیانه‌ش ده‌کرد، مامه‌ڵه‌ی حکومه‌ته‌کانی عێراق له‌گه‌ڵ کوردا ناسیۆنالستی و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی باشوری شیعه‌داشدا مه‌زهه‌بی، له‌م چوار چێوه‌یه‌دا پێمان وایه‌ که‌ ده‌بێت کوردیش هاوتای نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا له‌ سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتی بوون مافی یه‌کسانی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ چوارچێوه‌ی مرۆیی و مافه‌کاندا نه‌ماوه‌ به‌ڵکو بۆته‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی و لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیه‌کان – ئه‌قلیمیه‌کان – ده‌ستی تێوه‌رده‌ده‌ن. له‌ ره‌وشێکی ئاوادا که‌ ملهوڕیه‌کانی سه‌دام به‌رده‌وامه‌ و هه‌وڵه‌کانی دابه‌ش کردنی عێراق و باڵاده‌ستی ئه‌مریکا و یاری کردن به‌ چاره‌نوسی عێراق له‌ ئارادایه‌ ئێمه‌ ئه‌مڕۆ ته‌نانه‌ت بیرۆکه‌ی خود موختاری – حوکمی زاتی- یش  ره‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌ ، کاتی خۆی له‌وباوه‌ڕه‌دا بووین که‌ خود موختاری کورده‌کان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا ده‌هێڵێته‌وه‌ و زوڵم و سته‌میان له‌سه‌ر لا ده‌بات بۆیه‌ قایل بووین به‌و خودموختاریه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ خود موختاری کورده‌کان به‌ره‌و جیابوونه‌وه‌ ده‌بات.

ئه‌گه‌ر قه‌واره‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به‌ کورده‌کان بده‌ین ئه‌وه‌ دابه‌ش بوون و که‌رت بوون ته‌نها به‌ عێراقه‌وه‌ ناوه‌ستێت به‌ڵکو تورکیاو ئێران و سوریاو ئه‌رده‌ن ... هتد ده‌گرێته‌وه‌، به‌ داخیشه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی کورد زیاتر له‌گه‌ڵ بێگانه‌دا هاوکار بووه‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ کوردیه‌ی که‌ هه‌ندێک له‌کورده‌کان هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌ده‌ن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ لێمان ده‌بێته‌ ئیسرائیلی دووه‌م، ئێمه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌مان به‌ بێ موجامه‌له‌ له‌گه‌ڵ کورده‌کانیشدا باس کردووه‌1).

 

به‌ڵگه‌نامه‌ی دووه‌م:-

به‌رنامه‌ی سیاسی پارته‌که‌ی ئیبراهیم جافه‌ری به‌م جۆره‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد ده‌کات:-

( بۆ کورده‌کانی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی عێراق:

به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ که‌ پارتی ئێمه‌ ئه‌رکی ژیانه‌وه‌ی ئه‌م ئاینه‌وه‌و هێنانه‌وه‌ی بۆ ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، به‌ناوی ئیسلامه‌وه‌ پێتان راده‌گه‌یه‌نین که‌ ئیسلام چاره‌سه‌ری ته‌واوی کێشه‌کانی ئێوه‌و ته‌واوی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی سه‌ر زه‌مین ده‌کات، ئیسلام بانگه‌وازی یه‌کسانی نێو ته‌واوی نه‌ته‌وه‌کان ده‌کات، ئیسلام دژی ده‌مارگیری ره‌گه‌زی و نه‌ته‌وه‌ییه، هه‌روه‌ها دژی دابه‌ش کردنی وڵات و له‌ت و په‌ت کردنیه‌تی2 )

 

به‌ڵگه‌ نامه‌کان‌ لێره‌دا ته‌واو بوو، ئه‌وجا دێمه‌ سه‌ر کرۆکی باسه‌که‌:

ئیبراهیم جافه‌ری که‌ په‌روه‌رده‌ی نێو ئادیۆلۆژیایه‌کی ئیسلامی ئسولی کۆنه‌ پارێزه‌ هه‌ر له‌یه‌که‌م ساتی ده‌ست به‌کار بونیه‌وه‌ ده‌ستی به‌ گه‌مه‌یه‌کی سیاسی ئاشکرا کرد، گه‌مه‌ی سیاسی جافه‌ری له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێک به‌ڕێوه‌ ده‌چوو که‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ گرنگترینیانه‌:

 

یه‌که‌م – جافه‌ری وه‌ک شۆفێنیستێکی تایفه‌گه‌ر دوو دڵ نه‌بوو له‌ جێ به‌جێ کردنی گه‌مه‌ دۆڕاوه‌کانی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ کورد وه‌ک میله‌ت و کورد وه‌ک مه‌سه‌له‌ی سیاسی ، جافه‌ری گه‌مه‌یه‌کی ناجوامێرانه‌ی  له‌گه‌ڵ میله‌تی کوردا ئه‌نجامدا ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ بتوانێت به‌ سود وه‌رگرتن له‌ رابووردوی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان یه‌کیه‌تی و پارتی و سه‌رکرده‌کانی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ درزێک به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بخاته‌ نێوانیان به‌وه‌ی که‌ هه‌وڵ بدات زیاتر خۆی له‌ پارتی و سه‌رکرده‌کانی نزیک کاته‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی یه‌کیه‌تی و سه‌رکرده‌کانی ، جافه‌ری له‌م رێگایه‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی دا لایه‌نێک له‌ ناو کوردا دژی لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ له‌ قازانجی خۆی به‌کار بێنێت، له‌م باره‌شه‌وه‌ چه‌ندین جار له‌ ده‌م وته‌بێژی جافه‌ریه‌وه‌ گوێ بیستی ئه‌وه‌ ده‌بووین که‌ هاوپه‌یمانی کوردستان هه‌مویان داوای گۆڕینی جافه‌ری ناکه‌ن به‌ڵام خۆش به‌ختانه‌ ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی جافه‌ری وه‌ک سه‌ردانه‌که‌ی تورکیای نه‌زۆک بوو.

جافه‌ری نه‌خشه‌ی درێژ خایه‌نی بۆ کوردستان داڕشتبوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ نهێنی به‌ نیازی ئه‌وه‌ بوو که‌ به‌ناوی سه‌روه‌ری وڵات و ئاڵای عێراقه‌وه‌ ده‌زگاکانی ( ئه‌من و ئیستخبارات ) ی عێراقی له‌ کوردستان دروست بکاته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر چی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی جافه‌ری سه‌ری نه‌گرت به‌ڵام ته‌نها بیرکردنه‌وه‌ له‌ و هه‌نگاوه‌ نیه‌ت گڵاوی جافه‌ری به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی کورد ده‌خاته‌ روو.

خۆدزینه‌وه‌ له‌ جێ به‌جێ کردنی بڕگه‌ی ئه‌و رێکه‌وتن نامه‌یه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی کوردستاندا موریان کردوو گه‌مه‌یه‌کی دیکه‌ی جافه‌ری بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌شته‌ش سوێندی بۆ عێراقێکی فدرالی نه‌خوارد و ده‌ستکاری ده‌قی سوێند خواردنه‌که‌ی کرد و زۆر زیره‌کانه‌ش خۆی له‌ جێ به‌جێ کردنی ماده‌ی 58 تایبه‌ت به‌ ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارودۆخی کرکوک دزییه‌وه‌. لێره‌دا جافه‌ری وێرای هه‌وڵه‌ زۆره‌کانی خۆی بۆ به‌رده‌وام پێدانی سیاسه‌تی به‌ عه‌ره‌ب کردنی که‌رکوک راسته‌وخۆ به‌ فه‌رمانی خۆی ته‌گه‌ره‌ی ده‌خسته‌ به‌رده‌م ئاسایی کردنه‌وه‌ی ره‌وشی که‌رکوک و چه‌ندین هه‌وڵی سه‌رکه‌وتوو یان سه‌رنه‌که‌وتوی دا له‌وانه‌ش دامه‌زراندنی به‌رده‌وامی عه‌ره‌بی هاورده‌ی نوێ له‌ دام و ده‌زگا کانی نێو شاری که‌رکوک و رێگه‌گرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی کورده‌کان بۆ شاری که‌رکوک ، راگرتنی هه‌ر جۆره‌ یارمه‌تی و هاوکاریه‌ک بۆ شاری که‌رکوک ئه‌گه‌ر له‌ خزمه‌ت ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا بوایه‌ و سڕ کردنی هه‌موو هاوکاریه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی که‌رکوک...زۆربه‌ی ئه‌م کارانه‌ بۆ خوێنه‌ر ئاشکران بۆیه‌ ‌ نامه‌وێت زۆری له‌سه‌ر بڕۆم.

 

دووه‌م- خۆ نزیک کردنه‌وه‌ له‌ بیرو بۆچونه‌کانی سه‌درو ره‌وته‌که‌ی:

جافه‌ری بۆ خۆ سه‌پاندن له‌ نێو به‌ره‌ی شیعه‌کانیشدا ده‌ست به‌کار بوو، بۆ ئه‌م کاره‌ش تاکتیکێکی زۆر کلاسیکی و نه‌زانی به‌کار ده‌هێنا که‌ ئه‌ویش تاک ره‌وی بوو، له‌ رێگه‌ی تاک ره‌وی خۆیه‌وه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا که‌ دکتاتۆریه‌تی ناسیونالستی عه‌ره‌بی به‌سه‌ر کوردا بسه‌پێنێت و دکتاتۆریه‌تی تایفه‌گه‌ریش به‌سه‌ر ئاینزای سونه‌دا بسه‌پێنێت.

جافه‌ری بۆ به‌دی هێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ی پشتی به‌ ساویلکه‌یی موقته‌دا سه‌در3 و سوپای مه‌هدی به‌ستبوو، چونکه‌ ئه‌و له‌به‌رده‌م نه‌یاره‌کانی خۆیدا له‌ ناو ( ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی) خاڵی لاوازی ئه‌وه‌ بوو که‌ میلیشیایه‌کی به‌هێزی وه‌ک له‌شکری به‌دری نی یه‌، بۆیه‌ بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌بێت ئه‌و پشت به‌ میلیشیای مه‌هدی ببه‌ستێت،

له‌م خاڵه‌دا ئیبراهیم جافه‌ری سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا چونکه‌ به‌هۆی ده‌نگدانی ره‌وتی سه‌دره‌وه‌ که‌ خاوه‌نی 32 کورسیه‌ له‌ هاوپه‌یمانی شیعه‌دا به‌ ده‌نگێک زیاتر كه‌ ئه‌ویش ده‌نگی خۆی بوو ( 64 به‌رامبه‌ر به‌ 63) توانی خۆی به‌سه‌ر لایه‌نه‌کانی ناو هاوپه‌یمانی شیعه‌دا بسه‌پێنێت وهه‌تا دووا ساتی ململانێ ی خۆشی له‌گه‌ڵ کاندیدای ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی – عادل عه‌بدول مه‌هدی- ملی نه‌دا به‌ ده‌ست هه‌ڵگرتن ته‌نها به‌و مه‌رجه‌ نه‌بێت که‌ کاندیدی نوێ ده‌بێت دیسان که‌سێکی ناو پارته‌که‌ی خۆی بێت. سه‌باره‌ت به‌م هاوپه‌یمانیه‌ی ئیبراهیم جافه‌ری له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در ئاینده‌ چه‌ندین خاڵی دیکه‌ی کاریگه‌ر ده‌خاته‌ روو به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ کورداو له‌ مه‌سه‌له‌ی که‌رکوکدا!

 

سێهه‌م – بره‌و پێدانی هاوپه‌یمانی ستراتیژی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئێران له‌گه‌ڵ هه‌موو باڵه‌کانی شیعه‌ی عێراقدا په‌یوه‌ندی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی هه‌یه‌، ئیبراهیم جافه‌ری به‌ سیفه‌تی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بوو له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بایه‌خی تایبه‌تی هه‌بوو چونکه‌ زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی عێراق له‌ نێو ده‌زگاکانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا کۆ ده‌بنه‌وه‌... جافه‌ری که‌ خۆی له‌ رابووردا ناسرابوو به‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیدا هاوتای ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و عه‌بدول عه‌زیز ئه‌لحه‌کیم سه‌نگی سیاسی و سه‌ربازی بۆ ئێران نی یه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌شی ده‌زانی که‌ ئه‌م به‌هۆی کورسیه‌که‌ی ژێری ده‌توانێت زۆر خۆی له‌ ئێران نزیکتر کاته‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێران هه‌میشه‌ کلیلی ئاشتی و شه‌ڕی شیعه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا له‌ ده‌ستی خۆیدا هێشتۆته‌وه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌کاربونیدا سه‌ردانی کۆماری ئیسلامی کردوو چه‌ندین پرۆتۆکۆلی له‌گه‌ڵدا مۆر کردن.

 

چوارهه‌م – به‌رده‌وام بوون له‌گه‌ڵ هاوکاری کردنی ساده‌ی ئه‌مه‌ریکا و ده‌زگاکانی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراقدا.

به‌ر له‌ پرۆسه‌ی ئازاد کردنی عێراق، هه‌موو پارته‌ شیعه‌کانی عێراق تیشکی سه‌وزیان له‌ ئێرانه‌وه‌ وه‌رگرت و به‌ هاوکاری و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا قایل بوون، قایل بوونی ئه‌وانه‌ ته‌نها به‌وه‌ نه‌بوو که‌ هاوهه‌ڵوێستی خۆیان بۆ ئازاد کردنی عێراق راگه‌یه‌نن به‌ڵکو به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌که‌و پاش ئه‌نجامدانیشی له‌گه‌ڵ په‌نتاگۆن و ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریکا هاوکار بوون و چه‌نده‌ها پشتوانی لۆجستی و ئینفۆرماسیۆنیان پێشه‌که‌س به‌ ئه‌مه‌ریکا کرد.

ئیبراهیم جافه‌ری دیسان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌ سیاسیه‌که‌ی شیعه‌بوو هاوکاری خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا بره‌و پێدا به‌ڵام له‌م گه‌مه‌یه‌دا شکستی خوارد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر به‌ ئاشکرا ئه‌جندای ئێرانی خستبووه‌ پێش ئه‌جندای ئه‌مریکاوه‌.

له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ده‌ست به‌کار بونیه‌وه‌ جافه‌ری ته‌واوی تواناکانی خۆی خسته‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زوترین کات له‌ گۆڕه‌پانی عێراقدا وه‌ک دکتاتۆرێکی بچوک خۆی گه‌وره‌بکات و له‌ ئاکامدا له‌ پشت سوپای مه‌هدی و پشتوانی ئێرانه‌وه‌ خۆی بکاته‌ ئه‌مری واقح و ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی دیکه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریکاش به‌ ناچاری وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران بۆ خولی دووه‌می کابینه‌ی نوێ په‌سه‌ندی بکه‌ن...

له‌ ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵه‌ی حوکومه‌ته‌که‌ی جافه‌ریدا نه‌ک ته‌نها له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی دیکه‌ی ناو عێراقدا به‌ڵکو له‌گه‌ڵ خودی لیستی شعه‌دا چه‌ندین کێشه‌ی بۆ خۆی په‌یدا کرد، له‌ شاره‌کانی وه‌ک به‌سره‌و نه‌جه‌ف و عه‌ماره‌ بووه‌ چه‌ندین جار له‌ نێوان پێکهاته‌ جیاوازه‌کانی شیعه‌دا شه‌ڕی خوێناوی رویدا.

که‌سایه‌تی ئیبراهیم جافه‌ری که‌سایه‌تیه‌کی خود په‌رست به‌ دیار ده‌که‌وێت،  رۆژانه‌ چه‌ندین جار به‌ بۆنه‌و به‌ بێ بۆنه‌وه‌ له‌به‌رده‌م مکرۆفۆنه‌کاندا قوت ده‌بۆوه‌! له‌ نێو په‌یڤه‌کانیدا دکتاتۆریه‌ت و تاکڕه‌وی زۆر به‌ ئاسانی هه‌ستی پێ ده‌کرا و چه‌ندین جار وشه‌ی ( من ) ی دوپات ده‌کرده‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بایه‌خ به‌وه‌ بدات که‌ سه‌رده‌می ( من) له‌ عێراقدا له‌گه‌ڵ که‌وتنی په‌یکه‌ره‌ ناشرینه‌کانی سه‌دام کۆتایی پێ هاتووه‌.

له‌ سه‌رده‌می ده‌ست به‌کار بوونی جافه‌ریدا عه‌ره‌به‌ سونه‌کان چه‌ندین زه‌بری ئاشکراو کوشنده‌یان به‌رکه‌وت، جافه‌ری که‌

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی له‌ پیاوانی ره‌وتی سه‌در سیخناخ کردبوو و به‌رگی پۆلیسی و سوپای عێراقی به‌سه‌ردا ده‌به‌ش کردبون تیشکی سه‌وزی به‌ سوپای مه‌هدی به‌خشی بوو که‌ به‌دڵی خۆیان بکوژو ببڕ بن، حوسه‌ینیه‌کان کرابوونه‌ هۆڵی دادگاو سه‌دان مرۆڤ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌کانیان ناوی سونی بوون ره‌شه‌کوژی کران، ئێستا له‌ شه‌قامه‌کانی به‌غداد پۆلیس و سوپای مه‌هدی فه‌رمان ره‌وان و چه‌ندین ناوچه‌ی نێو شاری به‌غداد به‌ ته‌واوی له‌ سونه‌ پاککراونه‌ته‌وه‌ تا راده‌یه‌کی ئه‌وتۆ که‌ خه‌ریکه‌ به‌غدا وه‌ک به‌رلینی جاران دووکه‌رت ده‌بێت له‌ نێوان به‌شی شیعه‌و سونه‌دا.

ده‌گوترێت ئیبراهیم جافه‌ری ئه‌و ده‌مه‌ی له‌ له‌نده‌ن په‌نابه‌ر بووه‌ له‌ نوسینگه‌ی پارته‌که‌ی خۆیه‌وه‌ سه‌ره‌کی ترین کاری ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ ساڵانه‌ حاجیه‌کان کۆکاته‌وه‌و گه‌شتی حه‌ج کردن و عه‌مره‌یان بۆ ساز کات، پێده‌چێت ئیبراهیم جافه‌ری له‌م کاره‌یدا زۆتر لێهاتوو بوبێت و باشتر توانیبێتی خزمه‌ت به‌ تایفه‌که‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت، له‌ سه‌رکردایه‌تی کوردو هاوپه‌یمانی کوردستانیش پێوسته‌ که‌ له‌مه‌ودوا زۆر به‌ هۆشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جواد مالکی بکه‌ن، کات له‌ عێرقدا زۆر به‌ خێرایی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و هه‌موو چرکه‌کانیشی لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ له‌ مێژوو تۆمار ده‌کات، به‌و هیوایه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕانه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ ئێمه‌ی کورد  وه‌ک رابوردوو ره‌ش نه‌چنه‌وه‌...

 

....................

سه‌رچاوه‌کان:

http://www.nos.nl/nosjournaal/dossiers/irak/IrakPortretSadr.html

http://nl.wikipedia.org/wiki/Mahdi-leger

http://www.stopusa.be/scripts/texte.php?section=&langue=2&id=22943

http://en.wikipedia.org/wiki/Muqtada_al-Sadr

http://news.bbc.co.uk/hi/arabic/news/newsid_4932000/4932886.stm

De Groene Amsterdammer,10 Maart 2006-04-19

 

* ئه‌بو ئه‌سرا ناز ناوی سیاسی( جواد مالکی )ه‌

 1 سه‌رچاوه‌: الاحزاب والحرکات والجماعات الاسلامیـة، الجزء الثانی،المرکز العربی للدراستات الاسترتیجیـة،2000، ص332-333.

 

2  هه‌مان سه‌رچاوه‌ لاپه‌ڕه‌ 320.

 

3 موقته‌دا سه‌درو سوپای مه‌هدی :

 

موقته‌دا سه‌در ده‌گوترێت که‌ له‌ 12-8-1973 له‌دایک بووه‌، به‌ڵام هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ به‌ راست نازانن، کوڕی ئاته‌توڵا موحه‌مه‌د سادق سه‌دره‌،باوکی موقته‌دا سه‌در له‌گه‌ڵ دوو کوڕی دیکه‌یدا ،‌ ساڵی 1999 به‌ده‌ستی پیاوانی سه‌دام حسین ترۆر کرا، موقته‌دا هیچ پله‌یه‌کی خوێندنی بۆ ته‌واو نه‌کراوه‌، نه‌یتوانیوه‌ هیچ پله‌یه‌کی( اجتهاد)یش له‌ حه‌وزه‌ی علمی وه‌ربگرێت..

سه‌باره‌ت به‌ موقته‌دا سه‌در وته‌ی زۆرو جیاواز هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو وته‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م که‌سه‌ له‌ گوتارو هه‌ڵوێسته‌کانیدا زۆر لاوازو ساویلکه‌یه‌، ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ده‌کرێت که‌ باوکی کاتی خۆی له‌ هیچ هه‌لسوکه‌وتێکی تایبه‌ت به‌ ئاین و حه‌وزه‌ پشتی پێ نه‌به‌ستووه‌، له‌ لایه‌ن براکانیشیه‌وه‌ به‌ مل هوڕو گێل ناسراوه‌. هه‌رچه‌نده‌ ناوبراو له‌ سه‌ر چه‌ندین په‌ت یاری ده‌کات و هه‌ندێک جار ده‌یه‌وێت خۆی به‌ ( فه‌زولولله‌) ی عێراق ناوزه‌د کات و هه‌ندێک جاریش ناوی سه‌دام حسێنی شیعه‌ی لێ ده‌نرێت به‌ڵام کرده‌وه‌کانی سه‌در ئه‌وه‌ پیشان ده‌ده‌ن که‌ ناسیۆنالیستێکی عه‌ره‌بی و تایفه‌گه‌رایه‌کی شیعه‌ بێت. بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر که‌سایه‌تی ناوبراو بڕوانه‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ی خۆی :

http://www.muqtada.com/news/

باوکی موقته‌دا سه‌ره‌تا له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ هاوکاری ده‌کرا چونکه‌ ئه‌و دژی هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ شیعانه‌ بوو که‌ پرۆ ئێران بوون له‌وانه‌ ( پارتی بانگه‌شه‌ی ئیسلامی – دعوه‌- و ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی له‌ عێراق)، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ به‌عسیه‌کان زۆر له‌ موقته‌دا نیگه‌ران نین .

له‌ ئاپرلی 2004 سوپای مه‌هدی دروست کراوه‌، سه‌ره‌تای پێکهێنانی ئه‌م سوپایه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێکهێنانی چه‌ند رێکخراوێکی خێرخواز که‌ به‌ پاره‌و پۆلی ئێران و ده‌وڵه‌تانی دیکه‌ خۆراکی به‌سه‌ر گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژاره‌ شیعه‌ نشینه‌کاندا دابه‌ش ده‌کرد، راسته‌وخۆ پاش روخانی سه‌دام حسێن ئه‌مانه‌ کۆنترۆلی ناوچه‌یه‌کی به‌غدادیان کرد که‌ ئه‌وسا پێ ی ده‌گوترا ( شاری سه‌دام – مدینـة صدام ) و ناوه‌که‌یان گۆڕی بۆ شاری سه‌در، پاشان رۆژنامه‌یه‌کی زمان حاڵی خۆیان به‌ناوی ( ده‌نگی حه‌وزه‌) بڵاوکردووه‌.

ئه‌ندامانی سوپای مه‌هدی زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان له‌ که‌سانی پیاوکوژ و سه‌رجاده‌ پێک دێن، ژماره‌یه‌کی زۆریشیان له‌ ( فدائی سه‌دام ) له‌ نێو ریزه‌کانی خۆیاندا گل داوه‌ته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئه‌م میلیشیایه‌ سه‌رچاوه‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی باس له‌ 10 – 14 هه‌زار چه‌کدار ده‌که‌ن، ئه‌م سوپایه‌ به‌ تازه‌ترین و باشترین جۆری ئۆتۆمبیل و ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندی به‌کار دێنن، سوریاو ئێران رۆلی زۆر به‌چاویان هه‌یه‌ له‌ پێدانی پاره‌و پول و سه‌رمایه‌ بۆ به‌ڕێوه‌ چونی ئه‌م هێزه‌. پاش شه‌ڕه‌کانی شاری نه‌جه‌ف له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا ئه‌م سوپایه‌ زیانی زۆری لێ که‌وت به‌ڵام پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕه‌که‌ هه‌ر زوو لایه‌نه‌ سومه‌نده‌کان که‌وتنه‌ کۆکردنه‌وه‌ و هاریکاری کردنی ئه‌م هێزه‌ په‌رته‌وازه‌ بوانه‌، وێرای ئه‌وه‌ش هه‌ست به‌وه‌ ده‌کرێت که‌ که‌سانی ئێرانی زۆر له‌نێو ریزه‌کانی ئه‌م سوپایه‌دا کارده‌که‌ن و ده‌زگای نهێنی وه‌ک ( تیمه‌کانی ره‌شه‌کوژی ) یان پێکهێناوه‌ که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێران کار ده‌که‌ن،ته‌نانه‌ت ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ که‌ لێپرسراوی سه‌ره‌کی ئه‌م سوپایه‌ که‌سێکی ئێرانیه‌ به‌ ناوی نه‌جه‌ف صمدی له‌ نه‌جه‌ف داده‌نیشێت پاش ئه‌وه‌ی لێپرسراوی پێشوی سوپاکه‌ موحه‌مه‌د نه‌جه‌فی به‌ فه‌رمانی موقته‌دا له‌ ریزه‌کانی سوپاو ده‌کراو له‌ نه‌جه‌فیش شار به‌ده‌رکرا. وێرای ئه‌وه‌ش ده‌زگای راگه‌یاندنی وه‌ک رادیۆ و ته‌له‌فیزون که‌ هه‌ر هه‌مووی له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌خشراون به‌م ره‌وته‌ کاری پروپاگه‌نده‌ی خۆیان ده‌که‌ن.

سوپای مه‌هدی له‌ رێگای کۆنترۆل کردنی ده‌یان به‌نزین خانه‌ی به‌غداوه‌ سه‌رانه‌ وه‌رده‌گرن و مانگانه‌ ملوێنه‌ها دۆلار کۆ ده‌که‌نه‌وه‌.

جگه‌ له‌ میلیشیاکانی مه‌هدی ئه‌م میلیشیایانه‌ی خواره‌وه‌ش هه‌ن:

- فه‌یله‌قی به‌در تایبه‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی

- هیزه‌کانی حزب الله‌ی عێراق

- هیزه‌کانی ثاروالله‌

- هێزه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی حزب الله‌

- میلیشیاکانی حزبی فه‌زیله‌

 

.....................

rekawt_95@hotmail.com

 

           

 

04/07/2007