گڕکانێک له کورداێتی بۆ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێوه‌یه
ڕێناس جاف حوکوومه‌ته‌کانی سه‌رده‌ستی کوردستان،به‌درێژایی دیرۆک سه‌لماندوویانه نایانه‌وێ به هیچ له‌ونێک ڕه‌چاوی سه‌ره‌تایی ترین مافه‌کانی گه‌لی کورد بکه‌ن. ڕژێمه‌کانی ملهوڕی زاڵ به‌سه‌ر هه‌ر به‌شه‌ی کوردستانی له‌ت له‌تکراودا نه‌ک هه‌ر حسێبی مافی شارومه‌ندییان بۆ کوردان نه‌کردووه به‌ڵکو به دڕانه‌ترین شێوه به‌ربوونه‌ته گیانی کوردان و به هه‌مه‌جۆره چه‌کێک، هه‌وڵیان داوه کو‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و چاندی کوردی له‌ناو ببه‌ن. ئاوڕدانه‌وه‌یێک له مێژینه‌ی خه‌یانه‌ت و کرده‌ی دژه‌مرۆڤانه‌ی ئه‌و حوکوومه‌تانه ده‌رحه‌ق به کوردان و یاساخ و قه‌ده‌غه‌کردنی ئاخاوتن به زمانی کوردی، ئه‌مڕۆکه ده‌ره‌نجامه‌که‌ی له هه‌ر پارچه و به‌شێکی کوردستاندا جوان هه‌ست پێ ده‌کرێ و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی زاراوه‌کانی زمانی کوردی و تێکه‌ڵبوونی به هه‌زاران ووشه‌ی زمانه‌کانی سه‌رده‌ست به زمانی کوردی ، ئه‌نجامی ئه‌و پیلانه کرێت و شاڵاوه دژه‌مرۆڤانه‌یه. به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه به‌کوێرایی چاوی دوژمنان و ناحه‌زانی گه‌ل، کورد له هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌موو شاڵاوه‌دا قه‌ت کۆڵی نه‌داوه و به‌رده‌وام بۆ ئه‌ستاندنی مافی ڕه‌وای خۆ، تێکۆشاوه. له‌و نێوانه‌دا بێ پشت و په‌نابوونی کوردان، ده‌ردێکی کارییه و کورد ده‌مێکه به‌ده‌ستیه‌وه ناڵانه. حوکوومه‌تانی سه‌رده‌ستی کوردستانیش، له ڕێی به‌خشینی گه‌لێ ماف و ئیمتیازی تایبه‌ت به وڵاتانی زلهێز و به‌واتا لاگری مافی مرۆڤ، وسکوتیان به‌وان کردووه. ئه‌م سیاسه‌ته کرێت و قێزه‌و‌نه‌ی که‌ماڵیسته‌کان، ده‌زگه‌ی پاله‌وی و ڕژێمی ئاخوندی و به‌عسییه‌کان، هه‌تا به‌و ساڵانه، گه‌لێ زه‌بری کاری به کورد و بزاڤی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌یاندووه، لێ له‌و ده‌مه‌وه‌ی شۆڕشی زانیاری سه‌ری هه‌ڵدا و کوردیش له ئاسمانی به‌ختا، بوو به خاوه‌نی ئه‌ستێره‌ی به‌خت و که‌ناڵی سه‌ته‌لایتی خۆی ده‌س که‌وت، به‌خته‌ره‌رانه چه‌کێکی کارای ئه‌وتۆی وه‌ده‌س خست، میلله‌ته‌که‌ی پێ وشیار بکاته‌وه. ئازادبوونی به‌شێکی کوردستانی بنده‌ست و که‌وتنه ڕێی ده‌یان که‌ناڵ و ده‌زگه‌ی مێدیایی و چاندی و کولتووری له باشووری کوردستان، سه‌رباری هه‌مه‌جۆره سیاسه‌تێکی به‌رته‌سکی حیزبی، یارمه‌تییه‌کی زۆری ڕابوونی کوردانی داوه. له‌و نێوانه‌دا نابێ ڕۆڵی لۆبی کوردیش وه‌پشت گوێ بخرێ. ئه‌مڕۆکه به ده‌یان که‌ساێتی کورد له نێو ده‌زگه‌کانی بڕیاردان و گرینگی وڵاتانی ئه‌ورووپیدا ده‌ور ده‌بینن که هه‌ر له‌و ڕێگه‌شه‌وه ده‌توانن دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌که‌یان بخه‌نه به‌رده‌م ڕای گشتی و بگره ده‌زگه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ئه‌ورووپییه‌کان. به‌خته‌وه‌رانه ئه‌م ڕه‌وه‌نده کوردییه ، زۆر هه‌نگاوی چاکی له‌و پێناوه‌دا هه‌ڵێناوه. بویه‌ر و ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆژانه‌ی نێو باژاڕه‌کانی باکووری کوردستان (ئامه‌د، سێرت، باتمان و مووش و ...) له ڕاستیدا ڕابوونێکی جه‌ماوه‌رییه دژ به ده‌زگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی میلیتاریستی ترکان و په‌یامێکی هه‌ره ڕوونه بۆ ده‌سته‌ڵاتدارانی ترک که ئیدی به چه‌کی کۆنی دوێنێ نکارن (ناتوانن) به‌ره‌نگاری کوردان ببنه‌وه. که‌ماڵیسته‌کان پتر له 70 ساڵه له هه‌وڵدان زمانی کوردان کپ بکه‌ن ،لێ به کوێرایی چاوی ئه‌وان ، کورد ئه‌مڕۆ نه‌ک نه‌تواوه‌ته‌وه بگره وره‌به‌رزتر دێته مه‌یدان و بۆ وه‌ده‌س خستنی مافی خۆ، تێده‌کۆشێ و خه‌بات ده‌کات. ئه‌وه‌تا ده‌وڵه‌تی ترک به سه‌دان که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی و ئیزگه‌ی ڕادوێی، بوونی که‌ناڵێکی کوردی لا گرانه و به‌رده‌وام به دان و به‌خشینی ئیمتیاز به وڵاتانی ئه‌ورووپی، له هه‌وڵدایه پێش به بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رنامه‌کانی ئه‌و که‌ناڵه بگرێت. کورد له باکووری کوردستان ، ئه‌مڕۆکه به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتووه به یه‌کڕیزی و یه‌کگرتن نه‌بێت، هه‌وڵه‌که‌ی ناچێته سه‌ر، هه‌ر بۆیه دوا به‌دوای شه‌هیدبوونی نزیکه‌ی 14 گه‌ریلای هه‌په‌گه، به چه‌کی کیمیاوی له لایه‌ن سوپای ترکه‌وه، هه‌ژانێ باکووری کوردستانی گرتۆته‌وه و هه‌تادێ خرۆشی جه‌ماوه‌ری شاره‌کانی دی باکووری کوردستانیش فره‌تر ده‌ته‌نێ. ئایا ئیدی ئه‌مجاره ده‌وڵه‌تی ترک به لاگری زلهێزان، له‌ده‌ستی دێت ئه‌و ڕابوونه جه‌ماوه‌رییه، به ڕابوونێکی تێرۆریستی له قه‌ڵه‌م بدات و هه‌مووان به ڕه‌شه‌کوژ دانێ؟! ده‌وڵه‌تی ترک ده‌مێکه هه‌ستی به‌و ڕاستییه کردووه و ده‌یه‌وێ به سیاسه‌ته‌کانی چه‌وت و کرێتی خۆی له هه‌مبه‌ر کوردان‌دا بچێته‌وه، به‌ڵام کوا تا کاتێ که‌ماڵیسته‌کان ده‌سته‌ڵاتیان له‌ده‌ستدا بێت، ڕه‌زا به به‌خشینی هیچ چه‌شنه حه‌ق و مافێک به کوردان ده‌بن؟!! بۆیه هه‌ڵگیرسان و گه‌رم داهاتنی کووره‌ی خه‌بات له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا بێگومان چه‌ن هه‌نگاوێ بزاڤی ڕزگاریخوزانه‌ی گه‌لی کورد له سه‌رکه‌وتنه‌وه نێزیک تر ده‌کاته‌وه. له وا دۆخێکی گرینگ و هه‌ستیاردا هه‌موو پارت و حیزب و که‌ناڵ و که‌سایه‌تییه‌کی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌سه‌ریه‌تی له‌م هه‌ژان و ڕابوونه جه‌ماوه‌رییه‌ی باکووری کوردستان، لاگری و پشتیوانی بکات و واز له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبی و گرووپی خۆ بێنێ. به‌م ساڵانه له باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چه‌ندین ڕابوونی جه‌ماوه‌ری چێ بوونه و سه‌ریان هه‌ڵداوه، که‌چی مه‌خابن له‌به‌ر بێ پشتیوانبوون و یه‌کنه‌بوونی سیاسه‌تی حیزبان، هه‌روا کپ کراون، به ده‌یان لاو و گه‌نج، به‌ده‌س ده‌زگه‌کانی میتی ترکان و ئیتلاعاتی ئێرانی گیراون و ڕه‌وانه‌ی زیندان کراون. ئه‌مڕۆ حیزب و پارته‌کانی کورد، گه‌ره‌گ هه‌ڵوێستی خۆ لێک نزیک بکه‌نه‌وه و به شێوه‌یێکی پلان بۆکراو، ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆ له‌و پێناوه‌دا ده‌کار بێنن، ئه‌گینا هه‌تا دێ ئه‌م بزاڤه له گه‌یشتن به ئامانجه‌به‌رزه‌کانی خۆ ،پتر دوو ده‌که‌وێته‌وه. سه‌رباری ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان، ساڵانێکه هه‌وڵێکی جه‌ماوه‌ری پڕپیرۆز له نێو کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ده‌ستی پێکردووه و ڕۆژ له دوای ڕۆژیش به‌خته‌وه‌رانه خۆ له ئاسۆی ڕوونتر ده‌دا به‌ڵام گه‌لێ جاران له‌به‌ر نه‌بوونی پلان و به‌رنامه‌یێکی ڕوون، بۆ ماوه‌یێک کپ ده‌بێت. ڕژێمه‌کانی یه‌ک له دوای یه‌ک، هه‌وڵیان داوه به ده‌کارگرتنی چه‌کی مه‌زه‌ب و ئایین، دووبه‌ره‌کی و ناکۆکی بخه‌نه نێو کوردان و پتر لێکیان بترازێنن، لێ له‌به‌ر وشیاری و وریایی توێژی ڕووناک‌بیری ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان هه‌تا به‌وڕۆ ئه‌و فێڵه پووچه‌ڵ بۆته‌وه و سات له دوای ساتیش، کورد به خۆشحاڵییه‌وه زێتر یه‌ک ده‌گرێت. کوردی خۆراسان که عومرێکه ده‌وڵه‌تانی یه‌ک له دوای یه‌کی ئێران، هه‌وڵی له‌ناوبردنی زمان و کولتووره‌که‌ی ده‌ده‌ن، ئه‌مڕۆکه وا خه‌ریکه ئه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شوناسی ڕاستینه‌ی خۆ و به هۆی هه‌وڵ و دڵسۆزی چه‌ندین که‌ساێتی کوردپه‌روه‌ری ئه‌و ناوه، تا دێ له زمان و کولتووره‌که‌ی ،نزیکتر ده‌که‌وێته‌وه. ڕۆژگارێک بوو وایان له کوردی ئه‌و ناوه کردبوو برا برای به فارسی ده‌دواند ،به‌ڵام ئه‌مڕۆکه هه‌ر ڕۆژه و هه‌واڵێکی خۆش له‌و ناوه‌وه ده‌گات. له چاپ درانی چه‌ندین کتێب له لایه‌ن کورده‌کانی خۆراسانه‌وه ، به‌ڵگه‌یێکی ڕوونه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه. ئه‌م هه‌وڵه پیرۆزه هه‌تا به‌وێ چۆته پێش، کوردی ئه‌و ناوه بۆخۆ ڕۆژژمێری کوردی له چاپ ده‌دا. جگه له دڵسۆزی بۆ زمان و کولتووری خۆ ، ده‌بێ کامه پاڵنه‌ر و هۆکار وا له کوردی خۆراسان بکات، ته‌واوی به‌رنامه و پرۆگرامه‌کانی که‌ناڵه کوردییه‌کان له‌سه‌ر ڤیدیۆ تۆمار بکات؟! دیاره ئه‌مه خۆشه‌ویستییه‌کی قووڵی نیشتمان نه‌بێت، هیچ شتێکی دی وا له مرۆڤ ناکات، ڕوو بکاته ئه‌و چه‌شنه کارانه. کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به درێژایی 27 ساڵ ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌شی مه‌لایان له ئێران‌دا ئه‌وه‌ی لا ده‌رکه‌وتووه ئه‌وان چاویان به‌رایی هیچ ده‌ستکه‌وتێکی کوردی نادات و قایل به‌وه نابن سووکه ماف و حه‌قێک به کورد ببه‌خشن. ئه‌وه‌ی له نزیکه‌وه ئاگای له مامه‌ڵه‌ی ڕژێم ده‌گه‌ڵ کێشه‌ی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان بێت ، چاک ده‌زانێ ڕژێم نایه‌وێ هیچ ئیمتیازێک به کورد بدات. کوردێک خۆیان گوته‌نی دلێرترین سنووروانانی وڵاتن، کوردێک بۆ خه‌ڵه‌تاندن، ڕه‌سه‌نترین ئێرانین. وا بۆ نزیکه‌ی 10 ساڵێک ده‌چێ، بڕیاره له زانستگه‌کانی کوردستاندا به‌شی زمان و ئه‌ده‌بی کوردی بکرێته‌وه، به‌ڵام کوا ڕژێم ئیزن به‌و کاره ده‌دا؟! ئه‌ی ئه‌وه نییه له نێو مێدیاکانی ڕژێمدا که به‌رنامه به زمانه‌کانی جۆربه‌جۆر په‌خش ده‌که‌نه‌وه، حسێبی( زمان) بۆ کوردی ناکرێ و خۆ گوته‌نی کوردی له‌هجه(زاراوه)یه نه‌ک زمان!! که‌س حاشا له‌وه ناکات له دونیای ئه‌مڕۆدا پێویسته کورد له ڕێی دیپلۆماسییه‌وه بچێته پێش و چه‌کی دیالۆگ و گفت و گۆ ده‌کار بێنێ، به‌ڵام له حاڵێکدا ڕژێم جگه له قۆناخی هه‌ستیار نه‌بێت ئه‌ویش به هه‌زاران فێڵ و ته‌ڵه‌که، کوا بایه‌خێک بۆ وتووێژ داده‌نێ؟! ئیدی کورد هه‌تا که‌نگێ بڕوا به درۆ بکات؟! شه‌هیدبوونی چه‌ندین ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌ی کورد له‌سه‌ر مێزی دانوستان و گفت وگۆ، بۆخۆ باشترین به‌ڵگه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و پرسه دێته ئه‌ژمار. جا هه‌ر بۆیه کورد گه‌ره‌ک به شێوه‌یێکی یه‌کده‌نگ و یه‌کگرتوو، بێته مه‌یدان و واز له ورده ناکۆکی نێوان خۆ بێنێ. ئه‌مه یه‌ک له ڕێگه‌کانی ڕزگاربوونی کورد له‌م سه‌رده‌مه‌دایه. کاتێ ئه‌م یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتووییه له نێوان کوردان‌دا هه‌ست پێ بکرێ ، به دڵنیاییه‌وه وڵاتانی زلهێزی دونیاش له‌به‌ر قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی فره و فره‌وانی خۆشیان بووه ناتوانن پشت له خواسته ڕه‌واکانی ئه‌م گه‌له بکه‌ن. نموونه‌ی هه‌ره ڕوونیش ده‌وڵه‌تی ترکه که تا دوێنێ هاوپه‌یمانێکی سه‌ره‌کی ئه‌مریکا له خۆرهه‌ڵاتی ناویندا بوو که‌چی ئه‌مڕۆکه هاوکێشه‌که گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه. کورد پێویسته ئه‌م ده‌رفه‌ته زێڕینه بقۆزێته‌وه و له‌مه زێتر درێژه به سیاسه‌تی حیزب حیزبێنه‌ی خۆ نه‌دات.
تاران
15 ی خاکه‌لێوه‌ی 2607 ی کوردی
|
|
04/07/2007 |