(24/4) ه‌ کان له‌قه‌ڵادزێ

سه‌لام عومه‌ر

 

ئه‌گه‌ر هاوکێشه‌ سیاسی و رووداوه‌ ترسناکه‌کانی ته‌مه‌نی به‌عس له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدا شی بکه‌ینه‌وه‌ و رووداوه‌کان جارێکی دی وه‌ک یاده‌وه‌رییه‌ک باس بکه‌ین.. ئه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ 24/4/1974 یه‌که‌م ساتی به‌ کۆمه‌ڵکوژی له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌، ده‌ست پێده‌کات و بۆ یه‌که‌م جاریش له‌ قه‌ڵادزێ چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوی نێوده‌وڵه‌تی به‌کارهێناو که‌چی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دوای ئه‌م هه‌موو تاوانه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌کانه‌ی به‌عس که‌ خۆی له‌ ئه‌نفال و کیمیاباران و وێرانکردنی هه‌زاران گونددا دیته‌وه‌ بێده‌نگ بوو تا ئه‌و کاته‌ی داگیرکردنی کوێت و رووداوه‌که‌ی 11ی سێبتێممبه‌ری ئه‌مریکای به‌ دواداهات، وه‌هۆش خۆیان هاتنه‌وه‌ و مه‌ترسی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیان له‌عێراقدا بۆ ده‌رکه‌وت.

میکانیزمی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسای به‌عس ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م رووداوه‌کانی له‌و خاڵه‌دا چڕکردبۆوه‌ که‌ به‌ له‌ناوبردن و توانه‌وه‌ی شۆڕشی کوردی ده‌توانێ جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌واییه‌که‌ی درێژه‌ پێبدات و ده‌شتوانێ ببێته‌ مایه‌ی ئه‌و ترسه‌ ئه‌ستوره‌ی که‌ ئاینده‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێ ده‌پارێزێ، بۆیه‌ بۆ داپۆشین و ونکردنی خاڵه‌ لاوازه‌کانی به‌تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می شۆڕشی کوردی که‌ ئه‌و کات شۆڕش له‌ به‌هێزیدابوو توانای به‌عسیش سنوورداربوو په‌نای ده‌برده‌ به‌کۆمه‌ڵ کوشتن تا به‌رنامه‌ گڵاوه‌که‌ی درێژه‌ پێبدات و پیشانی ده‌وروبه‌ریش بدات که‌ له‌ هیچ سڵ ناکاته‌وه‌، بۆردومانکردنی قه‌ڵادزێ له‌م رۆژه‌داو کوشتنی سه‌دان هاووڵاتی و خاپورکردنی ده‌یان خانووبه‌ره‌و زانکۆی سلێمانی که‌ زانکۆی سه‌لاحه‌دیینی ئێستای هه‌ولێره‌، سه‌ره‌تاو ده‌ستپێکی یه‌که‌م تراژیادیابوو که‌ هاووڵاتی کوردی وه‌خه‌به‌ر هێناو شۆڕشی ئاراسته‌ی گۆڕانکارییه‌ خێراکان کرد و وه‌بیری هێنایه‌وه‌ که‌ ته‌نیا و ته‌نیا  له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگداو کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ ئاست کێشه‌ی گه‌لی کورددا خه‌وتوون و رێکخراوه‌ جیهانییه‌کانی مافی مرۆڤیش له‌ بێئاگاییه‌کی میکانیکی دا نایه‌وێ ئاوڕ له‌م رووداوه‌ ترسناکه‌ بداته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای بازرگانییه‌ قه‌به‌کانی ئه‌وسای نه‌وتی جیهانی و ساغکردنه‌وه‌ی چه‌ک و جبه‌خانه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی ئه‌ووڵاتانه‌ی له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌ ده‌رگایان له‌سه‌ر کلۆم درابوو، هۆکاری ریشه‌یی بێده‌نگ بوون و خۆگێلکردن بوون له‌ ئاست ئه‌و تاوانه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌کانه‌ی له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ دژی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌نجام ده‌درا، خۆجه‌نگی ساردوو وڵاته‌ سۆسیالیسته‌کانیش له‌ ئه‌م نێوه‌نده‌داو له‌ ئاست وڵاتێکی پارچه‌کراوی وه‌کو کوردستان بێخه‌تا ده‌رنه‌چوون و به‌شێکی زۆری تاوانه‌کان رووبه‌ڕووی ئه‌وان ده‌کرانه‌وه‌ و ناپاڵم و فرۆکه‌ مه‌ترسیداره‌کانی ئه‌وسا له‌ ژێر باڵی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌فرۆشران و شاری قه‌ڵادزێ و ده‌یان و سه‌دان گوند و شارۆچکه‌ی دی پێ خاپورکراو دواتر تێکدانی به‌ کۆمه‌لڕ و کوشتنی به‌ کۆمه‌ڵ و راگواستنی به‌ کۆمه‌ڵ و کۆچڕه‌وی به‌ کۆمه‌ڵی به‌دووداهات..!

ئه‌گه‌ر ئاوڕێکی خێرا له‌ رۆژی بیست و چواری چوار بده‌ینه‌وه‌ و رووداوه‌که‌ وه‌ک کاره‌ساتێکی دژه‌مرۆیی هه‌ڵبسه‌نگێنین تێده‌گه‌ین که‌ بزوێنه‌ری ئه‌م کاره‌ساته‌ بێ ئه‌زموونی شۆڕشی کوردبوو له‌ ئاست هێرشێکی نه‌خشه‌ بۆ کێشراو که‌ تا ئێستاش شکستی هه‌موو شۆڕشه‌کانمان له‌ دوای دانوستانه‌ ژه‌هراوییه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات و دووباره‌ بوونه‌وه‌ و چه‌ند باره‌ بوونه‌وه‌شی ئه‌و خاڵه‌ لاوازانه‌ وه‌ دیار ده‌خه‌نه‌وه‌ که‌ هه‌موو ده‌م وه‌ک دیارده‌یه‌کی نامۆ، به‌ڵام شاره‌زا له‌ نێو متمانه‌کانی شۆڕشی کوردیدا خۆی نمایش ده‌کات، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و ئه‌زموونه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ ده‌کرێ له‌ رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا سوودی لێوه‌رگیرێ و سه‌رکردایه‌تی کوردی زۆر وشیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ بکات و له‌ بیری نه‌چێت که‌ ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆ به‌شێکی گه‌وره‌ی به‌ر شه‌هیدانی 24/4 و 16/3ی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌که‌وێ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ کۆڕه‌وه‌که‌ی ساڵی نه‌وه‌د و یه‌ک فاکته‌ری سه‌ره‌کی ناساندنی گه‌لی کوردبوو،  به‌ کۆمه‌ڵگای جیهانی و ده‌ستپێکی ناساندنی شۆڕش و تراژیدیا جۆراو جۆره‌کانی گه‌لی کورد و به‌جیهانی کردنی کێشه‌که‌ و گه‌وره‌کردنی زیاتری سه‌رکرده‌کانمان بوو.

بۆیه‌ رێزنان له‌ رۆژانی سه‌ختی تێکۆشان و ناساندنی وه‌ک خۆی رووداوه‌کان به‌س نین بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و شار و گوندانه‌ی به‌ده‌ستی به‌عس زه‌ره‌رمه‌ندبوون، به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێت له‌ ئێستای ئازادیدا کاری جددی و به‌رهه‌م ئامێز بۆ ئه‌م شارانه‌ بکرێت و له‌ بیری نه‌که‌ن که‌ یه‌که‌م خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوان که‌ ترسی به‌عسی شه‌قکرد و ته‌واوی کوردستانی گرته‌وه‌ و گه‌وره‌ترین وره‌ و توانستی به‌پێشمه‌رگه‌ و سه‌رکردایه‌تییه‌کان به‌خشی راپه‌ڕینی 24/4/1982ی قه‌ڵادزێ بوو که‌ ته‌واوی چین و توێژه‌کانی ئه‌م شاره‌ و قوتابیانی زانکۆی سه‌لاحه‌دین و سه‌دان قوتابی کچ و ژن به‌شداربوون و بۆ یه‌که‌مجار داوای جه‌ماوه‌ر به‌لابردنی هه‌ندێ سه‌یته‌ره‌و ئازادکردنی گیراوه‌کان و چۆڵکردنی ره‌بیه‌کانی ناو شار به‌سه‌ر به‌عسدا سه‌رکه‌وت و به‌م هه‌نگاوه‌ش ته‌واوی کوردستان راچڵه‌کی و ئه‌و ترسه‌ ئه‌ستوره‌یان فڕێدا که‌ به‌عس له‌ دڵی گه‌لی کورددا چاندبووی.

لێره‌وه‌ قه‌ڵادزێ بووه‌ ئه‌و رایه‌ڵه‌ به‌رفراوانه‌ی که‌ شۆڕشه‌کان متمانه‌ی پێبکه‌ن و لانه‌ی ئه‌و چالاکییه‌ به‌رده‌وامانه‌ بێت که‌ له‌وێوه‌ دژی به‌عس ده‌وه‌شێنران و هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ رێکخستنه‌کانی سه‌رجه‌م حزبه‌کان به‌رنامه‌ی کار و کرده‌ نهێنییه‌کانیان به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یاند و هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ رێگه‌کانی چوونه‌ چیاو تێکۆشانه‌کان پیشانی ئه‌و هه‌ڵۆیانه‌ ده‌دران که‌ دواتر داستانه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانیان له‌ سه‌رتاپای کوردستاندا دژی به‌عس ئه‌نجام ده‌دا، بۆیه‌ ئه‌وێ واته‌ قه‌ڵادزێ خاپورکراو له‌ ساڵی 1989 خه‌ڵکه‌که‌ی، به‌ جۆرێک په‌ڕاگه‌نده‌کرا که‌ له‌ مێژوودا وێنه‌ی نه‌بووه‌ و دروستکردنه‌وه‌شی له‌ ساڵی 1991 و دوای ئازادبوونی کوردستان بێ به‌رنامه‌ییه‌کی هێنده‌ ناشیرینی پێوه‌ دیاره‌ که‌ کاری له‌ دیموگرافیای ئه‌م شاره‌ کردووه‌ و راستکردنه‌وه‌ی و جوانکردنه‌وه‌ی ده‌بێت خه‌می ده‌سه‌ڵات بێت و ناکرێ تاسه‌ر حه‌وزی پشده‌ر له‌و دیو گومرگ و ئه‌و په‌راوێزه‌بێت که‌ نه‌خشه‌ سیاسییه‌کان پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان قوت ده‌ن و ئاوڕی حزبیانه‌ و جێ په‌نجه‌ی حزبیانه‌ له‌و بۆدجانه‌دا ره‌نگبداته‌وه‌ که‌ به‌ قه‌د قوربانییه‌کانی قه‌ڵادزێ نین و نابن.

شارێکی خاپوور شارێک تا سه‌رمۆخ خاوه‌ن قوربانی و خاوه‌ن ده‌یان سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیر و پێشمه‌رگه‌ی لێهاتوو تا ئێستاش هه‌ر به‌ خواری نه‌خشه‌رێژ بکرێت و خواره‌وه‌ی هه‌مان که‌لاوه‌کانی هه‌شتاو نۆ بێ و له‌ سه‌رده‌مێکی وه‌ک ئه‌مڕۆی کوردستانێکی ده‌وڵه‌مه‌ندا به‌ڕاستی بیر له‌م شاره‌ نه‌کرێته‌وه‌ و برینه‌کانی بیست و چواری چواره‌کان ساڕێژ نه‌کرابێ و خه‌ڵکی ره‌سه‌نی ئه‌م شاره‌ وه‌کو نامۆیه‌ک سه‌یر بکرێ. ئه‌ی ئێمه‌ نه‌بووین له‌ هه‌فتاو چوار زانکۆکه‌مان له‌ ئامێز نابوو، دواتریش پردی هاتوچۆی پێشمه‌رگه‌بووین و له‌ خه‌بات له‌ نێوانی دوو فه‌یله‌قدا راپه‌ڕین له‌ بازیان پێش سلێمانی ئاڵای سه‌رکه‌وتنمان به‌رزکرده‌وه‌ و له‌ جدیده‌ و که‌ورگۆسک و داره‌توو دۆزه‌خمان بۆ به‌عسیه‌کان دروستکردوو له‌ هه‌موو سه‌رده‌م و شۆڕشه‌کاندا له‌ قه‌باره‌ی خۆمان زیاتر قوربانیمانداوه‌ و سه‌دان و هه‌زاران لاومان به‌خشیوه‌، که‌چی هێشتا ئه‌وه‌نین له‌ خوێندنه‌وه‌ماندا؟!.

خۆ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌ جددی و گیانی هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیارییته‌وه‌ خاوه‌نی ئاوڕێکی جوان و خزمه‌تێکی شایسته‌و ده‌وای زامه‌ کۆن و نوێیه‌کان بین بۆ قه‌ڵادزێ،  ئه‌وه‌ ته‌نیا یادکردنه‌وه‌ و مه‌راسیمی 24/4ه‌کان که‌ له‌ قه‌ڵادزێ نمایش ده‌کرێت و چالاکی جۆراو جۆری بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌س نین بۆقه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ جوانکردنه‌وه‌ی شاره‌که‌ بکرێت و چه‌ند بنکه‌یه‌کی رۆشنبیری وزانکۆو ده‌یان کاری خزمه‌تگوزاری دی هه‌یه‌ که‌ ئێستا ئیدی وه‌ختیه‌تی کاری بۆ بکرێ و ده‌کرێ و وابکرێ، پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری هێنده‌ زۆر بێت تا هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ئه‌و شاره‌یان لێ نامۆکراوه‌ و ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌که‌ن کاریان ده‌ستکه‌وێ و هه‌ر له‌وێ نه‌ک له‌ دووره‌وه‌ ده‌ست بکه‌نه‌وه‌ به‌ جوانکردنی ئه‌و شاره‌ی که‌ هه‌تا ده‌مرین چاومان له‌ دوویه‌تی، چونکه‌ هه‌موو یادگارییه‌کانمان ئه‌وه‌تان له‌ نێو ئاو و دۆڵ و کووچه‌ و قه‌ڵاو سه‌ربه‌ردوو سه‌ر قه‌برانه‌که‌یدا جێهێشتووه‌.

 

           

 

04/07/2007