پشیله‌یه ره‌ش له شووشه سه‌ردار عه‌زیز دڵم ته‌نگه! به‌ته‌نیا له کۆتایی مه‌تبه‌خه‌که‌دا، له سه‌ر ئه‌و کورسیه‌ی که تۆ هه‌رده‌م له‌سه‌ری دائه‌نیشتی و له ده‌ره‌وه‌ت ئه‌نواری، من ئێستا به ته‌نیا دانیشتووم. بێ تۆ ماڵه‌که پڕه له بێده‌نگی. من ئه‌مه‌وێ گۆرانی بڵێم. گۆرانی ووتن هه‌ستکردنه به‌ته‌نهایی. گۆرانی بڵێم ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م شاره چه‌ند چۆڵه به‌بێ تۆ. که بیر له‌تۆ ئه‌که‌مه‌وه گرانه هیچ شتێ تر بکه‌م. گرانه ووشه له‌ده‌مم بترازێ. وه‌ک زه‌ریا له به‌یانیه سارده‌که‌ی مانگی پێشوو، که پێکه‌وه له په‌نجه‌ره‌ی ئۆتێله‌که‌وه تێمان ئه‌روانی، ماتم. چه‌ند دڵته‌نگم بۆ ئه‌و رۆژانه. ئه‌و رۆژانه‌ی که له نوێنه گه‌رمه‌که‌دا تۆ داوات لێئه‌کردم فێری زمانی کوردیت که‌م. به‌نازه‌وه ئه‌تووت؛ پشیله‌یه ره‌ش، پشیله‌یه ره‌ش له شووشه. ئێستا تۆ لێره‌نیت. له گوندێ بچکۆله له پاده‌شتی چیا پڕ له به‌فره‌که‌ی ئه‌لپ، وه‌ک پێم ئه‌ڵێیت به‌یانیان زوو له خه‌و هه‌ڵئه‌ستیت و له‌گه‌ڵ باوکتا ئه‌رۆی هه‌تا ئالک بخه‌نه به‌ر ئه‌سپه‌کان، مانگاکان دادۆشن. رۆژه‌کان نارۆن. من وه‌ک به‌ندی رۆژه‌کان ئه‌ژمێرم. که دێیته‌وه حیکایه‌تی زۆرم بۆ ئه‌گێریته‌وه. باسی کتێبه‌که‌ی فێرناندۆ پێسهوام بۆ ئه‌که‌ی، نادڵنیایی. له‌م ماڵه‌دا زۆرمان ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانی و ئیتالی و ئوتریش قسه‌کرد. هه‌موو جارێ پێم ئه‌ڵێی رۆژێ ئه‌رۆین بۆ ڤیه‌نا، له کافێ گه‌وره‌کانا پێکه‌وه قاوهئهخوینهوه و ده‌رباره‌ی غه‌ریبی قسه‌ئه‌که‌ین. من له گه‌ڵتا دێم بۆ دۆزه‌خ. من ئه‌م رۆژانه سه‌رگه‌رمی بیکێتم. له نهۆمی سه‌ره‌وه له‌و ژوره‌ی که له‌مناڵیه‌وه هی تۆیه، هه‌موو بهرههماکانت هه‌یه. دوور له تۆ وه‌ک ئیستراگۆن نازانم بۆچی لێره‌م، هه‌رئه‌وه‌نده ئه‌زانم چاوه‌رێی تۆم. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه تۆ دێیته‌وه، تۆ نابیته گۆدۆ. من و تۆ چه‌ند له فلادیمێر و ئیستراگۆن ئه‌چین. که دڵم ئه‌شکانی پێتئهوتم؛ ده‌ستم لێمهده، پرسیارم لێمه‌که، قسه‌م له‌گه‌ڵا مه‌که، بێده‌نگ به‌و جێم مه‌هێڵه. ئه‌زانی له رۆژی دووه‌م که دێنه‌وه سه‌ر شانۆ ئیستراگۆن هه‌مان هه‌ستی هه‌یه. بکێت ئه‌م رۆژانه ته‌مه‌نی ئه‌بێته سه‌د ساڵ. ئه‌گه‌ر بمایه ئێستا روومه‌تی چۆن بو؟ ده‌بوو چی تر بنوسیایه؟ که دێیته‌وه، ئێواره‌یه پڕ له بارانه. من چاوه‌کانیشم ته‌ره‌وه به گوڵێکه‌وه چاوه‌رێتم. که باوه‌شت بۆ ئه‌که‌مه‌وه به چرپه‌وه پێت ئه‌ڵێم؛ جارێ تر جێم مه‌هێڵه.
|
|
04/07/2007 |