تای سیاسه‌ت وڕێنه‌ به‌دادوه‌رانیش ده‌کات !

سلێمان عه‌بدوڵڵا یونس

slemanyunes@yahoo.co.uk

 

 

بێگومان پێوانه‌ی هه‌ره‌ گرنگ بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌ده‌نی و دیموکرات و سکۆلار ، له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌قلیدی و دیکتاتۆریه‌کان ، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان و سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌ریه‌که‌یان و ده‌ستێوه‌رنه‌دانیشیانه له‌کارووباری یه‌کتری ، ده‌سه‌ڵاتی کوردی که‌وا بۆماوه‌ی پانزه ساڵه ، له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، وه‌کوو دیفاکتۆیه‌ک خۆی ناساندووه‌و توانیویشیه‌تی هه‌تا نهۆ پشتیوانیه‌کی زه‌وه‌ندی کوردستانی و نێوده‌وڵه‌تیش به‌ده‌ست بهێنێ و ، ڕه‌وایه‌تی خۆیشی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی‌دا بسه‌پێنێ ، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته خۆرئاواییه‌کان به‌ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریکا نه‌یانتوانی چیدی بێده‌نگی بنوێنن به‌رامبه‌ر به‌ جه‌نگی جینۆسایدی به‌عسیه‌کان که له‌دژی کورد به‌رپایان کردبوو له‌ ماوه‌ی ده‌سپێکی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیاندا تا ڕاماڵینی د‌‌سه‌ڵاتیان له‌ سه‌ر به‌شێکی زۆری خاکی‌ کوردستانی عێراق له ئازاری 1991.                        

هه‌ر چاودێرێکی به‌ئاگا ئه‌گه‌ر به‌سه‌رپێیش چاودێری ده‌سه‌ڵاتی کوردی کردبێ له‌ ماوه‌ی ئه‌م پازده‌ ساڵه‌ی ته‌مه‌یدا ، ده‌توانێ به‌سانایی سه‌رنجی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵی و پاشا گه‌ردانی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان سێ ده‌سه‌ڵاته ‌بنچینه‌یه‌کانی کوردستان ( حکومه‌ت ، په‌رله‌مان ، دادوه‌ری ) بدات ، ده‌توانێ به‌سانایی بگاته‌ ئه‌و ڕاستیه‌ی که ،‌ له‌دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته‌کاندا پشکی شێر بۆ حکومه‌ت و . حکومه‌تیش پشکی قۆرغ کراوی دوو پارته سه‌ره‌کی و زاڵه‌کانی کوردستان بووه.                    

له‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵاتیکی سکۆلار و دیموکراتدا ، سه‌ربه‌خۆبوونی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری د‌ه‌توانێ دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی و ، ئه‌رک و مافه‌کان بۆ تاکه‌کان و گروپه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و خودی پارته سیاسیه‌کان و په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌وانیش و ده‌سه‌ڵات ڕه‌نگرێژ و دیاری بکات و سنوری یاسایی بۆ ئه‌و خروقاتانه‌ش دابنێ که‌د‌ه‌سه‌ڵات ده‌خوازێ به‌مه‌به‌ستی پێکانی ئامانجه سیاسیه‌کانی پارتی فه‌رمانڕه‌وا بیانکات ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر کوێیه‌ک تێبینی کرا که‌وا ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌سکه‌‌لای ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌یه‌و ، ناتوانێ وه‌کوو ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵسوکه‌وت بکات ، نه‌ک جارێک سه‌دان جار دیموکراتی بوون و بانگه‌شه‌ی سکۆلاریزمی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته جێگای گومان و نیشانه‌ی پرسیاره وه‌کو ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا به‌زه‌قی هه‌ستی پێ ده‌کرێ .               

تای سیاسه‌ت ، تایه‌کی حزبی کوشنده‌یه و ده‌توانێت به‌سانایی وڕێنه به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بکات ، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی دادوه‌ر فه‌رمانه‌کانی له چوارچێوه‌ی ده‌قی یاسایی و ده‌ستوریدا دابڕێژێ ، په‌نا ده‌بات بۆ په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزب و به‌شوێن ئامۆژگاریه‌کانی سه‌رانی پارتی سیاسی د‌‌ه‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ ده‌بێت ، به‌مه‌ش چاودێرانی سیاسی و بگره هاوڵاتیانی ئاسایش هه‌‌ست ده‌که‌ن ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری‌‌‌‌‌ ده‌یکات وڕێنه‌یه‌کی عه‌جایبه .                                                 

 تای سیاسه‌ت وڕێنه‌ی به‌دادوه‌ری لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر کرد کاتێک  فرمانی گرتنی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌نی ده‌رکردوو دواتریش سه‌رۆکی حکومه‌ت به‌ کونفه‌یه‌کونێک بڕیاره‌که‌ی پوچه‌ڵ کرده‌وه ، هه‌ره‌هه‌مان دادوه‌ری لێکۆڵینه‌وه توشی وڕێنه‌ی کردن هاته‌وه که بۆ جاری دووه‌م به‌تای سیاسه‌ت گرتی و فه‌رمانی 30 ساڵ زیندانی بۆ مافناس و ئه‌کادیمیست و نوسه‌ری ناسراو د . که‌مال سه‌ید قادر ده‌رکرد له‌سه‌ر ته‌نها دوو لاپه‌ڕه‌ نوسین و دوارتر به‌به‌رچاوی هه‌موومانه ئه‌م وڕێنه‌یه بووه جێگای نیگه‌رانی خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ولێر و نه‌یانتوانی ناڕه‌وایی ئه‌م وڕێنه سیاسیه‌ی دادوه‌ری لێکۆلینه‌وه‌ی هه‌ولێر پینه‌و په‌ڕۆ بکه‌ن ، ده‌ڵێی چی پێده‌چێ فیفتی به فیفتی بۆ ماوه‌یه‌کی دوورتر قه‌ده‌ری پارتی و یه‌کێتیی بێ ، ده‌نا ئه‌ی بۆچی هه‌روا زوو هه‌مان تای سیاسه‌ت دادوه‌ری لێکۆلینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌گرێت و توشی وڕێنه‌ی له سێداره‌دانی لاوانی خوێن گه‌رمی به‌شداری هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی سوتاندنی مۆنۆمێنتی شه‌‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید ده‌کات و یه‌کێتیی نیشتیمانی ناچاری پاساو هێنانه‌وه بۆ ئه‌م وڕێنه‌یه‌ی دادوه‌ری لیکۆڵینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌کات .         

 

 

 

 

           

 

04/07/2007