ئه‌و قاره‌مانه‌ی بۆ کوردستان بانگهێشت کرا! یاسین بانیخێڵانی
ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ژماره 2099 ی 31.3.2006 بابه‌تێکی له ژێر ناوی (ڕۆبه‌رتۆ جولی له کوردستان) بڵاوکردۆته‌وه. بابه‌ته‌که سه‌ره‌تا به په‌سنێکی بێ مانا‌و ناوه‌ڕۆک له‌سه‌ر که‌سایه‌تی ڕۆبێرتۆ جولی ده‌ست پێده‌کات و پاشان دێته سه‌ر ئامانجی هاتنه‌که‌ی بۆ کوردستان، که گرێبه‌ستێکه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی هه‌رێم و گروپی ڕوهر(Ruhr) دا، خاڵێکی تری بابه‌ته‌که شایانی خستنه ڕوو بێت، ئه‌وه‌یه: (مامۆستای هونه‌رمه‌ند ئه‌رسه‌لان ده‌روێش به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری شانۆ ئاماژه‌ی پێده‌دا،' به‌ڵام داخه‌که‌م وه‌ک هه‌موو جارێک زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر له‌م دیدار‌و کۆڕه‌دا ئاماده بوونیان نه‌بوو. جا نازانم هۆکاری ئه‌م هه‌ڵوێسته ئه‌زه‌لییه چییه‌و به چی لێک ده‌ده‌نه‌وه')*1، له‌مه‌ش کۆمیدیتر مامۆستا ئه‌رسه‌لان له‌گله‌یی ده‌رده‌چێت و توڕه ده‌بێت (که به‌ڕاستی ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌ڕێزانه چیتر له خه‌می شانۆ نه‌ماون و خه‌ریکن له بواری دیکه بۆ ئامانجی دیکه ئه‌سپه‌کانیان تاو ده‌ده‌ن). مامۆستا به شێوه‌یه‌ک خۆی سه‌غڵه‌ت و توووڕه کردووه وه‌ک ئه‌وه‌ی بیرتۆلت برێشت (Bertolt Brecht) سه‌ردانی کوردستانی کردبێت و هونه‌رمه‌ندانیش ڕێز له هونه‌رو هونهرپهروهران نه‌گرن بۆیه نه‌هاتوون. هه‌روه‌ها سایتی(په‌یامنێر) له رێکه‌وتی 19.03.2006 دا ئه‌م هه‌واڵه‌ی له ژێر ناوی "تیر ئه‌نده‌ر روهر"ی شانۆکاری ئه‌ڵمانی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری پرتۆکۆلێکی مۆر کرد بڵاوکرده‌وه*1. سایتی په‌یامنێر چونکه سایتێکه وه‌ک هه‌ر ئۆرگانێکی حزبی ته‌نها ئه‌و هه‌واڵانه بڵاو ده‌کاته‌وه ئیمزای حیزبی له‌سه‌ره، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م سایته له ڕێگای حیزبه‌وه هه‌واڵه‌کان وه‌ده‌ست ده‌هێنێت خۆ ده‌بێت وه‌ک میدیا حیزبییه‌کانی تر هه‌والێک به‌رژه‌وه‌نی حیزبی تێدا نه‌بێت بڵاوی نه‌کاته‌وه. ئه‌م سایته ده‌نگی حیزبه به زمانێکی تر چونکه هه‌موو قورساییه‌کانی له هه‌ولێره و له‌وێوه سه‌رچاوی هه‌واڵه‌کانی پێده‌گات. ئه‌م سایته ده‌نووسێت: (وه‌زیری ڕۆشنبیری دوای مۆرکردنی ڕێکه‌وتنامه‌که بۆ په‌یامنێرمان له‌م باره‌یه‌وه دواو گوتی:" ئه‌م شانده هونه‌رییه ئه‌ڵمانیه ماوه‌یه‌که له کوردستانن و سه‌ردانی شاره‌کانی هه‌ولێر وسلێمانی و دهۆکیان کردووه، له‌گه‌ڵ شاندی وه‌زاره‌ت و شاندی سه‌ندیکای هونه‌رمه‌ندانی کوردستان کۆبونه‌ته‌وه، کۆمه‌ڵێ چالاکی هونه‌ری و شانۆییان بیینیوه، ئامانجیش تێکه‌ڵاوی و گفتوگۆکردن له نێوان هونه‌رمه‌ندانی کوردستان و ئه‌ڵمانیا زیاتر بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیروڕا له نێوان هه‌ردولا ئاڵوگۆڕ بکرێت و یارمه‌تیمان بده‌ن بۆ به‌ره‌و پێشبردنی بزوتنه‌وه‌ی شانۆیی." نامه‌وێت له‌ناوه‌ڕۆکی نامه‌که‌ی وه‌زیر هیچ بڵێم چونکه ڕۆبێرتۆ جولی ده‌ڵێت:" نامه‌وێت قسه‌کانی وه‌زیر دووباره بکه‌مه‌وه چونکه بیروڕامان هه‌یه"3. به‌ڕاستی سه‌یره که‌سێکی وه‌ک ڕۆبێرتۆ جولی هه‌مان بیروڕای وه‌زیرێکی حکومه‌تی کوردستانی هه‌بێت، خۆزگه ڕۆژنامه‌نووسێکی ئازا‌و شاره‌زا له‌وێ ئامادهبوایهت و ئه‌و پرسیاره‌ی له جه‌نابی وه‌زیرو ڕۆبێرتۆ جولی بکردایه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی بۆمان ڕوون ببوایه‌ته‌وه، که جه‌نابی وه‌زیر و ڕۆبێرتۆ جولی هه‌مان بیروڕایان به‌رامبه‌ر به‌عس، سه‌دام، هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال هه‌یه!. ڕۆبێرۆ جولی (Roberto Ciulli)کێیه؟ ڕۆبێرتۆ جولی شانۆکارێکی ئه‌ڵمانی به ڕه‌گه‌ز ئیتالی 72 ساڵه به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌ی شانۆی ڕوهر(Theater an der Ruhr) له سه‌ردانێکدا بۆ به‌غداد چاوی به ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس ده‌که‌وێت له 31.3.2001 له‌گه‌ڵ وه‌زیری ڕۆشنبیریی و پڕوپاگه‌نده‌ی عێراق گرێبه‌ستێک وه‌ک ئه‌و گرێبه‌سته‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری هه‌رێمی کوردستاندا به‌ستی ده‌به‌ستێت به‌مه‌ستی خستنه سه‌رپشتی ڕاگه‌یاندنی عێراق له‌ده‌ره‌وه. په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ حیزبی به‌عسدا هه‌بووه‌و به‌رده‌وام سه‌ردانی به‌غدادی کردووه‌و تیپه شانۆییه‌کانی به‌عسی بۆ ئه‌ڵمانیا بانگهێشت کردووه بۆ پڕوپاگه‌نده‌کردن بۆ ڕژێم له ڕێگای میدیاکانی ئه‌وروپاوه. په‌یوه‌ندی ئه‌م پیاوه ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی هونه‌ر له ڕاستبێژییه‌وه بکاته ئامرازی پڕوپاگه‌نده بۆ حیزبی به‌عس، له کاتێکدا هونه‌ر به تایبه‌تی هونه‌ری شانۆ به‌وه ناسراوه که ده‌توانێت به شێوه‌یه‌کی نهێنی و له ڕێگای ئاماژه‌ی جووڵه، مۆسیقا و زمانه‌وه زۆر شتی نهێنی و قه‌ده‌غه به بینه‌ر بگه‌یه‌نێت. له ساڵی 2001 شانۆی عێراقی شانۆی (بنووسه به ناوی خودا"اکتب باسم ربک") له نووسینی فه‌لاح شاکر و ده‌رهێنانی محسن العلی له‌سه‌ر ته‌ختی شانۆی ڕوهر له شاری مویلهایم(Mülheim) پێشکه‌ش ده‌کات و ڕژێمی به‌عسیش هه‌موو ئاسانکارییه‌کی له‌ده‌ره‌وه بۆ ده‌کات. راجی عبدالله ده‌ڵێت: سه‌رۆکی ڕژێمی عێراق له نمایشێکی تایبه‌تدا ئاماده‌بووه،*4 جگه له‌وه‌ی که‌ناڵی ئاسمانی العراقیه به ئاشکرا باس و پشتیوانی له نیشاندانی ئه‌م شانۆیه کردووه. هه‌روه‌ها له 15.9.2002 هه‌مان تیپی شانۆی عێراقی، که سه‌ر به وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی عێراقی به‌عسن له‌لایه‌ن ڕۆبێرتۆ جولی وه بۆ ڕوهر بانگهێشت کران بۆ پێشکه‌شکردنی شانۆی سێوی دڵ (Der Apfel des Herzens) ئه‌م شانۆیه سنوری هه‌موو پڕوپاگه‌نده‌کانی به‌عسی بڕی، چیرۆکی ئه‌م شانۆیه له‌سه‌رو به‌ندی ئه‌و کاتانه‌دا بوو ئه‌مه‌ریکا نیازی ڕوخانی حیزبی به‌عسی هه‌بوو، ئه‌و کاته‌ی ئه‌مه‌ریکا باسی کاره‌ساتی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ی ده‌کردو حکومه‌تی به‌عسی به ڕه‌شه‌کوژی له دژی گه‌لانی عێراق به گشتی و کورد به تایبه‌تی تاونبار ده‌کرد ئه‌م شانۆیه ده‌یه‌ویست هه‌موو ئه‌وانه به درۆ بخاته‌وه‌و به جیهان له ڕێگای ڕوهرو ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئه‌ڵمانیاوه بڵێ: سه‌رۆکی عێراق سه‌رۆکێکه ڕه‌گی ژیان و خۆشه‌ویستی له‌ناو خه‌ڵکدایه، ئه‌مه کورته‌ی چیرۆکه‌که‌یه'( پاشایه‌ک ده‌بێت دڵی نه‌خۆش ده‌که‌وێت و پێویستی به دڵێکی گه‌نجه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مرێت، کچێکی گه‌نج دڵی خۆی پێشکه‌ش به پادشا ده‌کات، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی پاشا نه‌مرێت، پاشان چیرۆکی خۆشه‌ویستی له نێوان کچ و پاشادا ده‌ست پێ ده‌کات) ناوه‌ڕۆکی ئه‌م چیرۆکه سه‌لماندنی ئه‌و دروشمه‌ی به‌عسه ده‌یگوت: (گیان و خوێنمان فیدات ده‌که‌ین سه‌دام "بالروح , بالدم , نفدیک یا صدام'). ڕۆژێک دوای نمایش‌کردنی ئه‌م شانۆیه واته له 19.9.2002 کۆڕێک سه‌باره‌ت به شانۆکه ڕێکده‌خرێت بۆ په‌سن و پیاهه‌ڵدانی ڕژێمی به‌عس، هه‌ر له‌و کۆڕه‌دا شانۆکاری کورد 'هاوڕێ زه‌نگه‌نه' هه‌ڵده‌ستێت وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و باس له شانۆی عێراقی ده‌کات و باس له‌و نه‌هامه‌تییانه ده‌کات هونه‌رمه‌ندان به‌ده‌ست ئه‌و ڕژێمه‌وه به‌سه‌ریاندا هاتووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له کۆڕه‌که‌دا موخابه‌راتی عێراقی ئاماده‌بوون، ڕۆبێرتۆ جولی توڕه ده‌بێت و داوا ده‌کات سانسۆر بخه‌نه سه‌ری، به‌ڵام ئه‌و بێ گوێدانه قسه‌کانی جولی به‌رده‌وام ده‌بێت له ڕه‌خنه‌و قسه‌کانی. جولی جگه له‌وه‌ش له ڕۆژنامه‌ی Die Freitag ی 4.4.2003 بهشانو باڵی سه‌دامدا هه‌ڵده‌دات هێرش ده‌کاته سه‌ر بوش و پێی ده‌ڵێت: که‌سێکی فاشیل و داکه‌وتووه(ساقط)و سه‌دام به دیموکرات و هونه‌ردۆست په‌سن ده‌کات. له‌کاتێکدا ڕۆژنامه‌ی Junge Welt ی3.1.2003 پرسیار له کۆنستانتین ڤێکهر (Konstantin Wecker) ده‌کات و ده‌ڵێت:' ئایا نیازت هه‌یه به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ببینی؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: من هیچ پێویستییه‌کم به بینینیان نییه. ئێمه سه‌ربه‌خۆین و به پاره‌ی گیرفانی خۆمان ده‌چین و داوا له‌که‌س ناکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد وسه‌رفراز بمێنینه‌وه.' له وه‌ڵامی پرسیارێکی تردا ده‌ڵێ: من ده‌ڵێم سه‌دام حوسێن دیکتاتۆره، ئه‌مه موناقه‌شه‌ی نییه، سه‌دام تاوانی زۆر ترسناکی به یارمه‌تی ئه‌ڵمانیا ئه‌نجام داوه'. هه‌روه‌ها رۆژێکی دواتر ڕۆژنامه Abendzeitung ی 4.1.2003 له‌چاوپێکه‌وتنێکدا ئه‌م پرسیاره له کۆنستانتین ڤێکهر ده‌کات:" تۆ چۆن ڕژێمی عیراق ده‌بینی و سڵ ناکه‌یته‌وه له‌وه‌ی ئه‌و ڕژێمه تۆ بۆ خۆی بقۆزێته‌وه؟. ڤێکهر له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:"من به‌وه ناوبانگم ده‌رکردووه، که هیچ ده‌سه‌ڵاتێک ناتوانێت کاریگه‌ری بخاته سه‌ر هه‌ڵوێستی من چ له عێراق و چ لێره، ڕژێمی عێراق ڕژێمێکی دیکتاتۆره ئه‌مه شتێکه موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر نییه'. ئه‌م هونه‌رمه‌نده پێش ئه‌وه‌ی بۆ عێراق سه‌فه‌ر بکات ئه‌م قسه‌یه‌ی کرد. دیاره ناو زۆرن، که هه‌ڵوێستی زۆر مرۆڤدۆستانه‌یان به‌رامبه‌ر به کورد هه‌بووه‌و یه‌کێک له‌وانه‌ش بانگهێستی کوردستان نه‌کراون وه‌ک ساراکان، هارۆلد پێته‌ر، داریوفو، ماریاناو زۆری تر ئه‌مه‌ش به‌ڕای من له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ناو حیزبه کوردییه‌کاندا کارده‌که‌ن ته‌نها کۆنه به‌عسی یان ئه‌وانه ده‌ناسن په‌یوه‌نییان به به‌عسه‌وه هه‌بووه، ئه‌گینا بێ ئاگایی بگاته ئه‌و ئاسته‌ی گه‌زیزه عومه‌ر پاش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی شاری مویلهایم ی ئه‌ڵمانیا ده‌کات و په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ جولی دروست ده‌کات و پاشان بانگهێستی ده‌کات بۆ پێشانگایه‌کی تایبه‌ت له شاری سلێمانی بۆ شانۆکارێکی ئه‌ڵمانی به ڕه‌گه‌ز ئیتالی، که تا پێش ڕوخانی ڕژێمی به‌عس پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ده‌کردو پێنج ڕۆژ پێش ڕۆخانی په‌یکه‌ره‌که‌ی سه‌دام له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی Die Freitag دا ده‌ڵێت: (ئێمه که‌مته‌رخه‌میمان کردووه، که دوو ملێۆن که‌سمان نه‌برد بۆ عێراق، وه به‌رگریمان له ماف و ژیانی ئه‌و خه‌ڵکه نه‌کرد)*5. ئایا گهزیزهخان له ڕابردووی ئه‌و پیاوه بێ ئاگایه، له‌کاتێکدا سه‌ردانی مویلهایمی کردووه‌و به‌شداربووه له کۆڕ‌و سیمینارانی ئێواران له‌و شاره؟، گه‌زیزه خان یه‌کێک نییه له‌وانه‌ی ئیمزای به‌یاننامه‌که‌ی کرد، به بێ هیچ به‌شداریکردن و گفتوگۆیه‌ک له‌سه‌ر به‌یاننامه‌که؟. ئایا حیزبه کوردییه‌کان نا به‌ڵکو ده‌زگا به‌ناو ڕۆشنبیرییه‌کانی ناو حیزبه‌کان ئاگایان له‌و بابه‌ت و نووسینانه نییه له‌سه‌ر ئه‌م قاره‌مانه نووسراون، فرمێسک مسته‌فا ده‌ڵێت: (وه‌ک ده‌زانرێت که ڕژێمی عیراق نه‌ک هه‌ر له ناوه‌وه‌ی وڵات به‌ڵکو له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتیش توانی به‌هۆی پاره‌و سه‌روه‌ته‌وه خه‌ڵکانی هونه‌رمه‌ند چ عێراقی و چ ئه‌وروپی بۆ خۆی بکرێت که خزمه‌تی پروپاگه‌نده بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بکه‌ن، وه یه‌کێک له‌و شانۆ کاره ئه‌وروپییه ڕۆبیرتو جولییه، که بوو به بڵند گۆی ڕژێمی به‌عس)*6. دیاره ناکرێت باسی ئه‌و نووسینه‌ی هاوڕێ زه‌نگه‌نه‌ش نه‌کرێت، که به‌زمانی ئه‌ڵمانی له گۆڤاری Theater Der Zeit ی 12.12.2003 له‌ژێر ناوی (حه‌سره‌تێکی پڕ له موینشنهوه بۆ که‌رکوک Voller Sehnsucht von München nach Kirkuk) بڵاوبۆته‌وه، نووسینه‌که‌ش باس له قاره‌مانێتی جولی و حزبه دیموکرات و هونه‌ردۆسته‌که‌ی به‌عس ده‌کات. من بۆ خۆم نامه‌وێت هیچ شتێک له‌سه‌ر ئه‌و نووسینه بڵێم، ته‌نها ئاماژه به نامه‌ی خوێنه‌رێکی ئه‌ڵمانی ده‌که‌م بۆ گۆڤاره‌که‌ی ناردووه، هه‌تا له ڕیگای گۆڤاره‌که‌وه به هاوڕێ زه‌نگه‌نه بگات، ده‌ڵێت: ئه‌و بابه‌ته زۆر سه‌رنج ڕاکێش بوو کاتێک خوێنده‌مه‌وه" گرنگی ئه‌و بابه‌ته له‌وه‌دایه سکرتێره‌که‌ی جولی ڕێناته گریمالدی (Renate Grimaldi)که ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵی بۆ کوردستان ڕۆشته‌وه به‌په‌له نامه‌یه‌ک بۆ گۆڤاره‌که ده‌نووسێت و نووسینه‌که‌ی زه‌نگه‌نه به‌جنێو و بریندارکه‌ر ناوزه‌نده ده‌کات و ده‌ڵێت: 20 ساڵه له‌گه‌ڵ جولی کارده‌که‌م وشه‌ی سانسۆرم له‌ده‌م نه‌بیستووه، که ئه‌مه جێگای باس نییه، که چۆن پێشتریش جولی سانسۆری خسته سه‌ر قسه‌ی هونه‌رمه‌ندێکی ئێرانی له کۆڕێکدا ده‌می پێ داخست، له‌وه‌ش کۆمیدیتر بانگهێشتی بۆ دانیشتنێکی تایبه‌ت، (که بێگومان موخابه‌راتی به‌عس و پیاوانی ڕژێم ئاماده ده‌بوون) ده‌کات، به‌ڵام مه‌ردانه زه‌نگه‌نه ئه‌و بانگهێشته ڕه‌تناکاته‌وه به‌مه‌رجێک داخراو نه‌بێت و کراوه بێت، به ئاماده‌بوونی میدیاکانی ئه‌ڵمانیا، چونکه ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی جولی نه‌بوو ڕه‌تی کرده‌وه. بۆیه پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه کێ به‌رپرسیاره له‌به‌رده‌م دروستکردنی په‌یوه‌ندی ئه‌م جۆره مرۆڤانه‌دا؟ کێن ئه‌وانه‌ی به‌ناو ڕۆشنبیریی کوردییه‌وه قسه ده‌که‌ن و ئاگایان له‌م په‌یوه‌ندی و مه‌سه‌لانه نییه، بۆ کورد خاوه‌نی خه‌ڵکی به توانا‌و شاره‌زای نییه؟ یان ته‌نها مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه ده‌بێت بۆ جیهانی بسه‌لمێنین که کورد بێگانه په‌رسته.
په‌راوێزه‌کان
*1- ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ژماره 2099 ی 31.3.2006 لاپه‌ڕه 9 *2- سایتی په‌یامنێر (www.peyamner.com) 9.march.2006 *3- هه‌مان سه‌رچاوه *4- راجی عبدالله. مسرح الرور الی این!؟ برلین. 2003 *5- ئه‌نوه‌ر قادر ڕه‌شید. شانۆکارانی عێراق و علوجهکانی سه‌حاف له ئه‌ڵمانیا. کوردستانپۆست *6- فرمێسک مسته‌فا، له‌دوای ڕوخاندنی ڕژێم شانۆی کوردی به‌ره‌و کوێ ده‌چێت، گۆڤاری زانستی شانۆ، ژماره1، 2005
|
|
04/07/2007 |