بانگهێشتن بۆ دامه‌زراندنی کۆمیته‌ی به‌رگریکردن له‌ ڕۆژنامه‌وانان

 
 

 

بۆ هه‌موو نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی کورد و کوردستانی!

 

له‌ بانگه‌وازێکی پێشووتردا، لێژنه‌ی ڕاسپێردراو بۆ دامه‌زراندنی کۆمیته‌ی به‌رگریکردن له‌ ڕۆژنامه‌وانانی کوردستانی، داوای له‌ نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌وانان کردبوو خۆیان ناونووس بکه‌ن وه‌ک ئاماده‌کارییه‌ک بۆ گرتنی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوان به‌ مه‌به‌ستی پێکهێنانی کۆمیته‌ی به‌رگریکردن له‌ ڕۆژنامه‌وانانی کوردستانیی.

 

دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و با‌نگه‌وازه‌ چه‌ندین نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس په‌یوه‌ندییان پێوه‌ کردین و ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی له‌و کۆمیته‌یه‌ باشداریی بکه‌ن یان پێشتیوانیی کۆمیته‌که‌ بکه‌ن. ئێستا دووباره‌ داوا ده‌که‌ین له‌ نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی کوردستانیی له‌وانه‌ی بانگه‌وازیی یه‌کمیان نه‌خوێندبووه‌وه یان له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بووبێت تا ئێستا به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی داخوازینامه‌یان نه‌ناردووه، تاکوو ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ڕێککه‌وتی 1/6 په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ کۆبوونه‌وه‌ی دامه‌زراندنی کۆمیته‌که‌ به‌شداری بکه‌ن. کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌م ‌ کات و شوێنه‌دا ده‌بێت:

 

ڕۆژ: شه‌ممه‌ 3/6

کات: ده‌مژمێر 19.00 به‌ کاتی ناوه‌ندی ئه‌وروپا

شوێن: ژووری یه‌کێتیی میدیای ئه‌لکترۆنیی کوردستان له‌ پالتالک، گروپی ئه‌و‌روپا، ژووره‌ کوردییه‌کان

 

هاتن بۆ هه‌مووانه‌ و به‌خێرهاتنی هه‌موو نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسان ده‌که‌ین تاکوو به‌ به‌شداربوونیان کۆبوونه‌وه‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کان ئاسانتر به ‌ڕێوه‌ بچن، تکایه‌ داخوازینامه‌ی به‌شداربوون له‌ کۆمیته‌که‌دا به‌ر له‌ دوا مۆڵه‌ت بۆمان بنێرن.

 

ئه‌رکی ئه‌م کۆمیته‌یه‌ به‌رگریکردنه‌  له‌ گشت ڕۆژنامه‌وانانی کورد و کوردستانی به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی کام ده‌وڵه‌ت یان لایه‌ن مافه‌کانیان پێشیل ده‌کات یان ده‌ستدرێژییان بۆ ده‌کات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاوکاریی هه‌موو ڕێکخراو و لێژنه‌ هاوچه‌شنه‌کان ده‌که‌ین له‌ هه‌رکوێیه‌کی جیهاندا بن.

 

لێژنه‌ی کاتیی ڕاسپێردراو بۆ دامه‌زراندنی کۆمیته‌ی به‌رگریکردن له‌ ڕۆژنامه‌وانانی کوردستانیی

یه‌کێتی میدیای ئه‌لکترۆنیی کوردستان

 

www.ymek.org

ku_e_m@yahoo.se

tel:………………. ‌‌

 

 

 
           

 

02/09/2015