بێریڤان
جه‌مال حه‌مه سه‌عید
كاتێ لێم دووریت، هه‌رگیز له بیرم
جیانابیته‌وه
هه‌موو ئاره‌زووم، نزیکبوونه‌وه‌ی
هه‌سته‌کانته
بمدۆزێته‌وه
سه‌رم گه‌رمکاو
گۆشهگیریمی تیا بتوێته‌وه
نزیکیشکهوی،
ترسێکی سه‌ختی
هه‌موو خواستێکم دوورکه‌وتنه‌وه‌ی
چاوه‌کانته
نه‌با زمانی راستگۆ و بێ درۆم
نهێنی دڵم زوو بدرکێنێ
نه‌ک خۆشه‌ویستیم
ده‌رگای ڕازه‌کان بخاته سه‌رپشت
دانه‌خرێته‌وه
هه‌رچه‌ند له ناخما، ئاشنا و به‌سۆزی
که‌چی ئاره‌زوو، ناچارم ئه‌کات
هه‌ستی ناسکت
هه‌ر وه‌کو گوڵی ده‌ستی مناڵێک
توند توند بیگوشم
هه‌ر بیپروێنم
ئه‌گه‌رچی نامۆ، خۆم ئه‌بینمه‌وه
ڕۆژ و شه‌وگارم تارێک و کپه
دڵڕهوێنمه ده‌نگی پڕ میهرت
ئاوازی نه‌رم و مۆسیقای چپه
که‌چی له نێوان تۆ و نیشتمانا
ئارام ناگرم و ، هه‌ر ئه‌خولێمه‌وه
ئیتر نازانم له‌ناو باوه‌شی
گه‌رموگوڕی تۆ، یاله وڵاتی گۆشهگیرییما
سه‌ری پڕ سۆزمی تیا ئه‌نێمه‌وه!
|