که‌پرێک له‌ مێو

 بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید 

                                                                                                                                        

که‌ مۆته‌که‌ی خه‌م سواری سه‌رمبێت

هه‌ر مه‌یه‌ که‌ پێی سه‌رم گه‌رمبێت

که‌ ده‌ستم ئه‌به‌م بۆ گه‌ردنی شووشه‌

ئه‌مباته‌وه‌ بۆ باخی ئه‌ندێشه

شه‌وه‌زه‌نگی من با ره‌شچێته‌وه‌

ئازار و خه‌م تیا با بوخلێته‌وه‌

هه‌ر که‌ تام و بۆی تفت و شیرین هات

تیشکی یه‌زدانی هه‌ڵئه‌کرێته‌وه‌

پۆله‌ په‌پووله‌ی خۆزگه‌و ئاواتم

بۆ بڵندایی به‌رزئه‌بنه‌وه‌

له‌ ناو چیمه‌ن و نه‌سرینی دڵا

ئارامئه‌گرن وئه‌نیشنه‌وه‌

سوێی زامه‌کانم یه‌خه‌م به‌رئه‌ده‌ن

 ترپه‌کانی دڵ به‌ تاو لێناده‌ن

چوارده‌ورم ده‌بێت به‌ که‌ژاوه‌ی مێو

وشه‌ی بێزاریم نایه‌ته‌ سه‌رلێو

ئه‌م دنیام هه‌مووی که‌پره‌ ترێ بێت

مه‌لی ئاره‌زووم به‌ ناویا بفڕێت

زایه‌ڵه‌ی زه‌نگی به‌هه‌شت بێته‌ گوێم

جیهانی وا منی پێ مه‌ ست بم

ده‌ با له‌و دنیا هه‌ردۆزه‌خ بێت جێم!

 

           

 

02/09/2015