شه‌ڕه‌ له‌ سه‌ر مافی ئافره‌ت یان له‌سه‌ر پۆست ؟!!

چیمه‌ن ساڵح

 

ئافره‌ته‌کانیش هه‌قی خۆیانه‌ وه‌ک پیاوه‌کان ، له‌ خه‌می به‌ ده‌ستهێنانی پۆستدا بن و شه‌ڕی بۆ بکه‌ن و واسیته‌ی بۆ بکه‌ن و چی ده‌که‌ن بیکه‌ن بیکه‌ن ، به‌ڵام با ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌ کوردستاندا خۆیان به‌ پێشه‌نگ ده‌زانن به‌ ناوی ئافره‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ نه‌که‌ن و رێک بڵێن ئێمه‌ شه‌ڕی به‌ ده‌ستهێنانی پۆست ده‌که‌ین ، نه‌ک مافی ئافره‌ت .وه‌ک هه‌ریه‌کێک له‌ پیاوه‌کان که‌ ئێستا ده‌زانن باوی ئه‌وه‌یان نه‌ما بڵێن کوردایه‌تی دڵسۆزی و تێکۆشان ، قسه‌ گه‌لی له‌م بابه‌ته‌ .

له‌گه‌لێک دانیشتن و وتن بۆنه‌ی گشتی و تایبه‌تدا گوێ بیستی ئه‌وه‌ بووم له‌ به‌ر ده‌می ئه‌و ئافره‌تانه‌ی که‌ خۆیان به‌ خۆکوژی مافی ئافره‌ت ده‌زانن کێشه‌ی گه‌وره‌و گرنگ باس کراوه‌  له‌وانه‌یه‌ خۆشم باسم کردبێ، له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵکی تریش ....زۆر باسکراوه‌ ، ته‌حه‌دا ده‌که‌م یه‌کێک له‌وانه‌ هه‌ڵوێستێکی بچوکیشیان هه‌بووبێ ..یاخود ده‌نگێکیان گه‌یاندبێ به‌وه‌ی که‌ کار به‌ده‌سته‌ ناڵێم ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی خۆیانی تێدا بووبێ ..سکاڵای ئافره‌تێکم وه‌ک ئه‌رکێکی مرۆیی که‌ زۆر لام پێویست ،  گه‌یانده‌ ئافره‌تێکی تێکۆشه‌ر به‌ڵکو به‌ ده‌نگییه‌وه‌ بێ  ، چه‌ند جار پرسیارم لێکرده‌وه‌ دوایی زانیمه‌وه‌ بێئه‌وه‌ی بزانێ چیه‌ فڕێی دابووه‌ ناو ته‌نه‌که‌ی خۆڵه‌وه‌ ..؟

 ئه‌وانیش با وه‌ک پیاوه‌کان بۆ پۆست و پایه‌ هه‌وڵبده‌ن هیچ شتێک له‌سه‌ ئافره‌ت حساب نه‌که‌ن .

من پێموایه سه‌رۆکی حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان  سه‌رۆکی حکومه‌ت و یاخود هێرۆخانی هاوسه‌ری مام جه‌لال ، " تکایه‌ تێ بگه‌ن که‌ ئاماژه‌ به‌وانه‌ ده‌که‌م مه‌به‌ستم باسکردنیان نیه‌ " ئه‌گه‌ر سکاڵایان چووه‌ به‌رده‌م به‌ فریا ده‌که‌ون به‌ڵام ئاخۆ چۆن ده‌یانگاتێ ؟؟؟!!!  .. به‌ڵام ئافره‌ته‌کانی  که‌ له‌ سه‌ر پۆست شه‌ڕیانه‌ تا بۆیان بکرێ ده‌نگوباسی باش  و سکاڵای ئافره‌تان ده‌شارنه‌وه‌و نوقمی ده‌که‌ن .

خۆزگه‌ کابینه‌یه‌ک پێک ده‌هات بێ ئافره‌تیش بووایه‌ به‌ڵام ئه‌و کابینه‌یه‌ کاری ده‌کردو هه‌ر هه‌موویان بڕوایان به‌وه‌ ده‌بوو  ، تا یاساکان به‌ ته‌واوی یاسای مرۆیی بن و له‌ هه‌مانکاتدا جێبه‌جێبکرێن ، ئافره‌تی لێقه‌وماو له‌ به‌رده‌م دادگاکاندا نه‌ده‌بوو به‌ سینه‌ما و پرۆژه‌ی ئابووری بچووک و گه‌وره‌ بۆ کچان و ژنانی نه‌خوێنده‌وارو بێکارو پێویست ده‌کرایه‌وه‌ ، هه‌موو ئافره‌تێک له‌ هه‌رته‌مه‌نێکدا بووایه‌ ده‌رفه‌تی خوێنده‌واری بۆ ده‌کرایه‌وه‌ ، ژنه‌ نه‌خۆشه‌کان " که‌ به‌ ملیۆنن " بۆ چاره‌سه‌ر هاوکارییان ده‌کرا ، هه‌ر ژنێکی بێ موچه‌و بێ سه‌رپه‌رشت جا به‌ هه‌رهۆیه‌ک بێ موچه‌یه‌کی بۆ ده‌بڕایه‌وه‌ بێ منه‌ت پێی بژی ، ژنکوژه‌کان سزاده‌دران و " رێگا له‌ به‌رپرسه‌ نابه‌رپرسه‌کان ده‌گیرا که‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ کار به‌ خراپی به‌کار بهێنن له‌ به‌رامبه‌ر ئافره‌تاندا .........."پۆلیسی تایبه‌تی دروست ده‌بوو بۆ پاراستنی ئافره‌ت و خانه‌ی تایبه‌ت پێکده‌هات و به‌هره‌ی ئافره‌ت په‌ره‌ی پێده‌درا و له‌ ده‌ست بڕیاری له‌ سۆنگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌وه‌ رزگار ده‌کرا  ......" ئه‌و کاته‌ حکومه‌ت ده‌بوو به‌ حکومه‌تی یافره‌تان و ژنان و دایکان و کچانی وڵاته‌که‌  .  ئه‌و کاته‌ ئافره‌تان خۆیان ده‌بوون به‌ خاوه‌نی که‌سایه‌تی خۆیان و که‌سیان نه‌ده‌ویست به‌رگرییان لێ بکا ...ئه‌گه‌ر وانه‌کرێ به‌ ده‌ گوڵیش له‌ ناو حکومه‌تدا به‌هار نایه‌ت .

 

 

           

 

02/09/2015