ئه‌گه‌ر خۆمان شتمان پێ‌ چاک نه‌کرێت ئه‌وا تێکی ده‌ده‌ین

دلێر محمد

 

 

ئه‌مه‌ ته‌نها دروشمی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و خه‌ڵکانی هه‌ڵپه‌سراوی ئه‌وان نیه‌ به‌ڵکو ڕووی هه‌ڵسوکه‌وته‌کانیشیانه‌  له‌گه‌ڵ چه‌نده‌ها دروشمی تر که‌ یه‌کجار زۆرن و بواری تاوتوێکرنیان نیه‌ و تا ڕاده‌یه‌ک دورن له‌ ناوه‌ڕۆکی ئه‌م بابه‌تهله‌به‌ر ئه‌وه‌ دایده‌نێم بۆ کاتێکی تر‌، من که‌ لێره‌دا باسی هه‌ڵوێست و کرده‌وه‌ی هه‌ندێ خه‌ڵک و لایه‌ن ده‌که‌م که‌ خۆیان هیچیان پێ ناکرێت و چاویان به‌رایی نادات که‌سانی دیکه‌ کاری نیشتمانپه‌روه‌ری بکه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانن به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ده‌که‌وێته‌ خه‌ته‌ره‌وه‌ و مه‌جبور ده‌بن ڕێگای ڕاستگۆیی له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆیان یان ئاشبه‌تاڵ کردن بگرنه‌ به‌ر، هه‌ڵبه‌ته‌ ئاماده‌ نین خۆیان دوچاری هیچ کامیان بکه‌ن، هه‌ندێ که‌س که‌ وه‌ک داشی دامه‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌کار دێن بۆ لێدانی هه‌وڵ و کۆشه‌شی که‌سایه‌تی و لایه‌نی ڕه‌سه‌ن ، هه‌ندێکیش هه‌ن خۆیان ئه‌و ڕێگه‌ هه‌ڵده‌بژێرن بۆ وه‌دیهینانی هه‌ندی ده‌سکه‌وتی لاوه‌کی و بێ ئه‌رزش.

 

ئه‌م نوسینه‌ش ره‌خنه‌ له‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی باشوری کوردستان نیه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵسوکه‌وتیان ئاشکرایه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر و خۆشیان نکۆڵی له‌ گه‌نده‌ڵی و بێ به‌رنامه‌یی و دووفاقی سیاسته‌کانی خۆیان ناکه‌ن، ئه‌م نوسینه‌ ڕوو له‌ ئه‌وانه‌ ده‌کات که‌ من به‌ مه‌ترسیداریان ئه‌بینم له‌م قۆناغه‌دا ، ئه‌وانیش هه‌ندێ که‌س و گروپ به‌ناوی ڕۆشنبیر و نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و شتی تر هاتونه‌ته‌ گۆڕه‌پانی کوردستانه‌وه‌، که‌ ئاماده‌ن هه‌موو هه‌لێک بقۆزنه‌وه‌ بۆ وه‌ده‌سهێنانی هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی لاوه‌کی و هه‌موو شێوازێک به‌کاربهێنن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وه‌ک درۆ، ساخته‌ ، ڕیاکردن، و دزینی هه‌وڵ و چالاکی که‌س و لایه‌نی تر بۆ خۆیان بۆ نزیکبونه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات به‌ ئومێدی ده‌سکه‌وتنی پشکێک له‌ پاشماوه‌ی سفره‌ی ده‌سه‌ڵات یان کردنه‌وه‌ی دوکانێک له‌ژێر هه‌ر ناوێک بێت له‌لایه‌ک، و بێ ئه‌رزش کردنی هه‌وڵی ڕه‌سه‌ن و نیشتمانپه‌روه‌ری که‌سان و لایه‌نی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی تر له‌ لایه‌کی تره‌وه‌.

 

له‌ به‌رواری 21/5/2006 و له‌ ماڵپه‌ڕی حکومه‌تی هه‌رێمی باشوری کوردستان بانگه‌وازێک بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ له‌م لینکه‌دا‌(http://www.krg.org/articles/article_detail.asp?ArticleNr=11210&LangNr=14&LNNr=35&RNNr=69 ) که‌ زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ و بوو به‌ زه‌مینه‌ی ئه‌م نوسینه‌.

له‌و بانگه‌وازه‌دا ناوی کۆمه‌ڵێک ڕێکخراو و که‌س نوسراوه‌ که‌ ئیمزایان کردوه‌ له‌وانه‌ تیایاندایه‌ که‌ کاتی خۆی به‌سه‌ر ( السید الرئیس حفظه الله) ی هه‌ڵداوه وه‌ک عبدولوه‌هاب تاله‌بانی‌، خه‌ڵکان و لایه‌نی تیایه‌ که‌ پێش چه‌ند مانگێک داواین له‌ خه‌ڵک ده‌کرد که‌ ئاگادار بن له‌و به‌ڵگه‌نامه‌ که‌ ساخته‌یه‌ وه‌ک میدیای ئه‌لکترۆنی ( تیایاندا بو که‌ قاقای پێکه‌نینی ده‌دا به‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌)، خه‌ڵکانی تیایه‌ که‌ ئه‌ندامی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد-چاک- ه‌ به‌ڵام بۆ ساڵێک ده‌بێت سه‌نگه‌ری گواستوه‌ته‌وه‌ لای گروپێکی تر و به‌ردێکی نه‌خستوه‌ته‌ سه‌ر به‌ردێک، خه‌ڵکانی خاوه‌ن ئه‌زمون و خه‌باتگێڕیشی تیایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ من ئه‌م چه‌ند پرسیاره‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌ست خوێنه‌ری به‌ڕێز بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بانگه‌وازه‌ و خاوه‌نه‌کانی و مه‌به‌سته‌کانیشیان هه‌ڵسه‌نگێنێت، که‌ به‌ڕای من هیچ مه‌به‌ستێکی پاک له‌ پشت ئه‌م بانگه‌وازه‌وه‌ به‌دی ناکرێت ئه‌ویش ئه‌مانه‌ن:

 

-          ئایا که‌سێک خۆی به‌ ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نوس بزانێت و ئاگادار نه‌بێت که‌ ڕێکخراوێک هه‌یه‌ بۆ پتر له‌ دوو ساڵ و نیو ده‌چێت له‌ سۆراخی ئه‌و 18 کچه‌یه‌ ئه‌بێت چۆن ڕۆشنبیر و نیشتمانپه‌روه‌رێک بێت؟

-          ئایا چی وای له‌و خه‌ڵکانه‌ کرد که که‌ هه‌ڵوێست بگۆڕن، خۆیان‌ تا پێش مانگ و نیوێک‌ پێ ده‌که‌نین به‌و به‌ڵگه‌نامه‌ و خه‌ڵکیان هۆشیار ده‌کرده‌وه‌ که‌ دوای ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ناوه‌ندی چاک نه‌که‌ون، ئێستاش خۆیان بانگه‌واز بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌؟

-          زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌ ناوانه‌ له‌ ڕیزی حیزبه‌کان کار ده‌که‌ن یان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌خولێنه‌وه‌ ، ئه‌و حیزبانه‌ش له‌ خۆپیشاندانه‌کانی یادی ئه‌نفالی ئه‌مساڵ نوێنه‌ریان هه‌بوو له‌ زۆربه‌ی ئه‌و ووڵاتانه‌ی خۆپیشاندانیان تیا کرا، ئایا حیزبه‌که‌یان پێیان ڕانه‌گایندبوون که‌ مه‌به‌ست و هه‌ڵسوڕێنه‌ری ئه‌و خۆپیشاندانه‌ کێن، و بۆ رێگا ده‌دات ئه‌و کاره‌ بکه‌ن؟

-          ئایا بۆ هه‌وڵێکی ناوه‌ندی چاک سه‌باره‌ت به‌و کچانه‌ بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی حکومه‌تی هه‌رێم یان حیزبه‌کان به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ نه‌زۆکه‌ یه‌کسه‌ر بڵاو ده‌کرێته‌وه‌؟

-          زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و ڕێکخراو و که‌سانه‌ باس له‌ یه‌کگرتویی و یه‌ک به‌رنامه‌یی ده‌که‌ن له‌ نوسینه‌کانیان به‌ڵام هیچ که‌سیان ناویان نه‌خسته‌ پاڵ که‌مپینه‌که‌ی ناوه‌ندی چاک که‌ پێش 3 مانگ بانگه‌وازی بۆ کرا و بۆ زۆربه‌ی ئه‌و ناوانه‌ نێردرابوو، به‌ڵام ئێستا خۆیان ده‌یکه‌ن و هه‌مان دروشمی ناوه‌ندی چاک به‌کار دێنن؟

-          ئه‌وانه‌ی ئه‌م بانگه‌واز و که‌مپینانه‌ ده‌که‌ن و هه‌مان دروشمی ناوه‌ندی چاک به‌کار دێنن بۆ که‌مپینه‌که‌یان،  ئایا ئه‌وه‌ به‌ دزی ئاشکرا ناژمێردرێت‌؟

من هه‌ر ئه‌ پرسیارانه‌ ده‌که‌م هه‌ڵبه‌ته‌ پرسیاری تریش هه‌یه‌ به‌ڵام دایده‌نێم بۆ خه‌ڵکانی تری خاوه‌ن ویژدان بۆ کردنی و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م جۆره‌ کاره‌.

ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که‌ هه‌ڵساون به‌م کاره‌ وا ده‌زانن که‌ خه‌ڵک بێ ئاگایه‌ وه‌ک خۆیان له‌ ڕوداوه‌کان،  و نازانێت کێ چی ده‌کات و به‌ چ مه‌به‌ستێک، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌وانه‌ له‌و جۆره‌ که‌سانه‌ن که‌ده‌ڵێن ( ئه‌گه‌ر خۆمان شتمان پێ نه‌کرێت ئه‌وا تێکی ده‌ده‌ین) و وا دیاره‌ له‌به‌ر پابه‌ند بونیان به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ پێیان وایه‌ که‌ ده‌توانن ماندووبوونی و شه‌ونخونی خه‌ڵکانی تر بدزن و ناوی خۆیانی له‌سه‌ر تۆمار بکه‌ن و له‌و حاڵه‌ته‌شدا پشکێکی چه‌وریان ده‌ست ده‌که‌وێت له‌ پاشماوه‌ی سفره‌کانی سوڵتان.

لێره‌دا من حه‌ز ده‌که‌م کورته‌ باسێک له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ و ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که‌ دراون بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌نوسی ئه‌و 18 کچه‌ بنوسم بۆ خوێنه‌ری به‌ڕێز بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش بزانن چی کراوه‌ ( به‌ڵام ده‌ستم به‌ دامێنتان ئه‌مه‌شیان کۆپی مه‌که‌ن و ناوی خۆتانی بخه‌نه‌ سه‌ر ).

 

نوێنه‌ری ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفالکردن و جینۆسادی گه‌لی کورد-چاک- له‌ هاوینی 2003 که‌ بۆ یه‌که‌م جار ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی بینی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز خاتو وه‌زیره‌ جه‌لال له‌ سلێمانی و له‌و کاته‌وه‌ که‌وته‌ سۆراخی ئه‌و 18 کچه‌ به‌م شێوانه‌:

-          یه‌که‌م جار په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ندێ دۆستی کورد کرا له‌ ڕۆشنبیران و مرۆڤدۆستانی میسری، له‌به‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نه‌یاتوانی به‌رده‌وام بن له‌ سۆراخ کردنیان.

-          چه‌ند بانگه‌واز و کۆڕ و سیمینار کرا له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنیت له‌ پاڵتاک له‌ ژوری  پێشکه‌وتنخوازان، ژووری ئێره‌ ده‌نگی کوردستانه‌،ژووری کوردستان یونایتد، ( کاک هیشام ئاکره‌یی که‌ ئه‌ندامی کۆنسوڵی ڕێبه‌رایه‌تی و هه‌ڵسوڕاوێکی ناوه‌ندی چاک بوو به‌شداری تیا کرد) که‌ ئێستا خۆی یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ڵسوڕاوی ئه‌و بانگه‌واز و که‌مپینه‌!!!.

-          په‌یوه‌ندی کرا به‌ باڵوێزی میسر له‌ هۆڵاندا و نامه‌ی فه‌رمی نێردرا بۆیان له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2004.

-          سۆراخی که‌س و کاری ئه‌و کچانه‌ کران و که‌س و کاری هه‌ندێکیان دۆزرانه‌وه‌ و چاوپێکه‌وتنی ڤیدیۆییان له‌گه‌ڵ کرا.

-          ئاگادار کردنه‌وه‌ی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و به‌تایبه‌ت مافی ئافره‌تان کراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی ووڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌کان و جیهان بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ 2003-2006.

-          په‌یوه‌ندی که‌سایه‌تی و نوسین له‌گه‌ل حیزب و ده‌سه‌ڵاتی کوردستان بۆ دیاریکردنی چاره‌نوسیان.

-          کۆکردنه‌وه‌ی ئیمزا و نامه‌ ناردن بۆ رێکخراوه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان، یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا، په‌رله‌مان و حکومه‌تی ووڵاته‌ ئه‌وروپیه‌کان، په‌رله‌مانی کوردستان و ئێراق 2006.

-          خۆپیشاندان له‌ 8 ووڵاتی ئه‌وروپی و که‌نه‌دا و کوردستان به‌رامبه‌ر باڵوێزی میسر و دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانیان 2006.

-          ده‌سپێکردنی سکاڵانامه‌ی یاسایی دژ به‌ حکومه‌تی میسر 2006.

 

له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ ئه‌و بانگه‌وازه‌ و ئه‌و که‌مپینه‌ی که‌ له‌ سه‌ر تۆڕی پاڵتاک له‌ لایه‌ن هه‌ندی که‌سه‌وه‌ ده‌کرێت ته‌نها له‌ دوو ئامرازدا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌ ئه‌ویش:

1- هه‌وڵدان بۆ سارد کردنه‌وه‌ یان پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانی ناوه‌ندی چاک ه‌ که‌خه‌ریکه‌ حکومه‌تی میسر ده‌خاته‌ گۆشه‌یه‌کی تاریکه‌وه‌ ، له‌و ڕێیه‌وه‌ موساوه‌مه‌ کردن له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌و کچانه‌ له‌ لایه‌ن گه‌وره‌کانیانه‌وه‌ بۆ هه‌ندی ده‌سکه‌وتی لاوه‌کی.

2-  ئه‌گه‌ر ناوه‌ندی چاک سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا ئه‌وا ئه‌وان له‌ ڕێی ئه‌م هه‌وڵه‌ نه‌زۆکه‌وه‌‌ خۆیان بکه‌ن به‌ خاوه‌نی ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ به‌ پشتگیری ده‌سه‌ڵات، هه‌ر وه‌ک چۆن ویستیان سه‌رکه‌وتنی دادگاییه‌که‌ی فرانس ڤان ئانرات بکه‌ن به‌ هی خۆیان و سه‌ری نه‌گرت، ئه‌مجاره‌یان ئه‌یانه‌وێت له‌ زوه‌وه‌ خۆیانی بۆ ئاماده‌ بکه‌ن.

 

له‌ کۆتاییدا به‌و به‌ڕێزانه‌ و ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئه‌وان بیرده‌که‌نوه‌ ده‌ڵێم ،  به‌ری خۆر به‌ بێژه‌ن ناگیرێت ، ئه‌و ووزه‌ی له‌ ده‌سکه‌وتنی پشکێکی چه‌وری پاشماوه‌ی سفره‌ی ده‌سه‌ڵات به‌کار دێنن،  باشتره‌ له‌ سڕینه‌وه‌ی فرمێسکی منداڵێکی هه‌تیوی پاشماوه‌ی ئه‌نفال و کیمیاباران و ئاواره‌ی به‌کاری بهینن، باوه‌ڕ بکه‌ن نانه‌ ڕه‌قه‌ی سفره‌ی هه‌ژاریی زۆر خۆشتر و بێ زیانتره‌ تا پشکی چه‌وری سوڵتان، هیچ نه‌بێت گه‌ده‌ سوک ده‌کات و خه‌وی مرۆڤ خۆش ده‌کات و توشی کۆلسترۆلیشی ناکات.

 

که‌ منداڵ بوین له‌ کۆڵان یاریمان ده‌کرد، که‌ جله‌کانمان پیس ده‌بوو یان کارێکی خراپمان ده‌کرد به‌رامبه‌ر به‌ که‌سیک، ده‌هاتینه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ دایکمان سه‌رزه‌نیشتی ده‌کردین، داویی پێمان ده‌مان ده‌گوت تۆببه‌ ئیتر وا ناکه‌ین.

هیوادارم ئه‌م نوسینه‌ سودمه‌ند بێت، له‌بیرشتان نه‌چێت ئه‌و کچه‌ ئه‌نفالکراوانه‌‌ له‌ گروپی دایکانن، ئه‌گه‌ر وایان به‌سه‌ر نه‌هاتبایه‌ ئێستا چه‌ند منداڵیکی کورد له‌ ئامێزیان ئارام ده‌بوون.

 

21/5/2006

 
           

 

02/09/2015