ده‌کرێ تێڕۆریست
ببێته‌ ئاشتیخواز 

 

فـــه‌هـــد گــــرده‌وانــی

تێڕۆر { terror } ئه‌و په‌یڤه‌ ، ووشه‌یه‌ له‌ لاتینی وه‌رگیراوه‌ که‌ مانای ترس یا تۆقاندن ده‌دات ... زه‌ره‌رمه‌ند و کوشتار هه‌ر به‌ر سیڤیل‌[مه‌ده‌نی] زیاتر ده‌که‌وی له‌وه‌ی که‌ ئامانج و ئاواته‌که‌ی بپێکی... هه‌ر له‌ کاتی شه‌ڕی سارد دا هه‌تا ئه‌مڕۆ پێوانه‌ی تێکۆشانی گڕوپ و رێکخراو و هێزه‌کان به‌ نادروستی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت...ئه‌و لیسته‌ی که‌ رێکخراوه‌کانی به‌ تێرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌ 386 ناوی ریز کردووه‌ که‌ به‌شی هه‌ره‌زۆربه‌یان رێکخراوی ئازادیخواز و رزگاریخواز و دیموکراتیخوازن...ئه‌ی پێناسه‌ی تێڕۆریست چی یه‌؟! کێ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌و پێناسه‌یه‌ راست و دروست بکات‌ ؟! خۆ ناکرێ هه‌ر ئه‌مریکای بڵح بڕیار بدات له‌سه‌ر ئه‌و ووشه‌یه‌... رێکخراوی مافی مرۆڤ و ئه‌منستی ئینترناشیوناڵ و خاچی سوور و مانگی سوور و...هتد هه‌تا ئه‌مڕۆ نه‌یان توانیووه‌ و نه‌یانویستووه‌ ئه‌و پێناسه‌یه‌ بڵاوبکه‌نه‌وه‌ که‌ تێکۆشانی گه‌ل و رێکخراو و حیزب و میلله‌تان له‌ کامه‌ خانه‌ تۆمار بکات کاتێک داوای مافی سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن یا داوای مافی ره‌وایی ده‌کات...گه‌لانی ئه‌فریقیا له‌وه‌تی هه‌یه‌ ژێر ده‌سته‌ و شه‌هید ده‌به‌خشێ...یه‌هودی یه‌کان له‌کاتی شه‌ڕی جیهانی دووه‌مدا کۆکوژی ده‌کران و هۆڵیکۆستیان بۆ دروست ده‌کرا...یه‌کێتی سۆڤیه‌ت زیاتر له‌ 25میلیون شه‌هیدی به‌خشی تا هیتله‌ری له‌ناو برد...فه‌ڵه‌ستینییه‌کان له‌ساڵی 1948 هه‌تا ئه‌مڕۆ شه‌هید ده‌نێژن...گه‌لی جه‌زائیر یه‌ک میلیۆن شه‌هیدی به‌خشی ئینجا له‌ژێر ده‌ستی فه‌ره‌نسا رزگاری بوو...بیابانی رۆژئاوا[صحراء الغربیه‌]هه‌تا ئه‌مڕۆ له‌ژێر ره‌شماڵ و  له‌ناو ته‌پ و تۆز ژیان به‌ڕێ ده‌کات و له‌ نێوان مه‌غریب و جه‌زائیر ده‌ناڵێنی...له‌ناو دڵی ئه‌وڕوپا له‌ کۆنه‌ یۆگسلاڤیا ده‌سته‌ ده‌سته‌ میلله‌ت قڕ کرا و گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵ لێدرا...له‌ ئیسپانیای ئه‌وڕوپا باسکه‌کان و له‌ ئینگڵیستانی گه‌وره‌ ئێرله‌ندیه‌کانی باکوور و له‌ که‌ندا کیبیکه‌کان و له‌ قوبرس و تایوان و خوارووی سودان و صۆماڵ و...هتد به‌رده‌وام خه‌ڵک ده‌کوژرێ و میلله‌ت قڕ ده‌کرێت...له‌ به‌نگلادێش و له‌ هیندوستان و پاکستان ، به‌ناوی ره‌گه‌ز و ئایین و جیاوازی مه‌زهه‌ب و له‌ ئێران به‌ لوجه‌کانیش هه‌ناسه‌یان ته‌نگ ده‌کرێت و بێمافن...کورده‌ حه‌یاته‌که‌ی خۆشمان له‌ شه‌ڕی ((چاڵدێران 1514))ه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ پۆڵ پۆڵ ، ده‌سته‌ ده‌سته‌ شه‌هید ده‌نێژی و له‌به‌رچاوی مرۆڤایه‌تی شاروگوندی خاپور ده‌کرێت و خه‌ڵکی ژه‌هرباران و کیمیاوی باران ده‌کرێت و ئه‌نفاڵی بۆ دروست ده‌کرێت و ئێستاکه‌ش له‌ سوریا و تورکیا و ئێران قڕ ده‌کرێت و رێگاش نادرێت به‌زمانی خۆی بخوێنی...ئه‌و لیسته‌یه‌ ته‌واو نابێت ئه‌گه‌ر باسیان بکه‌ین ، ئه‌ی بۆ ئیرهاب ناکرێته‌ سه‌ر سه‌روگێلاکی سه‌رۆک و سه‌رۆکوه‌زیران و پاشا و..هتد کێ ده‌زانی ئه‌گه‌ر یه‌کێتی سۆڤیه‌ت بیستووخورده‌ میلیون شه‌هیدی پێشکه‌ش به‌ مرۆڤایه‌تی نه‌کردبایه‌، هیتله‌ر چی به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌کرد...چاک ده‌زانم ئێستاکه‌ش زیاتر له‌ یه‌ک میلیون جه‌زائیری له‌ پاریس ده‌ژین و رۆژانه‌ش خه‌لکی جه‌زائیر و مه‌غریب و تونس گیان ده‌به‌خشنه‌ نه‌هه‌نگ و ماسیه‌کانی ده‌ریا بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئاو و هه‌وای ئه‌و کۆنه‌ ئیستعماره‌[داگیرکه‌ر]ه‌...ئێستاکه‌ش جه‌زائیریه‌ک و تونیسیه‌ک و مه‌غریبیه‌ک حه‌ز ده‌کات به‌ فه‌ره‌نسی قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکات نه‌ک عاره‌بی...نۆزده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ پاریس کابرای جه‌زائیری ناچاری کردم به‌ ئینگلیزی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌م هه‌تا لێم تێبگات...حه‌وت ساڵ پێش ئێستاکه‌ دیسان کاکه‌ دڵۆڤان بووه‌ دیلماجم [وه‌رگێر] که‌ خوێندکاره‌ جه‌زائیری و تونس و مه‌غریبییه‌کان لێم کۆبونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی باسی ره‌وشی کورد و عێراقیان بۆ بکه‌م...که‌ به‌ عاره‌بی ده‌ستم پێکرد یه‌کسه‌ر گووتیان {ستۆپ}، گووتم نه‌مزانی ئه‌منی کورد عاره‌بیزانتر ده‌رده‌چم له‌ ئێوه‌، که‌چی خۆتان به‌ ره‌گه‌ز به‌ عاره‌ب ده‌خوێننه‌وه‌ و پارێزگاری له‌ صدام حوسێنی دیکتاتۆر ده‌که‌ن و وه‌کو پاڵه‌وانێکی عروبه‌ به‌سه‌ر و گێلاکی داهه‌ڵده‌ده‌ن...له‌ تانجه‌ی مه‌غریب ئه‌گه‌ر خوێندکارێکی دانشگا به‌ فریام نه‌که‌وتبایه‌ ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نی هوتێله‌که‌[میوانخانه‌]به‌ ئینگلیزی باشتر له‌یه‌ک حاڵیی بباین...له‌وێش مریدی صدام حوسین زۆر بوو ، وه‌کو سه‌رۆکی عاره‌ب ده‌یانپه‌رست و کازم ساهیری گۆرانی بێژ وه‌کو میری کچان بوو...کاتێک پرسیارم کرد خۆ کازم ساهیر به‌ فه‌ره‌نسی گۆرانی ناڵێ ئه‌ی چۆن تێیده‌گه‌ن ، خۆشه‌ویستیان بۆی وای لێکردبوون گۆرانیه‌کانیان وه‌کو فه‌قێی کوردستان چۆن ئایه‌تی حیفیزده‌کرد ئاوایان ئه‌و هه‌موو گۆرانیه‌ حیفز کردبوو...به‌ کچه‌کی له‌چه‌ک پۆشم گووت نوێژ ده‌که‌ی گووتی به‌ ره‌مه‌زانان فه‌قه‌ت ، گووتم له‌چه‌کت بۆ حیجابه‌ و ژوانیش داده‌نێی گووتی ئه‌وه‌ عاده‌ته‌ بۆیه‌ له‌سه‌رم کردووه‌...گووتم چه‌ند ئایه‌تی قورئانت له‌به‌ره‌ گووتی دووان ، به‌ڵام زیاتر له‌ بیست گۆرانی کازم ساهیری له‌به‌ربوو...پێم گووت له‌مانای گۆرانییه‌کان ده‌گه‌یت ، به‌ فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و ئیسپانی چه‌ند کۆپڵه‌یه‌کی وه‌رگێران...له‌ تونس هاوسه‌ره‌که‌م لێم نه‌گه‌ڕا ئه‌گه‌رنا له‌گه‌ڵ یه‌کێک ده‌مکرده‌ شه‌ڕ ئه‌وه‌نده‌ باسی پاڵه‌وانی صدام حوسێن و گه‌وره‌یی کازم ساهیری به‌ زمانی فه‌ره‌نسی بۆ کردم ناچاربووم شۆفینیانه‌ پێی بڵێم بڕۆ جارێ خۆت فێره‌ زمانی عاره‌بی بکه‌ ئینجا وه‌ره‌ باسی ئه‌و مرۆڤ کوژه‌ بکه‌ چونکه‌ تۆ عاره‌ب نیت و به‌ربه‌ری و هیچ په‌یوه‌ندیت به‌ عاره‌به‌وه‌ نی یه‌ ئه‌میش وه‌کو ئه‌وه‌ی شوژنی تێڕا بکه‌ن هه‌ڵده‌به‌زیه‌وه‌ و ده‌یگووت عاره‌بم ...دوو سێ دێره‌ شیعرم بۆی خوێنده‌وه‌ وه‌کو ئه‌وه‌ی گوێزی بۆ بژمێرم وابوو ناچاربووم دێره‌ شیعره‌که‌ی حه‌زره‌تی حاجی قادری کۆیم بۆ خوێنده‌وه‌ و هاوسه‌ره‌که‌م خه‌ریک بوو بڵێ نابی یه‌کسه‌ر له‌ ووشه‌ی [قعپه‌] گه‌یشت و منیش رۆیشتم...فه‌ره‌نسیه‌کان زمان و فه‌رهه‌نگیان له‌ خوێنی ئه‌وانه‌ و ره‌شپێسته‌کانی ئه‌فریقا رواندووه‌ و له‌ناو نه‌خوێنده‌وار و پیره‌کانیش ووشه‌ی فه‌ره‌نسی به‌کاردێت...بۆمن داگیرکه‌ر{ئیستعمار}یه‌ک مانای هه‌یه‌ و خۆشم ناوێت ،ئیستعماری باش و خراپیش له‌ جیهاندا نیه‌ و ده‌که‌ویته‌ خانه‌ی تێرۆر که‌ ئه‌و هه‌موو بیده‌سه‌ڵاته‌ ده‌کوژی ...شێخ مه‌حموود نه‌چووه‌ له‌نده‌ن شه‌ڕ بکات به‌ڵکو ئینگلیز له‌سه‌ر خاکی کوردستان به‌گژی داچوون ئه‌ی ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕه‌ ناوی چیه‌...شه‌هیدانی جه‌زائیر و شه‌هیدانی خوارووی سودان و هیندیستان و خوارووی ئه‌فریقا و فه‌له‌ستین و یه‌هودی یه‌کان و ئه‌وروپییه‌کان و کوردستان و..هتد له‌ دڵی میلله‌ته‌کانیان ده‌ژین...با لێبگه‌ڕێن شه‌ڕ وکوشتن نه‌مینێ و خه‌ڵکی به‌ ئازادی و سه‌ربه‌ستی خۆی بژی ، جا گه‌لۆ تێڕۆریست ده‌مینێ؟! کێ تێڕۆریسته‌...یاسر عه‌ره‌فات و شه‌معون پێرس و ئیسحاق رابین و ئه‌نوه‌ر سادات و مه‌ناعیم بێگین سه‌رده‌مانێک تێڕۆریست و مرۆڤ کوژبوون بوونه‌ خاوه‌ن خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی.

 9/5/2006ستۆکهۆڵم 

 

 

 

 

           

 

02/09/2015