له په‌ڕاوێزی سه‌فه‌ره‌که‌ی غه‌نی بلووریان بۆ باشووری کوردستان خ.غه‌ریقی له‌م رۆژانه‌دا له‌یه‌ک دوو سایتی به‌فیکر تووده‌یی یا کۆنه تووده‌ییدا چاوم به باتێک که‌وت که سه‌رنجی ڕاکێشام. ئه‌ویش باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی غه‌نی بلووریان بۆ باشووری کوردستان بوو. وه‌ک هه‌ستی سه‌رنج و کونجکاوی بابه‌ته‌که‌م خوێنده‌وه. سه‌ره‌تا چاوه‌روانیم ئه‌وه‌بوو که بلووریان به‌سه‌ری پیری به‌وه گه‌یشتووه که بچێته‌وه کوردستان و به ده‌ربڕینی هه‌قێقه‌ته‌کان له گه‌لی کورد داوای لێبوردن بکا و به‌تایبه‌ت روو له باره‌گاکانی حیزبی دیموکرات بکات و بۆ هه‌ڵبه‌ستنی بوختانه‌کانی پاش کونگره‌ی چوار و پیلانه‌کانی دواتر، وێڕای داوای لێبوردن له‌و حیزبه(پێش ئه‌وه‌ی بمرێ)،هه‌قێقه‌ته‌کان به‌یان بکا. تا هه‌م هێندێک له قورسایی شه‌ره‌مه‌زاریی خۆی سووک بکاته‌وه و هه‌م گۆشه‌یه‌کی ناروونی مێژووی ئه‌و حیزبه و بزاڤی رزگاری خوازیی گه‌له‌که‌مان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و خه‌یانه‌ت و پیلانی حیزبی تووده(وه‌ک پارتێکی سه‌رانسه‌ری) دژی ئه‌م بزاڤه بخاته روو. به‌ڵام پاش چرکه‌یه‌ک به‌خۆمدا هاتمه‌وه و زانیم نابێ ئه‌وه له که‌سێک که هێشتا به ره‌وش و "مه‌نش" ی تووده ده‌جووڵێته‌وه،چاوه‌ران بکه‌م. بۆیه کاتێک هه‌واڵه‌که‌م خوێنده‌وه زانیم به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چوم. چوونکه غه‌نی بلووریان بڕیاری داوه ئه‌وه‌ی ئه‌نجامیدا له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌دناویه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆی بیباته قه‌بر. چوونکه پێشتر و به نووسینی ئاڵه‌کۆک(ئه‌ڵبه‌ت بۆی نووسینه‌وه) نیشانی دابوو که تێپه‌ڕبوونی ده‌وران و زه‌مان هیچ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر ئه‌و نابێ و هه‌میشه به فیکر، تووده‌یی ده‌مێنێته‌وه. دیاره‌من هیچکات وه‌ک کورد و ئه‌ندامی حیزبێکی کوردی چاوم له غه‌نی بلووریان نه‌کردووه و هه‌میشه به تووده‌ییه‌کی پاش رووخانی "موسه‌دیق"م زانیوه. یه‌کێک له‌وانه‌ش بووم له مه‌یدانی ئیقباڵی سنه،له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، ناوبراومان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که پێی گران بوو ،ناچار به گوتنی"مه‌رگ به‌ر تووده" کرد. مه‌به‌ستم کاتی هاتنی بۆ سنه‌یه له سه‌ره‌تای گۆڕانی حکوومه‌تی ئێران له پاشایه‌تییه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ،کاتێک که له سه‌ر باڵکۆنی ئیداره‌ی که‌شاوه‌رزی(له مه‌یدانی ئیقباڵ)ی سنه ده‌یویست قسه بۆ خه‌ڵک بکات. یه‌كێک له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی توده‌ئیزم ، بێ‌شه‌رمی و روودامالاویه. واتا له‌کاتێکدا عه‌رش و قورش له‌وه گه‌یشتوون که رێباز و کرداریان خه‌یانه‌ت و هه‌لپه‌رستی و بێ‌پڕه‌نسیپی بووه، خۆیان هێشتا هه‌ر به "هه‌ق" ده‌زانن و به گۆڕانی هه‌لومه‌رج،وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌بای هاتبێ و نه بۆران؛ ده‌م دێننه پێش و باسی "هه‌قانییه‌ت"ی خۆیان و رێبازه‌که‌یان ده‌که‌ن. هێنده‌ش زوو ره‌نگ ده‌گۆڕن گه‌ر وریای خۆت نه‌بی قه‌رزاریشت ده‌که‌ن. به‌ڵام له‌سه‌ر سه‌فه‌ره‌که‌ی بلووریان بۆ کوردستان. پاش خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که بۆم ده‌رکه‌وت له سه‌ربانگ‌هێشتی نێچیروان کوڕی ئیدریس ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی کردووه و مام‌یشی ده‌سبه‌جێ پێشوازییه‌کی باشێ لێکردووه. دیاره ئه‌وه‌م پێ سه‌یر نه‌بوو. چوونکه هه‌ردوولا له سه‌رده‌مێکدا هاوسه‌نگه‌ر بوون.به‌ڵام نه‌ک له‌سه‌نگه‌ری مافخوازیی گه‌لی کورددا.زۆریش سه‌یر نییه که دۆستانی کۆن بیری یه‌ک بکه‌ن. ئه‌وه بووه‌ته ره‌سم هه‌ر که‌س و لایه‌نێک ده‌بێته میوانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر یا باشتره بڵێم پارتی ، ده‌بێ سه‌رێکیش له مه‌زاری مه‌لامسته‌فا و ئیدریسی کوڕی بدا. غه‌نی بلووریانیش ئه‌و ره‌سمه گرتییه‌وه و سه‌ردانه‌که‌شی له لایه‌ن ده‌زگای بڵاوکردنه‌وه‌ی پارتییه‌وه به ئاووتاوێکی تایبه‌ته‌وه بڵاو کرایه‌وه. ئه‌وه‌ی که ئایا مه‌لا مسته‌فا و به‌تایبه‌ی ئیدریس ته‌نیا که‌سانێکن که ده‌بێ وه‌ک ره‌مزی خه‌باتی کورد بناسرێن جێگه‌ی ئێره نییه. به‌ڵام قسه‌کانی بلووریان له سه‌ر قه‌بری بارزانییه‌کان به‌ڕاستی جێگه‌ی ڕامانه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری قسه‌کانی "مامه غه‌نی" ده‌رخه‌ری بیروباوه‌ڕی "تووده‌ییه‌کی خاراو" بوو. واتا هه‌لپه‌رستی و درۆ. مامه غه‌نی له‌سه‌ر قه‌بری بارزانییه‌کان پاش پێداهه‌ڵکوتن به شان و باڵی مه‌لا مسته‌فا و به‌تایبه‌ت ئیدریس‌دا، روو له که‌سو کاری بارزانییه‌کان ده‌کات و ده‌ڵێ که ئه‌وان وه‌ک ئه‌و(غه‌نی بلووریان) مه‌لا مسته‌فا و ئیدریس‌یان نه‌ناسیوه. ئاخر چۆن ده‌بێ مامه غه‌نی ئیدیعای وابکا. دیاره من ئه‌مه ته‌نیا به ماستاو خه‌ست کردنه‌وه‌ی داده‌نێم و گه‌ر مامه غه‌نی مونکری ئه‌وه‌بێ ،به حیسابی "خه‌رفان"ی داده‌نێم. چوونکه غه‌نی بلووریان نیشانی داوه له ته‌وای ژیانیدا کاری لێکۆڵێنه‌وه‌ی نه‌کردووه. نیشانه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که ئه‌و هه‌مووه له زیندانی شادا بوو (که ئه‌م ماوه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه له‌وێش هه‌ر تووده‌یی بووه،جێگه‌ی رێزه) ، ته‌نانه‌ت دوولاپه‌ره‌ی نه‌نووسی ئه‌وه له‌کاتێکدا بوو هه‌موو زیندانیانی سیاسی سه‌رده‌می شا،گه‌ر پێش چوونه زیندان شتێکیش‌یان له‌باراندا نه‌بوایه، له‌زیندان وا خۆیان په‌روه‌رده ده‌کرد که پاش هاتنه ده‌ر هه‌ر‌کامه نووسه‌ر یا وه‌رگێر یا پسپۆڕی بوارێک بوون. به‌ڵام غه‌نی بلووریان نه‌ک هه‌ر گه‌شه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نه‌کرد،به‌ڵکه ئه‌وه‌نده له‌باری سیاسییه‌وه له ئاستێکی نزمدا بوو که بووه هه‌ڵماتی ده‌ستی حیزبی تووده، و ئه‌وه‌یان به‌سه‌ر هێنا که ته‌نانه‌ت خۆی له‌رووی هه‌ڵنایه له بیره‌وه‌رییه‌کانی دا باسی بکا که بۆی بنووسن!به‌تایبه‌ت سه‌رده‌می پاش کونگره‌ی چوار و رووداوه‌کانی پاشتر و جه‌ره‌یانی ره‌حمانی که‌ریمی و ... سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش غه‌نی بلووریان وه‌کوو باقی ئه‌ندامان و سه‌رکرده‌کانی حیزبی دیموکرات، یا وه‌ک که‌سێکی وه‌ک هه‌ژار، بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ له باشووری کوردستان و له‌ناو جه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلووڵ دا نه‌بووه، تا هه‌ستان و دانیشتنی له‌گه‌ل مه‌لامسته‌فا یا ئیدریس بووبێ. کاتی سه‌رده‌می سۆفیه‌تیش، له‌گه‌ل مه‌لا مسته‌فا نه‌بووه،ئیدی ئه‌م ناسین و شناخته له‌کوێڕا هاتووه؟ ره‌نگه شناخته‌که هه‌مووی له‌وه‌وه هاتبێ که جارێک مه‌لامسته‌فا به که‌سێکدا سلاو و دیارییه‌کی بۆ ناردبوو. که ئه‌مه‌ش ناکاته ئه‌وه که شناختی بلووریان به نیسبه‌ت مه‌لا مسته‌فا و ئیدریسه‌وه له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی زۆرتر بکات!! گه‌رچی غه‌نی بلووریان ئێسته پیر بووه و که‌س چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێ نییه که بێته‌مه‌یدان، به‌ڵام به باوه‌ڕی من وا باشه باسی کوردایه‌تیش نه‌کا. چوونکه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که ده‌یتوانی خزمه‌ت بکات ، نه‌یکرد و له‌وه‌ش خراپتر ژماره‌یه‌ک به‌رچاو لاوی خوێنده‌واریشی له خشته‌برد و حیزبی دیموکراتی پێ لاوازکرد.ئیستا ئیتر هاواری کوردایه‌تییه‌که‌ی وه‌کوو"هه‌ی هه‌ی پاش گورگه" و نه که‌س لێی وه‌رده‌گرێ و نه که‌ڵکێکی ده‌بێ. ڕاستی ئه‌وه‌یه ژیانی سیاسیی غه‌نی بلووریان و ئه‌و پێشوازییه‌ی که پاش ئازاد بوونی له زیندان لێیکرا، ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه. چوونکه هه‌ڵوێسته‌که‌ی کونگره‌ی چواریان و چوونه ژێر چه‌تری حکوومه‌ت و پاشان بوون به ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی تووده، مه‌رگی سیاسیی مامه غه‌نیی بوون. بێگومان پاش مه‌رگیشی مشت و مڕ له‌سه‌ر غه‌نی بلووریان دێته ئاراوه و به‌دڵنیاییه‌وه، ژیانی به دووبه‌ش داده‌نرێ ،سه‌رده‌می زیندان، هه‌تا گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌هاباد،که رێزی لێ ده‌گیرێ(سه‌ره‌ڕای تووده‌یی بوونی) و سه‌رده‌می پاش کونگره‌ی چوار و تا ئیسته‌شی له‌گه‌ڵ بێ که به قه‌د سه‌لکه توورێک بایه‌خی پێنادرێ. چوونکه غه‌نی بلووریان وه‌ک هه‌ر تووده‌ییه‌ک شه‌هامه‌تی ره‌خنه‌گرتن له‌خۆی نه‌بوو. ئاڵه‌کۆک و یه‌کێک له ئاخرین وتوووێژه‌کانی له‌گه‌ڵ هاو تووده‌ییه‌کی خۆی له هاوار دا ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییه‌ن.
بانه‌مه‌ڕی 1385
|
|
02/09/2015 |