رۆشه‌نبیر و حیزب

 

 هه‌ندرێن حه‌مه‌ده‌مین

                   له‌گه‌ل رێزم بۆ رۆشه‌نبیرانی خاوه‌ن هه‌لوێست                  

کاتێک که‌ رۆشنبیر ئه‌گاته‌ قۆناغی پیربوون و توانای گه‌شه‌کردنی زیاتری نامێنێت، یان کاتێک که‌ رۆشه‌نبیر  ئاڕاسته‌ی به‌ره‌و ژوور چوون و به‌رفره‌وان بوونی ئه‌گاته‌ ئاستی وه‌ستان، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی کۆمه‌لێک نه‌خۆشی جۆراوجۆر گه‌مارۆی ئه‌ده‌ن، یان ئه‌وه‌ته‌ له‌ شوێنی خۆی په‌نگ ئه‌خواته‌وه‌ و بیر و باوڕه‌کانی ئه‌بن به‌ زه‌لکاوێکی پڕ له‌ نه‌خۆشی، یان ئه‌وه‌ته‌ جوله‌‌ی به‌ ئاڕاسته‌ی سه‌روژێر ئه‌بێت و وورده‌ وورده‌ له‌ ته‌سک بوونه‌وه‌یه‌ک ئه‌بێت که‌ ناتوانێ جێگای بیر و باوڕه‌کانی خۆی له‌ناو خۆیدا بکاته‌وه‌، بۆیه‌ به‌بێ گومان هه‌موو بیر و باوڕه‌کانیتر ره‌ت ئه‌کاته‌وه‌،  

    ئه‌ی بۆ ئه‌بن به‌ حیزبی؟  

 حیزب پاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ئه‌کات که‌ هه‌لگری بیر و باوڕه‌ و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ل خه‌بات ئه‌کات و جێگای هه‌موو بۆچوونه‌کانی تیا ئه‌بێته‌وه‌، ئه‌م دروشمه‌ له‌ ناو هه‌موو پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان به‌ راشکاوانه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌.

چۆن حیزبێک ئه‌توانێ ببێت به‌ نوێنه‌ری هه‌موو چین و توێژه‌کان؟

وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ هیچ جۆره‌ ململانه‌یه‌ک له‌نێوان چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ل نه‌بێت و هه‌ر هه‌موویان یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌بێت، ئایا ئه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌له‌ که‌ له‌ڕێگای حیزبه‌وه‌ به‌ده‌ست دێت،یان ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ برژه‌وه‌ندیه‌کانی حیزبه‌ به‌ چه‌واشه‌کردنی چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ل پشت ئه‌ستور ئه‌بێت؟

کرێکارێک، چووتیارێک،خوێندکارێک، بگره‌ مامۆستایه‌کیش چه‌واشه‌ ئه‌کرێت و وا تێئه‌گه‌یندرێت که‌ خالی سه‌ره‌کی، هه‌نگاوی یه‌که‌م خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیه‌ و ئه‌بێ هه‌ر هه‌موومان به‌ یه‌ک ده‌نگ به‌ یه‌ک ره‌نگ له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ک حیزب کۆببینه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌ هیچ لاریه‌ک له‌فه‌رمایشته‌کانی سه‌ره‌وه‌ی حیزب بکه‌ین.

ئایا رۆشه‌نبیریش چه‌واشه‌ ئه‌کرێت؟

یان رۆشه‌نبیر چه‌واشه‌که‌ره‌؟ ئه‌گه‌ر رۆشه‌نبیر ئه‌وه‌ که‌سه‌ هۆشیار و تێگه‌یشتووه‌ بێت که‌ پێشه‌وایه‌تی بواری فه‌رهه‌نگی و زانستی و که‌لتوری کۆمه‌ل ئه‌کات و هه‌ر خۆیشی پێوه‌ری ئاستی هۆشیاری و رۆشنبیری کۆمه‌له‌، چۆن ئه‌کرێت و کێ ئه‌توانێت که‌ چه‌واشه‌ی بکات؟؟؟

که‌سه‌ حیزبیه‌کان هه‌لگری ئایدۆلۆژیایێکین که‌ مه‌به‌ست و ئامانجی سه‌ره‌کیان گه‌یشتنه‌ به‌ ده‌سه‌لات، بیانوی هه‌ره‌ سه‌ره‌کیشیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ناتوانن به‌بێ ده‌سه‌لات گۆڕنکاری درووست بکه‌ن، پێیان وایه‌ ده‌سه‌لات سه‌رچاوه‌ی هه‌موو گۆڕانکاریه‌کانه‌، رۆشه‌نبیریش کاتێک که‌ توانای خۆی له‌ده‌ست ئه‌دات ئه‌گات به‌ هه‌مان باوڕ، جیهانه‌ به‌رفره‌وانه‌که‌ی خۆی ته‌سک و بچوک ئه‌کاته‌وه‌ و به‌ زۆر خۆی ئه‌خزێنێته‌ ناو حیزب و پاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ئه‌کات که‌ ئه‌بێ گۆڕانکاریه‌کان له‌ ناوه‌وه‌ بن،خۆ بچوککردنه‌وه‌ی رۆشه‌نبیر بۆ ماله‌ بچوکه‌کانی حیزب، یان خۆدۆڕاندنه‌ یان ئاشکراکردنی ئیفلیج بوونی رۆشه‌نبیره‌، ئه‌و ئه‌زمونانه‌ زۆرن که‌ ئه‌م قسه‌یه‌ ئه‌سه‌لمێنن، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ رۆشه‌نبیرانمان بینی که‌ درۆیه‌کی گه‌وره‌یان له‌گه‌ل خۆیان و له‌گه‌ل کۆمه‌ل کرد، به‌ ئێمه‌یان گووت که‌ له‌ناو حیزب بین ئه‌و کات ئه‌توانین کاریگه‌ری (حه‌قیقی) بکه‌ین، وه‌ک سوپرمانێک خۆیان نیشان ئه‌داین.

حیزب که‌ ئامانجی سه‌ره‌کی ده‌سه‌لاته‌،له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌لات ئاماده‌یه‌ هه‌موو رێگا و ئامرازێک به‌کاربێنێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها بنه‌مای حیزبه‌کانی کوردستان نیه‌، حیزبه‌کانی وولاتانی پێشکه‌وتوو و دیموکراتیش هه‌مان بنه‌مایان هه‌یه‌، جیاوازیه‌که‌ ته‌نها له‌ جیاوازی ئاستی هۆشیاری میلله‌ته‌کان دایه‌، ئه‌وه‌ی میلله‌تێکی دواکه‌وتوو و نه‌زان له‌ حیزبه‌کانی قبول ئه‌کات، میلله‌ته‌ هۆشیار و پێشکه‌وتووه‌کان له‌ حیزبه‌کانیان قبول ناکه‌ن، ئاستی هۆشیاری هه‌ر میلله‌تێکیش به‌ رۆشه‌نبیرانیه‌وه‌ پێوه‌ر ئه‌کرێت.

رۆشه‌نبیر و کۆمه‌ل

رۆشه‌نبیری کورد به‌لای کۆمه‌لی کورد چ واتایه‌ک ئه‌گه‌ینێت؟ به‌ ده‌یانیان کۆبوونه‌وه‌، هه‌ره‌شه‌ی خۆ سوتاندنیان له‌ پارتی و یه‌کیه‌تی کرد تا شه‌ڕ رابگرن، به‌چاوی خۆم بینیم که‌ خه‌لک (شخاته‌ و جه‌رخی) بۆ هه‌لئه‌دان، به‌ گوێی خۆم بیستم خه‌لک هاواری ئه‌کرد، ئه‌یان ووت: درۆ ئه‌که‌ن، درۆ ئه‌که‌ن، خه‌لکانێکیش ئه‌یانگووت: جا ئه‌و حیزبانه‌ منه‌تیان به‌ ئێوه‌یه‌؟ به‌ مال و منداله‌وه‌ خۆتان بسوتێنن ئه‌وان شه‌ڕی خۆیان راناگرن.

ئه‌رێ کامانیان هۆشیارتر و تێگه‌یشتووتر بوون، رۆشه‌نبیران یان خه‌لک؟  کامانیان ئه‌و دوو حیزبه‌یان باشتر ئه‌ناسی، رۆشه‌نبیران یان خه‌لک؟

کێ بوون ئه‌وانه‌ی شه‌ڕیان هه‌لگیرساند؟ کێ بوون ئه‌وانه‌ی شه‌ڕیان گه‌رم ئه‌کرد؟ تا ئه‌مڕۆش کێن ئه‌وانه‌ی داموده‌زگاکانی حیزبه‌کان به‌ڕێوه‌ ئه‌به‌ن، به‌تایبه‌تی ده‌زگاکانی راگه‌یاندن؟؟؟؟؟؟ من ئه‌بێ به‌ راشکاوانه‌ بڵێم ئه‌وانه‌ی شه‌ڕیان هه‌لگیرساند، ئه‌و به‌ناو رۆشنبیرانه‌ بوون که‌ له‌ رۆژانی ئه‌نفال و کیمیاباران له‌ به‌غدا یان بێ ده‌نگ دانیشتبوون و گوێیان پڕ له‌ مس کردبوو و چاویان توند نوقاندبوو، یان ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌وکاتیش به‌ به‌رنامه‌ی‌ رادیۆی و ته‌له‌فزیونیه‌کان و به‌ نووسین له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کان چاو و کوێی خه‌لکیتریشیان ئه‌به‌ست.

فرت و فێلکردن و درۆکردنی حیزبیه‌کان له‌گه‌ل رۆشه‌نبیران و رۆشنبیران له‌گه‌ل حیزبیه‌کان ئه‌م رۆژه‌یان دروستکرد که‌ میلله‌ت و نیشتمان بوونه‌ته‌ قوربانی.

 

                                                                                               ١٨ی٥ی٢٠٠٦                         

 
           

 

02/09/2015