ڕیکلام له تهلهڤزیۆننووسینی:حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن/کۆبنهاون
تۆ ڕوو له هه‌رکوێ ده‌که‌یت، ڕاست بێ یان درۆ، خۆشت بێ و ترشت بێ، به وێنه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و به لێشاوی ڕیکلام ئابلووقه دراوی. دیواره‌کان سینه‌ماو ڕادوێ و ڕۆژنامه‌و هه‌فته‌نامه‌کان پڕن له ڕیکلام. ته‌نانه‌ت ته‌نه‌کی خۆڵی سه‌ر پیاده‌ڕه‌وی شه‌قام و ناو کۆڵانه‌کانێش به‌ڕیکلام بۆ کۆنسێرتی گرانیبێژو نمایشی شانۆ داپۆشراون. زۆر جاران بێئه‌وه‌ی به‌خۆت زانیبێ، کڵاویان له‌سه‌رناوی خۆت بوویته ڕیکلامکار!. به‌هۆی کڵاوه‌که‌ی سه‌رت، یان به‌هۆی تی‌شێرت و ساقۆو قه‌مسه‌ڵه‌که‌ی به‌رته‌وه، کردوویانی به‌ده‌زگه‌یه‌کی گه‌ڕۆکی ڕیکلام و چالاکانه، وه‌لی به‌ئیف، ڕیکلام بۆ تیمێکی یاریی، گۆرانیبێژێک، کۆمپانیایه‌ک ده‌که‌یت! زۆر که‌ڕه‌ت له‌م ئه‌وروپایه، له‌چڕه‌به‌ندانی ئاپووره‌ی خه‌ڵکی بان پیاده‌ڕه‌وو پیاسه‌شه‌قامدا، له‌هیکڕا لووتت به‌لووتی لاوێکدا ده‌ته‌قێ؛ بۆته داری ڕیکلام، تابلۆیه‌کی له‌سه‌ر نه‌ڕه‌ی شانه، هه‌ردوو دیوی به‌نووسین یاخود به‌وێنه پڕکراوه‌ته‌وه‌و به‌ناو خه‌ڵکدا ده‌یگێڕێ، یاخود به‌دیارییه‌وه ڕوواوه، هه‌تا ئاوی پێی دایه، ڕیکلام بۆ کاڵایه‌ک ده‌کات. له ماڵه‌وه‌ش بێ پسانه‌وه، تیڤییه‌که‌ت له‌په‌ستا ڕیکلامی ئه‌لکترۆنی ده‌نگی و ڕه‌نگیت پیشان ده‌دات. کاسێتێکی ڤێدیۆت کڕێوه یان له ئاشنایه‌کت خواستووه، له‌مێژه ناوبانگی ئه‌و فیلمه‌ت بیستووه‌و دڵت پێوه‌یه بیبینی. به‌ڵام بێئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانت کردبێ یان مه‌به‌ستت بووبێ، به‌ره‌وڕووی ڕیکلامی سێ چوار فیلمی دیکه ده‌بیته‌وه، ئه‌وجا ده‌گه‌یته فیلمی گۆرین. سه‌رچاوه‌و مه‌رجه‌عییه‌تی ئه‌م ڕیکلامانه، بریتییه له کۆمپانیاکانی دنیا، که به گورجی و به زۆری له ڕێی تیڤییه‌کانه‌وه په‌خش ده‌بن. ئه‌وه‌نده هه‌یه بۆ ئێمه ده‌کرێن به کوردی و بۆ ئه‌وان ده‌کرێن به عاره‌بی و.. هتد. ده‌نا وێنه‌کان هه‌ر هه‌مان وێنه‌ن. ئه‌م ڕیکلامانه‌ش له‌سه‌ر شێوه‌ی مووشه‌که‌کانیان دوور هاوێژو کیشوه‌ربڕن. وه‌ک ڕه‌وانبێژیی وێنه، له ئاستێکی به‌رزدان و بێ سڵاو‌و ڕۆژباش، ڕاسته‌وخۆ خۆیان به‌ناخی ده‌روومناندا ده‌که‌ن. به تایبه‌ت به هۆی بریق و باقیانه‌وه ده‌توانن زۆر به ئاسانی توێژی لاوان بقۆزنه‌وه. چونکه هێزی قایلکردنیان تێدایه‌و به ئاسانی بینه‌ر ده‌خاپێنن. ئه‌وان په‌له‌یان نییه‌و پشوویان درێژه.. کۆڵ ناده‌ن و به‌درێژایی ڕۆژو شه‌و گه‌نمگردیی ده‌نووکیان له سه‌رمانه. به‌رده‌وام هه‌مان ڕیکلاممان له چه‌ندین که‌ناله‌وه پیشان ده‌ده‌ن و هه‌دادانیان نییه. واته پشت به پا‌ته‌کردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌به‌ستن، بۆ ئه‌وه‌ی جارێ له‌جاران کارمان تێبکه‌ن. بۆیه تۆی تاک له ده‌ستیان ناقونێیت و ڕزگاربوونت نییه. ئه‌وان گه‌ره‌کیانه مگێزو چێژمان به‌و جۆره له قاڵب ده‌ن، که خۆیان گه‌ره‌کیانه‌و له کارگه‌کانیاندا نه‌خشه‌یان بۆ کێشاوه، تاکو سه‌ره‌نجام هه‌ر خۆشیان ببنه تاکه مه‌ڕجه‌عییه‌ت و سه‌رچاوه‌ی چێژ‌و سه‌لیقه‌مان و له دواجاردا بکارن به ئاسانی هزریشمان وه‌ک سه‌لیقه‌و مگێزمان له قاڵب بده‌ن. ئه‌م ڕیکلامانه به هه‌موو گۆشه و که‌لێنێکی جیهاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه. له کۆمه‌ڵگه‌ی به‌کاربه‌ردا ( مجتمع استهلاکی) کار وه‌ها ده‌ڕوات و وه‌هاش به‌ره‌و پێشه‌وه ملده‌نێ. کۆمپانیاکانی دنیا مه‌به‌ستیانه له کورتترین ماوه‌دا زۆرترین قازانج به‌ده‌ست بهێنن. ئه‌وان ده‌یانه‌وێ کاڵاکان ڕمێن په‌یدا بکه‌ن و به‌سانایی به‌سه‌رماندا ساغیان بکه‌نه‌وه. بۆیه زۆریان مه‌به‌سته دنه‌ی تۆی تاکی کڕیار بده‌ن و ته‌شویقت بکه‌ن تاکو کاڵاکانیان لێ بکڕی و به‌کاریان ببه‌ی. ته‌له‌ڤزیۆنیش ئامێرێکه بۆ کات به‌سه‌ر بردن و هه‌م بۆ ڕۆشنبیری و پێوه‌ندی گرێدان له‌گه‌ڵ جیهان و ده‌وروبه‌ردا. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مڕۆ که‌س ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری ته‌له‌ڤزیۆن ببێ. بۆیه له هه‌موو ماڵێکدا ئاماده‌بوونێکی به‌هێزی هه‌یه. وه‌ک بڵێی بۆته ئه‌ندامێکی خێزانه‌که‌مان! تیڤی ئه‌وه‌نده ئامێرێکی به‌هه‌ژموونه ده‌ستی به‌سه‌ر ڕووبه‌رێکی فراوانی ته‌مه‌نماندا گرتووه. به‌ڕاده‌یه‌ک کات له‌ئاستی چێژی تیڤیدا بێ‌نرخ خۆی ده‌نوێنێ. ده‌کرێ بڵێین له‌بری ئه‌وه‌ی ئێمه گه‌مه‌ی پێبکه‌ین، ئه‌م ئامێره ئه‌فسوونییه، یاری به ته‌مه‌نی ئێمه ده‌کا. بۆیه یه‌ک له‌باری ئه‌وانی ڕیکلامکار، کورتترین ڕێیه‌ک بیگرنه‌به‌ر ئه‌وه‌یانه، له‌ڕێی تیڤییه‌که‌ته‌وه لێت وه‌ژوورکه‌ون. له‌وێوه به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو نرت و نوێ و ڕه‌نگاوڕه‌نگ به‌باڵای کاڵاکانیاندا هه‌ڵبده‌ن. ئه‌وان له‌م کرده‌و کۆششه‌یاندا به‌په‌له نین.. ئه‌وان، وه‌ک ده‌ڵێن، که‌روێشک به‌گا ده‌گرن. بۆیه دره‌نگ بێ یان زوو هه‌ر کارت تێده‌که‌ن و فریوت ده‌ده‌ن. چونکه تیڤییه‌که‌ت نه‌که‌ناڵێک و نه‌دوان و نه‌سه‌د که‌ناڵ ڕاده‌کێشی. کاره‌که‌ی ئه‌وانیش ه‌ی ڕۆژو دوان نییه. ئه‌وان مه‌به‌ستیانه تۆ له بواری به‌کاربردندا تاکێکی چالاک بیت. پلانیشیان بۆداناوه، هه‌رده‌بێ به‌و مه‌رامه‌ی خۆشیان بگه‌ن.. که‌واته ده‌کرێ بڵێین بۆ ئه‌وه‌ی تۆش وه‌ک هه‌موو ئه‌وانی دیکه تاکێکی ئیستیهلاکیی چالاک بیت. ئه‌وا بێ ئه‌وه‌ی به خۆت زانیبێت و مه‌ستت بووبێ، که‌ناڵه‌کانی تیڤی به‌شێنه‌یی، له‌ئاسمانه‌وه لێت وه‌ژوور که‌وتوون. ئابلوقه‌یان داوی و گه‌له‌کۆمه‌کێیان لێکردووی. کارتێل و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانی جیهان، که ده‌سته‌ڵاتی پیشه‌سازی و ئابووریی گه‌وره‌و بێ‌سنووریان له پشته‌وه‌یه، پێویستیی زۆریشیان به تیڤی و که‌ناڵه ئاسمانییه‌کانه، تاکو بۆ ساغکردنه‌وی به‌رهه‌مه‌کانیان له خزمه‌تیاندا بن.. بۆیه ئامانجی زۆرێک له که‌ناڵه‌کان له ئامانجی کارتێل و کۆمپانیاکان جودا نابێته‌وه.. هه‌ر بۆ نموونه، کۆمپانیای زه‌به‌لاحی جه‌نه‌راڵ مۆتۆرزی ئه‌مه‌ریکایی، له زۆرێک له که‌ناڵه ئاسمانییه ئه‌مریکاییه‌کاندا پشکی خۆی هه‌یه. هه‌روه‌سا فلیپ مۆریس، که زۆر چه‌شن کاڵا به‌رهه‌م دێنێ له پێش هه‌موویانه‌وه سیگار، له‌م بواره‌دا عه‌جیب ده‌ستانێکی هه‌یه. کۆمپانیای فیاتی ئیتالیاییش تیڤی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. ئه‌وان مکوڕن و گه‌ره‌کیانه له‌م پێشبڕکێ به‌گوڕو شێتانه‌یه‌دا سه‌رکه‌وتنی ئابووریی گه‌وره‌و پێشچاو به‌ده‌ست بێنن. له جیهانی سه‌رمایه‌شدا به‌بێ ڕیکلام پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی ئابووری ده‌سته‌به‌رنابێ. چڕی و زۆریی ڕێکلام له خۆیدا پاڵنه‌رێکی به‌رچاوه، پرۆسه‌و خده‌ی به‌کاربردن و کڕین و فرۆخت به‌ره‌وپێش ده‌با. ئه‌و تیڤییانه‌ی ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی ڕیکلامی کۆمپانیاکانیان به‌رده‌که‌وێ، یان ئه‌وه‌تا پشکی کۆمپانیاکانیان تێدایه. له‌م حاڵه‌شدا گه‌ره‌که سیاسه‌تێکی وه‌ها بگرنه‌به‌ر ته‌واو به‌دڵی کۆمپانیاکان بێ، یان ئه‌وه‌تا ده‌بێ خودی ئه‌و که‌ناڵه به هه‌موو مانایه‌ک و له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه پێشکه‌وتوبێ و بینه‌ری زۆری هه‌بێ. ڕوونتر بڵێین کۆمپانیا جیهانییه‌کان بۆیان هه‌یه ده‌ست بخه‌نه به‌رنامه وه‌رزشی و ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیشه‌وه، جا له هه‌رکوێیه‌ک بن. ئه‌وه‌تا به‌چاوی خۆتان ده‌بینن چۆن له شاشه‌ی تیڤییه‌کانه‌وه ڕیکلامی بۆده‌که‌ن، که فڵانه به‌رنامه‌ی ڕووناک‌بیری و کات به‌سه‌ربردن... هتد به‌سه‌رپه‌رشتی فیساره کۆمپانیا پێشکه‌ش ده‌کرێ.! زۆر که‌ناڵیش هه‌ر له‌م ڕێگه‌یه‌وه، واته له‌ڕێی ڕیکلامه‌وه بودجه‌ی ساڵانه‌ی خۆیان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. چونکه ئه‌و که‌ناڵه‌ی کاربۆ کۆمپانیا پیشه‌سازییه گه‌وره‌کان بکا، ئه‌وا له قازانجی ئابووری به‌هره‌مه‌ند ده‌بێ. ئه‌وان له هه‌موو بواره‌کاندا ڕۆشنبیریی ئیستیهلاکییان مه‌به‌سته. ده‌کرێ بڵێین ڕۆشنبیریی وێنه‌ی ئه‌لکترۆنیی، به‌وه‌ی بازاڕی بۆلای خۆی په‌لکێش کردووه، شێوه دابڕانێکی له‌چاو ڕۆشنبیریی پێش خۆیدا هێناوه‌ته ئاراوه. ئه‌و تیڤییه‌ی بکارێ به‌رنامه‌ی له‌وانی دیکه سه‌رنجکێشتر پیشان بدات، ئه‌وا بێگومان زۆرترین ڕیکلامیش بۆلای خۆی کێشده‌کات. ئه‌و (بێژه‌ر) ه‌ی، یان ئه‌و پێشکه‌شکاره‌ی بتوانی بۆ درێژترین کات سه‌رنجی بینه‌ران بۆلای خۆی بهێنێ و بکارێ به‌دیار به‌رنامه‌که‌یه‌وه ئه‌وقیان بکات، ئه‌وا ڕیکلامیش به لێشاو ڕوی تێده‌کات. لێشاوی ڕیکلامیش یه‌کسانه به‌لێشاوی پاره.! ئا به‌م شێوه‌یه ئه‌گه‌ری کڕینی کادیره‌کانی ڕاگه‌یاندن له لایه‌ن کۆمپانییه‌کانه‌وه له ئارادایه‌و بۆیان هه‌یه ببنه ده‌سکه‌لا بۆ ڕاپه‌ڕاندنی مه‌به‌ست و مه‌رامی کۆمپانیا گه‌وره‌کان. ئه‌وه‌ش بزانه، که سه‌رجه‌می کۆمپانیاکانی دنیا، دوو هینده‌ی داهاتی نه‌وتی هه‌موو جیهان پاره‌و پوول ته‌نیا له ڕیکلامدا خه‌رج ده‌که‌ن. به‌ڵکو ڕیکلامیش له خۆیدا، وه‌ک ده‌رهێنانی نه‌وت و کۆمپانیای چێ‌کردنی ئوتوموبیل و کاره‌با به‌رهه‌مهێنان، پیشه‌سازییه.. ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێ، وێنه‌ی ڕیکلام وه‌ک وێنه‌ی فیلمی کارتۆن، که منداڵ ئه‌وق ده‌کات، سه‌رنجکێشه و بگره زیاتریش. ته‌نانه‌ت وێنه بزۆکه‌کانی ڕیکلام ده‌کارێ سه‌رنجی منداڵی ساوایش بۆلای خۆی ڕابکێشێ.!
ئه‌م توانا سه‌رنج ڕاکێشه‌ی ڕیکلام له‌کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێ؟ کۆمپانیاکانی ڕیکلام له فیلم سازیدا زۆر له‌سه‌رن. به‌تواناترین ده‌رهێنه‌رو باشترین ستافی وێنه‌گرتنیان له خۆیان کۆکردۆته‌وه. به‌نوێترین و پێشکه‌وتوترین کامێرای تیڤی وێنه‌کان ده‌گرن. وێنه‌ی دره‌وشاوه‌ی بێ ته‌شویش، که ئاستی ڕه‌وانبێژیی ئه‌لکترۆنییان زۆر به‌رزه. بۆیه ئه‌و کورته فیلمه‌ی ڕیکلام، که گه‌لێ جاران له خوله‌کێکیش که‌متره، خه‌رجییه‌کی زۆروزه‌به‌ندی تێده‌که‌وێ. چونکه وێڕای ڕاپه‌ڕاندنی کاره هونه‌رییه‌کان، نه‌و کۆمپانیاکان کاڵاکانیان به شاجوانی وڵاتێک، ئه‌کته‌رێکی به‌ناوبانگ، هونه‌رمه‌ندێکی ناسراو، یان به یاریزانێکی به‌نامێوه گرێ ده‌ده‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ به‌پاره‌و پوولێکی زۆر ده‌میان چه‌ور بکه‌ن تاکو قایل ببن له‌و ڕیکلامه‌دا ببنه که‌ره‌سته و بخرێنه کار.. ئه‌وه‌تا کۆمپانیایه‌کی عاره‌ب، ڕیکلامی ته‌له‌فوونی ده‌ستیی (مۆبایل) به هونه‌رمه‌ندی ناسراوی خۆیان (کاظم الساهر) ه‌وه گرێداوه. له ڕیکلامه‌که‌دا ئه‌لساهیر له‌ڕێی ته‌له‌فوونی ده‌ستییه‌وه‌و به‌ده‌م زه‌دره‌خه‌نه‌وه گۆرانی ده‌چڕێ. ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا مانای وایه، که ته‌له‌فوونی ده‌ستی کاڵایه‌کی ئه‌وه‌نده شیاو‌و به‌نرخه، شایانی که‌سێکی به‌نامێی وه‌ک کازم ئه‌لساهیره. وه‌ک له ڕیکلامه‌که‌دا ده‌یبینین وه‌خته له خۆشیاندا شاگه‌شکه ده‌بێ و گۆرانیی بۆ ده‌چڕێ. دیاره هه‌ر لاوێکی عاره‌بیش ملی بگری، خه‌ونی پێوه ده‌بینێ ڕۆژێ له ڕۆژان وه‌ک ئه‌و هونه‌رمه‌نده به ناو‌و ده‌نگ بێت و له‌دنیادا ناسراو بێ. بۆیه ئه‌م گرێدانه دنه‌ی لاوان ده‌دات لێی نه‌وه‌ستن و له‌ناو ده‌یان مارکه‌ی ته‌له‌فوونی ده‌ستیدا ئه‌وه‌یان بکڕن، که په‌سه‌ندکراوی هونه‌رمه‌ندێکی وه‌ک کازم ئه‌لساهیره.! جا بۆ ئه‌وه‌ی کڕیاری مۆبیل ته‌له‌فوون وه‌ک (ته‌ماهی) بچێته ئاست و ڕیزی که‌سێکی وه‌ک هونه‌رمه‌ند کازم ئه‌لساهیره‌وه، ده‌بێ لاسایی ئه‌و بکاته‌وه و ببێته خاوه‌نی هه‌مان مارکه ته‌له‌فوونی ده‌ستی..! به‌ڵام ده‌بی لێره‌دا ئه‌و ڕاستییه بزانین، که هونه‌مه‌ندی ناوبراو له پاداشتی ڕۆڵ بینینی له‌و کورته ڕیکلامه فیلمه‌دا، که ڕه‌نگه هه‌ر خوله‌کێک بخایێنی، لانیکه‌م هینده‌ی مووچه‌ی ساڵێکی کرێکارێکی ئه‌و کۆمپانیا‌یه‌ی ئه‌م ڕیکلامه‌که‌ی بۆ ده‌کاو خودی کاڵاکه‌ی به‌رهه‌م هێناوه کرێ وه‌رگرتووه، ئه‌گه‌ر زیاتری وه‌رنه‌گرتبێ!! هه‌ر به‌م شێوه‌یه ڕیکلامی کاله(پێڵاوی وه‌رزش)، که له‌نێو توێژی لاوان‌دا بره‌وی زۆره، به‌ره‌وڕووی یاریزانێکی به‌ناوبانگی جیهانی ده‌که‌نه‌وه.. دیاره هه‌ر لاوێکیش ملی بگری، سه‌ر به‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بێ، خه‌ونی پێوه ده‌بینێ له ئاستی ئه‌و یاریزانه جیهانییانه‌دا بێ.. بۆیه که‌سێتیی (ڕیکلامکار) بۆ خۆی دنه‌ی کڕیارده‌دا بۆ سه‌ندنی کاڵاکه. ڕیکلامی کرێم و شامپۆو سابوونه جۆراوجۆره‌کان، به‌ره‌وڕووی کچه ئه‌کته‌رێکی نازداری جیهان ده‌که‌نه‌وه، که کچانی دنیا خه‌ون به پله‌وپایه‌و جوانی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی ئه‌وه‌وه ده‌بینن. بۆیه لێی ڕاناوه‌ستن ده‌بنه کڕیاری ئه‌و جۆره سابوون و شامپۆیه. ته‌نانه‌ت سیگار، که کاڵایه‌کی زیانبه‌خشه، ڕیکلامه‌که‌یان به‌ره‌وڕووی سوارچکێکی ڕۆمانسی کردۆته‌وه، که تووله‌و تانجی له‌ده‌وره‌و له‌سروشتی کراوه‌دا که‌سێکی ته‌ندروستی شه‌وبه‌کێوه. دوور له جه‌نجاڵی و هه‌وای له‌وتاوی شاران، به‌چیلکه و چه‌وێڵ، ئاگرێکی جوانی کردۆته‌وه و به‌دیارییه‌وه دانیشتووه.! کام لاو هه‌یه خه‌ون به‌ئه‌سپ و ڕاوو شکارو شه‌وبه‌کێوی و سروشتی کراوه‌وه نه‌بینێ؟ ئه‌گه‌ر جگه‌رهکێشان ئاکاری ئه‌و لاوه ڕۆمانسییه بێ، زیانیشی هه‌بێ قیروسیا، زۆر هه‌ن گوێ به زیانی سیگار نه‌ده‌ن و لاسایی بکه‌نه‌وه. سه‌ره‌نجام ده‌بنه کڕیاری ئه‌و جۆره سیگاره‌ی، لاوه ته‌ندروسته سوارچاکه‌که له ڕیکالامه‌کدا ده‌یکێشێ. ئێمه بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆمان بزانین هه‌میشه له‌ژێر کاریگه‌ریی ڕیکلامداین. هه‌میشه گرته‌کانی ڕیکلام جوان و خێران و به‌دووی یه‌کدا دێن. واته گرته‌ی کورتن، جگه له‌وه‌ی له گۆشه‌ی ته‌واو شیاو‌و هه‌ستیاره‌وه گیراون، سه‌رنج ڕاکێشن و له که‌شێکی ئه‌وه‌ند جوان و ڕازاوه‌دا وێنه گیراون، بینه‌ر ئه‌وق ده‌که‌ن و دنه‌ی ده‌دن به‌دیاریانه‌وه ڕامێنێ. وه‌ها کاری تێده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و کالایه‌ی پێویستیش نه‌بێ، ده‌ماخ بسووتێنێ، پاره‌ی بۆ پاشه‌که‌وت بکات و کوناوکون له دووی بگه‌ڕێ هه‌تا ده‌یدۆزێته‌وه‌و ده‌یکڕێ! وه‌ک (د. مسته‌فا حیجازی) ده‌ڵێ:(( کارکردن له ڕیکلامدا له‌سه‌ر بناغه‌ی هونه‌ری و زانستییه. تیم و که‌سانی کارامه و پسپۆڕ تێیدا کاران. بۆیه هه‌رده‌م کاریگه‌ریی ڕیکلام دووجایه. زانسته‌کانی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌سته‌کانی مرۆڤ و کاریگه‌رییه ده‌نگییه‌کان له‌و فیلمه زۆر کورتانه‌دا هاریکاریی ده‌که‌ن. ڕه‌نگه دره‌وشاوه‌کان و ره‌زم و جووڵه، له‌پاڵ نوێترین ته‌کنیکی ته‌له‌ڤزیۆندا پێکه‌وه له ڕیکلامدا هاوشانن. ئه‌مانه به هه‌موویان ده‌بنه هێزی فشار بۆ سه‌ر تاکی به‌کاربه‌ر..)) به‌سه‌رێکی دی ڕیکلام به‌هۆی هه‌ژموون و فشاری به‌رده‌و‌امی خۆیه‌وه، بۆی هه‌یه کار بۆ سڕینه‌وه‌ی ڕۆشنبیری و شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی تاک بکات. به‌تایبه‌تی له‌لای وه‌چه‌ی نوێ، کار بۆ ئه‌وه ده‌کات له‌بری ئه‌و ڕۆشنبیرییه محافه‌زه‌کاره‌ی هه‌یه‌تی، چه‌شنه کلتوورو ڕۆشنبیرییه‌کی دیکه‌ی نوێ هه‌ڵبژێرێ. بیرت بێ ڕۆشنبیری وێنه‌ش وه‌ک هه‌ر ڕۆشنبیرییه‌کی دیکه له ئایدیۆلۆجیا به‌ده‌ر نییه. به‌تایبه‌ت ئه‌و گه‌ره‌کێتی کارێک بکات کلتووری خۆراوا له ناخی بینه‌ردا جێگیر بکات. کۆمپانیاکانی ئه‌مریکا وه‌ک خاوه‌نی گه‌وره‌ترین سه‌رمایه؛ له‌ڕێی ڕیکلامه‌کانیانه‌وه له‌باریاندا هه‌یه دنیا به‌و ڕه‌نگه بگۆڕن، که خۆیان مه‌به‌ستیانه. ئه‌وان ده‌کارن ده‌ماخ بسووتێنن، هه‌ر له ڕێگه‌ی ڕیکلامه‌وه لاوانی دنیا دنه‌بده‌ن تا ئه‌و کاوبۆی و کاله‌و ساردی و خواردنانه‌ی وه‌ک به‌ر‌هه‌مه‌کانی کۆکاو پێپسی و ماکدۆناڵدو.. هتد به‌کار بێنن، که کۆمپانیاکانی خۆیان به‌رهه‌میان دێنن. ئه‌مه‌ش مانای وایه خوازیارن جیاوازییه‌کان له‌نێوان چێژ‌و سه‌لیقه‌و مگێزی خه‌ڵکدا بسڕنه‌وه. لێره‌شه‌وه گیان و زه‌ینی ڕه‌خنه‌گرتن له‌نێو به‌کاربه‌راندا ده‌پووکێته‌وه. لانیکه‌م له‌ڕووی فۆرمه‌وه هه‌موو وه‌ک یه‌کیان لێدێ.. چونکه ئه‌و مۆدیلانه‌ش له‌خۆیاندا نموونه‌ی خواردن و پۆشاکی تاکی ئه‌مریکایین. ئه‌م لێشاوی ڕیکلامه‌ی به‌و شێوازه‌ی ئه‌مه‌ریکا گه‌ره‌کێتی، هه‌رده‌م ڕۆڵی به‌رچاو ده‌گێڕێ. ئه‌مه‌یش مانای وایه دابونه‌ریت و کلتووری ئه‌مه‌ریکا به‌سه‌ر کلتووری نیشتمانیی وڵاتانی که‌ناردا ده‌سه‌پێنێ. به‌ڕابوردنی کات وه‌های لێدێ تاک له جیهاندا ده‌بێته بوونه‌وه‌رێکی له ڕۆشنبیریی تایبه‌ت به‌تاڵکراوه‌ی وابه‌سته‌ی ڕووناک‌بیری و کلتووری ئه‌مه‌ریکا.. ئه‌مه‌ش له‌خۆیدا یه‌کسانه‌به، به‌کاربه‌ری کالای ئه‌مه‌ریکایی. لێره‌شه‌وه کاربۆ هه‌رچی خێراتر به‌گه‌ڕخستنی ڕه‌وڕه‌وه‌ی پیشه‌سازی ئه‌مه‌ریکا به‌پله‌ی یه‌که‌م و ئه‌وروپا و هه‌واداره‌کانیان به‌پله‌ی دووه‌م ده‌کرێ.. ڕیکلامیش وه‌ک هونه‌ر، هه‌م وه‌ک پیشه‌سازیی؛ به‌رده‌وام له‌ڕووی فۆرم و ته‌کنیکه‌وه به‌ره‌وپێش هه‌نگاو ده‌نێ و داهێنان به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ. ئه‌وه‌تا ((دی ئێس بی)) واته هێله‌کانی ئاسنی ده‌وڵه‌تی دانیمارک. که‌سێتییه‌کی کارتۆنی له په‌ڕۆ ده‌روستکراوی ئه‌نتیکه‌ی به‌ناوی ((هارری))ه‌وه داهێناوه. ئه‌م کاره‌کته‌ره کارتۆنییه به‌هاوکاری ئه‌کته‌رێکی به‌ناوبانگی دانیمارک به‌رده‌وام له تیڤییه‌کانی وڵاته‌وه، ڕیکلام بۆ شه‌مده‌فه‌ره‌کانی کۆمپانیا ده‌کات چۆن به‌وپه‌ڕی خێرایی ڕێبوار ده‌گه‌یێننه شوێنی مه‌به‌ست؛ شه‌ووڕۆژیان بۆ نییه‌و کول و کاس نابن. هه‌روه‌ها ڕیکلام بۆ ئه‌و بۆتیک و کویسک و هه‌موو ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ی، که موڵکی ((دی ئێس بی))ن ده‌کا.. هارری، به قسه قوته‌کانی، سه‌رنجی بینه‌ران بۆلای خۆی ده‌هێنی و به‌شه‌وقه‌وه ناچاری گوێگرتن و ڕامانیان ده‌کا. بزه ده‌خاته سه‌رلێوی بینه‌ران! بۆ گه‌شت و گه‌ڕان له ڕێگه‌ی ((دی ئێس بی))یه‌وه؛ هه‌روه‌ها بۆ ڕووکردنه کاڵاکانی دی ئێس بی، هانیان ده‌دات. بۆیه کاریگه‌ریی هارری دووجایه.. هارری له تیڤیداو له‌سه‌ر کاغه‌ز، واته له‌ڕووپه‌ڕی ڕۆژانمه‌کاندا ده‌بینرێ. هارری بکراویشه به مه‌دالیاو کلیله‌کانت بۆ کۆده‌کاته‌وه.. وه‌کوتر له‌بواری ڕیکلامیشدا داهێنانه. تێبینی: بۆ نووسینی ئه‌م زنجیره وتاره، سوودم له‌گه‌لێک سه‌رچاوه وه‌رگرتووه.
|
|
02/09/2015 |