کوردانی هه‌نده‌ران له‌ نێوان قه‌یران و چاره‌سه‌رکردندا

 

هوشیار عوسمان

                                                       ( به‌شی دووه‌م )

قه‌یرانی ده‌روونی :

  مرۆڤ له‌ جه‌سته‌و ده‌روون پێکهاتووه‌ ،ده‌روون بریتی یه‌ له‌و هێزو خواست وئاره‌زووه‌ شاراوانه‌ی ناو جه‌سته‌ ، هه‌موو خۆشی و ناخۆشی یه‌کان ، هیوا و نائومێدی ، خۆشه‌ویستی و ڕق و کینه‌ ، ئارامی و بێزاری ، به‌خشنده‌یی و خۆپه‌رستی ، تووڕه‌ بوون و هه‌ڵچوون و... ده‌که‌وێته‌ ناو جیهانی ده‌روونه‌وه‌.

بیرورای زانایانی ده‌روون زانی له‌ سه‌ر بنه‌ماو چۆنیه‌تی مه‌سه‌له‌ ده‌روونی یه‌کان جیاوازه‌ ، هه‌ندێک بۆ ماوه‌ (وراثت) وهه‌ندێک ژینگه‌و ده‌وروبه‌ر ، قوتابخانه‌ی دیکه‌ش په‌روه‌رده‌و فێرکردن ، به‌ هۆکاری سه‌ره‌کی ده‌زانن له‌ گه‌شه‌و چه‌سپاندن و به‌هێزی به‌شێک و سستی له‌ به‌شێکی تردا .

گرنگ ئه‌وه‌یه‌ کارو کاردانه‌وه‌ی ئاده‌میزاد ، ده‌بێته‌ گۆرانکاری له‌ به‌شه‌ جیاجیاکانی سیسته‌می ده‌روونی و که‌م تا زۆر له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی خۆی و ده‌ورو پشته‌که‌ی کاریگه‌ری به‌جێ ده‌‌هێڵێت ، که‌ خۆشی یان ناخۆشی ، باشی یا خراپی لێکدانه‌وه‌ی تایبه‌ت ده‌خوازێت.

ئه‌وه‌ی ئێستا جه‌ختی له‌ سه‌ر ده‌که‌مه‌وه‌  باس کردنی ده‌روونی مرۆڤی کۆچ کردووی کورده‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ، پیشاندانی لایه‌نه‌ زه‌قه‌کانی دونیای ناوه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌ڵس وکه‌وتی ڕۆژانه‌یدا به‌ شێوازی تر خۆی ده‌نوێنی! ..

هه‌مووان ده‌زانین دوژمنی داگیرکه‌ر له‌ مێژه‌وه‌ تاکو ئه‌مڕۆ ،ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ست و هزریدا بووه‌ به‌ زیاده‌وه‌ دژی خاک وگه‌لی کورد ئه‌نجامی داوه ،  ئه‌وه‌ی که‌ نه‌یکردووه‌  هێزی به‌ سه‌ریدا نه‌شکاوه‌ ، ئه‌گینا کێ هه‌یه‌ وه‌ک کورد شاڵاوی مه‌رگ و وێران کاری له‌ هه‌موو بوارێکدا به‌سه‌ریدا رژا بێت؟!.هه‌ر لێره‌وه بڕوانه‌  ناو جیهانی ده‌روونی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی  ناوی کورده‌ ، له‌و ڕۆژه‌ی  له‌ دایک ده‌بێت تا مه‌رگی جه‌سته‌یی کۆتایی پێدێنێت له‌ چ

ژیانێکدایه‌! خۆ به‌ گوێره‌ی ڕای زانایانیش بێت به‌ هه‌موو تیۆری یه‌ک، کورد  له‌ ڕووی ده‌روونیه وه‌ گشت زامێکی سه‌خت و قوڵ و به‌ژانی تووش بووه‌، ده‌ربازبوون و چاره‌سه‌رکردنی کارێکی وا ئاسان نی یه‌!، سامناک تر له‌وه‌ به‌ره‌و ژینگه‌ وکۆمه‌لگایه‌کی تر کۆچ بکات و رۆژانی ته‌مه‌نی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکێکدا به‌ سه‌ر ببات که‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌کی ژیانه‌وه‌ له‌ یه‌ک جیاواز بن.!

کوردانی په‌نابه‌ر به‌ ووڵاتانی ڕۆژئاوا ، به‌و نیازه‌ به‌ره‌و تاراوگه‌ ده‌ڕۆن که‌ ئاسووده‌یی بۆ خۆیان و خێزانه‌کانیان مسۆگه‌ر بکه‌ن ، بێ ئاگا له‌وه‌ی  ده‌روون و هه‌ناویان به‌ جۆرێک تێک شکێنراوه ته‌نها ڕاکردن و نیشته‌جێ بوون له‌ گۆشه‌یه‌کی دیکه‌ی گۆی زه‌مین، تیمارکه‌ری زامه‌کان نی یه و ناتوانێت ئاسووده‌یی ده‌روونی ببه‌خشێت،! نموونه‌ی زیندوومان زۆربه‌ی کوردانی هه‌نده‌رانه‌ که‌ دوای ته‌مه‌نێک ژیانی غوربه‌ت ، گلله‌ییان له‌ به‌ختی خۆیانه‌،! تاکو ئه‌مڕۆ سیماکانی ده‌ردو ژان به‌ نێوچاوانیانه‌وه‌یه‌ ، له‌ قه‌یرانێکدا شه‌وو رۆژ ده‌به‌نه‌ سه‌ر بۆ خۆشیان جێگای سه‌ر سوڕمانه‌!.. ئه‌مانه‌ له‌ ناو ئاگرو ئاسندا چاویان هه‌ڵهێناوه‌ ، یاسای قه‌ڕه‌قوشی به‌ سه‌ریاندا حوکمی کردووه‌!، له‌ هه‌موو مافێکی سه‌ره‌تاییش بێ به‌ش بوون!، زیندان و ئازارو له‌ سێداره‌ دان به‌شیان بووه‌،خه‌ڵکانێک فه‌رمان ڕه‌واو به‌رپرسیاریان بوون که‌ له‌ ڕووی ده‌روون زانی یه‌وه‌ کاراکته‌ری دژه‌ مرۆڤ له‌ ناخیاندا چه‌سپاوه‌ و به‌ کوردی خۆمان گورگی دوو پێ بوون!.

له‌ رۆژئاواش کوردی مه‌نفا هه‌مان ده‌روونی پڕ له‌ ته‌نگژه‌ی له‌گه‌ڵدایه‌ ،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خودی کۆچ و ژیانی دووری بۆ هه‌موو که‌سێک له‌ هه‌ر میلله‌ت و ڕه‌گه‌زێک بێت ،ده‌ردی تایبه‌تی دروست ده‌کات ،که‌ بۆ کوردان به‌سۆتره‌!،  ئالێره‌وه‌ ئه‌و ڕاستی یه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ خۆی نیشان ده‌دات که‌ ووزه‌و توانای ڕێژه‌یه‌کی زۆری کورد له‌ هه‌نده‌ران له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین ، چونکه‌ به‌بێ ده‌روونێکی ئارام و ساغ هیچ که‌سێک ناتوانێت کاره‌کانی خۆی به‌ باشی ڕاپه‌ڕێنێت. بۆ ئێمه‌ی کوردیش له‌ ده‌ست دانی سه‌رمایه‌یه‌کی به‌نرخ و پڕ به‌های ده‌ره‌وه‌ هه‌روا بچوک و ساده‌ نی یه‌ و حکومه‌تی کوردستان له‌ به‌رامبه‌ریدا به‌رپرسیاره‌.‌‌

hushyarosman@yahoo.de

                   

           

 

02/09/2015