په‌راوێز کردنی کوردانی هه‌نده‌ران ، باجی خۆی هه‌یه‌ !!

                                                                 هوشیار عوسمان

hushyarosman@yahoo.de

ساڵانێکی دوورو درێژه‌ ئێمه‌ی کورد ڕه‌وه‌ندێکی زۆرمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ده‌ژی ، هۆکاری سه‌ره‌کی کۆچی کوردان به‌ره‌و هه‌نده‌ران ،ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زوڵم و سته‌می داگیرکه‌ران و ناسه‌قامگیری باری ڕامیاری و ئابووری کوردستان و نه‌بوونی دواڕۆژێکی ڕوناک...کوردانی په‌نابه‌ر له‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی  ده‌ست پێکردنی ژیانی غوربه‌ت دا ، به‌ره‌و چاره‌نوسێکی نادیار  ملی ڕێگایان گرتووه‌ته‌ به‌ر ، ده‌یان کێشه‌ی تفت و تاڵیان هاتووه‌ته‌ ڕێ ،به‌ڵام بۆ هه‌ڵهاتن له‌ ده‌ست نه‌هامه‌تی یه‌کان و ده‌ست پێ کردن به‌ ژیانێکی نوێ ،زیاتر هه‌نگاوه‌کانیان به‌گوڕ تر کردووه‌ ، بۆ خه‌ڵکانی کوردی ئاواره‌ ،ته‌نها شتێک گرنگ بوو : چۆن بگه‌نه‌ ووڵاتێکی ئه‌وروپی که‌ به‌ ئاسانی مافی په‌نابه‌ری وه‌رگرن ،زمان و کلتووری ئه‌و ووڵاته‌،پێگه‌ی جوگرافی، شێوازی ژیان ، دیدی خه‌ڵکه‌که‌ی بۆ سه‌ر ڕه‌ش ... به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو ، دواتر زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی  به‌ره‌و تاراوگه‌ هاتوون ، زووتر ئاماده‌گی ده‌روونی و جه‌سته‌یی خۆیان بۆ ده‌ست پێکردنی ژیانی غه‌ریبی تاوتوێ نه‌کردووه‌ ، لای ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست بووه‌ ،نیشته‌جێ بوون له‌ گۆشه‌یه‌کی جیهانی ڕۆژئاوا ، دڵنیایی یان به‌ خۆیان دابوو ،که‌ خۆشبه‌ختی و ئاسووده‌یی به‌ ئاسانی به‌ره‌و گیان و ماڵیان دێ ، منداڵه‌کانیشیان پاشه‌ڕۆژێکی گه‌ش چاوه‌ڕوانیانه‌ ، له‌ هه‌ر کوردێکی ده‌ره‌وه‌ پرسیار بکه‌ی بۆ ئه‌م ڕێگایه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ ؟ وه‌ڵامه‌که‌ی : بێزاری و ناڕه‌زا بوون له‌ بواره‌کانی ژیان له‌ کوردستاندا ، ڕزگار بوون له‌ مه‌رگی کتوپڕ ، به‌ده‌ست هێنانی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که‌ لێی مه‌حروم کراوه‌ ، دابین کردنی دواڕۆژ بۆ نه‌وه‌ی دوای خۆیان ، تێکه‌ڵاو بوون له‌ گه‌ڵ شارستانیه‌تی ئه‌وروپا و سوود وه‌رگرتن له‌ نیعمه‌ته‌کانی سه‌رده‌می ته‌کنۆلۆجیای ئه‌مڕۆ ..

به‌ڵام له‌ گۆشه‌یه‌کی زانستی ده‌روون زانی و کۆمه‌ڵناسی یه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ژیانی زۆربه‌ی کوردانی هه‌نده‌ران ، ده‌یان قه‌یران و ڕه‌فتاری نادروست ، خه‌م و ته‌نگژه‌ی ده‌روونی ده‌بینرێ،بۆ نموونه :  بێ به‌رنامه‌یی بۆ منداڵه‌کانیان ،دوورکه‌وتنه‌وه‌ی سۆز و هه‌ستی کوردانه‌ له‌ ناو ئه‌ندامانی خێزاندا ، وونبونی لاوو گه‌نجی کورد  له‌ ناو کلتووری بێگانه‌دا ، هه‌ست کردن به‌ نامۆیی ، سست بوونی شیرازه‌ی خێزان و لێک دابڕانی ژن و مێردایه‌تی...لێره‌وه‌ ده‌بینین گه‌نجه‌کانی ساڵانی ڕابووردو ، سه‌روسیمای پیریان لێ نیشتوه‌ و بێجگه‌ له‌ ده‌ردی دووری و نه‌گه‌یشتن به‌و ئاواتانه‌ی که‌ خه‌ویان پێوه‌ ده‌بینی ، مناڵه‌کانیشیان به‌ره‌و هه‌ڵدێره‌ سامناکه‌کان هه‌نگاو ده‌نێن ، وه‌ک تووشبون به‌ مادده‌ سڕکه‌ره‌کان ، تێکه‌ڵاو بوون به‌و گروپانه‌ی که‌ ڕه‌فتاری نابه‌جێ و ناڕه‌وا دژ به‌ یاساکانی کۆمه‌ڵ له‌ خۆیان نیشان ئه‌ده‌ن!  به‌ کورتی  و کرمانجی ده‌رده‌کانی ناو کوردانی ده‌ره‌وه‌ ، نابێت به‌ ئاسانی به‌ سه‌ریدا باز بدرێت ،! ئه‌مڕۆ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی باشووری کوردستان باسی ئه‌وه‌ ده‌کرێ ،تواناکان خڕ ده‌کرێنه‌وه‌ بۆ خۆشبه‌ختی میلله‌تی کورد ،بۆ خستنه‌ گه‌ڕی هه‌موو ده‌ستێکی دڵسۆز ، بنیات نانه‌وه‌ و داڕشتنی خشته‌کانی ماڵی کوردی که‌ هه‌موو تاکێکی کورد تێیدا بحه‌سێته‌وه‌. زیاتر له‌ ملوێنێک کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ژی ،ئه‌مانه‌ له‌ کاتی خۆیدا هه‌ڵهاتووی ده‌ستی دوژمنانن ، ئه‌گه‌ر نه‌یانتواینوه‌ له‌ سه‌نگه‌ری شاخدا به‌شداری بکه‌ن ، خۆ نه‌بوونه‌ته‌ که‌وا سووری به‌ر له‌شکری داگیرکه‌ر ، ئه‌گه‌ر له‌ ڕاپه‌ڕینی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا ڕۆڵیان نه‌بووه‌، له‌ولایشه‌وه‌ فایلدار و ئه‌نفال چی نه‌بوون، له‌ هه‌ر حاڵه‌تیکدا ئه‌بێ له‌ بیرمان نه‌چێ، ژماره‌یه‌ک به‌و ڕێژه‌یه‌ نه‌وه‌ی نیشتمانن ، ئه‌مڕۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ژیان ده‌به‌نه‌ سه‌ر، ژان و ده‌ردی دووری له‌ جه‌سته‌و ده‌روونیاندایه‌ ، له‌ ده‌رمان کردنی زامه‌کانیان چاوڕێ ی لێپرسراوانی کوردن وه‌ک چۆن هه‌ر ڕۆژه‌ی بۆ بابه‌تێک  خه‌ڵکانی عه‌ره‌ب و بیانی ده‌عوه‌تی کوردستان ئه‌که‌ن ، با جارێکیش لایه‌ک بکه‌نه‌وه‌ له‌ ڕه‌وه‌ندی کورد ، هاوکاریان بن له‌ سووک کردنی باری شانیان ، هه‌موو میلله‌تان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌کانیان بوجه‌ی تایبه‌ت ته‌رخان کراوه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ کردن و یارمه‌تی دانی هاووڵاتیانیان که‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ژین ، ته‌نها میلله‌تێک که‌ بێ خاوه‌نه‌و وورده‌ وورده‌ ناسنامه‌ی میللی خۆی له‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ده‌ست ده‌دات گه‌لی کورده‌.! دوێنێ ڕژێمه‌ داگیرکه‌ره‌کان به‌رپرسیار بوون ، به‌ڵام ئه‌مرۆ حکومه‌تی کوردستان ده‌بێ ڕێگر بێت له‌ به‌رده‌م به‌ ئه‌نفال بوونێکی تری کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر په‌راوێز کردنی کوردانی ده‌ره‌وه‌ له‌ نه‌خشه‌ی کاره‌کانی حکومه‌تی باشووری کوردستان دا به‌رده‌وام بێت. ئه‌مجاره‌یان  له‌ به‌ ئه‌نفال بوونی گه‌نجان و لاوه‌کانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات . کاربه‌ده‌ستانی کوردی باشوور به‌رپرسیارن و باجی که‌مته‌رخه‌مییان که‌متر نابێت له‌وانه‌ی بێگانه‌ بوون و کۆقه‌برو مه‌رگه‌ساتیان بۆ دروست کردین.!

 با به‌زووترین کات لیژنه‌یه‌کی پسپۆڕی له‌و بوارانه‌ی که‌پێویسته‌ بۆ ئه‌م کاره‌  دروست بکرێت ، سیمنارێک ساز بکرێت ، ڕاو بۆچوونه‌کان تاوتوێ بکرێن ، نه‌خشه‌و پلانی زانستی بۆ ده‌ست به‌کار بوون بخرێته‌ ڕوو ،ئه‌مجاره‌یان کۆشش بکه‌ین   له‌ پێش ڕووداوه‌کانه‌وه‌ ئه‌رکی کوردانه‌مان به‌جێگه‌یاندبێ.   ئه‌گینا دادگای باڵای تاوانه‌کان، دانیشتنه‌کانی خۆی له‌ ئایینده‌دا بۆ ئه‌م په‌راوێز کردنه‌ ته‌رخان ده‌کات...

                                                         

               

 

 

              

 

           

 

02/09/2015