ژان و ژیانی کوردانی هه‌نده‌ران ،ئاوڕدانه‌وه‌ی ده‌وێت

                                                           هوشیار عوسمان

  شتێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ هیچ که‌س له‌ خۆشی و شادیدا ، نیشتمان و ماڵ و خێزان و که‌س و کاری خۆی به جێ ناهێڵێ و به‌ره‌و ئایینده‌یه‌کی نادیار ناڕوات. کێ هه‌یه‌ به‌ شێوه‌ی نایاسایی بنه‌و بارگه‌ی ژیان بپێچیته‌وه‌ و خۆی بدات به‌ ده‌ستی قه‌ده‌ری ڕۆژگاره‌وه‌،ئه‌گه‌ر زۆری بۆ نه‌هاتبێ. زۆرمان بینی و بیست که‌ له‌و ڕێگه‌دا بوون به‌ خۆراکی  مافیاکان و ماسی یه‌کانی ده‌ریای ڕه‌ش.!

له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو سه‌ختی وهات و نه‌هاتی یه‌ دا ڕۆژانیک بوو ، لاوه‌کانمان پۆل پۆل ڕێگای ئه‌وروپایان گرتبووه‌ به‌ر ، چونکه‌ داگیرکه‌ران هه‌موو بستێکی نیشتمانیان کردبووه‌ دۆزه‌خ ، ده‌ردو ئازار ،سته‌م و چه‌وسانده‌نه‌وه‌ ، زیندان و له‌ سێداره‌ دان ساته‌کانی ته‌مه‌نی خه‌ڵکی پێکهێنا بوو . ئیتر چۆن هه‌موو شتێک له‌ پێناوی به‌ ده‌ست هێنانی مافی په‌نابه‌ری دا فیدا ناکرێت .!

ئه‌وانه‌ی به‌ هه‌زار زه‌حمه‌ت جێی پێی خۆیان له‌ گۆشه‌یه‌کی ڕۆژئاوا دا کرده‌وه‌ ، به‌ تێکه‌ڵاو بوونیان له‌ ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی تر که‌  له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌  جیاوازه‌ له‌  کوردستان ، وورده‌  وورده‌ ژان و ده‌ردی دیکه‌ له‌ هه‌ناویاندا دروست بوو ،بۆ خۆیان جێگای سه‌رسوڕمانه‌ وبۆ خه‌ڵکانی پسپۆڕ له‌و بواره‌دا شتێکی ئاسایی یه‌.! گرنگ  ئه‌وه‌یه کاناڵێک هه‌بێت ئه‌م دوو لایه‌نه‌ پێکه‌وه‌ گرێ بدات و ڕێگه‌ بگرێت له‌ پێشهاته‌  تاڵه‌کان . که‌ جێ ی داخه‌  له‌ لایه‌ن  ده‌زگا به‌رپرسه‌کانی باشووری کوردستان تاکو ئێستا پشت گوێ خراوه‌.

گه‌لی کورد سه‌رمایه‌یه‌کی ئاماده‌کراوی باشی له‌ ڕۆژئاوا هه‌یه‌ ، ده‌توانێت له‌ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ و بوژاندنه‌وه‌ی نیشتماندا به‌ کاری بهێنێت ، ئه‌وانه‌ی دوێنێ ڕۆیشتوون ، ئه‌مرۆ ئه‌زموونێکی نوێیان پێ یه‌ بۆ ژیان ، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له‌وێ له‌ دایک بوون، له‌ ئایینده‌دا ده‌ستیان پڕه‌ و هه‌ڵگری بیری زانستی نوێن ، ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو هه‌نگاوه‌کانی ژیانی غوربه‌تدا هاودڵ و هاوکارو پشتیوانیان بین ، ئه‌ویش له‌ ڕێگای کردنه‌وه‌ی بنکه‌و مه‌ڵبه‌ندو ڕێکخراوی کولتووری و میللی که‌ تێیدا پێداویسته‌کانی ئه‌مڕۆ له‌ به‌‌هێز کردنی سۆزی نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی و داب و نه‌ریتی جوانی کوردی ده‌سته‌ به‌ر بکات و قه‌ڵایه‌ک بێت بۆ که‌سانه‌ی خۆیان به‌ نامۆو بێ که‌س  ده‌زانن، ئه‌وا ده‌سکه‌وتێکی گرنگمان چنگ که‌وتووه‌.

تاکی کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ته‌نهایی ناتوانێت به‌رنگاری ده‌یان شاڵاوی مه‌ترسیدار بێته‌وه‌ ، چونکه‌ هێزو ووزه‌یه‌ک ده‌خوازێت که‌ دام و ده‌زگایه‌کی  ده‌وڵه‌تی له‌ پشته‌وه‌ بێت. ئه‌مڕۆش که‌ کوردستان خاوه‌نی په‌رله‌مان و ده‌وڵه‌ته‌، با له‌م ڕێگادا کۆششی خۆی بخاته‌ گه‌ڕ. ده‌ست به‌ کاربوون له‌م بواره‌دا هه‌نگاوه‌کانی کورد بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ  زیاتر به‌رجه‌سته‌ ده‌کات . هه‌روه‌ک چۆن گوێ پێنه‌دان و خه‌م ساردی تاوانێکه‌ پاساو هه‌ڵناگرێ و ده‌چێته‌ خانه‌ی خیانه‌ت به‌ گه‌ل و ووڵات.

                                                                                                          de.yahoo@hushyarosman

 

 

           

 

02/09/2015