نامه‌یه‌كی پڕ له ‌عیشق بۆ نیشتمان

كه‌ژاڵ ئیسماعیل

هه‌موومان دایكمان خۆش ئه‌وێت و نیشتمانمان لا شیرینه‌. پێشكه‌شه به ‌هه‌موو دایكێكی دڵسۆزو به‌سۆز، به‌و دایكانه‌ی كوڕانی ئازایان گه‌وره‌كرد، به‌هه‌موو ئه‌و دایكانه‌ی بوونه‌ته كۆیله‌ی زوڵم و دڵڕه‌قی كۆمه‌ڵ و پیاو، پێشكه‌شه به‌دایكم.

بیرت ئه‌كه‌م..
نازانم ئه‌م غه‌مه گه‌وره‌یه
بخه‌مه‌ئه‌ستۆی كێ و
داخی دووریم
بنێمه گه‌ردنی كام ده‌سه‌ڵات؟

هه‌موو به‌یانییه‌‌ك

هه‌وری خۆڵه‌مێشی

ئه‌م نیشتمانه‌غه‌ریبه‌
هێنده‌ی كه جه‌سته‌م

شه‌كه‌ت ئه‌كات..

گڕی دووریم به‌خۆری

په‌لكه‌زێڕینه‌و گه‌رمی نیشتمانم

زیاتر بڵێسه ئه‌سێنێت
* * *
نیشتمانم!
ببووره‌ لێم..
ئه‌زانم زامه‌كانی من
دڵۆپێكن له ‌ده‌ریای زامه‌كانی تۆ
ئه‌شزانم ئازاره‌كانم
هه‌ڵقوڵاوی ئازاره‌كانی تۆن
نیشتمانه‌بۆنخۆشه‌كه‌م
له‌بیرمه‌كاتی مناڵیم
زۆرم حه‌ز به‌‌دیمه‌نی

گژوگیا و  سه‌وزایی بوو
شه‌یدای جوانی گوڵه به‌یبوون بووم
عه‌سرانی به‌هاران
به‌ره‌و ده‌نگی ئه‌و ده‌هۆڵ و زوڕنایه
ڕام ئه‌كرد
كه ‌له (كارێزی وه‌ستا شه‌ریف) ه‌وه
ئه‌گه‌یشته بن ده‌رگای ماڵمان،
به‌دوای قه‌مه‌ره‌ی
ئه‌و بووكانه‌یا ڕام ئه‌كرد
كه به‌ناوشارا ئه‌یانگێڕان،
(گردی سه‌یوان)
ڕۆژانی  هه‌ینی ده‌بوه
جێی سه‌یرانی ڕه‌ش پۆشه‌كان،
بۆ دیده‌نی كه‌سوكار
ئه‌چووینه بن سێبه‌ری
دارئه‌رخه‌وان،
نیشتمانم دڵنیابه..
ئێستاش كه‌‌بیرم دێته‌وه
ده‌ستی خۆم ئه‌‌شكێنم
له‌سه‌ر بڕینی لق و
په‌‌ڕپه‌ڕبوونی گوڵی
دارئه‌رخه‌وان..!
* * *
ئای نیشتمانم..

ئامێزت چه‌ند گه‌رم بوو

ئه‌وشه‌وانه‌ی، كوڕانی شاخ

سه‌ركۆڵان و بن دیواریان ئه‌گرت و

ته‌واریی و قوات خاسه‌یان ئه‌دایه‌

به‌ر رێچكه‌ی گولله‌ باران،

ئه‌و شه‌وه تا ده‌مه‌و به‌یان

هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنم ئه‌بیست

خه‌وم له‌چاو ئه‌تاران،

كه‌‌پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هید ئه‌بوو

ژنان به‌‌دزیه‌وه ڕوومه‌تیان ئه‌ڕنی و

ئاسمان فرمێسكی ئه‌باران.
* * *
نیشتمانم دڵنیابه..
نوكته به‌‌نوكته و
دێڕ به‌دێڕی ڕۆژه‌كانتم
وه‌ك ئایه‌تێكی پیرۆز
له‌‌سینه‌مدا هه‌ڵگرتوون و
بۆ من بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی
شیعرو په‌خشان،
نیشتمانم..
لێم ببووره‌
چۆن بتوانم ئه‌جری گه‌وره‌یی و
میهره‌بانیت بده‌مه‌وه..
گه‌ر له ‌ئێستاوه تامردن
باڵات بگرمه وشه‌و
جوانیت  شیعرباران بكه‌م؟!
* * *
نیشتمانم
بمبه‌‌خشه..
خۆم ئه‌زانم كچێكی دڵڕه‌ق بووم و
باوه‌شی پڕ له‌نازی تۆم به‌جێهێشت،
وام ئه‌زانی كه‌وتوویته
نازو نیعمه‌‌تی ئازادییه‌وه ‌و
غه‌م ناخۆی بۆ ئێمه‌ی غه‌ریبان!
كه‌سێ نییه..
ده‌ستێكی سۆز بهێنێ
به‌‌سه‌رو په‌رچه‌می به‌فرینتا،
كیسه‌یه‌ك خه‌نه بگرێته‌وه
بۆ ده‌ست و په‌نجه‌كانت و
ده‌ستێك جلی سوور بدورێ
تا فڕێی بده‌یت به‌رگی
ڕه‌شی ئاودامان.

* * *
بیرت ئه‌كه‌م

خۆشم ئه‌وێی

به‌قه‌د جوانی

به‌قه‌د ژیان

به‌قه‌د دارهه‌ناره شیرینه‌كه‌ی

حه‌وشه‌فرۆشراوه‌كه‌مان

به‌قه‌د شیعر

به‌قه‌د «نالی» و «گۆران»

به‌قه‌د ژماره‌ی هه‌موو گوڵه به‌یبوونه‌كان

ده‌بمبه‌خشه..

ئه‌زانم،

من كچێكی بێ  مروه‌ت بووم و

دایكه نیشتمانم تۆران،

به‌چی ئه‌مبه‌خشیت؟

به ‌سوێند، به ‌خۆشه‌ویستی
به‌‌گریان؟
به ‌ئه‌نفال.. یان هه‌ڵه‌بجه‌؟!
به‌خوێنی شه‌هیدان و
مه‌رگی یاران
یان.. هه‌تا رۆژی مردن
باڵات بگرمه‌وشه ‌و
جوانیت بكه‌م شیعرباران.
* * *
ئه‌ی به‌خشنده‌ترین دایك
ئه‌زانم
دڵت هێند گه‌وره‌یه
كه‌جێگه‌ی ئه‌و هه‌موو ناحه‌زی و
درۆ و گه‌نده‌ڵییه بگرێت
چۆن جێی منێك ناكاته‌وه؟
كه‌له عه‌شقی تۆ
له جوانی تۆ
به‌سروودی "ئه‌ی ڕه‌قیب" ی تۆ
ده‌ستم قه‌ڵه‌می گرتووه‌ و
وشه ئه‌هۆنمه‌وه
تا بۆ تۆی بكه‌م باڵاگه‌ردان.
* * *
نیشتمانم
من له‌بیرمه..
گه‌ر پیری له‌بیری تۆی نه‌بردبێته‌وه!
به‌هاران.. وه‌رزی سه‌یران
له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌ك كۆ ده‌بووینه‌وه
ئه‌چووین به‌ره‌و (دوكان)
له‌‌ئامێزی ده‌شت و شاخا
ڕۆژمان ئه‌گوزه‌ران،
ده‌مه‌و ئێواره ئه‌گه‌ڕاینه‌وه‌و
سه‌رمان ئه‌دا له (كۆته‌ڵ)، (باخی به‌ختیاری)
له‌(سه‌رچنار) و (قلیاسان)
چه‌نده‌جوان بوویت
تاجێ له‌‌گوڵه نێرگزت
نا بوه سه‌رت و
فه‌قیانه‌كانت پڕ ببوون
له‌گوڵاڵه سووره ‌و
سوخمه‌كه‌ت گرتبووی
بۆنی گوڵه شه‌هلا و
حه‌سوودیان پێ ئه‌بردی
كچان و ژنان
ده‌بمبه‌خشه..
وه‌سفی جوانی تۆ كه‌ی به‌من ئه‌‌كرێت؟
چۆن بتوانم؟
به‌وشه له ‌دڵت ده‌ر بكه‌م
داخ و زوڵمی  زه‌مان.
* * *
ئه‌ی میهره‌بانترین دایك
ئه‌ی باوه‌شی داستانی په‌نا به‌رد و
شاخی پڕ له ‌ئه‌شكه‌وت و
سنگی ئارامی دلێران..
وامده‌زانی دڵخۆشیت و
نه‌ماوه ده‌می كۆیله‌‌‌تی و
ده‌ورت گیراوه به‌دڵسۆزان!
نه‌مده‌زانی
سه‌دان «پلكه ڕه‌عنا»
هێشتا بۆ شوێنی ژیان
ئه‌ڕێژن..
فرمێسك وه‌كو باران!
نه‌مده‌زانی
هه‌ڵه‌بجه
هێشتا له‌‌سه‌ر گازی پشت
له‌‌ناو جێدا كه‌وتووه ‌و
حه‌بیبه‌كان بێنازن و
سه‌رلێشێواون «نالی»یه‌كان
لاوانی دڵ پڕ له ‌قین
ئه‌ڕژێنه سه‌ر جاده‌كان
.. ئه‌نفاله‌كان..
بۆ پاكیزه فرۆشراوه‌كان
بۆ سۆراخی بووك و زاواكان
وشكی نه‌كردووه فرمێسكیان
چاوه‌ڕێن و چاو له‌ڕێن
نیشتمانم..
نه‌مده‌زانی..
هێشتا شه‌هید بوون به‌رگه‌‌و
به ‌باڵای لاوان  ئه‌بڕێت و
ئه‌شكه‌نجه‌و زوڵم و نه‌زانی
گڕ به‌ر ئه‌ده‌نه جه‌سته‌ی ژنان

* * *
نیشتمانم..
بیرت ئه‌كه‌م ..
ئه‌ی دڵگیرترین هه‌وار
شیرین ترین كانی و
بۆنخۆشتر له ‌بۆنی
هه‌موو گوڵه‌كان
چۆن ئه‌جری تۆ به‌من ئه‌درێته‌وه؟
كه‌ی ئه‌مبه‌خشیت..
كاتێ باڵام له ووشه گرتی و
جوانیتم كرد.. شیعر باران؟!

• • •

هۆله‌ندا، 05-05-2006

Kazal_8@hotmail.com

 

           

 

02/09/2015