(وهرزه بێ ڕهنگهكان)

• كه‌ژاڵ ئیسماعیل

 

ئه ی وه‌رز
ئه‌وه‌حه‌زی منه‌
كاتێ خۆر چاو هه‌ڵدێنێت
جوانترین ڕه‌نگی خه‌یاڵ
بگرمه ئه‌و به‌یانییه..!
ئه‌وسا،
ده‌ورانم تكا له ‌خوا بكات
چه‌ند خوله‌كێ
بازنه‌ی زه‌مه‌ن وه‌گه‌ڕێ
تا له‌و
سه‌ره‌وه
مناڵیم بۆ بێنێته‌وه
ئاهـ ..
له‌م وه‌رزانه‌ی
خستوومیانه قه‌یرانی جه‌نگی ده‌روونه‌وه
به‌هار دێت و
خونچه‌ی گوڵێ بۆم پێناكه‌نێت
هاوین دێت و
گڕ له جه‌سته‌م به‌رئه‌دات
پاییز دێت و
له‌سه‌ر داری عومری من
هێلانه‌دروست ئه‌كات 
زستان دێت،
زستان دێت و
زریان دێت..
ره‌نگی به‌فر ره‌ش ئه‌بێت
ئه‌و په‌‌ڕه‌سێلكانه‌ی ساڵانێكه
له  نیشتمانم تۆراون
غه‌مبار.. غه‌مبار..
بۆ وه‌رزی من ئه‌گرین،
زستان دێت و
له‌گه‌ڵ داهاتنی  شه‌وا
شیعرم ئه‌تۆرێ.. 
كه‌ی  وه‌رزێ دێت
وه‌رزی من بێت؟!
كاتژمێره‌كان،
كاتێ گیانیان ده‌ر ئه‌چێت
دێنه لام
شه‌كری لێوێكی وشك بۆ من دێنن
وه‌رز .. خه‌راباته
رۆژێ سه‌دان جار
له‌گه‌ڵ تۆزی بن پێیه‌كا
تاڵاوم ئه‌داتێ و
كه‌روێشکی حه‌زم سه‌ر ئه‌بڕێت!
وه‌رز، تابلۆیه‌كه بێ ره‌نگ
وه‌رز، كه‌شتییه‌كه
له ‌ده‌ریای ئه‌ندێشه‌دا ئه‌سووڕێت
هه‌ر ئه‌سووڕێت و
كاتم ئه‌كوژێت!
ژوانی ته‌مه‌ن كورت
ئه‌كا به ‌سووتی و
له ‌برینه قووڵه‌كانی چاوه‌ڕوانیمی ئه‌نێت
كه‌ی وه‌رزێ دێت
وه‌رزی من  بێت؟!
تا دوا وشه‌می پێ بڵێم
گه‌ر له ‌ئه‌وینی ئه‌وا
دوا ترووسكه‌م له‌چاو بڕا
قه‌زای له‌چاوم
گه‌ر هاتیشه‌سه‌ر ڕێم
یابمكوژێت توخوا
یان جوانی خۆیم پێ ببه‌خشێت!
• • •
زستانی 2003

Kazal_8@hotmail.com

 

 

           

 

02/09/2015