چیرۆكی كات

 كه‌ژاڵ ئیسماعیل

 

 

چیرۆكی كات..
ته‌واو نابێت
ڕۆژگاری پڕ له‌‌به‌خته‌وه‌ری
ناگه‌ڕێته‌وه،
كات ئه‌‌ڕوات و
چركه.. چركه
جێگا هه‌ر خۆیه‌تی
ناگۆڕێت و جووڵه ناكات
ساڵانێكه..
نه‌ ‌چرپه‌یه‌ك
له‌سه‌ر لێوه‌كان
چرۆ ئه‌كه‌ن
نه‌‌خه‌نده‌یه‌ك..
بێده‌نگییه‌ك
له‌ ناخمدا شین بووه
كات ئه‌‌ڕوات و
له‌گه‌ڵ خۆیدا
په‌ڕه‌كانی عومر پێوه ئه‌دات
ڕوخسار.. جوانی..
لاویمان ئه‌بات
كاتێ دڵمان لاو بوو
پڕ له ‌نه‌شه‌ی خۆشی
ڕه‌نگی گوڵاڵه  و
بۆنی به‌هار
ئه‌پڕژانه سه‌ر خه‌نده‌كانی
به‌رائه‌ت و
پێكی كامه‌ڕانیمان ئه‌نۆشی،
ئێستا..
گۆنا له ‌شه‌ونم زیزه و
هه‌ڵوه‌رین..
بۆته ئافاتی چرۆكان،
بایه‌كی بۆن سارد
باوه‌ش ئه‌كات
به‌و یاده‌وه‌رییانه‌ی
هه‌رگیز نه‌گه‌ینه‌ تاوێك
كه‌ له ‌ناویاندا خه‌یاڵ
مه‌ستمان كات!

كات ئه‌‌ڕوات..
وه‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌رێكی
سه‌رلێشێواو
مۆڵگه.. مۆڵگه
جێمان دێڵێت
چه‌ند هانای بۆ ئه‌به‌ین
له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵمان ناگرێت
چركه مردووه‌كان..
فڕێ ئه‌داته
ئه‌وبه‌ری شه‌قام و
ئێمه‌ش له‌مبه‌ر جێده‌‌هێڵێت.

چیرۆكی كات..
ته‌واو نابێت
ڕۆژگاری پڕ له‌به‌خته‌وه‌ری
ناگه‌ڕێنه‌وه
كه‌ناره‌كان..
چۆڵ و ساردن
ئینجانه‌كان بێ گوڵ و
په‌پووله‌ن
ئه‌وه‌ی له ‌دوای ڕۆیینی كات
جێده‌مێنێت
ئه‌لبۆمی پڕ له ‌وێنه‌ن و
یاده‌وه‌رییه‌كان..!
كه‌سێ نییه‌
مه‌مله‌كه‌تی سه‌رهه‌ڵگرتووی
كات ڕێ پێببات
 تاسه‌رله‌نوێ
چركه.. چركه
بیانهۆنێته‌وه‌و
بیانكاته‌وه گه‌ردنمان
به‌ خه‌ڵات..!

سلێمانی، ساڵی2000

Kazal_8@hotmail.com

• • •

 
           

 

02/09/2015