بییركردنەوە و ئازادیی

 

د. كەمال میراودەلی

به شی شه‌شه‌م ‌

سۆکرات: منیش هه‌ر وه‌ك خۆت ئه‌مه ‌ده‌زانم، دۆستی ئازیز، بۆیه‌ من تاسه‌ی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ ببمه‌ شاگردی تۆ. من ده‌زانم که‌ میلێتس و ئه‌وانی دیکه‌ش بوونی تۆ لێره‌ سه‌رنجیان راناکێشێ، له‌ کاتێکدا وا به‌ ئاسانی و تیژیی چاوی من ده‌یبینێ که‌ ئێستا منی به‌ تاوانی بێدینیی هێناوه‌ته‌ دادگا. که‌وایه‌ بۆ خاتری ئاسمان ئه‌و شتانه‌م پێ بڵێ که‌ هه‌ر ئێستا خۆت جه‌ختت کرد که‌ ده‌یانزانی: پێم بڵێ چاکه‌خوازیی و به‌دخوازیی، پیرۆزیی و ناپیرۆزیی له‌ په‌یوه‌ندی به‌مه‌سه‌له‌ی کوشتن یان شتی دییه‌وه‌ بێ، چین؟ یان له‌هه‌موو بوارێکی چالاکیدا چاکه‌خوازیی و پیرۆزیی هه‌ر هه‌مان شت نییه‌؟ یان به‌دخوازیی، ناپیرۆزیی پێچه‌وانه‌ی هه‌رشتێکه‌ چاکه‌ و پیرۆز بێ و وه‌ك خۆی بێ، نابێ هه‌رشتێ پێی وترێ چاک یا پیرۆز یه‌ك ستانداردی هه‌بێ که‌ ناپیرۆزییه‌که‌ی ئاشکرا بکات؟

ئیۆثیفرۆ: ئه‌مه‌ ته‌واو وایه‌، سۆکرات.

سۆکرات: که‌وایه‌ تکایه‌ پێم بڵێ پیرۆزیی به‌لای تۆوه‌ چییه‌؟ هەر‌وه‌ها ناپیرۆزیی چییه‌؟

ئیۆثیفرۆ: چاکه‌، من ده‌ڵێم پیرۆزیی ئه‌و شته‌یه‌ ئێستا من ده‌یکه‌م: دادگایی کردنی تاوانکارێك به‌ تاوانی کوشتن بێ یان دزییه‌کی دژ به ‌دین یان هه‌ر شتێکی دی، بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی داخۆ ئه‌و که‌سه‌ وا ڕێده‌که‌وێ باوکی خۆم بێ یا دایك یا هه‌ر که‌سیکی دیکه‌، له‌م حاڵه‌ته‌دا گه‌ر چاو له‌ دادگایی کردن بپۆشی ئه‌مه‌یان ناپیرۆزییه‌. سه‌یرکه‌ سۆکرات-  من بەم كارەم به‌ڵگه‌ی روونی یاسای یه‌زدانی (پیرۆزت) نیشان ده‌ده‌م، یاسای ئه‌وه‌ی نابێ که‌س له ‌وانه‌ی تاوانی ناپیرۆزیی ده‌که‌ن، هه‌ر که‌سێك بن، له‌ سزادان بپارێزێ. من ئه‌وه‌م وه‌ك نموونه‌یه‌ك نیشانی که‌سانی دیکه‌ داوه‌، نموونه‌ی رێگه‌ی ڕاست بۆ پێڕه‌وی کردن.. ده‌بینی ڕاستییه‌که‌ی خه‌ڵك خۆیان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن که‌ زێوس (Zeus)  باشترین و دادپه‌وه‌رترینی خوداکانه‌ و دان به‌وه‌دا ده‌نین که‌ ئه‌و باوکی خۆی زیندانی کرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌رانه‌ مناڵه‌کانی خۆی قووت دان. به‌ڵام له‌حاڵه‌تی من دا، تاوانه‌که‌ی ده‌به‌م بۆ دادگا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌رنج و لێکدانه‌وه‌ی ناکۆك ده‌رباره‌ی ره‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وتی خوداکان و من ده‌رده‌بڕن.

 

سۆکرات: تۆ بڵێی ئیۆثیفرۆ ئه‌مه‌ش هۆی ئه‌وه‌ نه‌بێ که‌ من ئێستا هێنراوم بۆ دادگا؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر که‌سێ ئاوا (به‌ناکۆکی) باسی خوداکان بکات من زۆر سه‌خته‌ لام قبووڵی بکه‌م؟ ئه‌مه‌ش ده‌شێ ببێته‌ هۆیه‌کی سروشتی بۆ ئه‌و که‌سه‌ی من به‌هه‌ڵه‌ ده‌زانێ. جا ئێستا ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت که‌سێکی وه‌ک تۆش که‌ له‌ شت تێده‌گه‌ی هاوبیروڕای ئه‌وان بیت، ئه‌وا ئێمه‌مانانیش چاره‌مان نییه‌ ده‌بێ ڕازی بین. چیترمان هه‌یه‌ بیڵێین له‌کاتێکدا ئێمه‌ خۆمان دان به‌وه‌دا ده‌نێین که‌ هیچیان ده‌رباره‌ نازانین؟ به‌ڵام تکایه‌ دۆستی چاك به‌و پیم بڵێ: ئایا تۆ به‌ڕاستی باوه‌ڕ ده‌که‌ی ئه‌م شتانه‌ ئاوا ڕوویان دابێ؟11

ئیۆثیفرۆ: به‌ڵێ من باوه‌ڕم به‌وانه‌ و به‌زۆر شتی دیکه‌ی سه‌یر و سه‌رنجڕاکێش هه‌ن که‌ خه‌ڵکی ئاسایی نایانزانن.

سۆکرات: که‌ وابێ تۆ باوه‌ڕت وایه‌ که‌ شه‌ڕی نێوخۆیی له‌ نێوان خواکاندا هه‌بێ، دوژمنایه‌تی خه‌ته‌رناك و جه‌نگ و هه‌را و شتی ئاوه‌ها له‌م جۆره‌ شتانه‌ی شاعیره‌کان باسیان ده‌که‌ن 12 و هونه‌رمه‌نده‌ چاکه‌کان له‌م کاره‌ هونه‌رییه‌ پیرۆزه‌دا ده‌یان نوێنن، وه‌ک رۆبه‌که‌ی13ی پاناشینیای مه‌زن، که‌ بۆ ئه‌کرۆپۆلیس هێنراوه‌، به‌ نه‌خش و نیگاری له‌م چه‌شنه ‌دا پۆشراوه‌.. ئه‌رێ ده‌بێ ئێمه‌ ئیۆثیفرۆ، باوه‌ڕ بێنین که‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو راستن؟

ئیۆثیفرۆ: نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه‌، سۆکرات، به‌ڵکو وه‌ك هه‌ر ئێستا پێم ووتی، زۆر شتی دیکه‌شت ده‌رباره‌ی بووه‌ پیرۆزه‌کان پێده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر حه‌ز بکه‌ی، من ده‌زانم تۆ به‌م شتانه‌ واقت وڕده‌مێنێ.

سۆکرات: من به‌مه‌ سه‌رسام نابم. تۆ ئه‌مانه‌م له‌ ده‌رفه‌تێکی دی بۆ باس بکه‌، که‌ کاتی ته‌واومان هه‌بێ. ئێستا هه‌وڵ بده‌ روونتر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌وه‌ که‌ ئێستا لێمکردی.. که‌ پێشتر لێمپرسیت: پیرۆزیی چییه‌؟ تۆ به‌ ته‌واوی روونت نه‌کرده‌وه‌، به‌ڵکو وتت تۆ ئێستا کاری (پیرۆزیی) ده‌که‌ی به‌وه‌ی باوکت له‌به‌ر تاوانی (ناپیرۆزیی) بۆ دادگا ده‌به‌ی.

ئیۆثیفرۆ: به‌ڵێ سۆکرات، من راستیم پێ وتی.

سۆکرات: ره‌نگه‌. به‌ڵام ئیۆثیفرۆ تۆ ده‌ڵێی شتی دیکه زۆر هه‌ن که‌ پیرۆزن؟

ئیۆثیفرۆ: به‌ڵێ، شتی دیکه‌ی پیرۆز زۆر هه‌ن.

سۆکرات: که‌واته‌ له‌بیرته‌ ئه‌وه‌ پرسیاری من نه‌بوو که‌ یه‌ك دوو نموونه‌م له‌ کۆمه‌ڵێکی زۆر و زه‌به‌ند له‌ شتی پیرۆز بۆ ناو به‌ری. من داوام لێ کردی ئه‌و فۆرمه‌ تایبه‌تکاره‌م14 بۆ باس بکه‌ی که‌ هه‌موو شته‌ پیرۆزه‌کان هه‌یانه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌بنه‌ شتی پیرۆز. دیاره‌ تۆ له‌گه‌ڵ من ڕێك بووی که‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌هۆی تاقه ‌یه‌ك‌ ستاندارد15  هه‌موو شته‌ پیرۆزه‌کان پیرۆزن و به‌یه‌ك ستانداردیش هه‌موو شته‌ ناپیرۆزه‌کان ناپیرۆزن. ئه‌مه‌ت دێته‌وه‌ بیر؟.

ئیۆثیفرۆ: به‌ڵێ، له‌بیرمه‌.

سۆکرات: که‌وایه‌ بۆم روون که‌ره‌وه‌ ئه‌م ستاندارده‌ خۆی چییه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ من بینیم بیناسمه‌وه‌ و بزانم و وه‌ک هۆکارێکی به‌راورد16 به‌کاری بێنم و بیسه‌لمێنم که‌ هه‌موو ئه‌و کارانه‌ی وه‌ك ئه‌و ستاندارده‌ن، کاره‌کان هی تۆ بن یان که‌سێکی دی، ئه‌وا پیرۆزن، له‌کاتێکدا ئه‌وانه‌ی له‌وه ‌ناچن پیرۆز نین.

ئیۆثیفرۆ: چاکه‌، سۆکرات، گه‌ر تۆ ئه‌مه‌ت ده‌وێ منیش ئه‌مه‌ت بۆ ڕوون ده‌که‌مه‌وه‌.

سۆکرات: به‌ڕاستی من ئه‌وه‌م ده‌وێ.

 

 { ئیۆثیفرۆ پێناسه‌یه‌کی کۆبوونیی (Universal) ی پیرۆزیی ده‌کات، که‌ له‌ شێوه‌دا قه‌ناعات به‌ سۆکرات ده‌کا، به‌ڵام له‌ناوه‌ڕۆکدا مانای پێناسه‌ کردنی پیرۆزیی وه‌ك ئه‌و شتانه‌ی خواکان پێیان خۆشه‌ و په‌سه‌ندییانه،‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌یە که‌ داستان و سه‌رگوزه‌شته‌ کۆنه‌واره‌‌کانیان ده‌رباره‌ی خواکان قبووڵه‌، چیرۆکی شه‌ڕ و هه‌را و ناکۆکیه‌کانی نێوانیان، ئه‌م پێناسه‌یه‌ قبووڵ کردنی زه‌حمه‌ته‌. چونکه‌ هه‌ر ئه‌و کاره‌ی خوایه‌ك پێی خۆشه‌ یه‌کێکی دی پێی قه‌ڵس و تووڕه‌ ده‌بێ. به‌رامبه‌ر ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ی‌ سۆکرات ئیۆثیفرۆ ده‌کشێته‌وه‌و ده‌ڵێ، پیرۆزیی ئه‌و شته‌یه‌ که‌ هه‌موو خواکان به‌لایانه‌وه‌ په‌سه‌نده‌. ئه‌م پێناسه‌یه‌ش به‌ره‌و رووی کێشه‌ و گرێبه‌ندێکی تر ده‌بێته‌وه‌: مادام ئه‌وه‌ی پیرۆزه‌ به‌ په‌سه‌ندکردنی خواکانه‌وه‌ به‌نده‌ و ئه‌وه‌ی خواکان په‌سه‌ندیی ده‌که‌ن به‌وه‌ی (پیرۆزه‌) بڕیار ده‌درێ، ئه‌وا ئه‌وه‌ی خواکان په‌سه‌ندی ده‌که‌ن ناکرێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیرۆزه‌ یه‌ک شت بێ. ((کاتێ,B,A  دیاری ده‌کا وC,B دیاری ده‌کا، A بڕیار ده‌ریCش ده‌بێ)) ئه‌م ئاخاوتنه‌ زۆر لێکدانه‌وه‌ی ده‌رباره‌ کراوه‌ و چه‌کێکی به‌هێزه‌ به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌ که‌ باوه‌ڕیان وایه‌ مۆرالیتی ته‌نیا به‌ خواستی خواوه‌نده‌وه‌ بڕیار ده‌درێ}

 

ئیۆثیفرۆ: باشه‌، که‌وایه‌، ئه‌وه‌ی لای خواکانه‌وه‌ په‌سه‌نده‌ پیرۆزه‌، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندیان نییه‌ ناپیرۆزه‌.

سۆکرات: ده‌مخۆش، ئیۆثیفرۆ. ئێستا تۆ ئه‌و وه‌ڵامه‌ت دامێ که‌ لێتم ده‌ویست.. ڕاستییه‌که‌ی ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ هێشتا من نازانم داخۆ تۆ له‌مه‌دا دروستی17 یان نا، دیاره‌ تۆ ئێستا راستیی قسه‌کانی خۆتم بۆ ده‌رده‌خه‌ی.

ئیۆثیفرۆ: بێ گومان.

سۆکرات: وه‌ره‌ با سه‌رنجی تێزه‌که‌مان بده‌ین، بۆ هه‌ر کارێ، خواکان بیکه‌ن یان مرۆڤ، ئه‌گه‌ر خوا پێی خۆش بێ  ilehTheo-p ئه‌وه‌ پیرۆزه‌، ئه‌گه‌ر خوا پێی ناخۆش بێ، ئه‌وه‌ ناپیرۆزه‌. ئه‌و دوو شتانه‌ش یه‌ك نین، پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی یه‌کترین: مه‌به‌ستم پیرۆز و ناپیرۆزه‌، ئه‌رێ وانییه‌؟!.

ئیۆثیفرۆ: ئه‌مه‌ ته‌واو دروسته‌.

سۆکرات: دیاره‌ وتنه‌که‌ش(دەربڕینەكەش) باشه‌.

ئیۆثیفرۆ: به‌لای منه‌وه‌ باشه‌، سۆکرات.

سۆکرات: باشه‌، ئه‌ی ئێمه‌ پێشتر نه‌مان وت که‌ خواکان ده‌مه‌قاڵێ و هه‌را و ناکۆکیشیان له‌نێو خۆیاندا هه‌یه‌، هه‌ر یه‌که‌یان دوژمنی ئه‌وانی دیکه‌ن؟.

ئیۆثیفرۆ: به‌ڵێ ئه‌وه‌مان ووت.

سۆکرات: باشه‌ تکایه‌ بابه‌تی ئه‌و کێشانه‌ چین که‌ ده‌بنه‌ هۆی تووڕه‌یی و دوژمنایه‌تی؟ با به‌م شێوه‌ سه‌رنجی بده‌ین: گه‌ر من و تۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك نه‌که‌وین له‌ دوو ژماره‌ کامیان گه‌وره‌تره‌، ئایا ده‌بێ ڕێکنه‌که‌وتنمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ لێكمان بکات به‌ دوژمن و وامان لێ بکا رق له‌یه‌کتر هه‌ڵگرین؟ یان ده‌بێ ئێمه‌ خێرا ناکۆکییه‌که‌مان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ (زانستی) ماتماتیك حه‌ل بکه‌ین؟.

ئیۆثیفرۆ: ئه‌مه‌ ته‌واو‌ وایه‌.

سۆکرات: هه‌روا گه‌ر ئێمه‌ ناکۆکیمان ده‌رباره‌ی قه‌واره‌ی دوو شت هه‌بێ، ده‌توانین خێرا په‌نا به‌رینه‌ به‌ر پێوه‌رێك و ناکۆکییه‌که‌ ببڕێنینه‌وه‌.

ئیۆثیفرۆ: ئه‌مه‌ش وایه‌.

سۆکرات: هه‌روا ده‌رباره‌ی کێش و سه‌نگی شتێك. وابزانم ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ سه‌نگی به‌راوردی شته‌کان بزانین.

ئیۆثیفرۆ: بێ گومان.

سۆکرات: که‌وایه‌ چین ئه‌و شتانه‌ی که‌ده‌شێ ناکۆکیمان ده‌رباره‌یان هه‌بێ و نه‌توانین چاره‌سه‌رییه‌کی گونجاو بدۆزینه‌وه‌؟ چین ئه‌و شتانه‌ی له‌سه‌ریان تووڕه‌ ده‌بین و ده‌بینه‌ دوژمنی یه‌کتر؟ ره‌نگه‌ تۆ وه‌ڵامێکی ئاماده‌ت بۆ ئه‌م پرسیاره‌ نه‌بێ.. به‌ڵام با من پێشنیازێ بکه‌م، با وای دانێین ناکۆکییه‌که‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چ شتێ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌ و چ شتێ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌، چ شتێ جوانه‌ و چ شتێ دزێوه‌، چ شتێ باشه‌ و چ شتێ خراپه‌. ئایا ئه‌مه‌ ئه‌و شتانه‌ نین که‌ له‌سه‌ریان به‌هه‌را دێین و ڕێگایه‌کی راست بۆ چاره‌سه‌ریان نادۆزینه‌وه‌ و هه‌ندێ جار وامان لێده‌که‌ن دوژمنایه‌تی یه‌کتری بکه‌ین، تۆ، من، هه‌موومان؟.

ئیۆثیفرۆ: به‌ڵێ ڕاسته‌ ئه‌م جۆره‌ ناکۆکییانه‌ن، ئه‌مانه‌ن پرسه‌کان.

سۆکرات: ئه‌ی باشه‌ ده‌رباره‌ی خواکان چ ده‌ڵیی، ئیۆثیفرۆ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وان هه‌ر ناکۆکییه‌کیان هه‌بێ، ئایا ئه‌وانیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه‌ نییه‌؟

ئیۆثیفرۆ: هه‌ر ده‌بێ وابێ!

سۆکرات: که‌وایه‌ دۆستی شیرینم باسه‌که‌ی تۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ که‌ له‌نێو خواکانیشدا ده‌سته‌ی جیاواز، بیروبۆچوونی جیاوازییان ده‌رباره‌ی دادپه‌روه‌ریی، یان جوانیی یان دزێویی، یان باشیی و خراپیی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌بایه‌ له‌ناو خۆیاندا ئه‌و ناکۆکیی و به‌ربه‌ره‌کانیانه‌یان نه‌ده‌بوون. ئه‌مه‌ وانییه‌؟.

ئیۆثیفرۆ: ئه‌مه‌ دروسته‌.

سۆکرات: ده‌توانین له‌وه‌ش دڵنیا بین که‌ ئه‌و شتانه‌ی هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك به ‌دادپه‌روه‌رانه‌ و جوان و باشی داده‌نێن، له‌هه‌مان کاتدا په‌سه‌ندیشیان ده‌که‌ن و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان ناپه‌سه‌ند ده‌که‌ن.

ئیۆثیفرۆ: ئه‌مه‌ ڕاسته‌.

سۆکرات: که‌وایه‌ ده‌کرێ هه‌مان شت له‌لای خواکانه‌وه‌ هه‌م په‌سه‌ند بکرێن و هه‌م ناپه‌سه‌ند بکرێن واته‌ هه‌مان شت هه‌م به ‌پیرۆز و هه‌م به‌ ناپیرۆز ده‌ژمێردرێن؟

ئیۆثیفرۆ: ئه‌مه‌ رێی تێ ده‌چێ.

سۆکرات: که‌وایه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ بێ هه‌مان شت ده‌شێ هه‌م پیرۆز و هه‌م ناپیرۆز بن.

ئیۆثیفرۆ: ده‌شێ وابێ.

سۆکرات: که‌وایه‌ تۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی منت نه‌دایه‌وه‌، ئیۆثیفرۆ. من پرسیاری ئه‌وه‌م لێنه‌کردی چ شتێك ده‌شێ هه‌م پیرۆز و هه‌م ناپیرۆز بێ، هه‌ر شتێ که‌ خواکان پێیان خۆش بێ، خواکان پێیان ناخۆش بێ! له‌ئه‌نجامدا، ئیۆثیفرۆی ئازیزم، جێگه‌ی سه‌رسامی نییه‌ که‌تۆ له‌ هه‌وڵدانت دا بۆ سزادانی باوکت وه‌ك ئێستا خه‌ریکی، تۆ کارێك ده‌که‌ی زۆیس Zeus21  په‌سه‌ندی ده‌کا و کرۆنۆس  Kronos22  نه‌فره‌تی لێ ده‌کا. یان هێفاستۆس Hephaestus په‌سندیی ده‌کا و هێرا Hera نه‌فره‌تی لێ ده‌کا.. به‌م جۆره‌ له‌سه‌ر هه‌ر پرسێکی دی خواکان رای جیاوازیان ده‌بێ.

ئیۆثیفرۆ: باشه‌، ئه‌وه‌ باوه‌ڕی منه‌ سۆکرات که‌ هیچ کام له‌خواکان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ناڕێک نین: هه‌ر که‌سێ که‌سێکی دی به‌ناهه‌ق بکوژێ ده‌بێ سزای خۆی وه‌رگرێ.

سۆکرات: ئه‌ی ده‌رباره‌ی مرۆڤه‌کان ده‌ڵێی چی؟ قه‌ت بیستووته‌ هیچ مرۆڤێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ناڕێك بێ که‌ هه‌ر که‌سێ به‌ ناهه‌ق که‌سێ بکوژێ یان هه‌ر که‌سێ کارێکی دی ناهه‌قانه‌ و نادادپه‌روه‌رانه‌ بکات. ده‌بێ سزای بدرێ؟

ئیۆثیفرۆ: ئه‌وان به‌هیچ جۆرێ له‌ ناکۆکی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م شتانه‌ ناکه‌ون، به‌تایبه‌تی له‌ دادگاکاندا، گه‌رچی تاوانێکی زۆریشیان کردبێ، هیچ شتێ نامێنێ په‌نای بۆ نه‌به‌ن تا له‌ سزادان ده‌رباز بن.

سۆکرات: دیسان، ئیۆثیفرۆ، ئایا ئه‌وان دان به‌وه‌ داده‌نێن که‌ تاوانیان ئه‌نجام داون، و ئه‌گه‌ر‌ دانیشیان پێدانا، هێشتا ده‌ڵێن که‌ نابێ سزابدرێن؟

ئیۆثیفرۆ: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه‌ ناکه‌ن.

سۆکرات: که‌وایه‌ ئه‌وان هه‌موو شتێك ناڵێن و ناکه‌ن. به‌ڵام باوه‌ڕناکه‌م زاتی ئه‌وه‌یان هه‌بێ بڵێن نابێ سزاکه‌یان بده‌ن ئه‌گه‌ر به ‌گریمانیش به‌گوناهکار دابنرێن. من باوه‌ڕم وایه‌ ئه‌وان نکوولی له‌وه‌ ده‌که‌ن گوناهێکیان کردبێ؟ ئه‌مه‌ وانییه‌؟.

ئیۆثیفرۆ: ئه‌مە دروسته‌.

سۆکرات: باشه‌، ئه‌دی خواکانیش به‌هه‌مان ئه‌زمووندا تێپه‌ڕنابن؟ ئه‌گه‌ر وه‌ك تۆ ده‌ڵێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌و چ دادپه‌روه‌رانه‌ نییه‌ ده‌مه‌قاڵی بکه‌ن هه‌ندێکیان ئه‌وانی دی به‌هه‌ڵه‌ داده‌نێن و ئه‌وانیش دان به‌وه‌دا نانێن که‌ هه‌ڵه‌ن . به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش وابێ، دۆستی من ، هیچ که‌س نه‌خودا ، نه‌ مرۆڤ ، ئه‌و زاته‌ی نی‌یه‌ که‌ بڵێ تاوانبار نابێ نرخی تاوانه‌که‌ی بدات.

ئیوثیفرۆ: به‌ڵێ سۆکرات ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یڵێی ،هەر نه‌بێ وه‌ك پرینسیپ ڕاسته‌.

سۆکرات: به‌ڵام له‌هه‌ر یه‌کێك له‌و حاڵه‌تانه‌دا، من باوه‌ڕم وایه‌ که‌ هه‌راوناکۆکیی نێوان مرۆڤ، یان خواکان، گه‌ر ئه‌وان به‌ڕاستی له‌سه‌ر شته‌کان هه‌رابکه‌ن_ ناکۆکیی و هه‌راکه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌یه‌ که‌ کراون. ئه‌وان ده‌رباره‌ی کرده‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی ناڕێکن ، هه‌ندێ ده‌ڵێن ئه‌و کرده‌وه‌ دادپه‌روه‌رانه‌ ئه‌نجام دراوه‌ ، هه‌ندێ ده‌ڵێن نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌_ وا نییه‌؟

 ئیوثیفرۆس: ته‌واو وایه‌.

سۆکرات: که‌وایه‌ ده‌ی دۆسته‌که‌م ئیوثیفرۆ، وه‌ره‌ منیش فێرکه‌، زاناترو داناترم بکه‌. تۆ چ به‌ڵگه‌یه‌کت به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو خواکان مردنی ئه‌و کرێکاره‌ به‌نادادپه‌روه‌رانه‌ ده‌زانن که‌ ئه‌ویش لێپسراو بووه‌ له‌ مردنی که‌سێکی دیکه‌_ له‌ لایه‌ن ئاغای ئه‌و پیاوه‌ کوژراوه‌وه‌ به‌ندوزیندانی کراوه‌ و له‌ هه‌لومه‌رجی زیندانیکردنه‌که‌یدا به‌ر له‌وه‌ی زیندانیکه‌ر له‌ ڕاڤه‌کاره‌وه‌ ئامۆژگاری پێ بگات چی بکات، مردووه‌؟ تۆ چ به‌ڵگه‌یه‌کت به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ شتێکی دروسته‌ بۆ کوڕێك له‌بریی ئه‌م جۆره‌ که‌سه‌ په‌نا به‌رێته‌ به‌ر دادگاو باوکی خۆی به‌ تاوانی کوشتنی شه‌رمه‌زار بکات؟ وه‌ره‌ هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی روون و سه‌لمێنه‌رم نیشان بده‌ که‌ ئه‌م کاره‌ دوور له هه‌مووشك و گومانێك له‌لایه‌ن  هه‌موو خواکانه‌وه‌ ، به‌کارێکی دروست داده‌نرێ. ئه‌گه‌ر تۆ له‌مه‌دا قه‌ناعه‌ت به‌ من بێنی ، من هه‌رگیز له‌ مه‌منوونی خۆم بۆ دانایی ئێوه‌ ناکه‌وم.

ئیوثیفرۆ: سۆکرات ئه‌مه‌ ئه‌رکێکی که‌م و ئاسان نییه‌ ، گه‌رچی من ده‌متوانی به‌ ته‌واوی و روونی نیشانتی بده‌م.

سۆکرات: ده‌زانم تۆ وابیر ده‌که‌یته‌وه‌ من له‌ دادگۆیان (Jury) هێواشتر فێر ده‌بم چونکه‌ تۆ بێ گومان ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ك پێشکه‌ش ئه‌وان ده‌که‌ی که‌ کاره‌که‌ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌و هه‌موو خواکان ئه‌م جۆره‌ کارانه‌یان پێناخۆشه‌.

ئیوثیفرۆ: روونکردنه‌وه‌یه‌کی ته‌واوو بێ خه‌وش، سۆکرات، گه‌ر ئه‌وان بیانه‌وێ گوێم لێ بگرن.

سۆکرات: ئه‌وان گوێت لێ ڕاده‌گرن، گه‌ر ئه‌وان ، پێیان وابێ قسه‌کانی تۆ مانادارن. به‌ڵام پرسیارێك هه‌یه‌ که‌ کاتێ گوێم له‌ تۆ گرتبوو به‌ خه‌یاڵمدا هات، من له‌ خۆم ده‌پرسم:  هه‌رچه‌نده‌ ئیوثیفرۆ زۆر به‌باشیش ئه‌وه‌م فێر بکات که‌ هه‌موو خواکان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هاوڕێکن که‌ ئه‌و کاره‌ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌، ئایا من چی له‌ ئه‌وه‌وه‌ فێر بووم ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی پیرۆزیی و ناپیرۆزیی چین؟ باشه‌ بابڵێین ئه‌م کاره‌ به‌رواڵه‌ت خواکان پێیان خۆشه‌، به‌ڵام ده‌بینی هه‌ر ئێستا وامان بۆده‌رکه‌وت که‌ ئه‌و شتانه‌ی پیرۆزن و ئه‌وانه‌ی پیرۆزنین به‌م چه‌شنه‌ لێك جیاکرانه‌وه‌_ چونکه‌ هه‌ر ئه‌و شتانه‌ی خواکان پێیان ناخۆشه‌، خواکانیش پێیان خۆشه‌. که‌وایه‌ ئیوثیفرۆ من له‌م پرسه‌دا یه‌خه‌ت به‌رده‌ده‌م ، گه‌ر حه‌زت لێیه‌ با قسه‌ی تۆ بێ و هه‌موو خواکان وابیربکه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ کارێکی نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌و پێیان ناخۆشه‌. به‌ڵام گه‌ر له‌مه‌ش بگه‌ڕێین ، ئه‌وه‌ چ ده‌ڵێی ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕاستکردنه‌وه‌ی بۆ باسه‌که‌مان زیاد کرد_ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و شته‌ی هه‌موو خواکان پێیان ناخۆشه‌ شتێکی ناپیرۆزه‌و ئه‌وه‌ی هه‌موویان پێیان خۆشه‌ شتێکی پیرۆزه‌، ئه‌وه‌ش که‌ هه‌ندێکیان پێیان خۆشه‌ و هه‌ندێکیان پێیان ناخۆشه‌ ، ئه‌وه‌ نه‌ پیرۆزه‌ نه‌ ناپیرۆزه‌ ، یان هه‌م پیرۆزه‌و هه‌م ناپیرۆزیشه، ئایا  ئه‌مه‌ ئه‌و ئاکامه‌یه‌ که‌ تۆ ده‌ته‌وێ پێناسه‌که‌ی ئێمه‌ ده‌رباره‌ی پیرۆز و ناپیرۆز له‌سه‌ری ببه‌ستێ.

ئیوثیفرۆ: چ شتێ رێگری ئه‌مه‌یه‌، سۆکرات؟.

سۆکرات: چ شتێ رێم لێ ناگرێ، ئیوثیفرۆ. به‌ڵام تۆ سه‌رنجی وه‌زعی خۆت بده‌ و پرسیار له‌ خۆت بکه‌ داخۆ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌م گریمانه‌ (ئه‌م پێناسه‌یه‌)، تۆ ئه‌م شتانه‌م فێر ده‌که‌ی که‌ به‌ڵێنت پێدام.

ئیوثیفرۆ: چاکه‌ من به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێم پیرۆز ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو خواکان پێیان خۆش بێ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی هه‌موو خواکان پێیان ناخۆش بێ ئه‌وه‌ ناپیرۆزه‌.

سۆکرات: باشه‌، ئیوثیفرۆ ده‌بێ لێره‌دا زیاتر له‌مه‌ بکۆڵینه‌وه‌ و بزانین داخۆ باشتر وتراوه‌ یان ده‌بێ ئێمه‌ لێره‌دا بوه‌ستین و شتێ له‌ خۆمان یان له‌ که‌سێکی دی قبووڵ بکه‌ین به‌وه‌ ڕازی بین که‌ ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سێك هه‌ر وا ده‌ڵێ شته‌که‌ ئاوایه‌؟ یان ده‌بێ بوه‌ستین و لێکی بده‌ینه‌وه‌ قسه‌که‌ر مه‌به‌ستی چییه‌؟.

ئیوثیفرۆ: لێکی بده‌وه‌، به‌ڵام من به‌شبه‌حاڵی خۆم ده‌ڵێم ئه‌م بابه‌ته‌ ئێستا زۆر به‌ چاکی ڕاگه‌یه‌نراوه‌ (Stated).

سۆکرات: تۆزێ سه‌برت بێ ئێمه‌ له‌ بارێکی باشتردا ده‌بین تا ئه‌م بڕیارە بده‌ین. بیر له‌م خاڵه‌ بکه‌وه‌: ئایا پیرۆز شتێکه‌ خواکان په‌سه‌ندی ده‌که‌ن چونکه‌ پیرۆزه‌ یان پیرۆزه‌ بۆیه‌ خواکان په‌سه‌ندی ده‌که‌ن؟.

ئیوثیفرۆ: سۆکرات من نازانم مه‌به‌ستت له‌مه‌ چییه‌؟.

سۆکرات: چاکه‌، من هه‌وڵ ده‌ده‌م روونتر تێتی بگه‌یه‌نم. ئێمه‌ باسی شتێك ده‌که‌ین که‌ هه‌ڵبگیرێ، یان هه‌ڵبگرێ، لێبخوردرێ یان لێبخوڕێ، ببیندرێ یان ببینێ، تۆ له‌وه‌ حاڵی که‌ هه‌ر کام له‌م ‌جووت واتایانه‌ له‌یه‌کتر جیاوازن و جیاوازییه‌که‌یان چۆنه‌؟.

ئیوثیفرۆ: به‌دڵنیایی یه‌وه‌ واده‌زانم که‌ تێده‌گه‌م.

سۆکرات: که‌وایه‌ شتێکیش نییه‌ که‌ (په‌سه‌ند) بکرێ که‌ (په‌سه‌ندکردنه‌که‌) جیاواز بێ لێی؟.

ئیوثیفرۆ: بێ گومان.

سۆکرات: که‌وایه‌ پێم بڵێ ئایا ئه‌وه‌ی هه‌ڵده‌گیرێ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ڵده‌گیرێ یان هۆی تر هه‌یه‌؟.

ئیوثیفرۆ: نا، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌.

سۆکرات: ئه‌وه‌ش که‌ لێده‌خوردرێ، لێده‌خوردرێ چونکه‌ لێده‌خوردرێ ئه‌وه‌ش که‌ ده‌بینرێ ده‌بینرێ چونکه‌ دێته‌ دیتن؟.

ئیوثیفرۆ: به‌دڵنیایی یه‌وه‌.

سۆکرات: ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ چونکه‌ بینراوه‌، دێته‌ دیتن. به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌، چونکه‌ (دێته‌ دیتن) ده‌بینرێ. ئه‌وه‌ش وانیه‌ که‌شتێك لێده‌خوردرێ، دێته‌ لێخوڕین یالە لێخوڕین دێ. به‌ڵکو چونکه‌،لە لێخورین دێ، لێده‌خوڕدرێ. ئه‌و شته‌ش که‌ له‌هه‌ڵگرتن دێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ هه‌ڵده‌گیرێ، ئه‌وه‌ش که‌ ده‌بینرێ، ده‌بینرێ چونکه‌ دێته‌ دیتن؟.

ئیوثیفرۆ: به‌ دڵنیایی یه‌وه‌.

سۆکرات: که‌وایه‌ پرسه‌که‌ ئه‌وه‌نییه‌ که‌ چونکه‌ شتێك ده‌بینرێ، دێته‌ دیتن، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ چونکه‌ دێته‌ دیتن، ده‌بینرێ، نه‌ك چونکه‌ شتێکیش لێده‌خوڕدرێ دێته‌ لێخوڕین، به‌ڵکو چونکه‌ دێته‌ لێخوڕین، لێده‌خوڕدرێ. ئه‌وه‌ش وانییه‌ که‌شتێك دێته‌ هه‌ڵگرتن چونکه‌ هه‌ڵده‌گیرێ، به‌ڵکو چونکه‌ دێته‌ هه‌ڵگرتن هه‌ڵده‌گیرێ.. ئایا ئیوثیفرۆ، ئه‌وه‌ی من دەیڵێم ئاشکرا نییه‌؟. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئایا شتێك بکه‌وێته‌ سه‌ر بارێك و به‌ جۆرێك کاری له‌سه‌ر بکرێ، پرسه‌که‌ ئه‌وه‌نییه‌ که‌ ئه‌و شته‌ وای لێ دێ یان دێته‌ ئه‌و باره‌ چونکه‌ وای لێ ده‌کرێ یان ده‌خرێته‌ سه‌ر ئه‌و باره‌، به‌ڵکو ئه‌و شته‌ دێته‌ سه‌ر ئه‌و باره‌ و ئاوای لێدێ، چونکه‌ دێته‌ والیبوون، هێنانه‌ سه‌ر بار؟ یان ره‌نگه‌ تۆ لێم حاڵی نه‌بی!.

ئیوثیفرۆ: لێت حاڵی ده‌بم!.

سۆکرات: که‌واته‌ په‌س‌ند کران نموونه‌یه‌ك نییه‌ بۆ شتێك که‌ وای لێ دێ یان له‌لایه‌ن شتێکه‌وه‌ کاری تێده‌کرێ؟

ئیوثیفرۆ: ئه‌مه‌ وایه‌.

سۆکرات: که‌وایه‌ ئه‌مه‌ش ده‌کرێ له‌گه‌ڵ نموونه‌کانی پێشوو به‌راورد بکرێن..شتێك په‌س‌ند نابێ چونکه‌ پەس‌ند ده‌کرێ، به‌ڵکو په‌س‌ند ده‌کرێ چونکه‌ له ‌په‌سند کردن دێ، دێته‌ په‌سند کردن؟.

ئیوثیفرۆ: به‌پێداویستی، ئه‌وه‌ وایه‌.

سۆکرات: چاکه‌، که‌وایه‌ ئه‌وه‌ چییه‌ ئێمه‌ ده‌رباره‌ی (پیرۆز) ده‌یڵێین ئیوثیفرۆس؟. به‌پێی قسه‌که‌ی تۆ بێ ده‌بێ پیرۆزیی ئه‌وه‌بێ که‌ هه‌موو خواکان په‌سه‌ندی ده‌که‌ن؟.

ئیوثیفرۆ: به‌ڵێ.

سۆکرات: چونکه‌ پیرۆزه‌ په‌سه‌ندی ده‌که‌ن یان هۆی دیکه‌ هه‌ن؟.

ئیوثیفرۆ: نا، ئه‌وه‌ هۆیه‌که‌.

سۆکرات: که‌وایه‌ بۆیه‌ په‌سه‌ند ده‌کرێ چونکه‌ پیرۆزه‌؟. به‌ڵام پیرۆزییه‌که‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ په‌سه‌ند ده‌کرێ؟.

ئیوثیفرۆ: ده‌کرێ وابێ.

سۆکرات: له‌ کاتێکدا، وردوخشت، چونکه‌ دێته‌ په‌سند کردن ئه‌وا خواکان په‌سندیی ده‌که‌ن و خوا پێی خۆشه‌.

ئیوثیفرۆ: به‌دڵنیاییه‌وه‌.

سۆکرات: که‌وایه‌ ئه‌وه‌ی خواکان پێیان خۆشه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ پیرۆزه،‌ ئیوثیفرۆ. نه‌ك ئه‌وه‌شه‌ که‌ په‌سه‌ندی خوایی هه‌یه‌، به‌ڵکو شتێکی جیاوازه‌.

ئیوثیفرۆ: چون، سۆکرات؟.

سۆکرات: چونکه‌ ئێمه‌ دانمان به‌وه‌دانا که‌ پیرۆز ئه‌و شته‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیرۆزه‌ دێته‌ په‌سه‌ند کردن نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دێته‌په‌سه‌ندکردن پیرۆزه‌؟ و‌انییه‌؟.

ئیوثیفرۆ: به‌ڵێ.

سۆکرات: به‌ڵام له‌سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه‌ په‌سه‌ندی خوایی ده‌بێ چونکه‌ له‌لایه‌ن خواکانه‌وه‌ دێته‌ په‌سه‌ند کردن، په‌سه‌ندی خوایی ده‌بێ به‌م کرداریی په‌سه‌ندکردنه‌، ئه‌وه‌ وانییه‌ که‌دێته‌ په‌سه‌ند کردن چونکه‌ په‌سه‌ندی خوایی هه‌یه‌.

ئیوثیفرۆ: ئه‌مه‌ دروسته‌.

سۆکرات: به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی (په‌سه‌ندی خوایی)یه‌و ئه‌وه‌ی (پیرۆز)ه‌ هه‌ردووکیان به‌راستی هه‌ریه‌کن، که‌وایه‌ ئیوثیوفرۆی دۆستی من (i) ئه‌گه‌ر پیرۆز بێته‌ په‌سه‌ند کردن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیرۆزه‌، ئه‌وا (په‌سه‌ندی خوایی)یش ده‌کرێ بێته‌ په‌سه‌ند کردن چونکه‌ خواپه‌سنده‌. له‌کاتێکدا (ii) ئه‌گه‌ر خوا په‌سند ببێته‌ خواپه‌سند به‌ومانایه‌ی که‌له‌لایه‌ن خواکانه‌وه‌ دێته‌ پەسند کردن، ئه‌وا پیرۆزیش پیرۆزه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ که‌ دێته‌ په‌سند کردن. به‌ڵام گه‌ر شته‌کان وه‌ك خۆیان ببینین، سه‌رنج ده‌ده‌ین ئه‌و دووانه‌ له‌شوێنی پێچه‌وانه‌ی یه‌کتر دانراون، و به‌ته‌واوی له‌یه‌کدی جیاوازن. چونکه‌ یه‌کێکیان ئه‌و جۆره‌یه‌ دێته‌ په‌سندکردن چونکه‌ دێته‌ په‌سندکردن له‌کاتێکدا ئه‌وه‌ی دێته‌ په‌سندکردن چونکه‌، له‌و جۆره‌یه‌ که‌دێته‌ په‌س‌ندکردن. که‌وایه‌ ڕه‌نگه‌، ئیوثیفرۆ، کاتێ پرسیارم لێکردی (پیرۆز) چییه‌، ناته‌وێ گه‌وهه‌ره‌که‌ی بۆ من ڕوون بکه‌یه‌وه‌، به‌ڵکوو هه‌ندێ تایبه‌تکارم بۆ باس که‌ی که‌ پێی دراون، وه‌ك ده‌ڵێی پیرۆزی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو خواکان په‌سه‌ندییانه‌، به‌ڵام پیرۆزیی چییه‌؟ تۆ به‌ منت نەوت. [ناوقسه‌.. ئاخاوتنی بێ سه‌روبه‌ر،[wandering argument که‌وایه‌ گه‌ر ئه‌رك نه‌بێ، له‌تاریکیدا مه‌مهێڵه‌وه‌، به‌ڵکو جارێکی دی پێم بڵێ (پیرۆز) چیه‌، ئایا ئه‌وه‌یه‌ که ‌پەسندی خواکان به‌ده‌ست دێنێ یان هه‌ر بارێکی دی به‌سه‌ری دێ؟ دوودڵ مه‌به‌، پێم بڵێ پیرۆز و نا پیرۆز چین؟.

ئیوثیفرۆ: به‌ڵام سۆکرات، من هیچ رێگایه‌کم به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ پێت بڵێم مه‌به‌ستم چییه‌، هه‌ر رونکردنه‌وه‌یه‌کی ئێمه‌ تۆماری ده‌که‌ین، هه‌میشه‌ واده‌رده‌که‌وێ به‌ده‌وری جوغزاندا بخولێته‌وه‌ و حه‌ز نه‌کات له‌و شوێنه‌دا بچێنرێته‌وه‌ که‌ دامانمه‌زراندووه‌.

سۆکرات: ئیوثیفرۆس، ڕوونکردنه‌وه‌کانت له‌ ئیشی پێشوه‌ختی دێدالۆس23ده‌چن؟ خۆ ئه‌گه‌ر من ئه‌و بیر و پێشنیارانه‌م به ‌تۆ دابان، ده‌کرا   له‌سه‌ر من نوکته‌ (گاڵته‌) بڵێیت_ ده‌توت منیش وه‌ك ئه‌و ئه‌و مه‌یله‌م بۆ ماوه‌ته‌وه‌ که‌ داهێنانی وشه‌گه‌ریم رابکاو رازیی نه‌بێ له‌و شوێنه‌ بمێنێته‌وه‌ که‌ هه‌وڵم دا دایبمه‌زرێنم . به‌ڵام له‌ حاڵه‌تی ئێستادا بنه‌مای روونکردنه‌وه‌کان هی تۆن ، ئه‌مه‌ش مانای وانییه‌ نوکته‌یه‌کی جیاواز پێویسته‌ ، چونکه‌ ئه‌وه‌ تۆی که‌ له‌ شوێنی خۆت به‌ند نابی هه‌ر وه‌ك خۆت ئه‌مه‌ به‌نرخ ده‌گری.

ئیوثیفرۆ: ئه‌وه‌ی من به‌ نرخی ده‌گرم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یڵێین که‌م یان زۆر هه‌مان Jibe ده‌خوازێ، چونکه‌ تایبه‌تکاری سوورانه‌وه‌ له‌ بازنه‌داو قه‌ت له‌ یه‌ك شوێن به‌ند نه‌بوون له‌ لایه‌ن منه‌وه‌ پێیان نه‌دراوه‌. به‌ڵکو تۆی که‌ بوویته‌ دایدالوس؟ ئه‌گه‌ر به‌ خواستی من بووایه‌ ، وه‌ك خۆی ده‌مایه‌وه‌.

سۆکرات: ده‌شێ وابێ ئیو‌ثیفرۆ، من له‌ پیشه‌که‌ی خۆمدا له‌ ئه‌و زیره‌كتر ده‌رچووم ، چونکه‌ ئه‌و ته‌نیا کارده‌ستی خۆی ده‌گێڕان ، له‌کاتێکدا من له‌وه‌ ده‌چێ کارده‌ستی خه‌ڵکی دیش وه‌ك هی خۆم به‌ملاوبه‌ولادا بگێڕم Mobile. به‌ڕاستی ئه‌مه‌ش تایبه‌تکاری هه‌ره‌ ڕه‌سه‌نی هونه‌ره‌که‌مه‌ که‌ نامه‌وێ هێنده‌ زیره‌ك بم. من حه‌ز ده‌که‌م ڕوونکردنه‌وه‌کانمان شوێنبه‌ندبن و له‌سه‌ر بناغه‌ی پته‌و دامه‌زرابن نه‌ك بۆ ته‌واوکردنی زیره‌کییه‌ (دایدالان)ییه‌که‌م سامانی تانتالۆس (Tantalus)م هه‌بێ.

 =========

 

 11مه‌به‌ستی ئه‌فسانه‌ی (Zeus)ه‌ وه‌ک له‌ ئه‌فسانه‌کانی هۆمیرۆس و هیسیۆدا Hesiod دا باسیان کراوه‌. له‌ کوێوه‌ زانینمان ده‌رباره‌ی خوداکان بۆ دێ؟ له‌ مرۆڤ خۆیه‌وه‌. له‌ پاشماوه‌کانی نووسین و نه‌خش و ئه‌فسانه‌ وڕه‌خنه‌کانی مرۆڤه‌وه‌. بۆیه‌ خوایه‌ک نییه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی زانینی مرۆڤ و مێژووی بیری مرۆڤ. ئه‌و خوایەی‌ ده‌ڵێین هه‌یه‌ و هه‌موو شتێکه‌، ئه‌ویش هه‌ر له‌ زانینی مرۆڤه‌وه‌ ده‌یناسین و ده‌یزانین. سۆکرات ئه‌م ڕاستییه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌ی‌ ڕۆحیی و حاشا هه‌ڵنه‌گر ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئیۆثیفرۆ.

12 به‌تایبه‌تی هۆمیرۆس و هیسیتۆد له‌ شیعره‌کانیاندا باسی شه‌ڕ و پێکدادانی نێوان خواکان ده‌که‌ن که‌ هه‌ندێکیان پشتگیری یۆنان ده‌که‌ن و هه‌ندێکیان ته‌ڕواده‌. ئیلبازه‌ی هۆمیرۆس پڕه‌ له‌ باسی ئه‌و شه‌ڕانه‌.

13- هه‌ر چوار ساڵ جارێك پانشیشیا میهره‌جانێکی گه‌وره‌ی ڕێك ده‌خست و (ڕۆب)ێك له‌به‌ر په‌یکه‌ری ئه‌ثینا پۆلیاس ده‌کرا. ئه‌م ڕۆبه‌ دوایی بوو به‌ سیمبۆڵی ئه‌سینا خۆی. له‌سه‌ر ڕۆبه‌که‌ وێنه‌ی شه‌ڕ و جه‌نگی نێوان خواکان و دێوه‌کان کێشرا بوو. هه‌موو گه‌وره‌یی ئه‌وانه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ بکوژ و تاوانبار و خوێنخۆر بوون و کردیان به‌ یاسا و ڕێسا. بۆیه‌ ئایدیاتۆس ده‌یه‌وێ بڵێ که‌ تۆ (باوکی خۆت) به‌ تاوانی کوشتن ده‌برده‌ دادگا، چۆن به خوا بکوژه کان باوه‌ر ده‌که‌ی و ده‌یانکه‌یته‌ سه‌ر‌ مه‌شقی خۆت!.

14-زاراوه‌ی ئه‌فلاتون بۆ ئه‌وه‌ (Eidos)ه‌، که‌ زاراوه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌فلاتونه‌ بۆ ئایدییا یان خاسێتی ئایدیایی و زۆر جار به‌ فۆرم (شێوه‌) ته‌رجه‌مه‌ ده‌کرێ.

15- یان Idea زاراوه‌ی ئایدیا، یه‌ک بیر , که‌ ستاندارده‌کان دیاری بکا، یا بێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو فۆرمه‌کان.

16- مانای وشه‌ی زاراوه‌که‌= بۆی بڕوانم؟، واته‌ بیکا به‌ نموونه‌ (په‌ره‌دایم Paradigm) و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ دروستی شته‌کان بزانێ و حوکمی ڕاستی و ناڕاستیان بدات.

 

17- ئه‌وه‌ بۆچوونێکی جیۆرجیاس Georgies (cu5uc-u55a) که‌ هاوڕا بوون له‌گه‌ڵ که‌سێك و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێ به‌ ڕاستی بزانی مانای ئه‌وه ‌نییه‌ که‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ ده‌یڵێ دروسته‌ به‌و مانایه‌ی که‌ زانین و شتی نوێ فێری ئه‌و که‌سه‌ ده‌کا، گەر‌چی ئه‌وکه‌سه‌ هاوباوه‌ڕی قسه‌که‌ریش بێ. فێربوون و زانین پێویستی به‌ ڕوونکردنه‌وه‌ و سه‌لماندنی ئه‌و بۆچوونانه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌رده‌بڕدرێن.

 

21-22 چیرۆکی زیۆس له‌ (ثیۆجینی) (هیسیۆد)دا باس کراوه‌. (126ff., u53ff) ئورانوس Uranus (ئاسمان) منداڵه‌کانی له‌قووڵایی گایا (Gaia) زیندانی ده‌کا تا کرۆنۆس Kronos که‌ بچووکترین منداڵیانه‌ ده‌توانێ هێرش به‌رێته‌ سه‌ری و ده‌یخه‌سێنێ و بۆ ئه‌وه‌ی مناڵه‌کانی خۆشی ته‌خته‌که‌ی داگیر نه‌که‌ن قووتیان ده‌دات. دیاره‌ زۆیۆس ڕازی ده‌بێ باوک زیندانی بکه‌ن به‌ڵام کرۆسۆس که‌خۆی زیندانی کراوه‌ ئه‌وه‌ی پێخۆش نابێ‌ هێفاستۆس تۆڵه‌ی له‌دایکی هیرا Hera’, که‌ له‌ ئاسمان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ل بوو فڕێی دابووه‌ خواره‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌. وه‌ك خوای ئاسنگه‌ری (ته‌ختێکی) ئاڵتوونی وای بۆ دروست ده‌کا قه‌ت نه‌توانێ لێی هه‌ڵبێت. ئه‌م چیرۆکه‌  هۆمیرۆس‌ له‌ ئلیاده‌دا گێڕاویه‌ته‌وه‌ (liad 18, B9u-u05I).

 

 

22- دێدالۆس: که‌سێکه‌ که‌سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی خواکان بووه‌و له‌ نه‌وه‌ی هیڤاسێۆس Hcphaestus که‌ داهێنه‌ری  ئارکنموونه‌یی به‌ردتاشی بووه‌و له‌ ئه‌فسانه‌ی مینوانMinoan و میسانییان Myceneean    به‌ناوبانگه‌. ئه‌و به‌وه‌ ناسرا بوو که‌ قۆڵی په‌یکه‌ره‌كانی به‌جیابۆوه‌یی له‌ له‌شی په‌یکه‌ره‌که‌ دروست ده‌کردن و ئه‌وه‌ش وای نیشان ده‌دا که‌ ده‌توانێ به‌ ئازادی بجوڵێته‌وه‌.

 

 

 
           

 

02/09/2015