چاوه‌روانین خاتوو مه‌هاباد قه‌ره‌داخی 
باسی ڕاستییه‌کانمان بۆ بکا

خه‌لیل غه‌زه‌ڵی

 

 

له‌م رۆژانه‌دا نامه‌یه‌کی کراوه‌ی خاتوو مه‌هاباد قه‌ره‌داخیم له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌کاندا به‌رچاو که‌وت و خوێندمه‌وه‌. به‌ڕێزی گازه‌نده‌ی کردبوو‌ هێندێک سایت به‌بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی دوور له‌ڕاستی هه‌وڵی شکاندنی که‌سایه‌تییان داوه‌.

گه‌رچی خاتوو مه‌هاباد له‌ گازه‌نده‌که‌یدا ته‌نیا ناوی چه‌ند ماڵپه‌ڕی هێنابوو، به‌ڵام له‌درێژه‌ی بابه‌ته‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وت که‌ گله‌ی زۆرتره‌ و نایه‌وێ بیدرکێنێ. ره‌نگه‌ هۆی نه‌درکاندنیشی ئه‌وه‌ بووبێ که‌ده‌بوو خۆی وه‌ڵامده‌ری به‌شێک له‌ گازه‌نده‌که‌ی خۆی بوایه‌.

مه‌هاباد خان له‌ سکاڵا نامه‌که‌یدا ناوی چه‌ند ماڵپه‌ڕ دێنی که‌ شه‌پۆلێکی بڵاوکردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌یان به‌دژی ده‌سپێکردووه‌. به‌بڕوای من له‌و هه‌موو ناوه‌ بێجگه‌ له‌ ده‌نگه‌کان که‌ به‌ سریش‌یش تاوانی وای پێوه‌ نالکێ، ئه‌وانی دیکه‌ (بێجگه‌ له‌ یه‌ک دوویه‌کیان که‌ حه‌زیان له‌ هات و هه‌رایه‌) سه‌ر به‌ پارتین.واتا ده‌بوا به‌رێز قه‌ره‌داخی گله‌ و گازنده‌که‌ی ئاراسته‌ی پارتی بکردایه‌،نه‌ک چه‌ند سایتێک.

ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ مه‌هاباد خان ڕاست ده‌کا و ماوه‌یه‌که‌ به‌شی ڕاگه‌یاندنی پارتی (به‌ شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ)به‌دژی ئه‌م خانمه‌ هێندێک بابه‌ت و هه‌واڵی بڵاو کرده‌وه‌. له‌سه‌رووی ئه‌و ڕاگه‌یه‌نه‌رانه‌وه‌ که‌ به‌م هه‌نگاوه‌ هه‌ستاون،سایتی "په‌یامنیڕ" ه‌. ئه‌م ماڵپه‌ره‌ پێش و پاش پێک هاتنی کابینه‌ی یه‌کگرتووی حکوومه‌تی هه‌رێم،به‌چه‌شنێک که‌وته‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی جێی گومان سه‌باره‌ت به‌ به‌رێز قه‌ره‌داخی و سایته‌کانی دیکه‌ش(هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ شتێکیان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ بوو بێ) ده‌که‌وتنه‌ شوێنی په‌یامنێڕ و ئه‌و خه‌به‌رانه‌یان بڵاو ده‌کرده‌وه‌. بێگومان له‌ که‌س و له‌وانه‌ خاتوو مه‌هابادیش شاراوه‌ نییه‌ که‌ په‌یامنێر ناوه‌ندێکی بڵاوکردنه‌وه‌ی پارتییه‌ که‌ بێگومان له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منی و ڕاگه‌یه‌نه‌ریه‌کانی پارتی و سیاسیه‌ت گوزاری ده‌کرێ. واتا خه‌ت و رێبازی بۆ دیاری ده‌کرێ و هه‌ر ئه‌وانیشن ته‌وه‌ره‌ی تێکۆشانی بۆ دیاریده‌که‌ن.

کاتێک پارتی بییه‌وی هه‌لوێستێک بگرێ که‌ ناوی خۆی له‌سه‌ر نه‌بێ .یا بییه‌وێ که‌سێک یا لایه‌نێک بشکێنی یا بێحورمه‌تی پێبکات له‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌ لاوه‌کییه‌کانی وه‌ک "په‌یامنێر" که‌لک وه‌رده‌گرێ. نموونه‌ی هه‌ره‌ دیاری ئه‌م کار و کرداره‌،ئه‌و هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌انه‌ بوون که‌ په‌یامنێر له‌ کاتی شه‌ڕی ساردی نێوان پارتی و یه‌کێتی له‌ سه‌ر ئیداره‌ی سلێمانی و رووداوه‌کانی ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی یه‌کێتی بڵاوی ده‌کرده‌وه‌.ئه‌ڵبه‌ت وه‌نه‌بێ یه‌کێتیش بێده‌نگ بووبێ،ئه‌ویش به‌ڕاده‌ی پێویست رووداوه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیی گه‌وره‌ ده‌کرده‌وه‌ و باوه‌شێنی ده‌کرد.

ئێسته‌ش مه‌هاباد خان ده‌بێ باش بزانێ ئه‌وانه‌ی په‌یامنێر له‌سه‌ر ئه‌و بڵاوی کردوه‌ته‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ له‌‌لایه‌ن ناوه‌نده‌کانی سیاسه‌ت گوزاریی پارتییه‌وه‌ نووسراون و له‌ ئیختیاری په‌یامنێر نراون. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش زۆره‌که‌ مه‌هاباد خان ئه‌وانه‌ له‌من باشتر بزانێ. به‌ڵام به‌هه‌ر هۆیه‌ک نه‌یاندرکێنێ و وای پێباش بێ که‌ هه‌ر باسی چه‌ند سایتی ئینتێرنێتی بکات.

راستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ پارتی له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی نێوخۆ و پاشتر "شه‌ڕێ سارد"له‌ گه‌ڵ یه‌کێتی هه‌وڵێکی زۆریدا که‌ به‌هه‌ر قیمه‌تێک بووه‌ ،ژماره‌یه‌کی زۆر "رۆشنبیر" و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست یا بۆلای خۆی راکێشێ ،یا لانیکه‌م بێ‌لایه‌نیان بکات. مه‌به‌ست له‌ بێلایه‌ن کردن ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ئاست ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ره‌خنه‌ نه‌گرن. به‌داخه‌وه‌ له‌م کاره‌شیدا تاڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وت. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ پارتی ئه‌م رێبازه‌ی هه‌ر‌ له‌سه‌رتای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستان،له‌به‌رانبه‌ر ڕه‌قیبه‌که‌یه‌وه‌ ره‌چاو کردبوو. به‌ڵام وه‌ک باسم کرد له‌و داوایانه‌دا به‌شێوه‌یه‌کی رێکخراو و به‌ به‌رنامه‌وه‌ کاری بۆ ده‌کرد. وه‌ک دیتمان زۆر"قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست" که‌ تا دوێنی دژ یا ره‌خنه‌گری پارتی بوون یه‌کڕا به‌ ته‌قڵه‌یه‌ک، تفیان له‌نووسراوه‌کانی خۆیان کرد و چاویان بڕیه‌ "نه‌سریه"‌ی پارتی.

دیاره‌ ئه‌مه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خاتوو مه‌هاباد ناگرێته‌وه‌ و ئه‌و به‌ڕێزه‌ قه‌ت نه‌چووه‌ته‌‌ کراسی ئه‌وشێوه‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه‌وه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌ که‌وته‌ داوی پارتی. ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو که‌ پارتی هه‌رله‌و سه‌رده‌مه‌ی شه‌ڕ و پێشبڕکی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی، به‌ئامانجه‌وه‌،پێی مه‌هاباد خانیان کێشایه‌ نێو دامو ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه‌ و پۆستێکی"فه‌رمایشی"یان پێدا. مه‌به‌ست له‌ پۆستی فه‌رمایشی ئه‌وه‌یه‌ که‌ خاوه‌ن پۆسته‌که‌ ناوێکی هه‌یه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی مێرووله‌یه‌کی نییه‌ و ئه‌و پۆسته‌ ته‌نیا بۆ چاو به‌ستنی خه‌ڵک و ره‌نگه‌ ده‌ره‌وه‌،دانراوه‌. پۆسته‌که‌ی خاتوو مه‌هابادیش، شتێکی وا بوو. ئاخر ڕاوێژکاری سه‌رۆکی حکوومه‌ت بۆ کار و باری ژنان له‌ ده‌سه‌ڵاتی پیاو سالاری خێڵه‌کیی پارتیدا چ مانایه‌کی هه‌یه‌؟ بۆچی ئیستاشی له‌گه‌ڵ بێ له‌ حکوومه‌تی کوردستاندا کام یاسا هه‌یه‌ که‌ پشتیوانی له‌ مافی یه‌کسانی ژن له‌گه‌ڵ پیاو ده‌کات ،تا مه‌هاباد خان بیتوانیبای به‌پێی ئه‌و یاسایه‌،داکۆکیی له‌ مافی خۆی و ژنانی دیکه‌ی کوردستان بکردایه‌؟جیا له‌وه‌ش هه‌ر ئه‌وکات دیار بوو که‌ پارتی ده‌یه‌وێ بۆ بانگه‌شه‌ و چاو راو له‌ مه‌هاباد خان که‌ڵک وه‌رگرێ. ئه‌گینا بۆچی نه‌یده‌توانی پوستێکی وه‌زاره‌تی پێبدات؟ بێگومان ده‌یتوانی به‌ڵام فیکری خێڵه‌کی و هاوکات پاوانخوازی ئه‌و ئیزنه‌ی پێنه‌ده‌دا.

بێگومان هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ مه‌هاباد خانیش روون بوه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌،به‌رژه‌وه‌ندیی کورت ماوه‌ توانای دوور دیتن و ئایه‌نده‌ی لێ سه‌ندبوو. دیاره‌ من له‌و باره‌وه‌ هیچ ره‌خنه‌یه‌ک له‌ مه‌هاباد خان ناگرم. چوونکه‌ هه‌ر ئینسانێک مافی خۆیه‌ که‌ چۆن ڕیگه‌ و ژیانی خۆی دیاری بکات . به‌ڵکه‌ ڕه‌خنه‌ی من له‌ پارتییه‌ که‌ بۆ ئامانجی خۆی له‌ هه‌ستی نووسه‌رێک که‌ڵک وه‌رده‌گرێ و پاشان که‌ هه‌ست ده‌کات کاری پێ نه‌ماوه‌ ،ناجوامێرانه‌ ده‌که‌وێته‌ شکاندنی و وای لێده‌کات که‌ خۆی لێدا بروات.تازه‌ له‌ ئاخریشدا وا دژی بانگه‌شه‌ بکات که‌ گۆیا چوونکه‌ پوستی وه‌زاره‌تی پێنه‌دراوه‌ "تۆراوه‌". ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایی ترین مافی مه‌هاباد خان و هه‌ر ئینسانێکه‌ که‌ به‌ له‌به‌رچاو گرتنی تواناکانی خۆی چاوه‌روانی جێگه‌ و کار بێت. به‌ڵام ته‌نیا ره‌خنه‌یه‌ک که‌ ئه‌م خاتوونه‌ ده‌گرێته‌وه‌،ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی روون و واقێعبینانه‌ی له‌ پارتی و پێگه‌ و جێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌بووه‌. یا ئه‌گه‌ر هه‌یبووبێ ،خۆی لێ گێل کردووه‌.

گومانم له‌وه‌دا نییه‌ که‌ هیچکام له‌ وه‌زیره‌ ژنه‌کان (و ڕه‌نگه‌ زۆربه‌ی پیاوه‌کانی) کابینه‌ی حکوومه‌تی کوردستان لێوه‌شاوه‌یی و به‌وه‌جیی مه‌هاباد خانیان نییه‌. ئه‌وه‌ ڕاستییه‌که‌ که‌ سه‌رکرده‌کانی پارتیش باش ده‌یزانن. به‌ڵام بۆچی هه‌موو حکوومه‌ته‌که‌ له‌سه‌ر کارزانی و لێوه‌شاوه‌یی پێک هاتووه‌،تا بۆ پۆستی وه‌زیری ژن له‌ که‌سی تێگه‌یشتوو و لێزان که‌ڵک وه‌ر گیرێت؟ کێ هه‌یه‌ نه‌زانێ که‌ ئه‌وه‌ کابینه‌یه‌کی ریكکه‌وتنه‌ و به‌پێی "برابه‌ش"‌ وه‌زیری بۆ دانراوه‌!!

من پێموایه‌ مه‌هاباد خان شانسی هێناوه‌ که‌ پۆستی وه‌زاره‌تیان بۆ دیاری نه‌کردوه‌. چوونکه‌ بێگومان له‌و پۆسته‌شدا هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌ده‌بوو و هه‌ر بڕیارێکی ده‌بوا سه‌رۆک خێڵێک بۆی واژۆ کردبای.

ئێسته‌ش پێشنیارم بۆ مه‌هاباد خان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی روون و شه‌فاف ڕاستییه‌کان بۆ ڕای گشتی باسبکات و ئه‌رکی وه‌ک  نووسه‌ر و رۆشنبیرێک به‌ جێگه‌ بگه‌یه‌نێ.تاده‌ستی ئه‌وانه‌ی که‌ به‌قه‌ولی خۆی ده‌نگۆی بۆ سازده‌که‌ن به‌ستبێ.

 

 

جۆزه‌ردانی 2006

 

 
           

 

02/09/2015