بروسکه‌یه‌ک بۆ به‌رێز

سه‌رۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ و سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان

هه‌ڤاڵ مام جه‌لال

 

سه‌ره‌ڕای ڕێزی زۆر و سڵاوی گه‌رم، بۆ بوونتان به‌ سه‌رۆکی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ بۆ جاری دووه‌م و چوار ساڵی داهاتوو پیرۆزباییتان پێ ده‌ڵێم. مه‌به‌ستی ئه‌م بروسکه‌یه‌ بۆ به‌ڕێزتان ده‌رباره‌ی ڕێژه‌ی به‌شداری ژنانه‌ له‌ کابینه‌ی پێنجه‌می حکومه‌تی یه‌کگرتووی کوردستان، که‌ وا بڕیاره‌ حه‌وتی ئه‌م مانگه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستاندا متمانه‌ی پێ بدرێت. هه‌واڵه‌کانی تا هه‌نووکه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ لیستی به‌شداری وه‌زیره‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ده‌ریده‌خه‌ن مه‌خابن هیچ ژنێکی تێدا نییه‌ و گوایه‌ چه‌ند ژنێک ناویان هاتووه‌ و ده‌نگیان نه‌هێناوه‌. بۆیه‌ ئه‌م بروسکه‌یه‌ وه‌ک سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ئاراسته‌ی به‌ڕێزتان ده‌که‌م و نیگه‌رانی سه‌باره‌ت به‌م هه‌واڵه‌ ده‌رده‌بڕم و نه‌ک ته‌نها وه‌ک کێشه‌یه‌ک، به‌ڵکه‌ وه‌ک پاشاگه‌ردانییه‌کی ده‌بینم که‌ ناکرێ که‌سانی پێشکه‌وتنخواز و یه‌کسانیخواز لێی بێده‌نگ بن. داوا له‌ ئێوه‌ی هێژا ده‌که‌م له‌م ماوه‌ کورته‌ی که‌ ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ی (که‌ ده‌شێ ببێته‌ په‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ مێژووی یه‌کێتی نیشتتیمانی کوردستان)، به‌ بڕیارێکی حه‌کیمانه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

هه‌ڤاڵ مام جه‌لال،  به‌ڕێزتان وه‌ک داکۆکیکاری مافه‌کانی ژن ناوده‌برێن و گوێمان له‌ وته‌کانتان بووه‌ که‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ و له‌ کات و شوێن و بۆنه‌ی جیاوازدا ده‌رتان بڕیوه‌، بۆیه‌ له‌ کاتێکی وادا ئه‌و داکۆکی و پشتگیرییانه‌ی خۆتان وه‌بیرده‌هێنینه‌وه‌  و داواتان لێ بکه‌ین که‌ کاتێتی و به‌ڵکو له‌ کرداردا چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ی پێ بکرێت.  به‌ڕێزتان ده‌زانن که‌ له‌ کوردستاندا به‌ گشتی، هه‌روه‌ها له‌ ڕیزی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندا ده‌یان ژن هه‌ن ده‌توانن ڕابه‌ر و سه‌رکرده‌ بن و له‌ پۆسته‌باڵاکانی حکومه‌تیشدا جێبگرن و سه‌رکه‌وتووش بن، که‌ ده‌رفه‌ت و متمانه‌یان پێ نه‌درێ له‌ بواری پراکتیکدا ئه‌و توانایه‌ی خۆیان بسه‌لمێنن، ئیدی ناگونجێ ئومێد به‌وه‌ بکه‌ین سبه‌ینێ له‌ دوێنی باشتر ده‌بێ و کۆمه‌ڵگه‌که‌مان هه‌نگاوی سه‌قامگیر بۆ پێشه‌وه‌ ده‌نێت.  

ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌کی که‌می ماوه‌ بۆ زه‌نگی کۆتایی و ده‌ستپێکی ڕاگه‌یاندنی حکومه‌تێکی نوێی یه‌کگرتوو، به‌ڵام که‌ ئه‌م بروسکه‌یه‌ بۆ ئێوه‌ ده‌نووسم پڕ له‌ ئومێدم که‌ ئێوه‌ ناهێڵن ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ ڕوو بدات و له‌م کاتژمێرانه‌ی که‌ ماوه‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌رێکی خێرای بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌ و لای که‌م دوو ژنی به‌توانا و شایسته‌ی کورد ده‌خه‌نه‌ لیستی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ کابینه‌ی پێنجه‌م و، ئێمه‌ش له‌بیری ناکه‌ین ئه‌م خاڵه‌تان وه‌ک سه‌روه‌رییه‌ک بۆ تۆمار بکه‌ین. پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش تۆمارکردنی پاشه‌کشێیه‌ له‌ هه‌ر بیرێکی پێشه‌وتنخوازانه‌ که‌ پێشتر ده‌ربڕدراون له‌ لایه‌ن ئێوه‌ی سه‌رکرده‌وه‌ و،  نائومێدی و بێمتمانه‌یی له‌ لای ژنان و ئافره‌تان، ڕووناکبیران و هێزه‌ پێشکه‌وتنخوازه‌کانی کوردستان تۆمار ده‌کات. دووباره‌ پیرۆزبایی سه‌رۆکایه‌تیتان لێ بێ و. له‌ چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی پۆزه‌تیڤی ئێوه‌دا کات ده‌ژمێرین.

 

مه‌هاباد قه‌ره‌داغی

شاعیر و نووسه‌ر و خه‌باتکاری یه‌کسانی

 

کوردستان

 5/5/2006

 

           

 

02/09/2015