وه‌رزه‌کانی من

 

 

ماردین ڕه‌شید

Mardin82@hotmail.com

ساڵ له‌ لای من

پێک نه‌هاتووه‌ له‌ چوار وه‌رز

ساڵی من سه‌ده‌ها وه‌رزه‌

وه‌رزه‌کانیشم هه‌ر هه‌موو

ده‌ستکردی یه‌ک خوداوه‌ندن

 

نیگای ئه‌و بۆ من وه‌رزێکه‌

نێزیک بوونه‌وه‌ی لێم وه‌رزێک

دوورکه‌وتنه‌وه‌شی وه‌رزێکه‌

په‌نجه‌کانی و جووڵه‌کانیان

ئه‌مخه‌نه‌ وه‌رزێکی نوێوه‌

ده‌نگی وه‌رزێکی گه‌رم و

بۆنیشی وه‌رزێکی فێنکم

نیشان ده‌ده‌ن

پێکه‌نینی ئه‌و وه‌رزێکه‌

تووڕه‌ بوونیشی یه‌کی تر

بێده‌نگیی وه‌رزێکی تایبه‌ت

ووشه‌کانیشی هه‌ر یه‌که‌و

وه‌رزێکی نوێن

ماچه‌کانی وه‌رزێکن و

هه‌ناسه‌کانیشی وه‌رزێک

خه‌مه‌کانی وه‌رزێکی سه‌خت

ترسه‌کانی وه‌رزه‌کی سارد

فرمێسکه‌کانی وه‌رزێکن

دڵۆپه‌ی ئاره‌قه‌کانی یه‌کێکی تر

له‌ نووستنیا هه‌ناسه‌و

               جووڵه‌و

               خورپه‌و

              خه‌ونه‌کانیشی

هه‌ریه‌که‌ وه‌رزێکه‌ بۆ خۆ

وه‌رزی شیرین....ئه‌فسووناوی

 

 

زه‌مه‌ن لای من مانایه‌کی دیکه‌ی هه‌یه‌

جیاواز له‌وه‌ی که‌ ئه‌یزانین

له‌ لای من چرکه‌ی وا هه‌یه‌

ساڵانێکه‌ به‌ده‌وامه‌

ئه‌و چرکانه‌ی

که‌ تیایدا یه‌کمان ڕوخاند و

ئه‌و چرکانه‌ی

که‌ یه‌کمان تیا دروستکرده‌وه‌

ئه‌وانه‌ی که‌ بێ ده‌نگ بووین تیای

له‌وانه‌شدا

که‌ گوێمان ده‌گرت له‌ ترپه‌ی دلی یه‌کتر

لای من باران......هه‌تاو

          زایین و کۆچ

          به‌فر......گه‌نم

          گۆیژو ‌بۆنی خۆڵی ته‌ڕ

له‌ هه‌موو وه‌رزێکا هه‌نه‌

له‌ ووڵاتی من

باڵنده‌ کۆچه‌ریه‌کان

ساڵی سه‌دان جار کۆچ ئه‌که‌ن

سه‌دان جاریش ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌

هه‌ر دره‌ختێک له‌ باخچه‌ی من

لقێکی وا خه‌زانیه‌تی

لقێکی کلۆیه‌ک به‌فری له‌سه‌ر جێماوه‌

لقێکی که‌ی هه‌نووکه‌ چرۆ ده‌کات و

یه‌کێکی دیش میوه‌یه‌کی به‌هه‌شتی گرتووه‌

 

 

ئه‌و خواوه‌ندی وه‌رزه‌کانمه‌

وه‌رزی یه‌ک له‌ یه‌ک

شیرینتر.......ئه‌فسووناوی

 

 

 

           

 

02/09/2015