پێاوێک ته‌نها به‌ڵام پڕ له ‌خۆشه‌ویستی

 

ئومێد محه‌مه‌د

                             

سه‌مایه‌کی وه‌نه‌وشه‌یی

 به‌درێژایی کۆڵانه‌کانی ته‌مه‌ن

هێنده‌ی باوه‌شی شێره‌به‌فرینه‌یه‌ک سارد

هێنده‌ی کڵۆڵی

ته‌مه‌نی پیاوێک

 ‌ژماره‌ی ساڵه‌کانی ده‌کاته

کۆی بۆڵه‌کانی هێشوویه‌ک ترێ

به‌م قه‌ده‌ری سه‌مایه‌وه‌

ئاسمان پێی پێده‌که‌نێت و

 ‌خۆر خۆی لێ ده‌شارێته‌وه‌

هه‌ر خۆی و خۆی

باخچه‌یه‌ک گوڵی ئه‌رخه‌وان  هاوڕێیه‌تی و

خۆشه‌وستی ده‌په‌رستێ

پیاوێک جلوبه‌رگی له‌ گه‌ڵا

ڕۆحیانه‌تی له‌ هه‌ڵاڵه‌

چاوه‌کانی دوو دڵۆپه‌ شه‌ونمی ڕه‌ش

تاڵه‌ مووه‌کانی سه‌ر له‌شی چیمه‌نێکی ئاوریشمی

چۆن پیاوێک

 وه‌ک ڕووبار ڕوون

به‌ بوخچه‌یه‌کی نه‌کراوه‌ی عه‌شقه‌وه

ساڵه‌کانی که‌سه‌ر ده‌ژمێرێ و

له‌ هه‌موو سپێده‌کاندا

نوێژێک بۆ ڕووناکی ده‌کات

ته‌نها ده‌ستێکه‌ بۆ ژیان

ته‌نها پیاوێکه‌ دوور له‌ جه‌نگ

ناوچه‌وانی قه‌ده‌رێک ده‌یخوێننێته‌وه‌

وه‌ک سه‌رپۆشی سه‌ری دایکی ڕه‌ش

ئاسمانێک تێی ده‌ڕوانێ بێ باران

بێ سپێده‌ی ڕۆژباش

سه‌وڵی به‌له‌مێکی کۆن لێده‌دا بۆ دوور

بۆ خه‌ندقه‌کانی لای ئێوه‌

بۆ مه‌زراکانی شۆخان که‌ پڕن له‌گوڵی فرمێسک

بۆ خه‌نده‌قه‌کانی لاشه‌ بێ ڕۆحه‌کانی عاتیفه

بۆ قه‌راغ ڕووباری ئه‌و هه‌سته‌ ساردانه‌ی

سبه‌ینانێک ده‌بنه‌ سه‌هۆڵ

سه‌فه‌رێک ده‌کات له‌نێوان ژیان و مردنا

ئای له‌ته‌نهای ئه‌و پیاوه‌ی

هه‌موو پیته‌کانی ناکه‌نه‌ تۆزقاڵێک بارووت

بۆ ساردکردنه‌وی لاشه‌ی چه‌نده‌ها فاتمه‌

پیاوێک له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ عاشق

هه‌موو ئاهه‌کانی ناکه‌نه‌ گوناهی وێرانبوونی شارێکی سپی

که‌ بوومه‌له‌رزه‌ی دواکه‌وتن لێی ده‌دا و

له‌پێچێکی کۆڵانه‌کانی موحیبه‌تدا

سارد سارد ده‌بێته‌وه‌ له‌ ئاورنگی هه‌ڵاڵه

پیاوێک سه‌فه‌رێک ده‌کات په‌شیمان

خۆشه‌وستی په‌خش ده‌کات بێ ئاکام

ئاگای له‌ته‌مه‌نی خۆی نه‌ماوه‌

وه‌ک هێشووه‌ک ترێ بۆڵ بۆڵی ده‌وه‌رێ و

ناگاته‌وه‌ باڵای مێو

سپێده‌یه‌ک به‌بێ ڕۆژباش

ئه‌ی به‌خشێته‌ سه‌فه‌رێک

دواین سه‌وڵی تیا لێده‌دا

به‌رله‌وه‌ی فریای ماڵ ئاوای گوڵێک بکه‌وێت

ووشه‌کانی جێ ده‌هێڵێ و

ده‌بێته‌ ناوێکی ئه‌فسانه‌

خه‌جاڵه‌تبن دواین عه‌ماره‌كانی جه‌نگ

بۆ ناشتنی ماچه‌ ته‌ڕه‌کانی ژیان

ئه‌و دواین سه‌وڵی لێده‌دا و

به‌ده‌م وه‌رینی دواهه‌مین بۆڵه‌ ترێوه‌

گۆرانیه‌کانی ته‌واو ده‌بن

سروشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دارستان

سپێده‌یه‌ک به‌بێ ڕۆژباش

سه‌وڵی به‌له‌مێکی کۆن لێده‌دا و

که‌سمان فریای بینینه‌وه‌ی ناکه‌وین

چراکان ده‌کوژێنه‌وه‌و

ئه‌و پیاوه‌ به‌ ته‌نها هه‌موو به‌یانیه‌ک

له‌سه‌ر به‌رماڵی گه‌ڵا

نوێژێک بۆ ڕووناکی ده‌کات

ئه‌و ون ده‌بێ و به‌رده‌وام

خۆشه‌وستی ده‌په‌رستێت.

 
           

 

02/09/2015