به‌یاننامه‌ی پێکهاتنی پلاتفۆرمی ئازادیخوازانی کورد (پاک) ( ئازادیی بیروڕا و سه‌روه‌ریی یاسا )
ده‌رئه‌نجامی ئه‌و پاشاگه‌ردانی و پێشێلکارییانه‌ی مافی مرۆڤ که ده‌رهه‌ق به تاک و کۆمه‌ڵی کورد له کوردستاندا ئه‌نجام ده‌درێ، که خۆی له داسه‌پاندنی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کان و زاڵبوونیان به سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌کاندا ده‌نوێنێ، وێڕای نه‌بوونی دیموکراتییه‌ت، دادوه‌ری، پشتگوێخستن و ڕێزنه‌گرتن له سه‌روه‌ریی یاسا، بایه‌خنه‌دان به دۆزی قوتابییان و لاوان و گه‌نجان. ئه‌مانه که مشتێکی نێو خه‌روارێکن و زۆرێکی دیکه، که‌لێن و بۆشاییه‌کی به‌رچاویان خستووه‌ته نێوان ده‌سه‌ڵات و جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ی ئازادیخوازی کورده‌وه، که خۆی له ته‌شه‌نه‌کردنی په‌تای گه‌نده‌ڵیدا ده‌نوێنێ، به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو باڵی کێشاوه به سه‌ر هه‌موو داموده‌زگا حکومی و ناحکومییه‌کان و تێکڕای بواره‌کانی ژیان و گوزه‌راندا به په‌رله‌مانیشه‌وه. ڕاسته‌وخۆ بووه‌ته مایه‌ی نیگه‌رانی و مه‌ترسییه‌کی له ڕاده به‌ده‌ر و هه‌ڕه‌شه‌کردنێکی دیار و ئاشکرا له تێکڕای ئه‌و ده‌سکه‌وته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که به‌ری ڕه‌نجی خه‌باتی دریژخایه‌نی جه‌ماوه‌ره. ئێمه بۆ مێژوو و به ڕاشکاوییه‌وه ده‌یڵێین که سه‌رانی کورد لێپرسراوی یه‌که‌می ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ن، چونکو ئاو ئه‌گه‌ر له سه‌رچاوه‌وه لێڵ نه‌بیت هه‌ڵبه‌ته به لێڵیش ناگاته خواره‌وه. به ڕای ئێمه ئه‌گه‌ر کار وا بڕوات و چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی بۆ کێشه‌کان نه‌دۆزرێته‌وه، ده‌ره‌نجامه ڕوخێنه‌ره‌که‌ی به سنووری باشووری کوردستانه‌وه قه‌تیس ناخوات و زیان به تێکڕای بزاڤی ئازادیخوازانه‌ی وڵات ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌وه‌ی زۆر ڕوون و ئاشکراشه، مخابن وێڕای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییانه‌ی که به سه‌ر کورددا هاتوون، وڵات، حکومه‌ت، په‌رله‌مان، ته‌نانه‌ت فیدرالییه‌ته‌که‌شمان، له کۆمه‌ڵه نێو ده‌وڵه‌تییه‌کان و له لایه‌ن خودی حکومه‌تی عێراقیشه‌وه، تاوه‌کو ئێستا به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی نه‌ناسراون. له ڕوانگه‌ی بڕوای ته‌واومانه‌وه به دواڕۆژی پرشنگداری ڕه‌وشی ژیانی مرۆڤایه‌تی به گشتی و ئاینده‌ی مرۆڤی کورد به تایبه‌تی، به مه‌به‌ستی گه‌شه‌پێکردنی بیری ئازاد و په‌ره‌سه‌ندنی دیموکراتییه‌ت، ئازادی بیروڕا ده‌ربڕین، پته‌وکردنی هه‌ستی مرۆڤدۆستی له نیو کۆمه‌ڵگادا، پیرۆزڕاگرتن و سه‌روه‌ریی یاسا و هه‌موارکردنی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، چه‌سپاندنی یه‌کسانی و به‌رابه‌ری له نێوان ژنان و پیاوان و تیکڕای توێژ و چینه‌کانی کۆمه‌ڵدا، په‌ره‌سه‌ندنی به‌ها مرۆییه‌کان له سه‌رانسه‌ری جیهان و به تایبه‌تیش له کوردستاندا. له پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادی و ژیانێکی به‌خته‌وه‌ریی شایسته به هه‌موو مانایه‌که‌وه بۆ تاک و کۆمه‌ڵی کورده‌واری، ڕێزگرتن له مافه سروشتییه خۆڕسکه‌کانی مرۆڤی سه‌رده‌م، به بڕوایه‌کی پته‌وی پۆڵایین و دوور له‌به‌رچاوگرتنی هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تایبه‌تیی خودی خۆمان. بڕیارمان دا ڕاشکاوانه کار بۆ ئه‌و ئامانجانه بکه‌ین. له سۆنگه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و تاقیکردنه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌پێزه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردووی ئه‌و که‌مپینه ساوایه‌ی ژووری کوردستان یونایتدی پاڵتاک، که به هاوکاری و به‌شداربوونی جه‌ماوه‌رێکی به‌رفره‌وان و که‌سایه‌تییه ئازادیخوازه‌کان، توانیمان گه‌لێک وانه و په‌ندی سه‌رکه‌وتووانه‌ی لێوه هه‌ڵێنجێنین و به سه‌ر چه‌ندین کۆسپ و ته‌گه‌ره‌دا زاڵ بین. که تێدا په‌رده له سه‌ر زۆر لایه‌نی گه‌نده‌ڵییه سیاسی و ئابوورییه‌کانی نێو وڵات به گشتی و ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان به تایبه‌تی هه‌ڵدرایه‌وه. ئه‌وه‌بوو له ئه‌نجامی ئه‌و ململانێ و به‌ره‌نگاربوونه ئاشتیخوازانه‌ی که بۆ یه‌که‌م جاره له ڕه‌وتی مێژووی خه‌باتی پڕشکۆی دیموکراتئامێز‌دا، به‌ره‌ی ئازادیخواز سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاوی به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا تۆمار کرد و ده‌سه‌ڵاتی کوردی ناچار کرد که سه‌ر له ئاستی داخوازییه‌کانی جه‌ماوه‌ردا دا‌نه‌وێنێ. له هه‌مان کاتدا ئه‌وه‌شمان سه‌لماند که ئێمه‌ی جه‌ماوه‌ری به‌ربڵاوی کوردستان، هه‌رچه‌نده له ئاستی زه‌بروزه‌نگی ده‌سه‌ڵاتدا په‌ڕوباڵکراو و ورد و بچووکیش بین، به یه‌کگرتوویی خۆمان ده‌توانین زۆر کاری گه‌وره به ئه‌نجام بگه‌یه‌نین، چونکو هه‌میشه مرۆڤی پڕ کار ده‌توانێ کاری گه‌وره ڕاپه‌ڕێنێ. وه‌ک وتراوه لافاو سه‌ره‌تا به دڵۆپه بارانێک ده‌س پێده‌کات. له به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و دید و بۆچوونانه، به مه‌به‌ستی پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو که‌لێن و بۆشاییانه‌ی، که زۆر به زه‌قی له نیو کۆمه‌ڵدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه، به هیوای بوژاندنه‌وه‌ی گیانی ئازادیخوازانه و گه‌شه‌پێکردنی دیموکراتییه‌ت و ته‌بایی له نێو جه‌ماوه‌ردا. له سۆنگه‌ی هه‌مان ڕوانگه‌وه و به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی ئه‌و ئه‌زموونه سه‌رکه‌وتوو‌ه‌ی چه‌ند مانگه‌ی ئه‌و که‌مپینه‌وه، ڕاشکاوانه و له په‌نا دروشمی ( ئازادیی بیروڕا و سه‌روه‌ریی یاسا )دا، له شه‌وی چوارشه‌ممه‌ی ڕێکه‌وتی ( 26 / 04 / 2006 ) و به ئاماده‌بوونی تیکڕای ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و پلاتفۆرمه، که به زۆرینه‌ی ده‌نگ له‌لایه‌ن به‌شداربووانی کوردستان یونایتده‌وه هه‌ڵبژێردرابوون، ئاسۆی بیری دامه‌زراندنی ڕێکخراوه‌یه‌کمان له‌لا گه‌ڵاڵه بوو، بۆیه بڕیاری دامه‌زراندنی ( پلاتفۆرمی ئازادیخوازانی کورد - پاک - )مان دا. که له‌م که‌سایه‌تییانه‌ی خواره‌وه پێکهاتووه:
1- ڕێنوار ئه‌حمه‌د 2- سه‌میره قادر 3- نوری عومه‌ر 4- ئارام ئه‌حمه‌د 5- عوسمانی مه‌لا 6- تاهیر ساڵح شه‌ریف 7- عبدالرحمن مه‌لا سه‌عید زه‌نگنه سه‌ره‌تا و له ده‌سپێکی دامه‌زراندنی ئه‌م پلاتفۆرمه‌دا، ده‌مانه‌وێ ئه‌وه به گه‌نجان و لاوان و قوتابیان و جه‌ماوه‌ری چه‌وساوه‌ی کوردی سته‌مدیده‌مان ڕابگه‌یه‌نین، که ئێمه‌ی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر، هه‌ر یه‌که‌مان خاوه‌ن شیوازێک له ڕامان و بیروڕای جیاوازین، له هه‌مان کاتدا له دیده‌بانیی یه‌ک ئیستراتیجییه‌تی کارکردنه‌وه ده‌ڕوانینه کێشه جۆراوجۆره‌کان، ئه‌وه‌ی له ده‌وری یه‌کدیش کۆی کردینه‌ته‌وه، ته‌نها و ته‌نها متمانه به یه‌کدی بوون و بڕوابوونێکی پته‌وه به گه‌شه‌کردنی بیری مرۆڤدۆستی، خولیابوونی ئازادی و دیموکراتییه‌ت، که به بچووکترین مافی ڕه‌وای هه‌موو مرۆڤێکی ده‌زانین و ده‌مانه‌وێ هه‌لومه‌رجی له‌باریان له کوردستاندا بۆ بڕه‌خسێنین و به ڕاشکاوییه‌وه ده‌سته‌به‌رکردنیان به درێژه‌پێدانی خه‌باتی دیموکراتییانه‌وه له ئه‌ستۆ بگرین. به‌ڵێنی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌ین که له داهاتوویه‌کی زۆر نزیکدا، به‌رنامه‌ی ڕیفۆرمی ئازادیخوازانه‌ی خۆمان ڕابگه‌یه‌نین و به هه‌ستێکی مرۆڤدۆستی و کوردپه‌روه‌رییه‌وه کاری له سه‌ر بکه‌ین. به‌م بۆنه‌وه بانگه‌وازی هه‌موو مرۆڤیکی دڵسۆزی ئازادیخواز ده‌که‌ین، که بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه پیرۆزانه هاوڕێ و هاوکارمان بن. سه‌رکه‌وتن بۆ ئازادیخوازانی ڕێگای ڕزگاری.
پلاتفۆرمی ئازادیخوازانی کورد ( پاک ) هه‌نده‌ران 26 /04 /2006
|
|
02/09/2015 |