په‌یامی خوێندکارانی زانکۆی به‌هه‌شتی
سه‌باره‌ت به‌ فستیڤاڵی مۆسیقای 1383

 
 

بزووتنه­وه‌ی خوێندکاری کورد وه‌کوو ویژدانی کۆمه‌ڵگا و به‌شێک له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردستان هه‌ر له سه‌ره­تای پێکهاتنیه‌وه تایبه‌تمه‌ندیێکی ئامانج خوازانه و به دوور له هه‌ر جۆره به‌رژه­وه‌ندی و قازانجێکی مادی هه‌بووه. له­مێژه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه بۆته‌ هۆی وروژاندنی که‌سانێک و تاقم گه‌لێک که‌ ده‌یانهه‌وێ خوێندکار بکه‌ن به‌ ئامێرێک بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه مادی و باندێکانی خۆیان. ئامانجی ئێمه‌ لێره‌دا لێکدانه‌وه‌ و باسکردنی ئه‌م ده‌س تێوه‌ردان و هۆکاره‌کانی نیه‌. به‌ڵکوو مه‌به‌ست باس کردن له‌ دوایین نموونه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی تاقمێکی نامه‌سوول واته‌ "جامعه‌ کردهای مقیم مرکز"ه‌.

ده‌س­تێوه‌ردانی تاقمی "جامعه‌ کردهای مقیم مرکز" که‌ هیچ چه‌شنه‌ به‌رپرسیارێتێکی سه‌باره‌ت به‌ نێو و ئامانجه‌کانی دامه‌زراندنی نیه‌. به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ ئه‌م شوێنه‌ بۆته‌ بنکه‌یه‌ک بۆ په‌ره‌پێدانی روانگه‌یه‌کی سوننه‌تی له‌ کوردی پاستۆرێزه‌، به‌ پێناسه‌یه‌کی پان­ئێرانیستی، که‌ خۆی ته‌نیا وه‌ک که‌مینه‌یه‌ک ته‌نیا له‌ لیباس، مۆسیقا، گۆرانی، سنوور پارێزی نه‌سره‌وتوو و .... دا ئه‌بینه‌ته‌وه‌. ئه‌م شوێنه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ناراسته‌وخۆ بۆته‌ هۆی چه‌واشه‌ و دابه‌زاندنی خواست و مافه‌ره‌واکانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد بۆ چه‌شنێک له‌ (محافظه‌کاری) و چه‌مکێکی فۆلکلۆریک.

هه‌ر وه‌ک ئاگادارن له‌ به‌هاری 83 دا فستیڤاڵی مۆسیقای کوردی له‌ لایه‌ن خوێندکارانی زانکۆی به‌هه‌شتی­وه‌ به‌رێوه چوو. هه‌ر چه‌ند گێڕانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی موجه‌وز و ده‌رده‌سه‌ریه‌کانی به‌رێوه‌بردنی ئه‌م پڕۆگرامه‌ خوێندکاریه‌ چ له‌ باری ئابووری و چ له‌ بابه‌ت ماوه‌ی جێ­به‌جێ کردنی لێره‌دا مه‌به‌ست نیه‌ به‌ڵام چه‌ند روونکردنه‌وه‌یه‌ک پێویسته‌.

1-    کێشه‌ی ئابووری و لاوازی شێوه‌ی به‌ر‌ێوه به‌رایه‌تی پرۆگرامه‌که‌ بوو به‌ هه‌ڵێک بۆ ده‌س تێوه‌ردانی که‌سێک به‌ ناوی (مصطفی.ر)‌‌ خوێندکاری پزیشکی. که‌ دواتر ده‌رکه‌وت ناوبراو سه‌ر به‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌تێه‌کانه‌ و به‌ره‌خنه‌ کردن له‌ نێو خوێندکاران بوو به‌ هۆی گه‌نده‌ڵی ماڵی و به‌لاڕێ دابردنی فستیڤاڵه‌که‌، که‌ له‌ دێره‌کانی داهاتوو دا زیاتر باسی لێ ده‌کردرێ. هه‌روه‌ها بوو به‌ ‌هۆی ئاسته‌نگ کاری حه‌راسه‌تی زانستگا له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆگرامه‌که‌.

2-    له‌و نێوه‌دا ئه‌نستیتۆ فه‌رهه‌نگی کوردیش به‌ یارمه‌تی "مصطفی.ر" ده‌یه‌ویست به‌ڕێوبه‌رایه‌تی فستیڤاڵه‌که به‌ نێوی خۆی تۆمارکا. هه‌ر چه‌ند که‌ خوێندکاران پێشیان به‌ چاپ و بڵاو کردنه‌وه‌ی پۆستێڕی‌ ئه‌نستیتۆ گرت به‌ڵام له‌ ئاخری پرۆگرامه‌که‌ دا له­وحی ته­قدیری فستیڤاڵ، که خوێندکاران بۆ سوپاس و پێزانین له هونه­رمه­ندان دابینیان کردبوو، له لایان ناو براوه­وه درا به "بهرام ولدبیگی" بوو به هۆی ناره­زایی وده­نگ هه­ڵبڕینی خوێندکاران.

3-    له هه­موویان دڵته‌زێن­تر، رۆڵی "جامعه‌ کردهای مقیم مرکز" بوو. که به رواڵه‌ت هاتبوون تا له‌م ره‌و‌شه ‌ناله­باره‌دا یارمه‌تی خوێندکاران بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش بوون به‌ له‌مپه‌ڕێک له‌به‌رده‌م خوێندکاران.

       له‌ حاڵیکدا پێشتر بڕیار وا بوو که‌ ڤه‌شانی ئه‌م CD و فیلمانه‌ له‌لایان خوێندکاران و‌ به‌ یارمه‌تی "جامعه‌ کردهای مقیم مرکز" بێت و له‌ماوه‌ی ئه‌م دووساڵه‌دا خوێندکارانی زانکۆی" به‌هه‌شتی" زۆریان هه‌وڵدا تا فیلم و CD كانی ئه‌م پرۆگرامه‌ راده‌ست که‌نه‌وه، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ "جامعه‌ کردهای مقیم مرکز" ده‌ستیان به‌سه‌رفیلم و CD كانی پرۆگرامه‌که‌ داگرت، ‌ئیستاش گه‌ره‌کیانه بۆ پرۆپاگاندا و ناساندنی خۆیان که‌ڵکی لێ وه‌رگرن.

‌   دوایین هه‌وڵی خوێندکاران بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، له‌گه‌ڵ دژه‌کرده‌وه‌ی ناله‌بار و سووکایه‌تی پێکردن به‌ ‌ خوێندکاران له‌لایه‌ن یه‌کێک له‌ به‌رپرسانی "جامعه‌ کردهای مقیم مرکز" به‌ناوی "مهندس جمال طه" رووبه­ڕوو بووه‌.

‌ئیمه‌ وه‌ک خوێندکارانی کوردی زانکۆی "به‌هه‌شتی" بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه‌ به‌رهه‌م و فیلم و وێنه‌یه‌ک له‌م فستیڤاڵه‌ به‌ بێ ره‌زامه‌ندی خوێندکاران وه‌ک به‌تاڵان بردنی به‌رهه‌می هه‌وڵ و تێکۆشانی خوێندکاران ده‌زانین.

ئه‌م ئه‌زموونه‌ تاڵه‌ ئێمه‌ی هاندا که‌ چی­تربێ ده‌نگ دانه‌نیشین و خوێندکارانی شوێنه‌کانی دیکه‌ و به‌تایبه‌ت زانکۆکانی تاران ئاگادار که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌م جۆره‌ رێکخراوانه‌ و هاوکاری کردن له‌ گه‌ڵ  ئه­وان به‌ ته‌نیا و ته‌نیا له‌ ناوبردنی سه‌ربه‌خۆیی بزووتنه‌وه‌ی  خوێندکاری و به‌لاڕێدا بردنی ئامانجه‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌ یه‌ی به‌دواوه‌یه‌. 

 

 خوێندکارانی کوردی زانکۆی به‌هه‌شتی (تاران)

                                                        30/2/1385

 
           

 

02/09/2015