وێنه‌ى چه‌ند دیمه‌نێکى فلیمى" ته‌مۆ " له‌ هۆڵى یانه‌ى "میدیـــا" له‌ ئه‌مستردام گیرا..

 

ڕاگه‌یاندنى یانه‌ى کوردى "میدیـــا"

 

 

ڕۆژى هه‌ینى ڕێکه‌وتى  26-05-2006  کاژێر سێی  پاشنیوه‌ڕۆ تا شه‌شى ئێواره‌. له‌ هۆڵى میدیـــــا" له‌ ئه‌مستردام، چه‌ند دیمه‌نێکى فلیمى (ته‌مۆ) ته‌یمور له‌ نوسین و ده‌رهێنانى نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندى ناسراوى کورد "ئیبراهیم سه‌لمان" وێنه‌ى گیرا.

زۆربه‌ى کوردان به‌ گشتى و ڕێکخراوه‌ کوردیه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ هه‌ر بوارێکدا پێیان بکرێ تێده‌کۆشن، به‌ردێک بخه‌نه‌ سه‌ر به‌ردێک له‌ پێناوى ئه‌و قوربانیانه‌دا. بۆ ئه‌وه‌ى " ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌رگیز دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌" بۆ ئه‌وه‌ى مه‌رگه‌ساته‌کانمان به‌ دنیا بناسێنین، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگى ته‌یمور(ته‌مۆ)ى ڕزگاربووى ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌کان تێکه‌ڵاوى قوربانیانى هۆلۆکۆست بکه‌ین.

ڕاستیان گوتووه‌ بڕینى ڕێگه‌ى هه‌زاران میل به‌ هه‌نگاوێک ده‌ست پێده‌کا.

ژماره‌یه‌کى کوردانى هونه‌ردۆستى نیشته‌جێى هۆڵه‌نده‌ و ئه‌ندامان و دۆستانى یانه‌ى کوردی "میدیـــــا" وه‌ک ئاماده‌بوونى مه‌راسیمى پرسه‌دانان له‌ کاتى وێنه‌گرتنى فلیمى(ته‌مۆ) ، ڕۆڵێکى شایسته‌یان بینى.

نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ندى ناسراوى کورد "ئیبراهیم سه‌لمان" سیناریۆیى ئه‌م فلیمه‌ى نوسیوه، کۆمه‌ڵێک خوێندکارى خوێنگه‌رمى هۆڵه‌ندى به‌شى سینه‌ما، له‌ ناویاندا کیژه‌ خوێندکارى کورد بێرى شه‌لماشى ده‌بینرا له‌ وێنه‌گرتنه‌که‌دا به‌شدار بوون.

ئه‌م فلیمه‌ به‌ کوردى و هۆڵه‌ندى له‌سه‌ر کاره‌ساتى ئه‌نفال ده‌دوێ، چیرۆکى هونه‌رمه‌ندێکى ده‌رهێنه‌ر "یارۆ" ده‌گێڕێته‌وه‌، که‌ 15 ساڵه‌ له‌ هۆڵه‌نده‌ ده‌ژیى و له‌ پێناوى گه‌یاندنى ده‌نگى ته‌یمور(ته‌مۆ) ئه‌و تاقه‌ منداڵه‌ى له‌ ده‌ستى به‌عسیه‌ فاشیسته‌کان له‌ ئه‌نفال  ڕزگارى بوو،هاتۆته‌ هه‌نده‌ران، نوسه‌ر به‌م فلیمه‌ی هاتووه‌ ئه‌نفال به‌رجه‌سته‌ بکات و ‌به‌ جیهانى ده‌ره‌وه‌،بناسێنێ.

جێگه‌ى ئاماژه‌ پێدانه‌، له‌ کاتێکدا ئه‌و که‌سه‌ خۆبه‌خشانه‌ى ئاماده‌ بوون بێئه‌وه‌ى ئه‌کته‌ر بن دڵسۆزییان بۆ مه‌سه‌له‌که‌ واى لێکردن، به‌ ده‌نگ ده‌رهێنه‌ره‌وه‌ بێن و له‌ دیمه‌نێکى ئه‌م فلیمه‌دا هارمۆنیانه‌ به‌ قسه‌ی ده‌رهێنه‌ریان ده‌کرد، ، کرۆکى چیرۆکه‌که‌ هه‌وێنى کاره‌ساتى ئه‌نفالى له‌ خۆگرتووه‌ له‌ کاتێکدا "یارۆ" له‌ هاله‌ى هاوسه‌ری ده‌بیستێ له‌ کوردستان دایکى کۆچى دوایى کردووه‌، له‌به‌ر بێئقامه‌یى ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پرسه‌که‌ى بۆ وڵات ‌ بۆیه‌ له‌گه‌ڵ  هاوسه‌ره‌که‌یدا، که‌ کچێکى عه‌ره‌بى دانیشتووى هۆڵه‌نده‌یه‌، به‌ یارمه‌تى چه‌ند براده‌رێکى کوردى له هۆڵى "میدیــــا" بۆی داده‌نیشن و له‌ فلیمه‌که‌دا یارۆ هه‌ست به‌ که‌مته‌رخه‌مى و خۆخواردنه‌وه‌ و ده‌کات.

زۆرێک له‌ دیمه‌نه‌کانى ئه‌م فلیمه‌ ما‌وه وێنه‌ى بگیرێت و زۆریشی له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌کانى ترى ئه‌مستردام وێنه‌ى گیراوه‌ و نوسه‌ر وابه‌نیازه‌ تا مانگى سێپته‌مبه‌رى ئه‌مساڵ له‌ کاره‌کانى ئه‌م فلیمه‌ ته‌واو‌ بێت و له‌ سینه‌ماکانى هۆڵه‌ندا پیشان بدرێت.

 

 
           

 

02/09/2015