دووڕووی و هه‌ڵویستی نامڕۆڤانه‌ی پارتی چه‌پی سویدی سه‌رکرده‌که‌ی لارس ئۆهلی ده‌رباره‌ی جینۆسایدی کورد

 ڕه‌سووڵ سمایل عه‌وڵا دیبه‌گه‌یی

ئێواره‌ی 2006-04-18 به‌ڕێکه‌وت سه‌یری ئه‌رشیفی ده‌نگه‌کانم کرد. له‌وێدا چاوم به‌ وێنه‌ی لارس ئۆهلی که‌وت. لارس ئۆهلی سه‌رۆکی پارتی چه‌پی سویدیه‌. ئه‌و بابه‌ته‌م خوێنده‌وه‌ که‌ له‌ 2006-04-05 له‌سه‌ر ناوبراو نووسرابوو.

له‌ نووسراوه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێ، هه‌روه‌کو له‌ نووسراوه‌یه‌کی (کاک قادر نادر)یش ده‌رده‌که‌وێ که‌ لارس ئۆهلی له‌ ساڵڕۆژی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی 2006 له‌ ستۆکهۆلم‌ به‌شداری خۆپێشاندانێکی کوردانی کردوه‌ و وتارێکی خوێندۆته‌وه‌‌. نووسراوه‌که‌ی کاک قادر نادر‌ له‌ 2006-04-19 له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی ڕێکخراوه‌ی (چاک)ی کوردی بڵاوکراوه‌ته‌وه.

له‌هه‌ردوو نوسراوه‌که‌دا زۆر زۆر به‌ باشی باسی پارتی ناوبرا و لارس ئۆهلی و هه‌واداری و دۆستایه‌تی و پشتیوانی پارتی ناوبراو و شه‌خسی لارس ئۆهلی بۆ کورد و مه‌سه‌له‌ی کورد کراوه‌. ته‌نانه‌ت کاک قادر نادر وای ده‌رده‌خا که‌ پارتی چه‌پی سویدی زیاتر له‌ یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان به‌په‌رۆشی (ئه‌نفال)ه‌وه‌یه‌. ناونیشانی نوسینه‌که‌ی کاک قادر نادره‌ ئه‌وه‌یه‌: 'پارتی چه‌پی سویدی له جیاتی پارتی و یه‌کێتی کار بۆ مه‌سه‌له‌ی جینۆسایدی کورد ده‌کات!' هه‌روه‌ها ناوبراو ده‌نوسێ: 'ئه‌م هه‌ڵوێستانه وه‌ک ئه‌وه‌ وایه که ئه‌و پارته نوێنه‌ری کورد بێت و کێشه‌که‌ش کێشه‌ی وڵاتی سوید بێت!!؟'. مه‌به‌ستم له‌م نووسراوه‌ داکۆکی کردن له‌ یه‌کیه‌تی و پارتی نییه‌ به‌ڵکو ئاشکراکردنی هه‌ڵوێستی نامرۆڤانه‌ی پارتی چه‌پی سویدییه‌و دووڕوویی لارس ئۆهلیه‌ به‌رامبه‌ر به‌ کورد و ئه‌نفال. پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ سه‌ر باسه‌که‌م ده‌مه‌ێ چه‌ند شتێک بخه‌مه‌ ڕوو که‌ کاک قادر نادر و ڕێکخراوه‌ی چاک په‌نجه‌ی بۆ ڕاده‌کێشن.‌

کاک قادر نادر به‌رده‌وام ده‌بێ و ده‌نووسێ: 'ڕاسته‌ ئه‌و پارته ئه‌مه بڕوا سه‌ره‌کیه‌کانی خۆیه‌تی که داکۆکی له‌م مه‌سه‌لانه‌ ده‌کات، به‌ڵام نابێت کاریگه‌ری ده‌یان ئه‌ندامی چاڵاکی کوردی ئه‌و پارته، له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ ئاماژه‌ی بۆنه‌کرێت، به‌تایبه‌ت هه‌ندێ ئه‌ندامی چاک وه‌ک ئا‌مینه کاکه باوه‌ (که پاڵێوراوی پارتی چه‌په بۆ په‌رله‌مان و زۆر جاریش ووته‌بێژیانه له خۆپیشاندانه کوردیه‌کاندا) وه‌ک کاک ئومێد جه‌باری.' له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا که‌ له‌گه‌ڵ خانم ئامینه‌ کاکه‌ باوه‌ کراوه‌ و له‌ ده‌نگه‌کان له‌ 2006/05/18 بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ ئامینه‌ خان ده‌ڵێ: 'پارتی چه‌پی سوید باوه‌ڕی به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان. پارتی چه‌پ یه‌که‌م پارتی سویدی بوو که‌ پشتگیری له‌ ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ کرد'.

له‌ نووسراوه‌که‌ی کاک قادر نادردا هاتووه‌ که‌ لارس ئۆهلی له به‌یانامه‌یه‌کدا داوای ئه‌وه‌شی کرد که‌ ڕۆژی هه‌ڵه‌بجه‌، واتا 16/3 ده‌بێ وه‌کو 'ڕۆژی کۆمه‌ڵکوژی' له جیهان بناسرێ ‌و حکومه‌تی سویدی ئه‌م کێشه‌یه بگه‌یه‌نێته نێو ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان... له‌ هه‌ردوو نوسینه‌که‌دا ئه‌وه‌ هاتوه‌ که‌ لارس ئۆهلی ده‌یه‌وێ مه‌سه‌له‌ی جینۆسایدی کورده‌کان به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بگه‌یه‌نێ. هه‌ولێری گوته‌نی 'دۆڵ دڕا ته‌قه‌ی بڕا'. تازه‌به‌تازه، کاتێ که‌ ئه‌مه‌ریکا ڕژێمی خوێناوی سه‌ددامی گۆڕاوگۆڕکرد و دادوه‌رانی کورد له‌ به‌غدا دادگایی سه‌ددام و تاوانبارانی دیکه‌ی جینۆسایدی کوردی ده‌که‌ن، لارس ئۆهلی به‌خۆده‌که‌وێ و ده‌یه‌وێ جینۆسایدی کوردان بباته‌ به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان!! پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا، واتا پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال ببردرێته‌ به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانیش نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان چی بکا کاتێ که‌ تاوانباران له‌ به‌غدا ده‌ستبه‌سه‌رن؟ بۆچی لارس ئۆهلی و پارته‌که‌ی زوو زوڵم و زۆرداری ڕژێمی به‌عسیان ئاشکرا ناکرد و داوایان له‌ حکومه‌تی سویدی ناکرد که‌ مه‌سه‌له‌کان بگه‌یه‌نێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان؟ بۆچی چاوه‌ڕێیان کرد تاکو ڕژێم ڕووخا؟ ئێستاش که‌ ڕژێمی به‌عس نه‌ماوه‌ و کورد له‌ ده‌سه‌ڵاتدایه‌ له‌ عێراق قسه‌کانی لارس ئۆهلی‌ هه‌ولێری گوته‌نی فلسێکی سوتا ناهێنێ بۆ کورد به‌ڵام بۆ پارتی چه‌پ خۆی گرنگه؛ پارتی چه‌پ ده‌یه‌وێ به‌م شێوه‌یه‌ سۆزی کوردان بۆ لای خۆی ڕابکێشێ وا له‌ کورده‌کان بکا که‌ ده‌نگی خۆیان بده‌نه‌ پارته‌که‌ی ئه‌و له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م ساڵ.

 له‌ 2006-03-29 لارس ئۆهلی بۆ کاری پارتایه‌تی خۆی سه‌ردانی ناوچه‌یه‌ک ده‌کات له‌ باشووری سوید به‌ ناوی (Blekinge). چه‌ند کوردێکیش، که‌ هاوکات ئه‌ندامی پارتی ناوبراو و ڕێکخراوه‌ی (چاک)ن، به‌شداری‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پارتی ناوبراو ده‌که‌ن. پاش کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌رپرسی چاک له‌ سوید کاک ئومێد جه‌باری چاوپێکه‌وتنێکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ناوبراو ده‌کاو سوپاسی هه‌ڵوێسته‌ باشه‌که‌ی ده‌کا به‌رامبه‌ر جینۆساید و ساڵڕۆژی هه‌ڵه‌بجه‌. پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ڕێکخراوه‌ی چاک و کاک قادر نادر ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌ته‌یان داوه‌ته‌ به‌رخۆ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی کورد یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی چه‌پی سویدی؟! من به‌شبه‌حاڵی خۆم هه‌ڵوێسته‌کان وه‌کو پڕوپاگه‌نده‌ ده‌بینم بۆ پارتی ناوبراو ئه‌گه‌ر نا بۆچی باس هه‌رباسی (لارس ئۆهلی)یه‌؟ بۆ باسی هه‌ڵوێستی وه‌زیری دیمو‌کراسی و یه‌کسانی سوید، ێنس ئورباک، ناکه‌ن که‌ ئه‌ویش له‌ ساڵڕۆژی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئه‌مساڵ له‌ ستۆکهۆلم به‌شداری کرد و وتاری خوێنده‌وه‌؟ هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ی ئورباک سوسیال دیموکراته‌؟ ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێ که‌ لارس ئۆهلی له‌ وتاره‌کانیدا به‌ بۆنه‌ی ساڵڕۆژی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌مه‌ریکا تاوانبار ده‌کا و ئه‌وه‌نده‌ په‌لاماری ئه‌مه‌ریکا ده‌دا ئه‌وه‌نده‌ په‌لاماری سه‌ددام حوسه‌ین نادا. فه‌رموو له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ سه‌یرێکی وته‌که‌ی ناوبراو بکه‌ که‌ له‌ساڵڕۆژی هه‌ڵه‌بجه‌ی 2005 خوێندیه‌وه‌.  http://www.kurdiskarf.org/opp/wene/tal_omHalabja.pdf

پێتان وانه‌بێ که‌ من که‌سێکی ڕاستڕه‌وبم و حه‌ز له‌ پارته‌ چه‌په‌کان نه‌که‌م بۆیه‌ ئه‌م‌ قسانه‌ ده‌که‌م. نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ من خۆم به‌ که‌سێکی چه‌پڕه‌وده‌زانم. هه‌رچه‌نده‌ من هه‌رگیز پشتگیری یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ت و وڵاته‌کانی دیکه‌ی به‌ناو ئیشتراکیم نه‌کردوه‌. له‌ژیانمدا ئه‌ندامی هیچ پارتێکی سیاسی نه‌ کوردی، نه‌ سویدی نه‌ هیچ وڵاتێکی دیکه‌ش نه‌بووم. 22 ساڵ زیاتره‌ له‌ سوید ده‌ژیم! وه‌کو هاوڵاتیه‌کی سویدی ده‌مێکه‌ مافی ده‌نگدانم هه‌یه‌ له‌ سوید. له‌ سوید چوار جۆر هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌. گرنگترینیان هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانه‌. من تا دواجاریش، واتا ئه‌یلولی 2002، له‌ هه‌موو جۆره‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگی خۆم داوه‌ته‌ پارتی چه‌پی سویدی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م پارته‌ بۆ دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌باتی کردوه‌ هه‌روه‌ها ئه‌و پارته‌ له‌و 25 ساڵه‌ی ڕابردوودا زۆر پشتگیری له‌ مه‌سه‌له‌ی کورد کردوه‌.

 

به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌پڕه‌وه‌کانی ئه‌وڕوپا – به‌تایبه‌ت پارتی چه‌پی سویدی و یه‌کیه‌تی لاوانی ئه‌و پارته‌ (ung vänster) – به‌ دزی و به‌ ئاشکرا شان به‌شانی (نازی)یه‌کان له پاش داگیرکردنی کوێت تا ڕووخانی ڕژێمیش به‌ شێوه‌ی جیاواز پشتگیریان له‌ سه‌ددام و ڕژێمی به‌عس کردوه‌ و له‌به‌رئه‌وه‌ش که‌ لارس ئۆهلی له‌ نه‌ورۆزی 2003 دا هه‌ڵوێستێکی زۆر زۆر ناشیرین و نامڕۆڤانه‌ی وه‌رگرت به‌رامبه‌ر به‌ کورد من بۆ خۆم ئاماده‌نیم جارێکی دیکه‌ ده‌نگی خۆم بده‌مه‌ پارتی ناوبراو و هه‌روه‌ها پێم وانییه‌ که‌ که‌سێکی مرۆڤپه‌روه‌ر و خاوه‌ن هه‌ست و خاوه‌ن ویژدان بتوانی ده‌نگی خۆی بداته‌ ئه‌و پارته‌ تاکو لارس ئۆهلی و پارته‌که‌ی به‌ ڕه‌سمی داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کورد نه‌که‌ن.

 

له‌ نه‌ورۆزی 2003، واتا له‌ ڕۆژی دووه‌می هێرشه‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی بۆ سه‌ر ڕژێمی دیکتاتۆری به‌عس لارس ئۆهلی و گوننار هۆکمارک(Gunnar Hökmark)  له‌ ستودیۆی که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی 1 سویدی دانیشتبوون و گفتوگۆیان له‌سه‌ر هێرشه‌که‌ی سه‌ر عیراق ده‌کرد. گوننار هۆکمارک ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندامێکی په‌رله‌مانی زۆر باڵاده‌ست و ناسراوی پارتێکی ڕاستڕه‌وی سویدیه‌. پارته‌که‌ ناوی (Moderaterna). ئه‌و پارته‌ له‌ گه‌وره‌یدا دووه‌م پارته‌ له‌ سوید له‌پاش سوسیال دیموکراته‌کان.

 

له‌ پڕۆگرامه‌که‌دا لارس ئۆهلی زۆر به‌ڕوون و ئاشکرا ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌و زۆر دژی په‌لاماره‌که‌ی ئه‌مه‌ریکاو هاوپه‌یمانانه‌ بۆ سه‌ر عێراق له‌به‌رئه‌وه‌ی گوایه‌ په‌لاماره‌که‌ دژی یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییه(international law) . پاشان گوننار هۆکمارک پرسیاری له‌ لارس ئۆهلی کرد که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دژی دروستبوونی ئه‌و دوو ناوچه‌ ئه‌منییه‌ش بێ که‌ ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا بۆ پارێزگاریکردنی کورد و شیعه‌ له‌ باکور و باشوری عێراق دروستیان کردوون. لارس ئۆهلی گوتی به‌ڵێ من دژیانم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌ ئه‌منیانه‌ به‌ بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان دروست نه‌کراون. پاشان گوننار هۆکمارک پرسیاری له‌ لارس ئۆهلی کرد و گوتی باشه‌ ئه‌گه‌ر وایه‌ تۆ وات پێباشتربوو که‌ سه‌ددام حوسه‌ین هه‌ر به‌رده‌وام بایه‌ له‌ قه‌ڵاچۆکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد. لارس ئۆهلی گوتی به‌ڵێ. لارس ئۆهلی وای پێباشتربوو‌ که‌ سه‌ددام حوسه‌ین قه‌ڵاچۆی کورد بکا وه‌ک له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا ناوچه‌یه‌کی ئه‌منی بۆ کوردان دروست بکه‌ن و له‌ کیمیاباران بیانپارێزن.

 

لارس ئۆهلی له‌م پرۆگرامه‌دا بۆ چه‌ند ئه‌ندامێکی خۆیان یان بۆ چه‌ند کوردێک قسه‌ی ناکرد به‌ڵکو بۆ هه‌موو سوید و بۆ هه‌موو دونیا. ئه‌و بۆ په‌یامنێرێکی ڕێکخراوه‌ی چاک قسه‌ی ناکرد به‌ڵکو له‌به‌رده‌م کامێرای که‌ناڵی 1 ی سویدی – که‌ قه‌ناتێکی ده‌وڵه‌تیه‌ به‌و مانایه‌ی که‌ ئه‌هلی نییه‌. له‌ سوید هه‌ر قه‌ناتی 1 و 2 یان ده‌وڵه‌تین. لارس ئۆهلی لێره‌دا واتا له‌و پڕۆگرامه‌دا هه‌ڵوێست و ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و پارته‌که‌ی ده‌رده‌بڕێ به‌رامبه‌ر به‌ کورد، به‌رامبه‌ر به‌ سه‌ددام و به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریکا. ئه‌و قسانه‌ی ڕه‌سمین و حسابیان بۆ ده‌کرێ نه‌ک ئه‌و قسه‌ و هه‌ڵوێستانه‌ی که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ بچووک و حزبیه‌کاندا - وه‌ک ئه‌وه‌ی 29 ئازاری له‌ Blekinge – به‌‌گوێی چه‌ند کوردێکیدا ده‌چرپێنێ که‌ هاوکات ئه‌ندامی پارته‌که‌ی خۆین.

 

من که‌ ئه‌و پڕۆگرامه‌م به‌ ڤیدیۆ تۆمارکرد له‌و هه‌ڵوێسته نامرڕۆڤانه‌ و دژه‌کوردانه‌ی لارس ئۆهلی بێده‌نگ نه‌بووم. نامه‌یه‌کم نووسی و بۆ (لارس ئۆهلی)م ڕه‌وانه‌کرد. وێنه‌یه‌کم له‌ نامه‌که‌ بۆ مه‌کته‌بی سه‌ره‌کی پارتی چه‌پی سویدی ڕه‌وانه‌کرد. له‌ نامه‌که‌مدا په‌نجه‌م بۆ ئه‌وه ‌ڕاکێشا که‌ لارس ئۆهلی له‌ پڕۆگرامه‌که‌دا هه‌ڵوێستێکی نامرۆڤانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ کورده‌کان نیشانداوه‌ و ئیهانه‌ی کوردی کردوه‌ بۆیه‌ داوام کرد که‌ هه‌م ناوبراو هه‌م پارتی چه‌پی سویدی به‌ شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کورد بکه‌ن.‌ نه‌ لارس ئۆهلی نه‌ پارته‌که‌ی وه‌ڵامیان دامه‌وه‌ و داوای لێبوردنیشیان له‌ گه‌لی کورد نه‌کرد.

 

پاش ئه‌وه‌ی که‌ لارس ئۆهلی و پارتی چه‌پ ده‌نگیان نه‌بوو من گه‌شه‌م به‌ نامه‌که‌م دا و کردم به‌ وتارێکی دوولاپه‌ڕه‌یی به‌ زمانی سویدی و بۆ سێهه‌م گه‌وره‌ترین ڕۆژنامه‌ی سویدیم نارد. هاوکات وێنه‌یه‌کم له‌ نامه‌که‌ بۆ مه‌کته‌بی سه‌ره‌کی پارتی چه‌پی سویدی نارد. ڕۆژنامه‌که‌ ناوی پۆستی یۆتۆبۆریه‌ ((Göteborgs Posten. به‌رپرسانی ڕۆژنامه‌ی ناوبراو باوه‌ڕیان ناکرد که‌ هیچ که‌سێک زاتی ئه‌وه‌ی هه‌بێ ناماقوولی وا بکا. کاتێ که‌ گوتم من خۆم پڕۆگرامه‌که‌م به‌ ڤیدیۆ تۆمارکردوه‌ و چه‌ندجارێک گوێم لێگرتۆته‌وه‌ و ئه‌وان خۆشیان ده‌توانن خۆیان دڵنیابکه‌ن له‌ ناوه‌ڕۆکی وتاره‌که‌م له‌ ڕێگه‌ی قه‌ناتی 1 ی ته‌له‌فزیۆنی سویدی. ئه‌وکاته‌ باوه‌ڕیان پێکردم و وتاره‌که‌میان بڵاوکرده‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێست و قسانه‌ی لارس ئۆهلی وه‌کو سه‌رکرده‌ی پارتێک که‌ له‌ په‌رله‌ماندا 28 کورسی هه‌بێ مانا و سه‌نگ و گرنگی خۆی بۆ سویدیه‌کانیش هه‌یه. له‌‌ 28 ئازاری 2003 ڕۆژنامه‌ی ناوبراو وتاره‌که‌ی بڵاوکردمه‌وه‌. ئێستاش وتاره‌که‌ له‌سه‌ر ئینته‌رنێت له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ ماوه‌:

http://www.gp.se/gp/road/Classic/shared/printArticle.jsp?d=109&a=122332

 بۆ زیاتر ڕوونکردنه‌وه‌ و چه‌سپاندنی قسه‌کانم له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌توانن سه‌یری ماڵپه‌ڕی پارتی موده‌راته‌کانیش بکه‌ن   له‌سه‌ر ئه‌م ناونیشانه‌: http://moderaterna.net/ebrev/brev_visa.asp?id=227

 

ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێ، دوو ساڵ و دوو مانگ دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی وتاره‌که‌ نه‌ لارس ئۆهلی و نه‌ پارتی چه‌پی سویدی نوقه‌یان لێوه‌ نه‌هاتوه‌. نه‌ داوای لێبوردنیان له‌ گه‌لی کورد کرد، نه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ منه‌وه‌ کرد و نه‌ڕه‌تی قسه‌کانی منیشیان دایه‌وه‌. له‌ وتاره‌ سویدیه‌که‌مدا پیناسه‌ی یاسای نێونه‌ته‌وه‌یم کردوه‌ و ڕونم کردۆته‌وه‌ بۆچی له‌هه‌ندێ حاله‌تدا ده‌بێ یان پێویسته‌ هه‌ندێ یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی پێشێل بکرێن. لێره‌دا ده‌مه‌وێ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ بڵێم که‌ چین و ڕووسیای دۆست و پاڵپشتی لارس ئۆهلی بوون که‌ ڕێگه‌یان نه‌دا به‌‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان که‌ ناوچه‌یه‌کی ئاسایش بۆ کورده‌کان دروست بکا بۆیه‌ ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا به‌بێ بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ناوچه‌یه‌کیان بۆ کوردان دروست کرد. بۆیه‌ دروستکردنی ناوچه‌ ئاسایشه‌که‌ و پاراستنی ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن فڕۆکه‌کانی به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریکا،‌ له‌مه‌ترسی په‌لاماردانی له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه‌، دژی یاسای نێونه‌ته‌وه‌یی بوو و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانیشه‌وه‌ نه‌توانرا پشتگیری لیبکرێ. چین و ڕووسیا دژی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و بڕیارانه‌بوون که‌ له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ددام و ڕژێمی به‌عس دراون له‌وانه‌ بڕیاری په‌لاماردانی ڕژێم و ڕووخاندنی دیکتاتۆر له‌ به‌هاری 2003.

 

لێره‌دا چه‌ند پرسیارێک خۆیان زه‌ق ده‌که‌نه‌وه‌. ئایا ڕیکخراوه‌ی چاک و کاک قادر نادر و ئه‌ندامه‌کورده‌کانی پارتی چه‌پی سوید ئاگادارن که‌ لارس ئۆهلی له‌ ته‌له‌فزیۆنی سویدی له‌ ڕۆژی نه‌ورۆزی پیرۆزی 2003 دا هه‌ڵوێستێکی وا دڕندانه‌و ناشیرینی دژ به‌ کورد نیشانداوه‌؟ ئه‌گه‌ر ئاگادار نه‌بن نیشانه‌ی بێهۆشی و بێورییایه‌کی زۆر گه‌وره‌یه‌‌! ئه‌گه‌ر ئاگادارن  به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌رده‌وامن له‌ هاوکاری و ئه‌ندامه‌تی له‌ پارتی ناوبراو ئه‌و کاته‌ من ناڵیم ئه‌و ئه‌ندامه‌ چاڵاکانه‌ ده‌بێ خه‌ڵاتبکرێن و سوپاس بکرێن به‌ڵکو ڕووڕه‌ش بکرێن! من ئه‌ندامه‌تی کوردان له‌ پارتی چه‌پی سویدی، پاش نه‌ورۆزی 2003، ‌به‌ ناپاکی و هه‌ڵوێستێکی نامرۆڤانه‌ و دژه‌کوردانه ده‌زانم. ئه‌گه‌ر چاک و ئه‌ندامه‌ کورده‌کانی پارتی چه‌پی سویدی تاکو ئێستا ئاگادارنه‌بوون لارس ئۆهلی له‌ نه‌ورۆزی 2003 چی گوت ئێستا هه‌ڵوێستیان چی ده‌بێ؟ ئایا وه‌کو کوردی دڵسۆز ده‌ستی خۆیان له‌ پارتی چه‌پی سویدی ده‌کێشنه‌وه‌ و داوای ڕوونکردنه‌وه له‌‌ لارس ئۆهلی و پارته‌که‌ی ده‌که‌ن؟ یان داوا له‌ لارس ئۆهلی ده‌که‌ن که‌ به‌ ڕه‌سمی داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کورد بکا؟ یان ئه‌وان زیاتر ئه‌ندام و دڵسۆز و هه‌واداری ئه‌و پارته‌ن وه‌ک له‌وه‌ی که‌ کورد و کوردستانی بن؟

 

 

سوید- یۆتۆبۆری

rasoolawla@hotmail.com

 

 

           

 

02/09/2015