که‌ساسیم ڕه‌ته‌ڵ ده‌بات و .. دڵم ته‌ریق ده‌بێته‌وه‌ !

 

        ڕێباز مه‌حمود -هۆڵه‌ندا

 rebazmahmud@hotmail.com

  2006     

به‌کۆڵێک قه‌هرو .. به‌ دڵێکی کۆڵه‌وه‌‌

له‌ به‌رده‌م حینجه‌ کردنی ناونیشانه‌ درشته‌کانی هه‌لاهه‌لا بوونم‌ ،

تۆ بڕوانه‌ ؛

چ شاهیدێکی خه‌مبارم به‌ دیار تێپه‌ڕینی کۆچی به‌کۆمه‌ڵی ئیشتیاقه‌وه‌ ..

به‌ دیار تۆرانی په‌پوله‌ له‌ ناسکی و

ورد و خاش بوونی ئاوێنه‌ی جوانی به‌ده‌ستی گوڵ خۆیه‌وه‌ ..

به‌ دیار به‌ جێمانی سه‌ربورده‌کان له‌ دووڕیانی ماڵئاوایی و

نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌فا بۆ ناو مه‌غریبه‌ سارده‌کانی فیراق .

به‌ دیار گه‌ڵاڕێزانی سه‌برو

کوێر بوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ ڕوونه‌کانی میهره‌بانیه‌وه‌ .

له‌ بێ ئۆقره‌ییدا ،

موسافیرێکم به‌ناو لاموبالاتی دونیادا ده‌ڕۆم و

هیلاکیم دڵئێشاوتره‌ له‌وه‌ی به‌چاو داگرتنی سێبه‌رێک

لای ڕووخۆشی ئه‌رخه‌وانێک بمێنێته‌وه‌ . .‌

شه‌ڵاڵی سه‌مای گه‌ڵاکانی خۆی و له‌نجه‌ی سه‌رمه‌ستانه‌ی بایه‌ ،

که‌ به‌هارێک دێت و به‌ سودفه‌ له‌ ڕوانینی لاچه‌په‌کی مندا ده‌یڕوێنێ !!

ده‌زانی هاوسه‌فه‌ر ،

له‌ هه‌ر کوێیه‌کی منه‌وه‌ ته‌ماشا بکه‌ی

شه‌ماڵێک نابینی له‌ عه‌سرێکی ئه‌سمه‌ر به‌جێما بێ و

ته‌پ و تۆزی ئه‌و غه‌دره‌ بته‌کێنێت،

که‌ سه‌رو چاوی حه‌یسیه‌تمی داپۆشیوه‌ ..!

ده‌زانی له‌ بێ نیشتمانیدا هه‌میشه‌ ،

ئه‌بێ عه‌وداڵیم به‌ ئه‌لبومێکی ته‌ڵخه‌وه‌ خۆی بکات ،

به‌ کۆڵانی پڕ بۆن وبه‌رامه‌ی فه‌سڵی پێشوازی شکۆفه‌یه‌کدا

ئه‌گه‌ر بۆ ئێواره‌یه‌ک ته‌نیایم بۆ پارکی فێنکی سه‌خاوه‌تی خۆی و

بۆ پیاسه‌یه‌ک ده‌عوه‌ت بکات ..!

ئاسمانێکم .. مه‌لۆتکه‌ی هه‌موو ته‌ڕو بڕیه‌که‌م

هه‌ر له‌سه‌ر بێشکه‌ی هه‌وره‌کانه‌وه‌ له‌ زوڵمه‌ت ماره‌ کران !

مامه‌وه‌ خۆم و

بیابانێک له‌ شه‌رم و

دڕک و داڵێك له‌ خه‌و بینین ..

هه‌ر به‌ منداڵی کچی سه‌رابیان بۆ وجودم نیشانه‌ کردو

نه‌یانهێشت شاتووی پێگه‌یوی خه‌یاڵێکی شیرین ،

به‌رسیله‌ی حه‌زێکی کاڵ ؛

بنێمه‌ سه‌ر لێوم ..

ئێی هاوسه‌فه‌ر،

بڕوانه‌ چۆن ؛

که‌ساسیم ڕه‌ته‌ڵ ده‌بات و

دڵم ته‌ریق ده‌بێته‌وه‌ ..

وه‌کو کوێره‌ دێیه‌کی ژێر ته‌پ و تۆزی فه‌رامۆشی

بێ ئومێد ..له‌ ڕێگایه‌ک بچێته‌وه‌ سه‌ر ئاشنایی ،

دوودڵ .. له‌ هه‌بوونی ڕۆژێک ئاوڕ بداته‌وه‌و

له‌ گه‌ڵ به‌یانیه‌کدا بچنه‌وه‌ بۆ سه‌ردانی سازگاری ئاوو خوڕه‌ی ژیان

تا منیش له‌گه‌ڵ مشتێک دڵنه‌وایدا ،

پێش ژه‌مێک به‌رچایی ده‌م و چاومی پێ بشۆمه‌وه‌ ..!!

وای .. له‌ سیحری ئه‌و ساتانه‌ ،

داخ .. بۆ سرکی ئه‌و ڕه‌نگانه‌ .

کوا ئیدی شه‌وێک بۆ جارێکی تر بیری دێته‌وه‌ ،

سه‌ر بداته‌وه‌ له‌ هێمنی .

دڵ سه‌رئه‌په‌رژێ بچێته‌وه‌ سه‌ربانی هاوین و

به‌ده‌م ڕاکشانه‌وه‌ ،

بۆڵ بۆڵ ئارامی و خه‌یاڵی شیرین ؛

له‌ هێشووی ئه‌ستێره‌و تاریکی بخوات ..

ده‌زانی هاوسه‌فه‌ر،

ئه‌وه‌ی وه‌ک من به‌ناو مردنه‌کاندا ڕه‌ت بووبێت ،

ته‌نها بۆی هه‌یه‌

هه‌ر جاره‌و له‌که‌لاوه‌ی ڕوخاوی چیرۆکێکه‌وه‌

به‌ دڵ داهێزرانه‌وه‌ خۆی بکاته‌وه‌ به‌ تونێله‌ شێدارو نسرمه‌کانی ژیاندا..

ده‌زانی هه‌رچه‌نده‌ دڵنیام له‌ خوسانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری،

له‌ ته‌مه‌نێک ڕاوه‌ستانی ناو وێستگه‌کانی مه‌راق و

سه‌ر لێ شێوان له‌ ژێر ڕه‌هێڵه‌ی بێباکی ..

که‌چی هێشتا هه‌ر شڵپه‌م دێت له‌ وه‌سوه‌سه‌و

له‌ پشت خامۆش بوونی چرا گه‌شه‌کانی مه‌ئواوه‌

ڕێک له‌ ناو زه‌ینی کوێری زینده‌گیدا،

خۆم به‌ ژماردنی خه‌ونه‌کانی نه‌فامیمه‌وه‌ خه‌ریک ده‌که‌م !

ده‌زانی هاوسه‌فه‌ر،

ژیان له‌ به‌لکۆنی شاهانه‌ی خۆیه‌وه‌

دایم به‌ته‌وسه‌وه‌ له‌ جانتا خۆڵاویه‌کانمان ده‌ڕوانێت ..

ڕاڕایم به‌ توله‌ڕێی شڵه‌ژانێکی دۆزه‌خیدا به‌ڕێوه‌یه‌و

کۆتره‌باریکه‌ی تارمایت له‌ قوڵاییه‌ سامناکه‌کانی

نزاری گۆشه‌گیریمدا غه‌رق ده‌بێت ..

ده‌زانی ژیان به‌ ته‌علیقه‌وه‌ ،

له‌سه‌ر شۆسته‌ مۆدێرنه‌کانی بێ داڵده‌یی خۆیه‌وه‌ ،

توانج ئه‌گرێته‌ شه‌لینی ته‌مه‌نمان..

که‌ له‌ ژێر دارو په‌ردوی شکسته‌کانه‌وه‌ گه‌یشتوین و

خودایه‌ک نادۆزینه‌وه‌ ،

چاوێک بخشێنێت به‌ تێبینی ناو ده‌فته‌ری ئه‌عمال و

پوکانه‌وه‌ی حورمه‌ت و

کرمێ بوونی سێوه‌ حه‌رامه‌کانی ده‌ستمان ..!

ده‌زانی هاوسه‌فه‌ر ،

حه‌وسه‌ڵه‌م وا سوێی ده‌بێته‌وه‌و

سۆراغت .. له‌وپه‌ڕی خۆخافتانته‌وه‌ به‌دیار

ئاوڕدانه‌وه‌ی جارێکی مانگ له‌ بیشووی تاریکیت

له‌ حه‌قیقه‌تی ته‌زیو و باوی ناو ئاوه‌دانی دوور خستویته‌وه‌ ..

ده‌زانی حه‌زم ده‌کرد بێیت و

دێبه‌ری نزیکیم له‌ دڵته‌وه‌ ، به‌ شوێن خۆتدا بشێلی .

به‌ خۆت و جانتایه‌که‌وه‌ له‌ تاسه‌ی ساڵه‌های ساڵ

له‌ وێستگه‌ی قه‌ده‌رێکدا دابه‌زی و

له‌ گۆشه‌یه‌کی غه‌ریبیته‌وه‌ ،

چاو بۆ باخه‌ ڕاکشاوه‌کانی ناو په‌رێشانیم بگێڕیت..

له‌ ده‌رگایه‌که‌وه‌ که‌ ده‌مێکه‌ عه‌بوسی کڵۆمی داوه‌ ،

بێیته‌ حه‌وشه‌ی دواوه‌ی سکوتم.

لاولاوی مه‌لولیم له‌ به‌ر په‌نجه‌ره‌ی شکاوی رابوردومدا

به‌رزه‌ پێ له‌به‌رتا ڕاست بێته‌وه‌ ..

حه‌زم ده‌کرد بێیت و

بچیته‌ قوژبنێکمه‌وه‌

که‌ سێبه‌رو حه‌یف و هه‌نسکم تێدا هه‌ڵچنیوه‌ ..

به‌ بێ ئاگاداری خۆم ،

جووتێک پاپووچ بکه‌یته‌وه‌ پێی مناڵیم ..

له‌گه‌ڵ گڕوگاڵی شه‌رمنۆکیمدا بڕۆی تا ناو سه‌وزایی ،

پڕ گژوگیای خۆڕسکیم که‌ ده‌مێکه‌ فه‌وتاون .

که‌مێک له‌ولای تینوێتیمه‌وه‌ ،

قاچ هه‌ڵکه‌یت و

له‌ جۆگه‌له‌ی گینگڵ دانم بپه‌ڕیته‌وه‌ ..

له‌سه‌ر خه‌ره‌ندی مه‌حزونیم ئیستێک بکه‌یت و

به‌ڵام خوا بکه‌م ، گه‌رده‌لولێک له‌ بناری خه‌ڵوه‌تمه‌وه‌

به‌ناو خۆڵه‌مێشی ئاگردانه‌ جێماوه‌کانمدا هه‌ڵنه‌کات و

په‌رش و بڵاویم له‌ حزوورتا ،

خۆی بۆ کۆ نه‌کرێته‌وه‌ ..!

به‌ڵام نا..،

هاوسه‌فه‌ر نا..

که‌ساسیم ڕه‌ته‌ڵ ده‌بات و

دڵم ته‌ریق ده‌بێته‌وه‌ ..!

تۆ بڕوانه‌ ؛

له‌ به‌رده‌م ڕووخانی عیباده‌ته‌کاندا چۆن ماینه‌وه‌ خۆمان و

جانتایه‌کی خاڵی له‌ ئایه‌ته‌کانی سووتان ..

ده‌زانی هاوسه‌فه‌ر ،

له‌ ناو که‌روێشکه‌ی سه‌وزه‌گیای فه‌سڵه‌ که‌ڕو کوێره‌کانمدا،

له‌ ئاست ترپه‌ی پێی بارانێکی سه‌فه‌ریدا ؛

له‌ ڕاچه‌نینی گوڵه‌ کێویه‌کی قه‌یره‌و قه‌زه‌می ،

قه‌راغ لاڕێی بیرچوونه‌وه‌یه‌ک40? ئه‌زه‌لی ده‌چم !

ده‌زانی حه‌یفم دێت ،

که‌ ته‌نهایی موجامه‌له‌ی ئه‌و هه‌موو ڕۆژه‌ چه‌قاوه‌سوانه‌ی پێ کردین و

سه‌ری پێ کردینه‌ کوچه‌ی هه‌موو نیه‌تێکه‌وه‌و کردینی به‌ دراوسێی ڕیا..

هه‌موو قسه‌یه‌کی قه‌ڵه‌وی کرده‌ ناسیاوی بێده‌نگیمان و

له‌ ئه‌به‌دیه‌تێکی پڕ ژاوه‌ ژاودا،

ڕۆحی کردین به‌ ژێر هه‌ره‌سی ڕنوه‌ به‌فری خه‌ونه‌وه‌ ..!

ئه‌و هه‌موو ڕێگا خۆڵاوی و جاده‌ قیرتاوانه‌ی ،

به‌ ساده‌یمان بڕی و

ئه‌و هه‌موو شارو گوندانه‌ی سه‌ر ڕێگای بێهوده‌یی پێ ڕه‌ت کردین ..

ئه‌و هه‌موو زه‌وقه‌ی پێ دۆڕاندین و

ئه‌و هه‌موو شه‌وقه‌ی پێ شکاندین و

ئه‌و هه‌موو زوخاوه‌ی له‌ بیری ئاخ پێ هه‌ڵکێشاین و

میوه‌ی تاڵی ئه‌‌و هه‌موو خه‌مه‌ی پێ خواردین ..!

ئه‌و هه‌موو ئێواره‌ درۆزنانه‌ی ،‌

به‌ تینوێتیمان پڕ کرد له‌ خولیای باران..

ده‌زانی حه‌یفم دێت،

که‌ ته‌نهایی ئه‌و هه‌موو کتێبه‌ی له‌ گریان پێ خستینه‌ بازاڕی خۆشخه‌یاڵی و

ئه‌و هه‌موو عومره‌ی پێ ڕاخستین له‌به‌ر پێ و قه‌ده‌می هاتنێکی دۆستانه‌ .!!

ئه‌و هه‌موو که‌پره‌ی له‌ ته‌موزی هاوین و عه‌زێتا پێ ساز کردین ،

بۆ دێمانه‌ی عه‌سرێکی حه‌کیم له‌سه‌ر سه‌کۆی کڵۆڵیمان دابنیشێ

چایه‌ک له‌ گه‌ڵ پیره‌ سکاڵای هاتنمان بخواته‌وه‌ .

حه‌یف که‌ ته‌نهایی ،

تۆوی ئه‌و هه‌موو خه‌ونه‌ی له‌ ئه‌رزو ئاوی شه‌وا پێ داچاندین و

گژوگیای ئه‌و هه‌موو نامورادیه‌ی له‌به‌ر پێی لوت به‌رزی دونیادا پێ دره‌و کردین..!.

ده‌زانی هاوسه‌فه‌ر،

له‌ عاقیبه‌تدا هیچ بارانێک ده‌ره‌قه‌تی غه‌درێک نایه‌ت،

که‌ وشکه‌ساڵیی هێنابێته‌ ناخه‌وه‌ ..

ده‌زانی هیچ به‌فرێک شوێن پێی ئه‌و خێڵه‌ی پێ ناشاردرێته‌وه‌ ،

که‌ بۆ خاتری چه‌ند سه‌ر به‌هارێکی تازه‌ پێگه‌یشتووت

هاتن ده‌واریان تیا هه‌ڵدای ..

ئاگری خۆیان تیا هه‌ڵکردی و

ئاگری تۆیان کوژانده‌وه‌ ..!

ده‌زانم هاوسه‌فه‌ر، ده‌زانم

له‌ قه‌راغ مه‌ندی ئه‌ستێرێکدا ده‌مێنیته‌وه‌ ،

که‌ تۆو مانگ و خه‌ون ..ڕووت و قووت

شه‌وانه‌ تیایدا تێکه‌ڵاوی یه‌کدی ده‌بن ..

دڵی قه‌ره‌جی منیش،

هه‌میشه‌ له‌ کابووسی گه‌وره‌یی خۆی ده‌دزێته‌وه‌و

ڕێک له‌ ته‌نیشت سۆزی تۆوه‌ .. به‌ شوێنه‌ عاسیه‌کانته‌وه‌ که‌ به‌فریش ،

ڕێی تێ نه‌که‌وتووه‌ ..

کوخێکی چکۆله‌ .له‌ ساده‌یی و مانه‌وه‌ دروست ده‌کات !

هه‌رچه‌ند ده‌زانم ،

هه‌میشه‌ له‌خوار به‌رزاییه‌کانی ئێمه‌وه‌

به‌ڵاڵوک و باڵنده‌و به‌هار

بێ سه‌لام له‌ عاجزیمان دێن و

بێ خوا حافیزی له‌ هۆگریمان ده‌ڕۆن ..!!

 

 

           

 

02/09/2015