سامۆئیل بێکێت سه‌ده‌یه‌ک پاش له دایکبوونی سه‌ردار عه‌زیز دوێنێ شه‌و چاوه‌روانی گۆدۆم ته‌واوکرد. چه‌ند رۆژێ لهمهوپێش له نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی کتێبخانه‌که‌ی شار پاش نیوه‌رۆیه دره‌نگ ده‌ستم پێ‌کرد. ئه‌و رۆژه من چاوه‌رێی پێره‌مێردێکی ئایرهلهندیم ئه‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ کاربکه‌ین به‌یه‌که‌وه ده‌رباره‌ی خۆئاماده‌کردن بۆ سه‌رژمێری له ووڵاتدا. من ئه‌و رۆژه زۆر دڵته‌نگ بووم. له به‌یانیه‌که‌یدا یاره‌که‌م، که زۆر نزیکه له دڵمه‌وه، سه‌فه‌ریکرد بۆ ماڵ باوکی له ئیتالیا. من که رۆشتم بۆ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی کتێبخانه‌که به نیازی ئه‌وه رۆشتم هه‌ندێ شیعری ئۆکتاڤیو پاز بخوێنمه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌بووری دڵم بداته‌وه، به‌ڵام پاز ئه‌و رۆژه خۆراکی دڵم نه‌بوو. ده‌مێک بوو بیرم له‌وه ئه‌کرده‌وه ده‌رباره‌ی بیکێت بنووسم، به‌تایبه‌ت که ئه‌و ئه‌مساڵ ده‌بێته سه‌د ساڵ. سه‌ده‌یه‌ک لهمهوپێش له سیانزه‌ی مانگی نیسانی ساڵی 1906 له مالێك به‌ناوی کوڵدرنا له شارۆچکه‌ی فۆکسرۆک له قه‌راخ دۆبلن هاته دونیاوه. مشتوومرێکی زۆر ده‌رباره‌ی ئه‌م رۆژه هه‌یه. له ئاینی مه‌سیحیدا ئه‌م رۆژه رۆژێکی دیار‌و تایبه‌ته؛ ئه‌و رۆژه‌یه که حه‌زره‌تی عیسا له خاچدراوه. گومانی زۆر هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی گوایه بیکێت خۆی ئه‌م رۆژه‌ی هه‌ڵبژاردوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌یه‌ک بۆخۆی دروستکات و له ههمانکاتا ئه‌وه‌ش بڵێت که ئه‌و له رۆژێکی ئازاراویا هاتووه‌ته دونیاوه. چونکه به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی له ده‌فته‌ری ناونوسی شاری دۆبلندا بیکێت له‌مانگی ئایار نه‌ک نیسان هاتوه‌ته دونیاوه. بیکێت خۆی هه‌رگیز پێی‌خۆش نه‌بووه له‌مباره‌یه لێی بپرسرێت. هه‌رده‌م و هه‌ندێ جار بهتورهیشهوه وه‌ڵامی ئه‌وه بووه که دایکی ده‌ڵی ئه‌و له سیانزه‌ی نیساندا هاتوه‌ته دونیاوه و دایکیشی له‌هه‌موو که‌س باشتر ئه‌زانێت. بێکێت له گه‌ڵ دایکیدا په‌یوه‌ندیه‌کی نائاسایی هه‌بووه. کاتێک له له‌نده‌ن ده‌چێته لای پزیشکی ده‌روونی پێی ده‌ڵێت سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئازاره‌کانی دایکیه‌تی. بیکێت له خێزانێکی پرۆتستانته. پرۆتستانت خهڵكانێکن که بهرهچهڵک ئایرهلهندی نین به‌ڵكو له گه‌ڵ داگیرکردنی ئینگلته‌را بۆ ئه‌م دورگه‌ی هاتوون بۆ ئێره. خێزانی بیکێت وه‌ک زۆر خێزانه پرۆتستانه‌کانی تر له‌رووی مادییه‌وه باش بوون. وه‌ک جۆیس ئه‌میش له خێزانێکی مامناوه‌نده، به‌لام خێزانی بیکێت له‌خێزانی جۆیس ده‌وڵه‌مه‌ندتربوون. دایکی بیکێت هه‌رده‌م فشاری خستوه‌ته سه‌ر بیکێت بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک بێت له دابوونهرێتی خێزانه‌که‌ی لا نه‌دات و که‌سێک بێت بچێت بۆ کلێسا. هه‌ندێ جار بیکێت له‌لایه‌ن دایکیه‌وه به‌زۆر براوه بۆ کلێسا. بۆیه بیکێت ده‌ڵی؛ ده‌بوو هه‌رزوو بریاری کوشتنی دایکی بدایه، له راستیا پێش له‌دایک بوونی. زۆرجاریش ئاواتی ئه‌وه‌بووه که هه‌ر نه‌هاتایه‌ته ئه‌م دونیاوه به‌ڵكو هه‌ر له سکی دایکیا بمایه‌ته‌وه. بۆیه کاتێک ده‌ڵێت؛ ئه‌م هه‌موو تاریکیه‌ی ده‌وروپشتم وام لێئه‌کات که‌متر هه‌ست به‌ته‌نهایی بکه‌م. ره‌نگه مه‌به‌ستی ناو سکی دایکی بێت. نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی کتێبخانه‌که گه‌رمبوو. که بێزاربووم له شیعره‌کانی پاز، کتێبه‌که‌ی سام (کورتکراوه‌ی سامۆئێله؛ که ناوی یه‌که‌می بیکێته و له نێو هاوهڵهکانیا وه‌ها بانگکراوه) م ده‌رهێنا. کتیبه‌که‌ی که من ئه‌مخوێنده‌وه چاپی ساڵی 1965 له به‌شی تایبه‌ت به ئه‌رشیفی بیکێت له زانکۆ ده‌رمهێنا. په‌ره‌کانی کۆنن به‌ڵام هه‌ستێکی خۆشت پێئهبهخشی بۆ خوێندنه‌وه. چاوه‌روانی گۆدۆ شانۆگه‌ریه‌کی دوو دیمه‌نه. دیمه‌نێ یه‌که‌م رێگایه‌کی لادێیانهو تاقه‌دارێ. ئه‌م دیمه‌نه چه‌ندێک ساده‌یه ئه‌وه‌نده‌ش ئاڵۆزه. بیکێت بۆخۆی له ژیانی تاکهکهسیشا که‌سێک بووه ئاره‌زووی له ئاڵۆزی ده‌وروبه‌ره‌که‌ی نه‌بووه. ره‌نگه هۆکاری ئه‌وه‌بووبێت که ئه‌و بۆخۆ له ناخه‌وه که‌سێکی تابڵێی ئاڵۆزبووه. ئه‌گه‌ر که‌سێک ته‌ماشا یان وێنای ماڵه‌ی لادێیه‌که‌ی بکه له قه‌راخ پاریس له‌گوندی ئۆسێ؛ هه‌ست به‌وه‌ئه‌کات که چه‌ند حه‌زی له‌وه بووه له ناوه‌ندێ ساده‌دا بژی. وه‌ک جیمس نۆلسن؛ بایوگرافی نوسه‌ری بیکێت، باسی لێوه‌ئه‌کات له هه‌موو ماڵه‌که‌دا ته‌نها شتێک که به‌نرخ بوبێت مێزێکی لاکێشه‌ی دار به‌روو بووه که بیکێت له‌سه‌ری نووسیوه. بیکێت بۆئه‌وه‌ی پاریسی جێهێشت و چووه ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی له خه‌ڵك دووربێت و زۆربه‌ی کات به‌ته‌نیا و بێده‌نگی بژی. هه‌رچه‌نده ره‌نگه بیکێت هه‌رده‌م حه‌زی له‌مجۆره ژیانه نه‌بووبێت. بۆ نموونه کاتێک که ناوبانگ ده‌رئه‌کات به‌تایبه‌ت پاش نمایش‌کردنی شانۆی له چاوه‌روانی گۆدۆدا، فشارێکی زۆری بۆ دێ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه و ئه‌و ده‌زگایه‌ی که کتێبه‌کانیان له چاپداوه بۆئه‌وه‌ی زیاتر ده‌رکه‌وێ و زۆرتر چاوپێکه‌وتن سازدا، به‌ڵام ئه‌و له‌وه‌ڵامدا ئه‌لێت؛ کێشه ئه‌وه نیه که من حه‌زم له ناسراوی نه‌بێ. به‌ڵکو به سروشت ناتوانم کاری وه‌ها بکه‌م. ئه‌م گۆشه‌گیری و ته‌نهایه زۆر به‌ئاشکرا به به‌رهه‌مه‌کانی بیکێتهوه دیاره. بێکێت بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر رازی نه‌بووه که‌س بایوگرافیای (ژیاننامه‌ی بنوسێته‌وه) چونکه ئه‌و وای پێباشبووه که زیاتر به‌رهه‌مه‌کانی بکرێته مایه‌ی لێکۆڵینه‌وه نه‌ک ژیانی. به‌ڵام له کۆتاییدا رازای ده‌بێ که هاوکاری جیمس نۆڵسن بکات بۆ ئه‌وه‌ی بایوگرافیای بنوسێته‌وه. هه‌رچه‌نده هه‌رخۆی ده‌رباره‌ی به‌رهه‌مه‌کانی و ره‌خنه‌گران ده‌ڵێت؛ کارێکی خۆش نابێ ئه‌گه‌ر خودی بیکێت ره‌خنه‌گری بیکێت بوایه. به‌و مانایه به‌رهه‌مه‌کانی بیکێت بۆ ره‌خنه‌گران کارێکی ئاسان نیه. جویسیش به‌هه‌مانشێوه بێزاربوو له ره‌خنه‌گران. جویس جارێکیان ووتبوی ئه‌و ده‌نووسێ بۆ ئه‌وه‌ی له چه‌ند سه‌ده‌ی داهاتوودا خه‌ڵکانی ئه‌کادیمیاو ره‌خنه‌گران بیرلێبکهنهوه. ئه‌و جۆره ژیانه‌ی بێکێت له یوسی له ماڵه لادێیهکهیا به‌سه‌ری ئه‌برد، ره‌نگه یارمه‌تیمان بدات که ئه‌و چۆن له‌ژیانی ئه‌روانی. ئه‌و له یوسی دڵخۆش بوو، هه‌تا ئه‌وێی به به‌هه‌شت ناوئه‌برد. بیکێت به‌یانیان دره‌نگ له‌خه‌و هه‌ڵئه‌ستا. ده‌مه‌وبه‌یانیان یان ده‌ینووسی یان به‌رهه‌مه‌کانی خۆی وهرئهگێرا. به‌شی زۆری به‌رهه‌مه‌کانی بیکێت به زمانی فه‌ره‌نسی نووسراون، له نێویاندا شانۆنامه‌ی له چاوه‌روانی گۆدۆدا. ئه‌و رۆژانه بیکێت له گڵ هاوسه‌ره فهرنسیهکهیا ئه‌ژیا که ناوی سوزانا بوو. بێکێت هه‌رخۆی زۆری به‌رهه‌مه‌کانی وه‌رگێراوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی. هه‌رچه‌نده گرانه ناوی وه‌رگێرانی لێبنرێت. چونکه که بهدهقهکهدا ئه‌چیته‌وه هیچ بۆنی ئه‌وه‌ی لێنایه که له زمانێکی تره‌وه وه‌رگێردرابێت. بۆ نمونه خوێندنه‌وه‌ی بیکێت به ئینگلیزی، له ده‌قه‌که‌دا چه‌نده‌ها شێوازی زمان به‌کارهاتووه. ئه‌وه‌ی شایانی ووتنه، وه وه‌ک وانه‌یه‌ک شانۆنامه‌نووسه‌کانی کورد پێویسته سوودی لێوه‌رگرن ئه‌وه‌یه که زمانی ده‌ق هه‌رگیز نابێ زمانێکی یه‌ک ئاست بێت، هه‌رده‌م ده‌بێ زمانێکی تێکه‌ڵ بێت. مه‌به‌ست له‌مه ئه‌وه‌یه؛ که دوو که‌سی سه‌ر به دوو چین یان ناوچه یان ئاین یان بیر‌ورا وه‌ک یه‌ک هه‌ستیان ده‌رنابرن. ووشه‌کانیان، رسته‌کانیان، شێوازی ووتنیان، هه‌ر هه‌مووی راسته‌وخۆ په‌یوه‌نده به ناوه‌نده کۆمهڵایهتیهکهیانهوه که لێوه هاتوون. پاش نووسین یان وه‌رگێران؛ بێکێت هه‌ندێ کاری له باخچه یان ماڵه‌که‌یا ئه‌کرد. زۆر رۆژیش به ته‌نها بۆ مه‌ودایه‌کی درێژ رێیکردوه، تا پێش نانخواردن. یان به پاسکیل سواری رۆشتووه بۆ شارۆچکه‌ی لافێختێ بۆ بازارکردن. له ئێواراندا یان سه‌ر له‌نوێ ده‌ستیکردوه‌ته‌وه به نووسین یان له گه‌ڵ خۆ‌یا یاری شه‌ترنجی کردوه. له‌وه ئه‌چێ بیکێت زۆری حه‌ز له‌م یاریه بووبێ بۆیه به‌پێی جیمیس نۆلسون به‌شێکی زۆری کتێبخانه‌که‌ی له یوسی کتێبی ده‌رباره‌ی یاری شه‌ترنج بووه. بیکێت زۆر کاتیشی له شه‌وانا به گوێگرتن له رادیو‌و به‌تایبه‌تی به‌رنامه‌ی وه‌رزشی به‌سه‌ربردوه. له یادهوهریهکیا ده‌رباره‌ی یاریه‌کی بۆکسێن ده‌ڵی؛ وای ههستئهکرد هه‌ردوو یاریکه‌ره‌که یه‌کتری ماچ ئه‌که‌ن. له‌م چه‌ند رۆژانه‌ی پێشوودا رۆژنامه‌ی ئایرش-تایم که پڕ خوێنه‌رترین رۆژنامه‌ی ئه‌م ووڵاته‌یه شانزهلاپهرهی تایبه‌تی بۆ یاده‌وه‌ری بیکێت ته‌رخانکردبوو. له‌وێدا یه‌کێک له هاوه‌ڵه‌کانی بیکێت ده‌ڵێ کاتێک بیکێت له هه‌ژده ساڵیا هات بۆ زانکۆی ترینیتی له دۆبلن، لاوێکی هاکه‌زایی و عاشقه وه‌رزش بوو. هه‌موو که‌س چاوه‌روانی ئه‌وه‌ی لێئه‌کرد که ببێته پارێزه‌ر یان ژمێریار، که دوو پیشه‌ن خانه‌واده‌که‌یان پێی ناسراون. رۆژنامه‌ی ئۆبزێرڤه‌ری به‌ریتانی و گاردیانیش رووپه‌ری تایبه‌تیان بۆ ئه‌م یاده‌ی بیکێت ته‌رخانکردبوو. بیکێت پیاوێکی ئاسان نه‌بووه. نه له‌گه‌ڵ خۆی و نه له گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌ورووبه‌ری. جۆن مینیهان که وێنه‌گری تایبه‌تی بیکێت بووه ده‌ڵێ؛ بیکێت تا راده‌یه‌ک موسته‌حیل بوو چاوپێکه‌ونتی له‌گه‌ڵا ئه‌نجامدرێ، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه وێنه‌گرتنی هه‌رده‌م کارێکی پڕ له له‌زه‌ت بووه. روومه‌تی بێکێت مایه‌ی تێرامانه. بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته هاورێ ئایرهلندیهکانم یارمه‌تیان دام به دابینکردنی کتێب و راو بۆ چوونیان ده‌رباره‌ی بیکێت و به‌رهه‌مه‌کانی. ئه‌وه‌ی هه‌موویان به‌بێ جیاوازی له‌سه‌ری رێکبوون روومه‌تی بێکێت بوو. بیکێت خاوه‌نی روومهتێکه، وه‌ک کچه هاورێکه‌م باربارا که خۆی یه‌کێکه له خوێنه‌رانی بیکێت و مامۆستای ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانیه له زانکۆ ووتی؛ ئه‌و خاوه‌نی روومهتێکه هه‌رده‌م ناچارت ئه‌کات زیاتر له‌جارێ ئاوری لێبده‌یته‌وه. روومه‌تی بیکێت له واشه ئه‌چێ. روواڵه‌تی زۆر له پیاوه ره‌به‌نه‌کانی ئایرهلندا ئه‌چێ که به‌شی زۆری ته‌مه‌نیان له بارهکانا به بیرهخواردنهوهو باسی ئه‌سپسواری به سه‌ربردووه. بیکیت بۆخۆی که‌سێک بوو که زۆری ئه‌لکحول ئه‌خوارده‌وه زۆریشی حه‌ز له قومارکردن بوو. روومه‌تی ئه‌و روومه‌تی پیاوێکه که ژیاوه یان ئازاری چه‌شتووه. بێکێت به‌شێکی زۆر له ژیانی به‌ده‌م دان ئێشه‌وه ئه‌تلایه‌وه پاشان له ناو ده‌می دوومڵی گه‌وره ده‌رهات که هه‌ندێک براوایان وایه شێرپه‌نجه‌بووه. سه‌ره‌رای ئه‌مانه شه‌وێک له پاریس گه‌وادێ له پشته‌وه چه‌قۆیه‌کی لێئه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو دڵی بریندارکات. بیکێت خۆی جارێکیان به روماننوسی ئایرهلندی هاورێ ئهدنه ئۆبرایانی وتبوو، ئه‌و ته‌حه‌موولی زۆر لاوازه بۆ دڵخۆشی. که له خوێندنه‌وه‌ی چاوه‌روانی گۆدۆ به‌رده‌وام بووم، هه‌ندێک رێرهوم بۆ ده‌رکه‌وت که وه‌ک خوێنه‌رێک ده‌بێ هه‌رجاره‌وه به جیا لێوه برۆی بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یته دڵی ده‌قه‌که. به‌شێکی زۆری ده‌قه‌که ده‌ربرینی بێزاری و نادڵنیاییه له هه‌مانکاتدا گۆێپێنهدان. ده‌قه‌که له زمانی بازاره‌وه هه‌ر زوو باز ئه‌دات بۆ زمانی نێو ده‌قه ئاینیه‌کان. له سه‌ره‌تادا ئیستراگۆن ده‌ڵێ؛ هیچ نیه بیکه‌ین. فلادیمێر تا راده‌یه‌ک فه‌لسه‌فیانه وه‌ڵامی ئه‌داته‌وه، ئه‌و ده‌ڵێ؛ من وا خه‌ریکه ئه‌گه‌مه ئه‌و رایه‌ی. که هه‌موو ژیانم هه‌وڵمداوه دهریبرم، ئه‌ویش فلادیمێر؛ که‌سێکی عاقڵ به (مه‌به‌ستی له‌وه‌یه که شتێک یان رایه‌ک دهئهبری پێویسته به‌هانه‌ت هه‌بێ) تۆ هێشتا هه‌موو شتێکت تاقی نه‌کردوه‌ته‌وه. پاشان قسه دێته سه‌ر بێمانایی ژیان و چۆن ده‌بوایه ملیونێ ساڵ لهمهوپێش، له نه‌وه‌ده‌کان هه‌وڵی خۆکوشتنیان بدایه. به خۆهه‌ڵدان له قولله‌ی ئیڤللهوه. ئینجا زمانه‌که ده‌بێته ئاینی باسی له خاچدانی عیسا و دزه‌کان ئه‌که‌ن. پاشان زمانه‌که ده‌بێته بازاری و باسی گه‌واده ئینگلیزه‌که ئه‌که‌ن. له‌میانه‌ی ده‌قه‌که‌دا چه‌ندین جار ده‌یانه‌وێ برۆن به‌ڵام هه‌رزوو بیریان ئه‌که‌وێته‌وه که ئه‌وان ناتوانن برۆن چونکه له‌وێن بۆ ئه‌وه‌ی چاوه‌نواری بیکێت بکه‌ن. هه‌ندێ جار که ده‌یانه‌وێ برۆن له شوێنی خۆیان ئه‌وه‌ستن. به‌ڵام به‌شێکی زۆری شانۆگه‌ریه‌که یاری زمانه. فه‌یله‌سوفی زمانه‌وانی ئوتریش فیگنیشتاین بروای وابوو که ووشهش وه‌ک شتی تر ده‌کرێ بکرێته بابه‌تی یاری پێکردن. بۆیه گاڵته بهیهکردن و جنێودان و قسه‌ی بێسهرو و به‌ر که سه‌رتاپا شانۆنامه‌که‌ی گرتوه‌ته‌وه به‌شێکی زۆری ده‌چێته خانه‌ی یاری زمانه‌وه. ده‌قه‌کانی بیکێت تاریکن، به‌ڵام بۆ خوێنه‌رێک به زمانی فه‌ره‌نسی یان ئینگلیزی پڕن له گاڵته‌جاری. له ده‌قه‌کاندا جۆرێک له گاڵته‌کردن هه‌یه که تایبه‌ته به ئایرش، خه‌ڵكی ئایرله‌ندا، به‌بێ ئاگاداربوون له که‌لتووری ئه‌م گه‌له زۆرگرانه هه‌ستی پێ‌بکرێ. به‌ڵام له هه‌مانکاتدا بیکێت به‌بێ دوو دڵێ له رێی ده‌قه‌کانیه‌وه رووبه‌رووی هه‌ندێک پرسیارمان ئه‌کاته‌وه که تا تاریکی قووڵای ناخمان قووڵ ئه‌بێته‌وه. پرسیارگه‌لێک که ره‌نگه له ژیاندا زۆر کات خۆمانی لێ به‌دووربگرین. بێگوومان ئه‌مساڵ ساڵی بیکێته. له شاره‌کانی دوبلن، له‌نده‌ن، نیورک، تۆکیو، به شیوازی جیا‌و تایبه‌ت یادی ئه‌کرێته‌وه. له‌م رۆژانه‌دا له شاری دۆبلن پێشه‌نگایه‌کی تایبه‌ت هه‌یه بۆ وێنه‌کانی، پاشان ده‌چێت بۆ نیورک و بۆستون. پاشان له دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا شانۆنامه‌و به‌رهه‌مه‌کانی پێشان ئه‌درێن. بیکێت وه‌ک ناوێک به دونیای ئه‌ده‌بی کوردی ئاشنایه. به‌ڵام وه‌ک دونیابینیه‌ک و به‌رهه‌م هێنده ناسراو نیه. مامه‌ڵه‌کردنی بیکێت له‌گه‌ڵ زمان و شێوازی رسته و ده‌ربرین و رێگه‌دان به ئازادی نه‌ست، ئه‌مانه هه‌موو له بهرههمهکانیا به زه‌قی ده‌رئه‌که‌ون. ره‌نگه ده‌ربرینێکی راسته‌قینه له واقیعی ئێمه ببێته ده‌قێکی بیکێتیانه. بیکێت له پاشخۆی زۆری له‌سه‌رنوسراوه و له‌لایه‌ن گه‌وره فهیلهسوفانیشهوه؛ بۆ نموونه میشێل فۆکۆ ده‌قی نووسه‌ر کێیه به رسته‌یه‌کی بێکێت ده‌ستپێئه‌کات، زۆر ره‌خنه‌گر ده‌قه مێژوویه‌کانی فۆکۆ که به‌گشتی ده‌توانرێ ناوبنرێت مێژووی ئازار به هه‌مان تێروانینی بیکێت دائه‌نێن. بیکێت به‌لای دۆلۆز و گیتاریشهوه مایه‌ی تێرامان بووه. له‌و نامیلکه‌یه‌ی که بۆ کافکا نووسراوه دۆلۆز باس له ئه‌ده‌بی که‌مینه ئه‌کات. کافکا به ئه‌ڵمانی ئه‌ینوسی له ووڵاتی چیک. بیکێتیش وه‌ک ئایرلهندیهک به‌ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی نووسیویه‌تی. هه‌روه‌ها درێداش ده‌رباره‌ی بیکێت بابه‌تی هه‌یه. ئه‌گه‌ر له رونگه‌ی ئاینه‌وه له بیکێت بنوارین ئه‌وا کۆمه‌ڵه دهقهکێن ده‌بری ئازار‌و سه‌رگه‌ردانی مرۆڤن له‌سه‌رده‌می مه‌رگی یه‌زداندا. ئه‌گه‌ر مارکسیانه له بیکێت بنوارین ئه‌وا ده‌بری ده‌رده‌سه‌ریه‌کانی مرۆڤن له کۆمه‌ڵگایی سه‌رمایه‌داریدا. ده‌توانرێ له روانگه‌ی پوچگه‌رایی و بوونگهرایشهوه له بیکێت بنواردرێت. به‌ڵام ئایا تێگه‌یشتنێکی کوردانه بۆ ئه‌م ده‌قه پڕ له ئازارانه ده‌بێ چۆن بێت.
|
|
02/09/2015 |