مۆنتینیگرۆ بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی دا‌

 

شاخه‌وان شۆڕش

 

له‌ 21ی مای 2006 دا خه‌ڵکی مۆنتینیگرۆ به‌ ڕێژه‌ی 55 له‌سه‌دا ده‌نگیان بۆ جودابوونه‌وه له‌ سربیا دا، به‌مجۆره‌ کۆتاییان به‌ دوا پاشماوه‌ی یوگوسلاڤیای یه‌کگرتوو هێنا. ئه‌وه‌ کۆتایی هێنان بوو به‌ درۆی یه‌کیتی ئاره‌زومه‌ندانه‌ و برایه‌تیه‌که‌ی که‌ تیتۆ و هه‌وادارانی بانگاشه‌یان بۆی ده‌کرد.

مۆنتینیگرۆ وڵاتێکی بچوکه‌ و ژماره‌ی دانیشتوانی له‌‌ یه‌ک ملیۆن که‌متره‌، یه‌کێکه‌ له‌و وڵاتانه‌ی به‌ یوگوسلاڤیا لکێنرابوو. دوای ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تای‌ 90 ه‌کان کرواتیا، سلۆڤانیا، مه‌که‌دۆنیا، بۆسنه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌ک له‌ یوگوسلاڤیا جیابوونه‌وه‌، ته‌نها کۆسۆڤۆ و مۆنتینیگرۆ به‌ فه‌رمی له‌ چوارچێوه‌ی یوگوسلاڤیادا مانه‌وه. کۆسۆڤۆ هه‌ر به‌ناو و له‌سه‌ر کاغه‌ز، چونکه‌ دوای 1999 له‌ ڕیفه‌راندۆمێکی ناوخۆییدا بڕیاریاندا سه‌ربه‌خۆ بژین و نه‌چنه‌وه‌ ژێر چنگی سربان. دیاره‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌یتوانی کۆسۆڤۆ ناچاری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌لگراد بکات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پشتگیری سه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆیان نه‌کرد.

هه‌رچی مۆنتینیگرۆیه‌، ئه‌وان بڕیاریاندا له‌گه‌ڵ سربیا یه‌کێتیه‌کی ئاره‌زمه‌ندانه‌ له‌ ساڵی 2003 دا دروست بکه‌ن، به‌شیوه‌یه‌ک که‌ دوای سێ ساڵ بتوانن له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ ڕیفه‌رانده‌م بکه‌ن. ‌ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌ ریفه‌رانده‌میان کرد و به‌ زۆرینه‌یه‌کی که‌م سه‌ربه‌خۆییان په‌سند کرد.

45 له‌سه‌دای خه‌ڵک ده‌نگیان دژی سه‌ربه‌خۆیی دا، ئه‌وانه‌ زۆربه‌یان سرب بوون که‌ له‌ مۆنتینیگرۆ ده‌ژین، یان مۆنتینیگرۆیی بوون و له‌سنوری سرب ده‌ژین و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ سربان باشه‌.

یه‌کێتی ئه‌وروپا سنوری 55 له‌سه‌دای بۆ په‌سندکردنی ئه‌گه‌ری بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی دانابوو، ئاستی ده‌نگی پشتگیری سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و سنوره‌ی به‌ لاوازی تێپه‌ڕاند. به‌گوێره‌ی هه‌واڵه‌کان یه‌کێتی ئه‌وروپا هه‌ڵوێستی پۆزه‌تیڤه‌ به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی مۆنتینیگرۆ. سه‌رۆکی سربیا په‌سندی ئه‌نجامه‌که‌ی کرد، به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌لێ له‌ که‌سایه‌تیه‌کانی سربیا. ئه‌وه‌ش کاردانه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ویستی خه‌ڵکی وڵاتی مۆنتینیگرۆ.

گرنگه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ بوونی مافی جیابوونه‌وه‌ی یاسایی مۆنتینیگرۆ له‌ بنچینه‌یاسای ستاتی سربیاومۆنتینیگرۆدا بکه‌ین. جودابوونه‌وه‌که‌ یاسایی و دیموکراسیانه‌ کرابوو، به‌مجۆره‌ خه‌ڵک مافی ئه‌وه‌یان درابوێ که‌ بتوانن ئازادانه‌ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی خۆیان بده‌ن. له‌ئه‌گه‌ری نه‌بوونی مافی جیابوونه‌وه‌ی یاساییانه‌دا، ئه‌گه‌ر مۆنتینیگرۆ بڕیاری جودابوونه‌وه‌یان بدابایه‌، ئه‌گه‌ری جه‌نگ و کاره‌سات زۆر بوو. وادیاره‌ سربه‌کان له‌ وانه خوێناویه‌کانی ڕابردوو فێربوون، بۆیه‌ په‌سندی یه‌کێتی ئاره‌زومه‌ندانه‌یان له‌گه‌ڵ مۆنتینیگرۆدا له‌ 2003 دا کرد.  

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ پێش 2003 دا زۆرینه‌ی خه‌ڵکی مۆنتینیگرۆ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی نه‌بوون، به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی مۆنتینیگرۆ مکوڕبوون له‌سه‌ر به‌یاسایی و دیموکراسیکردنی جیابوونه‌وه‌. چونکه‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان دانابوو که ده‌کرێ‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌داهاتوودا ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن. دیاره‌ ئه‌وان له‌وه‌ش گه‌یشتبوون که‌ ئه‌گه‌ر مافی چاره‌نوس یاسایی نه‌کرێت، ئه‌وا مه‌ترسی ڕوودانی کاره‌ساتی شێوه‌ی کاره‌ساته‌کانی بۆسنه‌ ئه‌گه‌ری دووپاتبوونه‌وه‌ی هه‌بوو. به‌کورتی ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی مۆنتینیگرۆ کردیان ئاماژه‌ به‌ دوربینی ئه‌وان ده‌کات، ئاماژه‌ به‌ ڕێزی ئه‌وان بۆ قورسایی و بڕیاری گه‌ل ده‌کات. سه‌رکرده‌کانی مۆنتینیگرۆ بڕوایان به‌ هه‌نگاوی یاساییانه‌ بۆ به‌دیهێنانی ناسنامه‌ی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی مۆنتینیگرۆ هه‌بوو، هه‌روه‌ها هه‌ڵویستی خه‌ڵکیشیان له‌به‌رچاو بوو.

 

ئه‌گه‌ر به‌راوردێکی کورت له‌ نێوان كوردستان و مۆنتینیگرۆدا بکه‌ین، ئه‌وا کوردستان هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه‌ی وڵاتی مۆنتینیگرۆی بۆ جودابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی به‌زیاده‌وه‌ تێدایه‌. ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ دوای ڕووخانی به‌عس باشوری کوردستان له‌ ئێراق جودا نه‌بۆوه‌، ده‌بوایه‌ مافی جودابوونه‌وه‌ی باشوری کوردستان وه‌کو ئه‌وه‌ی مۆنتینیگرۆ به‌ یاسایی و دیموکراسی بکرێت.

خه‌ڵکی کوردستان هه‌مووی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت و ئه‌وه‌ش له‌ ڕیفه‌رانده‌مدا سه‌ڵمیندرا، به‌ڵام سه‌رکردایه‌تی کورد ڕێزی داخوازی خه‌ڵکیان نه‌گرت و ڕێگای به‌غدایان هه‌ڵبژارد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دۆزی کورد دۆزێکی گونجاوه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌رخۆبوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێ، به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی باشوری کوردستان مافی چاره‌نوس و جیابوونه‌وه‌یان نه‌کرده‌ خاڵی بنچینه‌یی مه‌رجی مانه‌وه‌یان له‌ ئێراقدا.  

گه‌لی کوردستان ما‌فی چاره‌نوس و جیابوونه‌وه‌ی له‌ بنچینه‌یاسای ئێراقدا بۆ نه‌نوسراوه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر کوردستان ڕێگای جیابوونه‌وه‌ هه‌ڵبژێرێت، ئه‌گه‌ری جه‌نگ و کاره‌سات هه‌یه‌. له‌به‌ر نه‌بوونی مافی چاره‌نوس بانگاشه‌ی یه‌کێتی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بنچینه‌یه‌کی ڕاستی نییه‌. ئه‌و یه‌کێتیه‌ی ئێراق نائاره‌زومه‌ندانه‌یه‌ و به‌ گوشاری هێزی ده‌ره‌کی پێکه‌وه‌نراوه‌. چاره‌نوسی کورد زوو یا دره‌نگ جیابوونه‌وه‌یه‌ له‌ ئێراق، که‌ ئه‌وه‌ش به‌یاسایی و دیموکراسی نه‌کراوه‌، به‌رپرسیاره‌تی به‌ر له‌هه‌ر که‌سێ بۆ سه‌رکردایه‌تی باشور ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

خۆزگه‌مان به‌ گه‌لی مۆنتینیگرۆ

24.5.2006

           

 

02/09/2015