ئه‌وانه‌ی له‌قوڵایی بترسن ده‌بێ هه‌ر له‌ته‌نکاودا مه‌له‌بکه‌ن وه‌ڵامێک بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌وتنی ڕاستیه‌کی تاڵ ته‌نگاو بوون
سلێمان عه‌بدوڵڵا یونس جێگه‌ی داخه ، به‌ڵام دیسان ڕاستیه‌کی تاڵه ، چونکه نه‌ک هه‌تا ئێستا کورد خاوه‌نی گوتارێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز و کارا نی‌یه ، به‌ڵکو ئه‌گه‌رچی جێگه‌ی په‌ژاره‌یه‌کی نیشتیمانی قوڵیش بێت به‌ڵام ده‌بێ به‌جه‌ساره‌ته‌وه دانی پێدا بنێین و بڵێین له‌قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانیشداین ، بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی یه‌ک گوتاری سیاسی یه‌کگرتووی به‌هێزیش بین ، ئه‌ی که‌واته ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمان وابێت به‌م عه‌قڵه بچوکانه‌ی پارته سیاسیه‌کانی کوردستان ،که کۆی گشتیان یه‌کسانه به‌گوتارێکی ئایدلۆژی و سیاسی په‌ڕش بڵاو و ڕاڕای هه‌لپه‌رستانه‌ی سه‌روده‌رنه‌که‌ر له‌گۆڕانه خێراکانی ناوچه‌که‌و دنیا ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی له‌شه‌و و ڕۆژێکدا ده‌که‌ین به واقیع ، فریودانی خۆمان نی‌یه ؟
عه‌قڵی سیاسی کوردی ، عه‌قڵێکی دۆگمای داخراوی وایه ، که‌هه‌تا ئێستاش به کاریگه‌ریه‌کانی جه‌نگی سارده‌وه ده‌ناڵێنێ و ، نه‌یتوانیوه خۆی بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانکاریه گه‌وره‌و خێرایانه ئاماده بکات ، که له‌سه‌ر ده‌ستی شارستانێتی خۆرئاوا ، به‌ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریکا ، بوونه دیفاکتۆ به‌سه‌ر دنیادا به کوردستانی خۆشمانه‌وه ، هه‌ربۆیه ، خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و گؤڕانه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ند هه‌ژێنه ، بۆکورد له‌م دۆخ و سه‌رده‌مه‌دا ، مه‌سه‌له‌یه‌کی ژیانی‌یه ، مه‌سه‌له‌ی شوێن گرتنه له‌و نه‌خشه تازه‌یه‌ی ، که ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی بۆ هه‌تایه ده‌گۆڕێ به‌ڕۆژهه‌ڵاتی گه‌وره . به‌ده‌ستهێنانی مافی بڕیاردانی چاره‌نوسی کورد به‌ده‌ستی خۆی ، ئه‌وه‌تا ، له‌نێو گوتاری سیاسی په‌رش و بڵاوی پارته سیاسیه ته‌قلیدیه‌کانی کوردستان ، خه‌ریکه له‌م هه‌لومه‌رجه زێڕینیه جیهانیه‌شدا ، سه‌ره‌رڕای گه‌وره‌ترین قوربانیدان و دورو درێژترین شۆڕشی چه‌کداری که له ناوچه‌که‌دا تاقانه‌یه ، له‌ناو ته‌متومانێکدا گیر ده‌خوات ، ته‌متومانێکی ئایدلۆژی حزبی ترسناکی وا که بچوکترین ده‌سکه‌وتی سیاسی و سه‌رکه‌وتنی سه‌ربازی ، سه‌رانی شۆڕش و داڕێژه‌رانی ئه‌و گوتاره سیاسیه ده‌خاته هه‌له‌که سه‌ماو له‌گه‌ڵ هه‌رشکستێکی سیاسی و گلانێکی سه‌ربازیشدا بێ ئومێدبوونێکی ترسناک که کاره‌ساتی گه‌وره به‌دواخۆیدا بۆ کورد ده‌خوڵقێنێ ، به‌ر‌هه‌مدێنێ ، ئه‌م چه‌شنه گوتاره ، هه‌موو شتێک له‌مانه‌وه‌ی خۆیدا ده‌بینێته‌وه ، بۆیه له هه‌وڵی خۆپیرۆزکردنێکی سه‌یردا ده‌ژی ، ئاماده‌یه گیانی به‌نرخترین ئه‌ندامه‌کانی خۆی له پێناوی گوتاره سیاسیه‌که‌ی خۆیدا بکاته قوربانی ، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌ک ئاماده‌نی‌یه له پێناوی ده‌رکه‌وتن و خوڵقاندنی گوتارێکی نه‌ته‌وه‌ییدا ، خۆی بکات به‌قوربانی ، به‌ڵکو ئاماده نی‌یه خۆی تێکه‌ڵاوی ئه‌و گوتاره‌ش بکات ، یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی خۆی له ژێر چه‌تری ئه‌و گوتاره به‌شێوه‌ی تاکتیکێکی سیاسیش بێت ڕێکبخات و به‌جۆرێکی دیکه ئاماده‌گی سیاسی خۆی له‌قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا به‌رهه‌م بهێنێ . هیچ نکۆڵی له‌و ڕاستیه ناکرێ ، که ده‌روازه‌ی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی له باکوری کوردستانه‌وه‌یه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی واتێبگات بۆ گه‌یشتن به‌و ده‌روازه‌یه کردنه‌وه‌ی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌کانی دیکه ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌رگاو ده‌لاقانه بچوکیشبن ، گرنگی خۆیان نی‌یه هه‌ڵه‌یه‌کی ستراتیژی ده‌کات ، ده‌کرێ له په‌نجه‌ره‌یه‌کی بچوکه‌وه بچیته ناو کۆشکێکی مه‌زنه‌وه ، ئێمه که‌ئێستا توانیومانه به‌سود وه‌رگرتن له‌پشتیوانیه ده‌ره‌کیه‌و ئه‌و دۆخه یارمه‌تیده‌ره ڕه‌خساوه کوردستانی و عێراقی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیه ، ماڵێک له‌باشور چێ بکه‌ین ئه‌وه هه‌رگیز ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ ، که له‌ناوخۆدا ئاماده‌ی دروستکردنی ئه‌و ماڵه نه‌بوین ، به‌ڵام ناشکرێ نکۆڵی له‌و ڕاستیه بکرێ که‌ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆگونجاندنه و تێگه‌یشتنه واقیعیانه‌یه‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی کوردستانی عێراق نه‌بوایه ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سکه‌وتانه به‌ده‌ستیش بهاتنایه به‌ڵام هه‌رگیز مانه‌وه‌و گه‌شه‌کردنیان و گه‌ێشتنیان به‌م قۆناغه‌ی ئه‌مڕۆ ، کارێکی پێشبینی کراو و ئاسانیش نه‌بوو. من که ده‌ڵێم به‌م سیاسه‌ت به‌رنامه‌ی ئێستای پارتی کرێکارانی کوردستان ، شۆڕشی ڕه‌وای گه‌لی ئێمه له باکوری کوردستان ئاسنی سارد ده‌کوتێ ، یان که‌دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌و ده‌ڵێم به‌بێ دروستکردنی ئه‌ڵته‌رناتیفێکی سیاسی و ئایدلۆژی مودێرن ،ئه‌لته‌رناتیفێک ، که له‌توانایدابێت کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی و خۆرئاوا به‌ئه‌مریکاشه‌وه له خۆی ڕازی بکات و بیسه‌لمێنێ که‌تا ئاینده‌یه‌کی دوور به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆرئاوا و ئاسایشی ناوچه‌که ، که بۆ پاراستنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه ، مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی و گرنگن ، له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردایه ، وه له‌وه‌ش زیاتر ، توانای باوه‌ڕه پێکردنی خۆرئاوایه به‌وه‌ی که ته‌ریبی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌ردولا واده‌کات له‌گۆڕینی نه‌خشه سیاسه کلاسیکیه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، به‌رژه‌وه‌ندیه هاوبه‌شه‌کانیش ، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ وه‌کوو ستراتیژی نه‌گۆڕ بۆ هه‌ردوولا خۆیان بکه‌ن به‌دیفاکتۆ ، لێره‌ده هه‌رکیز مه‌به‌ستم ئه‌وه نه‌بووه ، له‌چاوی یه‌کێتیی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کێتیی ، یان سه‌رکردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی کوردستانی عێراقه‌وه ، تانه‌ی ناڕه‌وا له‌و سیاسه‌ته‌ی پارتی کرێکارانی کوردستان بده‌م ، که من وه‌کوو نوسه‌رێک پێموایه سیاسه‌تی ئێستای پارتی کرێکارانی کوردستان ، سیاسه‌تێکی ته‌ریک و گۆشه‌گیر و گیرخواردووه له بناری قه‌ندیل ، سیاسه‌تێکه ئه‌گه‌رچی نوێنه‌رایه‌تی کێشه‌یه‌کی ره‌واده‌کات ، ئه‌گه‌رچی پشتیوانیه‌کی به‌رینی کوردستانیشی هه‌بێ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وڕاستیانه‌ش مادام گوتاری سیاسی ئه‌و پارته ناکارێ دڵنیایی به به‌رژه‌وه‌ندیه هه‌نوکه‌یی و داهاتووه‌کانی خۆرئاوا ببه‌خشێ ، مادام گوتاری سیاسی پارتی کریکارانی کوردستان هه‌تائێستاش گوتارێکی ئایدلۆژی بارگاوی به‌کاریگه‌ریه‌کانی جه‌نگی سارد و ، به‌ئاوازی جیاواز له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆرئاوا و ، دیسکۆڕسه سیاسیه‌که‌شیان ده‌خوێنێ ، مادام هه‌ر ئه‌و عه‌قڵه سه‌ربازیه‌ی قه‌ندیل تاکتیک و ستراتیژی ئه‌و پارته کوردستانیه ، به‌ڕێوه‌ده‌بات ، قسه‌کردن له سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی خه‌ونه‌کانی کورد نه‌ک له سه‌رتاسه‌ری کوردستاندا به‌ڵکو له باکوری کوردستانیش که پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری سه‌ره‌کی پارتی کرێکارانی کوردستانه ، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر مه‌حاڵه ، ئه‌مه فاڵگرتنه‌وه‌ی سیاسی نی‌یه به‌ڵکو تێگه‌یشتنێکی دروسته له‌و هه‌لومه‌رجه سیاسیه‌ی ئه‌و پارته کوردستانیه تیایدا ده‌ژی ، جا ئه‌م واقیعه چه‌نده به‌هه‌وادار و ده‌روێشه‌کانی ئه‌و پارته قبوڵ ده‌کرێت ئه‌مه کێشه‌و گرفتی نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته نی‌یه ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی گه‌ره‌کم بووه و گه‌ره‌کیشمه ، سه‌رنجی هه‌موان ڕابکێشم بۆ قسه کردن له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه تاڵه . به‌داخه‌وه ئه‌و پاشا گه‌ردانیه‌ی له‌نێو گوتاری سیاسی کوردیماندا هه‌موومان به‌سانایی هه‌ستی پێده‌که‌ین ، ئه‌وه‌تا کاریگه‌ریه نێگه‌تیڤه‌کانی ، به‌سه‌ر سه‌رخان ژێرخانی کوردستانه‌وه ، به‌شێوه‌یه‌کی ترسناک ده‌رکه‌وتوون ، کاریگه‌ریه‌کی نێگه‌تیڤی وا ، هه‌موو گوتاره جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵی کوردستانی به‌دوای خۆیدا کردوون به‌پاشکۆیه‌کی ئه‌و گوتاره سیاسیه دۆگما و واق و وڕماوه ، ئه‌م پاشکۆبوونه زیاتر له‌هه‌موشتێک ، یه‌خه‌ی گوتاری فکری و ڕۆشنبیریمانی گرتووه ، یه‌خه کردنێک که ڕێگه‌ی دیالۆگ له‌به‌رده‌م بۆچوون و بیرکردنه‌وه جیاوازه‌کان ده‌گرێت ، ئه‌و بۆچوونانه‌ی یاخین له‌و گوتاره سیاسیه حزبیه چه‌ق به‌ستووه ئه‌و بیرکردنه‌وه‌وانه‌ی له‌ودیو یۆتۆپیای ئایدلۆژی پارته ته‌قلیدیه‌کانی کورده‌وه خه‌ون به‌ئاینده‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی میلله‌تێکه‌وه ده‌بینن . زمانی دیالۆگ له باسکردنی ئه‌و ڕاستیه تاڵانه ، ڕۆشنبیری نه‌ته‌وه‌یی ده‌خوازێ ، چونکه له‌ڕۆشنبیری سیاسی پارته سیاسیه‌کانمانه‌وه ، هه‌میشه ئایدلۆژیایه‌ک ته‌وقی بیرکردنه‌وه‌مان ده‌کات و وامان لێده‌کات له‌جیاتی دیالۆگی هێمنانه‌ی به‌رامبه‌ره‌کانمان ، په‌نا بۆ به‌خشینه‌وه‌ی تۆمه‌ت و بچوک کردنه‌وه‌یان به‌رین ، وامان لێده‌کات له‌قوڵایی گوتنی ڕاستیه‌کان بترسین و هه‌ر له ته‌نکاوی ئایدلۆژی پارتی یاردا مه‌له‌بکه‌ین .
|
|
02/09/2015 |