ئاورنگه‌ یاقوتیه‌کانی دوای من

ئومێد محه‌مه‌د

 

 سه‌ره‌مه‌ سه‌رکه‌وم به ‌دواپلیکانه‌کانی هه‌وردا

سه‌ره‌مه‌ دابارێم بۆ نێو ئه‌و باخانه‌ی عه‌یامێکه‌

 ئاده‌مێک نه‌ی وویستوه‌ بچێته‌ سه‌ردانیان

ئه‌و باخانه‌ی پڕ بوون له ‌گله‌یی

ده‌کرێ گوزارشتی ئه‌وان ئه‌وه‌بێ

خاڵی بووبێتنه‌وه‌ له‌ سۆز

به‌تاڵ بووبێتنه‌وه‌ له‌ ژوان

ئاخێر من که مه‌جرایه‌ک نابینمه‌وه‌

کراسه‌که‌ی من له‌به‌رکاو

له ‌ڕه‌نگی چاکه‌ته‌کی من بپۆشێ

له‌ کوپه‌ نارنجێکه‌ی من دا

قاوه‌یه‌ک فڕبکا

یان به‌یانیه‌کی خۆڵه‌مێشی

به ‌هه‌موو جوانی ‌ یه‌‌کییه‌وه‌‌ ‌

ئاوێنه‌که‌م بۆ پڕکات له ‌ناز

خۆم وه‌ک قه‌له‌نده‌رێکی لات ده‌بینم

جه‌سته‌م شه‌ڵاڵی ئاوێکه‌

 پیاوه‌تیمی تیا ده‌خنکێ

ئه‌ی مه‌مله‌که‌تی مات ئاوڕێ به‌ره‌وه‌

له ‌وانه‌ی به‌جێ مان

له ‌وانه‌ی ده‌فره‌کانیان خستبوه‌ به‌ر باران

تاتینوێتی لێوه‌کانی تۆ پشکێنن

بیره‌وه‌ریه‌کان له‌زه‌ینتدا بژێنه‌وه‌

سه‌رێک بکه ‌به‌ماڵه‌وشکه‌کانی شارا

بزانه‌ چی ته‌پوتۆزێ سه‌رپه‌ڕه‌ی گوڵی گرتوه

باوه‌شه‌کانی خۆشه‌وستی چۆن دڕک داگیریکردون

زه‌حمه‌ته‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌ چاوێ له‌ مێژوو بڕوانی

پێ خوێناویه‌کانی ببینیت له‌ ئاهه‌نگه‌کانی فیراقا

داوای سه‌وابی لێ پکه‌یت

چه‌ند بێباکانه‌ له‌سه‌ر پشکۆکانی ژیان هه‌ڵپه‌ڕین

چی سوتانێک سوتاین به‌ته‌ڕی

سه‌ره‌مه‌ سه‌رکه‌وم به‌ پلیکانه‌کانی هه‌ورداو

سه‌ره‌مه‌ دابارێم به‌نێو ئه‌و باخانه‌ی عه‌یامێکه‌

ئاده‌مییه‌ک نه‌یویستوه‌ پچێته‌ سه‌ردانیان 

ئه‌زانم قه‌ده‌ر وه‌سیله‌یه‌که‌ بۆ نه‌گۆڕینه‌وی ماچ

پردێکه‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی ناخ

گه‌ڕانه‌وه‌یه‌که‌ به‌ شه‌که‌تی ده‌رگاکان ده‌کاته‌وانێ و

کێلونه‌کانی ده‌گۆڕێ

لێم زیزمه‌به‌ ئازیز

ئه‌گه‌ر له‌ سبه‌ینێدا

له‌ نێو باخه‌کانی عیرفاندا دیار نه‌مام

ئه‌وه‌ چووم سۆراغی پۆشاکێکی تازه‌که‌م بۆ ژیان

ئه‌وه‌ چووم جوتێک چاوی مه‌حکه‌متر په‌یداکه‌م

بۆ ڕوانین.!

 

 

           

 

02/09/2015