بزمارێکی سوڵتانی

خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

 

له‌سه‌رده‌می فه‌رمان ڕه‌وایی عوسمانلیه‌‌کانا، سوڵتانه‌کان له‌بری ئه‌وه‌ی ووڵات ئاوه‌دان بکه‌نه‌وه‌ و فابریقه‌و هێڵی شه‌مه‌نه‌فه‌ر و مه‌کته‌ب و بیمارستان و قه‌زا‌ته*‌ ، که‌له‌و دوای دوایه‌ی حوکمیانا داهات، بێننه‌ مه‌مله‌که‌ته‌که‌یانه‌وه‌، چاری نه‌خۆشی و بێکاری و جه‌هاله‌ت بکه‌ن ،و دڵی ڕه‌عیه‌ت ببه‌نه‌ ئه‌وجێیه‌ی که‌ هه‌زاران شوکورو حه‌مدو سه‌نایان له‌بۆ ڕه‌وانه‌ بکه‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان خه‌ریکی دۆزینه‌وه‌ی کاریگه‌رترین ڕێگابوون ،بۆ ده‌م و قوون کوتکرنی نه‌یاره‌کانیان. یه‌ک له‌و ئیختیراعانه‌ی که‌ تۆماری گینس ئه‌گه‌ر ئه‌وکاته‌ هه‌بایه‌ به‌ ئاوی ئاڵتون له‌سه‌ر که‌شخه‌ترین لاپه‌ڕه‌ی خۆی بۆی ئه‌نه‌خشاندن ،خازوق تێبڕین بوو ،که‌ته‌نها به‌یه‌ک داری نوک تیژ زیاتر نا، ‌‌ هه‌م ئه‌و موعاریزه‌یان له‌قونه‌وه‌ ده‌م کوت ئه‌کرد ،هه‌میش ئه‌یان کرده‌‌ عیبره‌ت، بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌ بێ عارن و ڕێزی مه‌قامات ناگرن ،دیاره‌ مه‌قاماتی جاران به‌واسیته‌ی ئه‌وه‌ی نه‌خوێنه‌واری که‌م بوون و شه‌هاده‌ی ته‌زویرش هێشتا دانه‌هاتبوو ،له‌ هی ئه‌م عه‌یا‌مه‌ که‌م تربوو ،له‌ ئاواییه‌که‌ی ‌ ئێستای ئێمه‌یا ئه‌وه‌‌نه‌ زۆرن له‌ حیساب نایه‌ن، بۆ نموونه:‌ نوسه‌ری چیرۆکه ‌دزراوه‌که‌‌ ، تۆپه‌ڵه‌‌ شیعره‌که‌، ره‌بابه‌ لێده‌ره‌که‌ ،عه‌تابه‌ خوانکه‌ ،  ئه‌کته‌ره‌که‌ی که‌په‌نجا ساڵه‌ سواری ته‌مسیل بووه‌و به‌هره‌ی نواندنی لێ ده‌رچێ ئه‌گینا هه‌موو شتێکی تری هه‌یه‌ ،سیاسه‌ت ‌مه‌داره‌ ده‌ست پاکه‌که‌،  که‌ونه‌ به‌عسیه فاشیله‌که‌ . ئه‌مانه‌ هه‌موو دڵێکیان به‌ ماده‌ی 433‌ خۆشه‌ و خۆیان له‌ په‌نایا حه‌شار یاوه‌،که‌ ئێستا جێگه‌ی خازوقه‌که‌ی سوڵتانی گرتۆته‌وه‌، ئێمه‌ش ئه‌مانه‌وێ هه‌روا به‌ ئاسانی بۆمان ئیلغا بکه‌نه‌وه‌ ،ئیتر به‌ هه‌وه‌سی خۆمان شیعر له‌ میعر و ده‌ر‌هێنانی کاری ته‌له‌فیزیۆنی له‌ ده‌رهێنانی ترشیات له‌ کوپه‌ ،گه‌نده‌ڵی له‌بۆنی خۆش ،نووسه‌ری ووتاری سیاسی له‌ نووسه‌ری عه‌بودوجانه‌، موحه‌لیلی ئه‌وزاعی ناوچه‌که‌ له‌ موحه‌لیلی پیسایی، ئه‌و ملهوڕه‌ به‌عسیه‌یه‌ی که‌ به‌زه‌ماله‌ی به‌عس چوو بۆ هه‌نده‌ران و هه‌ر له‌کاتی به‌عسیشا گه‌ڕایه‌وه‌ ووڵات ئێستاش به‌کۆڵێ ڕێزو مه‌نسه‌به‌وه‌ له‌وێنده‌رێ دانیشتووه ، پێشمه‌رگه‌یه‌کیش ‌ئێستاش ته‌ماته‌ی سووره‌کراو ئه‌خوا، جیابکه‌ینه‌وه‌‌، ئاخر ئه‌وه‌ چۆن ئه‌بێ عه‌زیزم ،خۆ تۆ له‌کن خۆت موسه‌قه‌فی ، ئه‌گه‌ر ئه‌وماده‌یه‌ نه‌بێ هه‌ر کۆلکه‌ نووسه‌ر چاوی بنیایه‌م ده‌ر دێنێ و به‌ نوکی قه‌ڵه‌مه‌ گوومان لێکراوه‌که‌ی، ئه‌که‌وێته‌ جه‌سته‌ی ڕابردوو و ئێستای تاهیری هه‌ریه‌کێک له‌و خۆشه‌ویستانه‌، که‌ خۆشبه‌ختی خۆیان عه‌ده‌دیشیان تا بێت به‌ره‌که‌تی تێ ئه‌که‌وێ .به‌ڕای به‌نده‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر داوای شتێکی دیکه‌ بکه‌ین باشتره‌، و ئیحتیمالی ته‌نفیزکردنیشی زیاتره‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ،ئه‌وخازوقه‌ی جاران که‌له‌ژێر ره‌خنه‌گرا دا ئه‌نرا ، و به‌ دووکه‌س ئه‌چوونه‌ سه‌ر شانی مه‌غدور ،تا باش بڕوا، ئێستا بچوکتر بکرێته‌وه‌،و ئه‌گه‌ر مه‌رحه‌مه‌تیش بفه‌رموون بۆ ئه‌وه‌ی حه‌زاریش بێت، و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نیه‌که‌شا بگونجێ ،با له‌ ژێر ته‌ئسیری به‌نجا تێمان بڕن و دووریش له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن، چوونکه‌ ئه‌م گه‌له‌ سته‌م دیده‌ی ئێمه‌ زۆر به‌ ته‌علیقن و ئه‌وان عه‌یب له‌ چاوی ساغا ئه‌دۆزنه‌وه‌، ئه‌وجا ناوێرین له‌ هیچ کۆڕو کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی و کورده‌واریا ئاماده‌‌بین، ئه‌زانن بۆ ؟ نه‌بادا مه‌سه‌له‌ن پێمان بڵێن ،ئێستاش با ئه‌دیبی خازوق تێبڕاوی گه‌وره‌ی کورد، بفه‌رموێ بۆ سه‌ر شانۆ بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌ ناسکه‌که‌ی.‌

------------------------------------------------------------

* قه‌زاته‌ .... ڕۆژنامه ‌(کۆن کورده‌وای وای پێوتووه‌ که‌ له‌ غه‌زه‌ته‌ ی تووکیه‌وه‌ هاتووه‌).

 
           

 

02/09/2015