بزمارێکی به‌حه‌یاو حورمه‌ت ‌

 خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

 

چوارده‌ سه‌ده‌ زیاتره‌ عوله‌ماکانمان  له‌ مالیزیاوه‌ بۆ ئێران و ‌ئه‌فغانستان و عه‌ره‌بی سعودیه‌ تا ئه‌گاته‌ مه‌غریب ، ملیۆناها ووتاری پر له‌ بانگه‌شه‌ له‌سه‌ر مینبه‌ره‌کان بۆ موسڵمانان ئه‌خوێننه‌وه ،و داواو رجایان لێ ئه‌که‌ن ‌که ‌له‌سه‌ر سیراتی موسته‌قیم بڕۆن ،و نه‌خه‌ڵه‌تابن بکه‌ونه‌ داوی هه‌واو نه‌فسی ئه‌ماره‌ به‌ به‌دخویی، بڕواش ناکه‌م هیچ ئاینێکی دیکه‌ چ ئاسمانی و چ ئه‌رزی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م ئاینه‌ی ئێمه‌ ئیهتمامی به‌ مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاق دابێ و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ئاگر سووتان بۆ سه‌رپێچی که‌ران و سوپاس و پێزانینی خۆشی بۆ ڕه‌وشت به‌رزان ناردبێ، ‌ جگه‌ له‌ وه‌عدو به‌ڵێنی شیرینیش به‌ ناردنی ساڵحان بۆ به‌ هه‌شتی به‌رین.

بێگوومان هه‌وڵدانی شه‌یتانیش بۆ له‌ خشته‌بردنی ئیمانداران وهه‌ڵگێرانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای داوین و ده‌روون خاوێن بۆ مێگه‌لێکی پر له‌ فیسق و فجور له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، له‌ جومله‌ی ئه‌و فاجیرانه‌ش  خوشکانی‌ موسڵمانن که به‌ لیباسی ناموحته‌شه‌م ‌وا له‌ برای مسڵمانی خۆیان ئه‌که‌ن به‌چاوی ئیشتیهاوه‌ سه‌یریان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته ‌دوو گرام له‌ گۆشتی باڵیان یان قاچیان یان لایه‌کی ڕوومه‌تیان ده‌رکه‌وێ.  ئه‌وه‌ی ته‌واو بێ ئومێدی کردم له‌ ئیستیفاده‌ی ئه‌م هه‌موو نوسح و ته‌مبێ کردنه‌‌‌ی که‌ هه‌زار ساڵ زیاتره‌ به‌گوێی موسڵمانانیا ئه‌ده‌ن،  ووتاره‌که‌‌ی مه‌لایه‌کی کوردستانه‌ که‌ له‌ یه‌کێک له‌ سایته ‌ئه‌لکترونیه‌کان لێ ئه‌درێ ،و ‌تیایا ‌ زۆر به‌جیدی ژنان و کچان ئاگادار ئه‌کاته‌وه،‌‌ له‌ مه‌غه‌به‌تی دوور که‌وتنه‌وه‌ له‌ لیباسی ئیسلام که‌ حیجابه‌ و مه‌بعه‌سی فوڵ حه‌یاو حورمه‌ته‌، چوونکه‌ به‌وه‌ گه‌رای‌  فه‌سادی ئه‌خلاقی له‌ناو کۆمه‌ڵگا ئه‌چێنن. هه‌روه‌کو بیه‌وێ بڵێ حیجاب چاره‌سه‌ری هه‌موو نه‌خۆشیه‌کانی ئه‌م قه‌ومه‌یه‌ و به‌له‌به‌ر کردنی، هه‌ژرای و نه‌خوێنه‌واری و نه‌خۆشی و ناعه‌داله‌تی ئیجتیماعی و گه‌نده‌ڵی و ره‌شوه‌ت و شیربایی و ژن به‌ژن ومێبازی و نێربازی،  تێکڕا هه‌موو ئۆتۆبوسێک به‌کرێ ئه‌گرن و به‌ره‌و  ووڵاتانی خۆرنشین ملیان ئه‌شکێنن و ئه‌ڕۆن و ببڕای ببڕای چاومان پێیان ناکه‌وێته‌وه‌. ‌ له‌دڵی خۆما ووتم ئه‌ی ئه‌و هه‌موو وه‌زع ئیرشادو فتوحاته‌ کوێوه‌ چوون؟ ئه‌ی ئێمه‌ هه‌موو شانازیه‌کمان ئه‌وه‌نیه‌ که‌ کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆمان نمونه‌ی فه‌زیله‌و جوانی ره‌فتاره؟‌ ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆ خوشکی موسڵمان نابێ  سه‌ری په‌نجه‌یه‌کیشی ده‌رخا،له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا برای دینی خۆی له‌دین وه‌رگێڕی و بیداته‌ به‌ر قه‌پاڵ ! باشه‌ ‌ئه‌گه‌ر  خوشکی موسڵمانی خۆمان به‌و ده‌رده‌ به‌رین، ئه‌ی چی له‌ خوشکی کافر ئه‌که‌ین ئه‌گه‌ر خوا سه‌ری لێ بشێوێنێ به‌ڕاگوزاری به‌یه‌کێک له‌ کۆڵانه‌کانی ئێمه‌یا عبور بکا؟ له‌ هه‌مووشی سه‌یر تر ئه‌وه‌یه‌‌ خۆشمان به‌ نایاب ترین ئۆمه‌ت ناو نووس کردووه‌!  

 

           

 

02/09/2015